خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «مامۆستای نەزان» نووسینی ژاک ڕانسیەر

ناساندنی کتێبی «مامۆستای نەزان» نووسینی ژاک ڕانسیەر

ناسنامەی کتێب: «مامۆستای نەزان، پێنج وانە بۆ ڕزگاریی هزری»، ژاک ڕانسیەر، مەنسوور تەیفووری، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٥.

پێگه‌ی هه‌واڵنێریی ماڵی کتێبی کوردی– مامۆستای نەزان، پێنج وانە بۆ ڕزگاریی هزریی، کتێبێکی فیکری ناوازەی نووسەر و فیلسووفی بەناوبانگی فەڕەنسی ژاک ڕانسیەرەو لەلایەن مەنسور تەیفوورییەوە کراوە بە کوردی و ساڵی ۲۰۱۵ ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. بۆ زیاتر ناساندنی کتێبەکە، پێشەکی نووسەر دادەنێین کە بۆ چاپە کوردییەکە نووسیویەتی.

ژاک ڕانسیەر

بینینی بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانێکی نوێی ئەم مامۆستای نەزانـە کە نزیکی سی ساڵە لە فەڕەنسا چاپ بووە، بۆ من هەمیشە هەستێکی تاقانەیە. دوای گشت شتێک، تاقانەیی مێژوویی ژۆزێف ژاکۆتۆ بەرهەم و کاری وەرگێڕانە، ئەو شۆڕشگێڕە فەڕه‌نسییەی ساڵانی ١٨٢٠ پەنا دەباتە بەر هۆڵەند و دەستەویەخەی ئەرکی بەڕواڵەت مەحاڵی گوتنەوه‌ی وانە بە قوتابیانی هۆڵەندی دەبێتەوە، کە نە ئەوان زمانی ئەم دەزانن و نە ئەم هیی ئەوان. وێڕای ئەمەش، دەتوانین بپرسین: لە دەرەوەی ئەم بەراوردە ڕواڵەتییە، مێژووی پەروەردەکارێکی فەڕەنسی سەیری سەرەتای سەدەی نۆزدە کە زوو، تەنانەت لە وڵاتەکەی خۆیدا لە بیر کراوە، لە کوردستانی هەزارەی سێهەمدا دەتوانێ بە چ واتایەک بێت؟

لەوانەیە وەڵامە هەر پێشتر لە پرسیارەکەدا بێ. ئەگەر ئەم مامۆستای نەزانە، کە کاتی بڵاوبوونەوەی تا ڕادەیەک لە فەڕەنسای ١٩٨٠کاندا بەبێ دەنگ و گرنگیدان تێپەڕی، ئەوڕۆکە بە چەندین زمان هەیە، لە سوێدییەوە تا کۆری یان لە ژاپۆنییەوە تاکو ئۆکراینی، لەبەر ئەوەیە کە بەوەختییەکەی سانا هیی ئەوە نییە کە میتۆدێکی پەروەردەکاری بێ بۆ فێربوونی زمانان. بەڵکو ڕێک لە سەیر و ناوەختییەکەیدایە: دووری و دابڕانی لە هەرچی میتۆدی پەروەردەکاریی باش و ئینجا ڕێک شێوەی بیرکردنەوەی لە نەزم و گەشەی کۆمەڵگه‌کانی ئێمە. ژاکۆتۆ یەکێک نییە لەو بێژمار چاککەرە پەروەردەکارنەی کە نەوە و وەچەی دواتر بەوەوە خەریک بن لە بەرهەمەکانیاندا تۆوی باشیی میتۆدی شیاوی دەکارکردن لە بژاری ڕوانگەی یۆتۆپیستی جیا بکەنەوە. ئەو، توند و ڕادیکاڵتر، بەگژ پێکداچوون و یەکیەکتر دەبڕینی نەزمی پەروەردەکارانە و نەزمی کۆمەڵایەتیدا دەچێتەوە.

