چیرۆکی کوردی و هەورازەکانی «سرنجێکی کورت لەسەر سەرهەڵدان و گەشەکردنی چیرۆکی باشوری کوردستان»
کاوان محەمەدپوور
یەکێ لەم گرفتانەی کە بەردەوام توێژەرانی ئەدەبیاتی داستانی کوردی لە باشوری کوردستان سەرقاڵی خۆی کردوە، کەمی بەرهەمی چاپ کراوەی ئەم ژانرە لە نێوان ساڵەکانی (١٩٢٥) تا سەرەتاکانی دەیەی هەشتای زاینییە. واتە جووڵەی کەمی چاپ و بڵاوکردنەوەی چیرۆک کە هیچ وەخت بەتەواوی ڕاوەستانێ بەخۆیەوە نەدی، بەڵام بە بەراوردی لە دایک بوونی خەسارگەلێکی هەبوو. توێژەرانی ئەدەبی کوردی ئەم قوناغە بە (قۆناغی لە دایک بوون و هەوڵ بۆ مانەوە) ناوزەد دەکەن. حسێن عارف، نووسەر و توێژەی کورد لە بیبلۆگرافیای خۆی بۆ ڕۆمانی کوردی، تەنیا بە سێ ڕۆمانی بڵاوکراوە لەم قۆناغەدا ئاماژە دەکا. ئەگەر چی توێژینەوەکەی عارف تەنیا لەسەر ڕۆمانە و باس لە چیرۆکی کورت و درێژ ناکا، بەڵام بە ئەژمارکردنی ئەم چیرۆکانەش، دیسانەکە ژانری ئەدەبی داستانی لەم قۆناغە رێژەیان کەمە. بە گشتی لەم قۆناغەدا بە ڕۆمان و چیرۆکی درێژەوە نزیک بە (٣٢) بەرهەمان هەیە کە هەندێکیان بە شێوازی ئەڵقە لە گۆڤارەکانی سەردەمی خۆیان بڵاوکراونەوە.
توێژینەوەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە بەشێک لەم چیرۆکانە ساڵانێک پاش نووسینیان دەرفەتی بڵاوبوونەویان بە شێوازی کتێب بۆ ڕەخساوە و بۆ هەندێکیان هیچ کات ئەم دەرفەتەش نەرەخسا، هەر بۆیەش سرنجی توێژەرانیان ڕانەکێشا و باسییان لێوە ناکەن. لە یەکەم بەرهەمەکانی ئەم قۆناغە، چیرۆکی درێژی (لە خەوما)(١٩٢٥)- جەمیل سائیب و ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان)(٢٨-١٩٢٧)-ئەحمەد موختار جاف بەشێوەی ئەڵقە و بەش بەش لە گۆڤارەکانی سەردەمی خۆیان بڵاوبوونەوە و تا دەیەی هەفتای زایینی دەرفەتی بەکتێب بوونیان بۆ جێبەجێ نەکراوە. هەروەها لەم دەستەیەدا ئەتوانین ئاماژە بەو شەش ڕۆمانە بکەین کە لە یەکەمین خولی خەڵاتی (یەکیەتی نووسەرانی کورد)(١٩٧١) ئاراستەی بەشی کێبەرکێ کران و تەنیا بۆ دوو بەرهەم (ئاگری بن کا، نووسینی سەعید ناکام و، ڕێگا نووسینی محەمەد مەولوود مەم)-ئەویش ساڵانێک دووا نووسین – دەرفەتی بڵاوبوونەوەیان بۆ سازبوو، بەڵام چوار دانەکەیتر تا ئەو جێگەی ئاگادار بین هیچ وەخت چاپ نەکران و تەنیا ناویان لە گۆڤاری یەکیەتی نووسران هاتوە.