ژاکۆتۆ ئەم کارەی پێکرا، چوون لە چرکەی وەرسووڕانی مێژووی دامەزرانی کۆمەڵگه‌ مۆدێرنەکاندا ژیا. لەو چرکەدا ئەوروپا پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پێڕەو دەکرد، کە دەکرێ بەم جۆرە کورت بکرێتەوە: تەواوکردنی شۆڕش بە دوو مانای وشەکە: کۆتاییهێنان بە بێنەزمییەکانی شۆڕش لە ڕێگەی بەدیهێنانی ئەو وەرچەرخانە پێویستەوە لە دامەزراوە و زەینیەتەکانەدا کە شۆڕشی فەڕەنسی بێهوودە هەوڵی دابوو وەک ڕۆنانەوەیەکی ڕادیکاڵ بیهێنێتە دی؛ تێپەڕاندنی سەردەمی تاوتینی یەکسانیخوازانە و بێنەزمیی شۆڕشگێڕانە بەرەو دامەزراندنی نەزمێکی مۆدێرنی کۆمەڵگه‌ و حکومەتەکان، کە پێشکەوتن –کە بێ ئەو کۆمەڵگه‌کان ڕادەوەستن– و نەزم –کە بێ ئەو کۆمەڵگه‌کان لە قەیرانەوە بۆ قەیران دەتلێن– ئاشت دەکاتەوە. کێ بە نیازی ئاشتکردنەوەی نەزم و پێشکەوتنە، تەواو سروشتییە مۆدێلەکەی لە دامەزراوەیەکدا دەدۆزێتەوە، کە یەکیەتییەکەیان هێمایین دەکاتەوە: دامەزراوی پەروەردەکارانە، ئەو شوێن –مادی و هێمایین–ەی تێیدا نواندنی دەسەڵات و ملکەچیی سوژەکان، بە بنەما، چ مەبەستێکی دیکەی نییە جگە لە پێشکەوتنی ئەم سوژانە تا دواڕادەی توانایان: ناسینی بابەتەکانی بەرنامە بۆ زۆرینە، توانای –بۆ باشترینەکان– ئەوەی بە نۆبەی خۆیان ببنە مامۆستا.

ئەمە بوو ئەو نەزمە مۆدێرنەی کە نوخبەی سەدەی نۆزدەی ئەوروپا خەونیان پێوە دەبینی: نەزمێک تەبا و یەک لەگەڵ دەسەڵاتی ئەوانەدا کە دەزانن بەسەر ئەوانەدا کە نازانن و مەحکوم بە دابەزاندنی تا ئەو جێگەی دەکرێ، بەڵام نە زیاد لە پێویستی مەودای نێوان دەستەی یەکەم و دەستەی دووهەم. لە فەڕەنسای ١٨٣٠یەکاندا، واتە لەو وڵاتەدا کە ڕادیکاڵترین شۆڕشی ئەزموون کردبوو و بۆیەش خۆی بە ڕاسپێرداوی ڕەبەقی بەدیهێنانی ئەم شۆڕشە لە ڕێگەی دامەزراندنی نەزمێکی ئەقڵانیی مۆدێرنەوە دەزانی، بارهێنان ببووە دروشمێکی ناوەندی: بارهێنانی نوخبە و حکومەتی کۆمەڵگه‌ لە لایەن خەڵکانی ڕاهێنراوەوە، بەڵام هەروەها پەرەدانی شێوەکانی بارهێنان بە مەبەستی ئەوەی ناسینی پێویست و بڕکەر بە خەڵکی ئاسایی بدەن بۆ ئەوەی ئەم خەڵکە بتوانن بە جۆری خۆیان ئەو گشت دابڕانە پڕبکەنەوە کە ڕێگەیان لێدەگرتن، لاشەڕ و بە ئاشتی، خۆیان لەگەڵ نەزمی کۆمەڵگه‌کان، کە لەسەر ڕووناکایی زانست و حکومەتی باش دامەزراوە، بگونجێنن. مامۆستا ئەو ناسیارییانەی هەیەتی، بە پێی پێشکەوتنێکی بەحیکمەت و گونجاو لەگەڵ ئاستی وریاییە کاڵوکرچەکان، دەباتە نێو مێشکی ئەوانەوە کە نایانزانن، کەواتە بۆ نوخبەی ئەم سەردەمە، هاوکات پارادایمی فەلسەفی و بکەری کردەوەیی بردنە ژووری خەڵک بۆ نێو کۆمەڵگه‌ و نەزمی حکومەتیی مۆدێرن ئەمە بوو. بارهێنانی خەڵک دروشمی هاوبەشی لایەنگرانی نەزم بوو، کە دەیانەویست خەڵک بە خوێنەوارترکردن بەڕێزتر بکەن و لایەنگرانی پێشکەوتن کە دەیانەویست لە زانین چەکی حوکومداریی خەڵک چێبکەن. لەم خاڵەدایە کە ژاکۆتۆ، بۆ سەردەمی خۆی و سەردەمی ئێمەش، سازە ڕەها ناسازەکەی خۆی لێدەدات.