لانیکەم نەبوونی دامودەزگای چاپ، غیابی دۆخێکی ئارام و سەقامگیر و، هەروەها ترس و دڵەڕاوکەی سیاسی ڕژیمی بەعس لە هۆ سەرەکییەکانی کەم و کۆڕی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی ئەو سەردەمانەیە. وێدەچێت تەنیا نموونەی ڕۆمانی (ژانی گەل)ی ئیبراهیم ئەحمەد بۆ کەش و هەوای چەقبەستووی ئەم سەردەمانە کفایەت بکا، ئیبراهیم ئەحمەد ئەم ڕۆمانەی ساڵی (١٩٥٦) ئەنووسێت، بەڵام بە هۆی دۆخی نالەباری سیاسی تا ساڵی (١٩٧٢) بڵاوی ناکاتەوە، ئەویش ناچار دەبێت ڕۆمانێک کە لەبارەی نەهامتییەکانی کوردوەیە، لە ترسی دیکتاتۆری بەعس پێشکەشی (جەنگاوەرانی ئەلجەزایەری) بکا!.
لە ساڵەکانی دەیەی هەشتای زایینی ئەگەرچی هێشتا فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی شیاو بۆ کورد نەکراوەتەوە بەڵام لە سەرێکەوە سەقامگرتنی بەرخۆدانی سیاسی لەمەڕ ڕژیمی بەعس و هەروەها ڕەخساندی دەسگای چاپ لە شاخەکانی کوردستان بۆ بڵاوکردنەوە شەونامە و گۆڤارە سیاسییەکان، هەلێکی بۆ ڕۆماننووسان گوازتەوە کە بەشێ لە نووسراوەکانیان لە ناو شاخەکانی کوردستان بڵاوکەنەوە، ئەمە خۆی بوو بە جیاکردنەوە دوو چەشن ڕۆمانی کوردی لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتای زایینی، واتە ڕۆمانی شار و ڕۆمانی شاخ. پێویستە ئاماژە بکەم لێرەدا پاشگری (شار و شاخ) بە مانای شێوازناسی یان پێکهاتەیەکی تایبەتی ژانری لە ڕۆماندا نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ شوێنی چاپ بوونی بەرهەمەکە. هەڵبەت خۆی شوێنی چاپ بوونی ڕۆمانەکە تا ڕادەیەک لە بواری ناوەڕۆک کاریگەری لەسەر ڕۆماننووسەکان دادەنا. ئەو ڕۆمانگەلەی لە شاخ چاپ دەبوون، ڕاشکاوانەتر ڕەخنەی خۆیان ئاراستەی حکوومەت یان تەنانەت حیزبە کوردییەکان دەکردەوە.
لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتای زایینی تا کۆتاییەکانی ئەو دەیە، شایەتی شەپۆلێکی فراوان لە نووسین و چاپی ڕۆمان و چیرۆک لە باشوری کوردستانین. لەم قۆناغەدا کە برێ لە توێژەران بە (قۆناغی زێرینی ئەدەبیاتی داستانی) نێودێری دەکەن، جیا لە دەرفەتی چاپ بۆ بەرهەمەکانی پێشوو، جیلێکیتری لە نووسەرانی کورد بەخۆیەوە دەبینێ کە ئەگەرچی لە ناوەڕۆک و پێکهاتە وێکچوویەکی زۆریان لەگەڵ نووسەرانی پێش خۆیانەوە هەیە، بەڵام لە پێکهاتەی گێڕانەوەیی و پێکهاتەی چیرۆکدا، بەهێزتر خۆیان نیشان دا.