ئەو سەبارەت بە شتێک ئاگاداری دەدات: ئەو مەودای کە قوتابخانە و کۆمەڵگه‌ دەڵێن کەمی دەکەنەوە، ئەو مەودایە هەردووکیان پێی دەژین و لە بەرهەمهێنانەوەی ناکەون. کێ یەکسانی بکاتە ئامانجێک کە لە ڕێگەی دۆخی نایەکسانیخوازەوە پێی بگەیت، لە ڕاستیدا یەکسانی بەرەو بێکوتا پاڵ دەنێت. مامۆستا بەڵێن بە قوتابی دەدات، بە مەرجێک باش لە ڕوونکردنەوەکانی ئەم تێبگات، كه‌ ڕۆژێک بە زانین لەگەڵی یەکسان دەبێت. بەڵام ئەو ڕوونکردنەوەی کە بە ڕێگەی ئەزموونکارانەی دابەزاندنی مەودای نەزان لە زانین دادەنرێ، تەواو شتێکی دیکەیە: ئەم ڕوونکردنەوە ئەو دەزگا کۆمەڵایەتییە هێمایینەیە، بێ وەستان و وچان، كه‌ نەزانیی قوتابی بەرهەم دێنێتەوە و لەگەڵیشیدا لەولای گرێدراویی سادەی قوتابی بە مامۆستاوە: بڕوای قوتابی بە نایەکسانیی وریاییەکان. ئەوەی نەزان هەرجارە دەیدۆزێتەوە، ئەو خەندەقەیە کە ئەوانە لێک جیا دەکاتەوە، کە بۆ ئەوەی بزانن پێویستیان بە ڕوونکردنەوەیە و ئەوانەی زانستی ڕوونکردنەوەیان هەیە. ئەوەی قوتابی، هەر لە بەر هەمان هۆ، بیری ده‌چێت، ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە سەرکەوێت، ئەو دەبێ لە زمانی مامۆستا تێبگات. [ئەوەی قوتابی لە بیری دەکات] ئەمەیە کە ئەو ئەم زمانە، زمانی دایکیی خۆی، بەبێ مامۆستای ڕوونکار فێر بووە، بە گوێدان، هەڵهێنان، دووپاتکردنەوەی ئەو ئاخاوتانەی لە دەمی کەسانی دەورپشتیەوە دەردەچوون. ئەمەیە کە هیچ زانینێک لە سەرێکەوە بۆ سەرێکی دیکە ناپەڕێتەوە: مامۆستا سەرەتا کەسێکە کە قسە دەکات و قوتابی، پێش هەموو شتێک، کەسێک کە دەبێ ئاخاوتەی مامۆستا بۆ کردنی بە هیی خۆی وەربگێڕێت. یەکسانی شتێک نییە کە دەبێ دواتر بێت، وەک ئەنجامێک بۆ دەستەبەرکردن. یەکسانی هەمیشە پێشتر لێرەیە، تەنانەت ئەو کاتەش کە نامانەوێ بیبینین. تەنانەت نایەکسانییش ناتوانێ بەبێ یەکسانی خۆی پاساو بدات. ئەوەی مل بە فەرمانێک دەدات، دەبێ سەرەتا لێی تێبگات، دووهەمیش دەبێ لەوە تێبگات کە دەبێ ملکەچی فەرمانەکە بێت. ئەو پێشتر دەبێ، لە لایەنێکەوە، لەگەڵ مامۆستاکەی یەکسان بێت بۆ ئەوەی فەرمانی لێببات.

یەکسانی مەبەست و ئامانج نییە. خاڵی دەسپێکە. ئەمەیە ئەو شۆڕشە دەگمەنەی ژاکۆتۆ ڕایگەیاند. ئێمە لە نایەکسانییەوە بەرەو یەکسانی ناڕۆین. ئێمە لەمیان یان لەویانەوە دەست پێدەکەین و پەرە بە لۆژیکی خاڵی دەسپێکەکە دەدەین. دەستپێکردن لە نایەکسانییەوە ئەو شتەیە کە نەزمی ئاسایی کۆمەڵگه‌کان دەیکات، بەڵام هاوکات ئەو شتەشە کە پێشکەوتنخوازان و شۆڕشگێڕان دەیکەن، کاتێ بەڵێن دەدەن پێشڕەوی خوێندەوار بەپێی زانستی کۆمەڵایەتی دنیای ئازادی و یەکسانیی دروست بکات. ڕێگەکەی دیکە بۆ هەوڵدان ماوەتەوە، ئەو ڕێگەی کە لە یەکسانییەوە دەست پێدەکات، لەو توانا یەکسانەوە کە هەرکەس ئەگەری سەلماندنی هەیە، بەڵام دەبێ کەسەکە سەرەتا بیناسێتەوە و بیەوێ دەستی بۆ ببات. چونکو ئەم ئیرادە بەڵگەنەویست و ئاشکرا نییە. ئەوە تەنیا دیسیپلینی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان نییە کە بەری پێدەگرێت. خۆدان بە دەست و دەسەڵاتی ئەوانەوە کە دەزانن، تەنانەت ئەگەر دوایی بە زانینەکەیان پێبکەنین، هەمیشە خۆشتر بووە و خۆشتریش دەبێ. بە ئاسایی کۆمەڵگه‌ وەها دەڕوات، بە گۆڕینەوەی سووکایەتی لە نێوان زاڵەکان و بندەستاندا. بۆ دەرچوون لەم بازنەی سووکایەتییە، ئەو کردە تاقانە پێویستە، کە ژاکۆتۆ ناوی ناوە ڕزگاریی هزری: ڕێگەی خۆگرتن، بڕیاری دەکارکردنی توانای هزریی خۆ، بەڵام هەروەها دەکارکردنی وەک توانایەک کە هیی هەموانە؛ بڕیاری خۆ بە دانیشتووی دنیایەک لە یەکسانەکان زانین؛ دنیایەک لەو ژن و پیاوانەی کە هەوڵ دەدەن لە نێو جەنگەڵی شتەکان و نیشانەکاندا شەقڵی ماجەرای هزریی تایبەتی خۆیان هەڵکۆڵن، کە هەوڵ دەدەن ببیسرێن و بیسیاری کەسانی دیکەش بن، وەک پشکنەران و هونەرمەندان لە کاری هەمیشەییدا، نەک وەک بوونەوەری ڕاهێنراو بۆ فەرماندان و فەرمانبەری، بۆ خۆبادان و سووکایەتی.