لەم قۆناغەدا ئەتوانین ئاماژە بە بەرهەمەکانی ژێرەوە بکەین: ساڵی (١٩٨١) ئیسماعیل ڕۆژبەیانی ڕۆمانی (نازە) لە بەغدا بڵاودەکاتەوە، ئەمە یەکەم ڕۆمانی کوردییە کە لەسەر بەرگەکەی نووسراوە «ڕۆمان». ساڵی (١٩٨٢) ڕۆمانی (سەگوەڕ) لە محەمەد موکری بڵاودەبێتەوە و بۆ ماویەک فەزای ڕەخنەی ئەدەبی و هەروەها سیاسیش دەهەژێنێت، تەنانەت محەمەد مەولوود مەم، ڕۆمانێک لە وەڵامی (سەگوەڕ) بە ناوی (کاروان و سەگوەڕ) ئەنووسێت. محەمەد موکری لەم ساڵانەدا دوو ڕۆمانیتر بەناوی (هەرەس-بەشی یەکەم (١٩٨٥) و بەشی دووهەم (١٩٨٧) و، ڕۆمانی (تۆڵە)(١٩٨٧) بڵاودەکاتەوە. لە نێوان دوو ساڵی (١٩٨٨) و (١٩٨٩) کە هاوزەمەنە لەگەڵ پڕۆژەی ژێنوسایدی کوردەکانی باشور-ئەنفال-، ڕۆمانی (کۆچی سوور) لە محەمەد کەریم عارف، چیرۆکی درێژی (کێوی مەزن) لە کاروان عەبدوڵڵا و، چەند چیرۆکی درێژ و کورت لە حسێن عارف، هیمداد حسێن، حسام بەرزنجی و، فازڵ کەریم ئەحمەد بڵاودەبنەوە. ساڵەکانی کۆتایی دەیەی هەشتای زایینی شایەتی هاتنە ئارای جیلێ لە نووسەرانین لە ئەزموونگەلی نوێ دێنە ساحەی ئەدەبیاتی داستانی کوردیەوە.
لە دوا ڕاپەڕینی (١٩٩١) و بەگەڕیان کەوتنی بژاڤێکی بەربڵاوی فەرهەنگی و سیاسی، جیلی سێهەمی چیرۆکنووسانی کورد لە باشوری کوردستان سەرهەڵدەدەن. ئەم جیلە چ لە ئاستی پێکهاتەی چیرۆک و چ لە ئاست بەکارهێنانی کەرەستەکانی گێڕانەوە تا ڕادەیەکی بەرچاو جیاوازییان لەگەڵ دوو جیلی پێشوو هەیە. دوو جیلی پێشوو لە ژێر کارتێکەری ئەدەبیاتی یەکێتی سۆڤیەت، لە ڕووی شێوازناسیدا لەسەر شێوازی کلاسیکی ڕیالیسمی کۆمەڵایەتی و ڕیالیسمی سۆسیالیستی زەق ببوونەوە و، لە ئاست مووتیفی ناوەکی چیرۆکە زیاتر ڕوویان لە: ڕەخنەی دەسەڵات، ڕەخنەی کۆمەڵگای نەخوێندەوار، ڕەخنە لە هەڵسووکەوت و بۆچوونەکانی بەرپرسانی کورد، نواندنەوەی ژیانی لادێی خەڵکی کورد، گوشار و نەهامەتی سیاسی سەر کۆمەڵگای کوردی و بەرهەڵست بوونەوەی حیزبین. بەڵام لە دووا ڕاپەڕینی (١٩٩١) و کرانەوەی زیاتری دەروازە فەرهەنگییەکان بەرەڕووی زانستی جیهانی و هەروەها گەڕانەوەی جیلێک لە خوێندکاران و پەناهەندەکانی کورد، کەش و هەوای چیرۆک شڵەژانێکی بەسەر دێت و شێوازی نووسین تەنیا لەسەر شێوازی ڕیالیستی نەماوە و ئەزموونی نوێتر لە چیرۆک هاتە پانتای ئەدەبیاتی باشور. لە چیرۆکەکانی ئەم جیلەدا شێوازی ڕیالیسمی سیحراوی (ریالیسمی جادوی) تا دەگاتە بەکار هێنانی شگردی مێتافیکشێنی پۆستمۆدێرن بەدی دەکرێت. ئەم جیلە هەنووکەش لە فەزای ئەدەبی داستانی باشوردا بوونیان هەیە و بەردەوام خەریکی نووسین و ئەزموونی نوێ لە چیرۆک دان، لەوانە ئەتوانین ئاماژە بە: بەختیار عەلی، جەبار جەمال غەریب، شێرزاد حەسەن، فەرهاد پیرباڵ، جەزا چەنگیانی، ڕەئووف بێگەرد، عەتا محەمەد، هیوا قادر، بەیان سەلمان، سەباح مەجید و چەند کەسیتر بکەین. هەڵبەت نابێ ئەوەمان لە یاد بچێت کە هاتنە ئارای شێوازیک لە نووسین بە مانای لە ناوچوونی شێوازەکانیتری نووسین نییە، هەر بۆیە هەنووکەش لە ئەدەبیاتی ئەودیوی کوردستان، نووسەرگەلێ هەن کە هەر بەشێوازی دوو قۆناغی پێشوو دەنووسن و مووتیفی سەرەکی چیرۆکەکانیان، هەمان ناوەڕۆکی کلاسیکی ساڵەکانی بەر لە ڕاپەڕینە.
لە ساڵەکانی دەیەی نەوەدی زایینی، فەزای سیاسی کۆمەڵایەتی عێراق ئاڵۆگۆڕیەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینی، ڕاپەڕینی (١٩٩١) تەنیا کوردستانی نەگرتەوە و گشت عێراقی تێوەگلاند. ئەم بژاڤە گشتییە تا ڕادەیەکی بەرچاو لە کوردستان جووڵەیەکی فەرهەنگی-سیاسی سازکرد و تاڕادەیەک لە گوشاری سیاسی ڕژیمی بەعسی کەم کردەوە. فەزای کراوی ڕەخنە لە کوردستان و نەبوونی سانسۆر لەسەر چاپی کتێب، بوو بە هۆی هاتنە کایەی جیلێ لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد کە هەم لەلایەکەوە مرۆڤی کوردیان ئاشنای قوتابخانە فیکرییەکانی جیهان کرد، هەمیش داڵغەکانی مرۆڤی کوردیان لە پانتایەکی بەربڵاوتر ئاراستە کرد. لە ساڵی (١٩٩٦) (گۆڤاری ڕەهەند) لە لایەن تاقمێ لە نووسەرانی کورد بە داڵغەی «ڕۆشنبیری نوێگەر» دادەمزرێت. بە وتەی ڕەهەندییەکان «ئامانجی ڕەھەند کارکردنە بۆ دامەزراندنی ڕۆشنبیریەکی نوێگەر»، ڕەهەندیەکان کەسانێ وەک مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، رێبین ھەردی، فاروق ڕەفیق و… بوون کە هەوڵێکی بەرچاویان بۆ ئاراستەکردنی فیکرێکی نوێ لە کوردستاندا. ئەم تاقمە کە بە وتەی مەریوان وریا قانع «دەرهاویشتەی جیلی چوارەمی ڕۆشنبیری کوردی» بوون، بە سرنجی تایبەت لەسەر ڕوانگە فەلسەفییەکان و ڕەخنە و گریمانەی ئەدەبی، فەزای ساویلکەی ڕەخنە و تیۆریان لە نێوان نووسەرانی گەنج هەژاند و شەپۆلێک لە فیکری تیۆریک هاتە بازنەی ئەدەب و مەعریفەی کوردییەوە. هەڵبەت بەر لە گۆڤاری ڕەهەند ئەم تاقمە، لە ساڵەکانی یەکەمی ڕاپەڕین پێنج ژمارە لە گۆڤاری (ئازادی) دەردەکن بەڵام بەڕادەی گۆڤاری ڕەهەند کاریگەری لەسەر دۆخی رۆشنبیری کورد دانانێت،
لە ساڵانی دوای ڕاپەڕیندا شەپۆلێک لە وەرگێڕان لە دەقگەلی ئینگلیسی و عەرەبی و تاڕادەیەک فارسی دەستی پێکرد. ڕێبازەکانی ئەدەبی، فۆرمە نوێیەکانی چیرۆک، شێوازەکانی نووسینی ڕۆمان، قوتابخانە جیاوازەکانی تیۆری ئەدەبی بە هۆی ئەم دەقانە هاتنە ناو کایە ئەدەبیەکانی نووسەرانەوە. هەڵبەت وەرگێڕانی ئەم دەقگەلە لەسەرەتاکانی دەیەی هەفتای زایینیەوە دەستی پێکردبوو، بەڵام زیاتر لەسەر فەزای شێعر زەق ببوونەوە تا ئەدەبیاتی داستانی. بۆ نموونە لە ساڵی (١٩٧٠) و بەکارتێکەری مانیفێستگەلی شاعیرانی بەغدا و میسر و هەروەها شێعری لوبنان، شێرکۆ بێکەس لەگەڵ چەند هاوڕێی، یەکەمین مانیفێستی ئەدەبی کوردستان بە ناوی (ڕوانگە) لە ڕۆژنامەی هاوکاریدا بڵاودەکەنەوە، جێگەی سرنجە کە لە ناو واژۆکەرانی ئەم مانیفێستە ناوی چیرۆکنووس (حسێن عارف)یش ئەبیندرێت و لە پەراوێزگەلێ کە بۆ مانیفێستی ڕوانگە نووسرا، جیا لە شێعر باسی چیرۆکیش کراوە، بەڵام گوتاری شێعر وەها بەسەر دۆخی ئەدەبی کوردستاندا چەقی بەستوە کە چیرۆک و چیرۆکنووس بە پەراوێزی شاعیر دەکەوەن، ئەم باسە بۆ مانیفێستەکەی (کفری)یش(١٩٧١) لە لایەن لەتیف هەڵمەت و فەرهاد شاکەلی هەیە. شاکەلی لە ئەزموونەکانی دوایدا خۆی وەک چیرۆکنووس ناوزەد دەکا بەڵام دووبارە ئەوە گوتاری شێعرە کە لەم سەردەمە سەر دەکەوەێت. دوخێک کە لە دوا ڕاپەڕین و بەتایبەت لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەدی زایینی بۆ ئەدەبیات پێش دێت، نە تەنیا شێعر، بەڵکوو چیرۆکنووسان و ڕەخنەگرانی مەعریفیش لەم سەرچاوەیە بێ بەهرە ناکا.
لە پاش هەرەس هێنای دیکتاتۆری سەدام حسێن (٢٠٠٣) و دواتر سازبوونی هەرێمی فیدراڵی کوردستان، فەزای ڕەخنە و نووسین زیاتر لە پێشوو پەرەی ساند. ڕێژەیەکی زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامە و وەرزنامە و بڵاوگە، دەرفەتی بڵاوبوونەوەیان بۆ گونجا. نووسەرانی نەوەدەکان، وەک پێشەنگانی کلاسیکی ئەدەبیاتی داستانی باشور سەرکەوتنی جیهانی و ناوچەیان مۆسگەر کرد. کتێبەکانی شێرزاد حەسەن لە ڕێژەیەکی بەرچاودا بڵاوبوونەوە و خۆی بۆ کۆنگرەی نووسەران لە ئورووپا بانگهێشت کرا، هەروەها چەند نامیلکەی زانکۆ و وتار بە زمانەکانی فارسی و کوردی و ئینگلیسی لەسەر چیرۆکەکانی نووسرا. بەختیار عەلی خەڵاتی جیهانی (نیلی زاکس)ی پێبەخشرا و جیا لە چەندین کتێب و دەیان وتار و نامیلکە، ڕۆمانەکانی بە ئینگلیسی، ئاڵمانی، فارسی، عەرەبی، فرانسی و ئیتاڵی وەرگێڕدرایەوە و بۆ کۆنگرە و کۆڕی جیهانی ئەدەبی بانگهێشت دەکرێت، هەروەها لەم نووسەرانە ئەتوانین بە فەرهاد پیرباڵ، جەبار جەمال غەریب، کاروان عومەر کاکەسوور، عەتا محەمەد و… ئاماژە بکەین کە چیرۆکەکانیان بە زمانی فارسی و ئینگلیسی و عەرەبی وەرگێڕدراونەوە و لە چەشنەگەلی جیاواز وەک مێتافیکشێنی پۆستمۆدێرن و بەکارهێنانی جۆربەجۆری کەرەستەکانی گێڕانەوە سوود وەردەگرن.
داگرتنی تهواوی دهقهکهئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.