ئیدەی ڕزگاریی هزری لێرەوە پترە لە میتۆدێکی پەروەردەکاری. ئەگەر ئەم ئیدە کردەی فێرکردن و فێربوونی تیدایە، هۆکەی ئەوەیە پەیوەندیی ئاسایی ئەم دوانە، جەستان و دەرکەوتنی ڕەبەق و نموونەیی لۆژیکی یەکسانیخوازە. بەڵام دامەزراوەی کۆمەڵایەتیی نایەکسانیی هزری بە چوارچێوەی قوتابخانەکانەوە ناوەستێت. ئەم دامەزراوە کۆمەڵایەتییە لە هەموو ڕووبەرەکانی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەیە، لە هەر کوێ گۆڕێنەوەی ئاخاوتە شێوەی دابەشکردنی دەور و ڕۆڵ لە نێوان ئەوانەدا کە فەرمان دەدەن و ئەوانەدا کە فەرمان دەبەن، وەردەگرێت، هەروەها لە نێوان ئەوانەدا کە ڕێ دەنوێنن و ئەوانەدا کە دوا دەکەون، ئەوانەی بڕوا پێدێنن و ئەوانەی کە بڕوا دەکەن، ئەوانەی ڕادێنن و ئەوانەی ڕادێن، ئەوانەی دۆخی دنیا ڕوون دەکەنەوە و ئەوانەی ئەم ڕوونکردنەوە وەردەگرن. لەبەر ئەمەشە ئەمە [دامەزراوەی کۆمەڵایەتیی نایەکسانیی هزری] سەوداسەرییەکی ئەوروپای دوێنی نییە. ئەمە ڕاستەوخۆ ئیستەی ئێمەش دەگرێتەوە. پاش شکستی ئەو هەوڵانەی لە لایەن پێشڕەوانی زاناوە بۆ ڕۆنانی یەکسانی وەک بەرهەمی زانستی کۆمەڵایەتیی دەکارکراو، وا دیارە دنیای ئێمە لە نێوان دوو لۆژیکدا بەش بووە: لۆژیکی نایەکسانیخوازیی توند و ڕژد هەیە، جا لۆژیکی دەوڵەتان، سەرمایە یان سەرۆکەکانی شەڕ –ئەتنیکی، ئایینی یان هتد– بێت. لۆژیکی نایەکسانیخوازیی نەرمیش هەیە، کە دنیا لەسەر مۆدێلی مەدرەسەیەکی گەورە وێنا دەکات. لەم قوتابخانە هەسارەگرەدا، قوتابیانی باش –تاک یان وڵات– کە قانوونەکانی غاریان باش ناخنشین کردووە، لە دواکەوتوان، واتە گرێدراوانی فۆرمە کۆمەڵایەتییە بەسەرچووەکان یان ئیدە “کۆنکەوتەکان”ی یەکسانی، جوێ دەکرێنەوە. حکومەتوانان خۆیان دەگۆڕن بۆ مامۆستای ڕوونکاری لۆژیکێکی جیهانی کە وەک پێویستییەکی زانستیی ڕەتنەکراوە سەپێنراوە. میدیاکان هەموو ڕووداوێک بە ڕوونکردنەوەکەی بارگاوی دەکەن، بۆ باشتر نیشاندانی ئەوەی کە کاروبارە هاوبەشییانە و گشتگرەکان هێند شتێکی ئاڵۆزن، کە تەنیا زانایان دەتوانن بەسەریاندا زاڵ بن. چاکسازیی بەردەوامی سیستمەکانی خوێندن، بە مەبەستی نیشاندانی بەردەوامی ئەو هارمۆنییە بەختکردەی لە نێوان ماشینی پەروەردەیی و ماشینی ئابووری–کۆمەڵایەتیدا هەیە، لای ئەوانەی بەڵگە و نیشانەی دۆڕاوانی ئەم هارمۆنییەن، ئەم ئیدە بەهێز دەکات کە دۆڕاوان خۆیان تاقە بەرپرسی شکستەکەیانن. لە نێو هەلومەرجی دنیایەکدا کە وەک دیارە نایەکسانی حاکمی هەموو لایەکیەتی، لە وەها دنیایەکدایە کە ئیدەی ڕزگاری کارایی و بەوەختیی پارادۆکساڵی خۆی وەردەگرێت: بەوەختییەکی تەنانەت زادەی ناکارایی و ناوەختییەکەی: دوورییەکەی لە گشت ئەو شتانەی دەسەڵاتدارەکان وەک شێوەی بوون و بیرکردنەوە دەیسەپێنن، بەڵام هەروەها زادەی ئەم تایبەتمەندییەیەتی کە هەمیشە بەسەر ئەزمووندا کراوەتەوە.

وه‌رگێڕانی مەنسوور تەیفووری

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *