خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی «باڵندەکانی دەم با» نووسینی عەتا نەھایی
شه‌هلا ده‌باغی
لە باڵندەکانی دەم بادا نووسه‌رێک به‌سه‌رهاتی نه‌سلێک یان باشتره بڵێین هی خۆی ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام نووسه‌ر دابه‌ش ده‌بێ به نووسه‌ر، فه‌رهاد و مێهربان. مێهربان که نووسه‌ره، له هه‌وڵی نووسینی چیرۆکی فه‌رهاد یان شایه‌د خۆی و هاوده‌مانی خۆی بێ و داوا له نووسه‌ر ده‌کا که فه‌رهادی پێ بناسێنێ. سه‌رده‌مانێک فه‌رهاد به نه‌قاشی گوزارشی لە ژیانی خۆی ده‌کرد و له ئاخرسه‌ردا ئه‌و گوزارشتانه به نیوه‌چڵی ده‌مێننه‌وه. له یه‌ک په‌نجه‌ره‌وه ئه‌و پیاوانه چاو له خۆشه‌ویسته‌که‌یان ده‌که‌ن. سێ ژن که له‌ڕاستیدا یه‌ک سه‌رنوشتیان بۆ ده‌نووسرێ: “خۆسووتاندن یان له چاوه‌ڕوانیدا مانه‌وه”.
باڵنده‌کانی ده‌م با به زمانێکی شاعیرانه و ته‌كنیکێکی تێکه‌ڵاوی گێرانه‌وه، باسی وشک بوونی ئاره‌زووه‌کانی پیاو له شۆره‌کاتی زیندان و مه‌نفا و ئاواره‌ییدا ده‌کا. باسی خه‌مێک که له ناخی پیاودا سه‌رهه‌ڵده‌دا و به‌دوای وڵامی پرسیارێکدا ده‌گه‌ڕێ:
“له‌پێناوی کام تاوندا سزا دراوه ئه‌م پیاوه؟ له‌پێناوی کام تاواندا سزا ده‌درێن؟ له ئاگری کام تۆڵه‌دا ده‌سووتێن؟” (ل. ٢٩)
ڕاسته که ته‌قدیری ئێمه له ژێر کاریگه‌ری سیستمێکی زاڵم و به‌دمۆرالی باڵاده‌ستدا فۆڕم ده‌گرێ، به‌ڵام گرفت ته‌نیا ڕێژیمه‌کان نین. کۆمه‌ڵی ئێمه هێشتا نه‌یتوانیوه غه‌یری پیاو به سه‌رچاوه‌ی گۆڕانکاری ببینێ. ژنانێک که له شۆڕشدا به‌شدار ده‌بن، چاو له ده‌ستی نووسه‌ر و پیاو ده‌مێننه‌وه و کاتێک هه‌موو ده‌رگاکان دادەخرێن، ناچار به خۆسووتان ده‌بن و پیاوی به‌رهه‌ڵستکار که پێی وایه جیهان ده‌گۆڕێ، سه‌رئه‌نجام سه‌رخورده یان په‌نا بۆ مه‌شروب ده‌با یان تووشی فه‌رامۆشی ده‌بێ و یان ده‌سته‌وئه‌ژنۆ ده‌مێنێته‌وه:
“[…] من ته‌نها بووم. ته‌نها له به‌ر ڕۆشنایی کزی په‌نجه‌ره‌که دانیشتبووم و ده‌سته باریک و ئێسکنه‌کانم له ده‌وری ئه‌ژنۆم ئاڵاندبوو.” (ل. ٢١٩)
سه‌ره‌ڕای زمانی پڕهه‌ست و شاعیرانه‌ی ڕۆمان و ته‌کنیکێکی تێکه‌ڵاوی گێڕانه‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی زمانی پیاوسالار به گشتی، بڕیارده‌ری گوزارشتی ژیانی قاره‌مانه‌کانه و گوزارشت له سه‌ربرده‌ی پیاوانێک ده‌کا که له نۆستاڵژیدا ده‌ژین و ڕه‌وه‌ندی زه‌مان نابینن و یان به‌دوای سه‌رنوشتێکی نادیاردا وێڵن. ئه‌و نۆستاڵژیه ته‌نانه‌ت جێگایه‌ک به ژن/ دایک نادا و ماڵه باب ته‌نیا به ناوی باوک پێناسه ده‌کا. دیوه‌خانی میرزا سه‌عید وێران بووه و ساڵه‌هایه که‌س له حه‌سار و حه‌وشی میرازا سه‌عیددا هاتووچۆی نه‌کردووه. ئه‌وه پیاوه که بڕیارده‌ره و پێی وایه ته‌نیا ئه‌وه که ده‌توانێ جیهان بگۆڕێ، که‌چی نه‌ته‌نیا ناتوانێ ئه‌وه بکا، ده‌بێته هۆی سه‌رنوشتێکی شووم بۆ خۆشه‌ویسته‌که‌ی و خۆی. ئه‌و پیاوانه که “شتێکی سه‌میمی” له دنیای ئه‌و کچانه‌دا ده‌بینن(ل. ١٦) حازر نابن گوێیان لێ بگرن و بۆ نه‌جاتی جیهان له ڕوانگه‌ی سیاسی خۆیانه‌وه ناچار ده‌بن ژنان له ژێر پێ بنێن.
پیاوانی ڕۆمان باوه‌ڕ به له‌یلا و کاڵێ و ئه‌فسانه ناکه‌ن. فه‌رهاد که دانشجویه و ڕای کردووه و خۆی حه‌شارداوه، له ئه‌شقی كاڵێدا ده‌سووتێ. ماڵە کاڵێ ڕوو به ماڵە فه‌رهاده و فه‌رهاد هه‌موو ڕۆژێک ده‌ستێک ده‌بینێ که له په‌نجه‌ره‌ی به‌رامبه‌ری گوڵدانی هه‌نارێک ئاو ده‌دا. کاڵێ هه‌موو ڕۆژێک دێت و ماڵە فه‌رهاد خاوێن ده‌کاته‌وه. فه‌رهاد ده‌گیرێت. کاتێک فه‌رهاد له زیندان دێته ده‌ر، کاڵێ له‌ده‌ست هه‌ژاری و برای قومارباز و نه‌بوونی هیچ ده‌ره‌تانێک خۆی سووتاندووه و نه‌ماوه. فه‌رهاد ده‌چێته ناو دنیای فه‌رامۆشی.
ئه‌فسانه، کچێکی ساده، که ڕۆژنامه‌ی سیاسی ده‌فرۆشت و مێهربان خۆشی ویستووه، دواتر که مێهربان شار به‌جێ ده‌هێڵی ناچار ده‌بێ مێرد به ناسر کوڕە دەوڵهمهندی شار بکا، که‌چی ئه‌ویش له به‌رده‌م دادگا تاوانی بۆ هه‌ڵده‌پێچێ و ئه‌فسانه‌ش به سه‌رنوشتی کاڵێ گرفتار ده‌بێ و ناسریش شێت ده‌بێ و دواتر که له تارانڕا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زێدی خۆی، داوای سیگار له خه‌ڵکی کوچه و بازاڕ ده‌کا. نووسه‌ر له نێوان باوه‌ڕ به ژن و کو‌لتوور له هاتووچۆ دایه و هێشتا به‌ته‌واوی باوه‌ڕی به هێزی ژن بۆ گۆڕانی جیهان نه‌هێناوه. له‌یلا کچێکی شاعیر، که تازه زانکۆی ته‌واو کردووه، ئاشقی مێهربان ده‌بێ که نووسه‌رێکی چل په‌نجا ساڵه‌یه و له هه‌نده‌ران گه‌ڕاوه‌ته‌وه یا باشتره بڵێین که پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بە هۆی نووسینه‌کانی خۆشی ویستووه. له‌یلا که شێعره‌کانی پێشتر پێشکه‌شی بابی دەکرد، ئه‌م جاره پێشکه‌شی مێهربانیان ده‌کا:
قامۆسهکان بدڕێنه
وشه سارد و مردووه‌کان ده‌م با بده،
من جوانترین شێعری بوونت له دێرێکدا ده‌نووسمه‌وه.
ڕابردوو بسڕهوەو
ڕۆژه تاریکه‌کانی فه‌رامۆش که،
ههمیشهییترین خه‌ونت له ساتێکدا ده‌هێنمه دی. (ل.٥٠)
شایه‌د “باوه‌ڕکردن به ژن” ڕێگایه‌ک بێ بۆ نه‌جاتی جیهانی شێواوی پیاو. بۆیه ڕه‌وانی بڵاو و هه‌ڵگری لایه‌نی جیاوازی نووسه‌ر له گۆشه‌یه‌کی دەقدا باوه‌ڕ به ژن دێنێ:
“له‌یلا […] تێده‌کۆشێ ڕێگه‌ی خۆی له ڕێگه‌ی خه‌ڵکیتر و، زمانی خۆی له زمانی خهڵكیتر و، ته‌نانه‌ت بۆچوونی خۆی له بۆچوونی خهڵكیتر جیابکاته‌وه.” (ل. ٦٧)
به‌ڵام دیسان، له‌یلا وه‌کو کاڵێ و ئه‌فسانه چاو له ده‌ستی ڕێنوێنی و ئه‌شقی پیاو ده‌مێنێته‌وه. له‌یلا به ئه‌فسووسه‌وه به مونیره، خوشکی فه‌رهاد، ده‌ڵێ که مێهربان ژن ناهێنێ. هاوکات نووسه‌ر و مێهربان ده‌زانن که بێژه‌ری چیرۆکه‌کانی مێهربان هێندێک جار ڕاستگۆ نییه. مێهربان که چیرۆکێکی ده‌رباره‌ی ئه‌شقی نێوان کچێک و کوڕێکی سیاسی نووسیبوو، گوتبوی که کچه‌که ئاماده نه‌بووه له خه‌باتدا هاوکاری کوڕه‌که بێ. به‌ڵام بێژه‌ر ڕاستگۆ نییه. بۆیه مێهربان لە سەرەتاکانی ڕۆمانەکەدا لە لاپەڕە ٣٦ دا ده‌ڵێ:
“ئه‌و چیرۆکه چیرۆکی کچێک بوو ئه‌گه‌رچی عاشقی ده‌سگیرانه‌که‌ی بوو، به‌ڵام حازر نه‌بوو له خه‌بات بۆ ڕزگاریدا هاوڕێی بکا.” ئه‌و گوتبووی “بێژه‌ری ئه‌و چیرۆکه ڕاستگۆ نییه. نە لە گەڵ خۆی، نە لە گەڵ کچی چیرۆکەکەدا.”
ڕاسته. بێژه‌ری زۆر چیرۆک ڕاستگۆ نین. کچان و ژنانێک که ساڵه‌های ساڵ چاوه‌ڕێی خۆشهویستەکانیان مانه‌وه تا له شاخ و زیندان بگه‌ڕێنه‌وه. یان خودی ئەو ژنانە کە که‌وتنه زیندان و شاخ، جێگایان به ناهومێدی و خۆسووتاندن پڕ ده‌بێته‌وه.
ئه‌وه که کچانی باڵنده‌کانی ده‌م با سه‌رنوشتێکی وه‌ها شوومیان تووشدهبێ، دوور نییە له ڕاستی که ڕۆژانه ده‌یان کچ و ژن خۆ ده‌ده‌نه ده‌ست سه‌مای ئاگر. کاتێک پیاوانی ئێمه نه له سیاسه‌تدا باوه‌ڕیان پێ ده‌که‌ن و نه ژنی ئێمه له ئه‌شقدا ئازادە و نه سیسته‌م داکۆکی له مافه‌کانی دەکا. نه‌هایی نووسەر ڕاستییه‌کان دێنێته ناو چیرۆکه‌کانی به‌ڵام ئه‌وه کافی نییه. نووسه‌ر گله‌یی له‌و ته‌قدیره ده‌کا که نه‌سلێک تووشی بوون:
“له‌م وڵاته چیرۆکی زۆر که‌س نه‌نووسراوه. وا چاکه بڵێم، له‌م وڵاته چیرۆکی که‌س نه‌نووسراوه.” (ل. ٢٨)
له‌و وڵاته‌دا ئه‌گه‌ر چیرۆکی پیاوان و خه‌مه‌کانیان خه‌ریکه ده‌نووسرێته‌وه، ئه‌وه هێشتا چیرۆکی ژنان ته‌نیا به‌شێکی به ده‌ست ئه‌و پیاوانه که تازه خه‌رێکن خۆ له ده‌ستی نۆرمه‌کانی پیاوسالاری نه‌جات ده‌ده‌ن، نووسراوه‌ته‌وه. چیرۆکی به ئاخری خه‌ت گه‌یشتنی ژنان له‌ده‌ست نۆرمی تا ئێستا نه‌گۆڕاوی ده‌سه‌ڵاته‌کان، به‌ڵام به‌شی زۆری ڕاستییه‌کانی ژیانی ژن ماوه که بنووسرێنه‌وه. له هه‌موان گرینگتر ئه‌وه که ژنانی نه‌سلی مێهربان ڕاستگۆیانه هه‌م ده‌هاتنه ناو سیاسه‌ت و هه‌م ئاشق ده‌بوون، به‌ڵام دیسان لە سێبەر و پەراوێزی پیاواندا ده‌مانه‌وه. کێ فرمێسکی ئه‌و دایک و خوشکانه‌ی لەیادە کە ساڵه‌های ساڵ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕوانه‌وه‌ی ئازیزانیان بوون؟
بارامی برای بە پێکەنینەوە بۆی باس کردبوو کاتێک ئەو ڕۆیشت باوکیان هه‌موو کتێبه‌کانی کۆ کرده‌وه و له حه‌سار له‌سه‌ر یەک ئاگری تێبەردابوون. ئاگرێکی گه‌وره‌یان لێ ساز ببوو کە جگه له حه‌سار، گه‌ڕه‌که‌که‌یشی ڕووناک کردبوو. به‌ڵام مونیره‌ی خوشکی ده‌یگوت:
“من و رووناک تا به‌ره به‌یان به‌دیار ئاگره‌که‌وه دانیشتین و فرمێسک‌مان هه‌ڵڕشت.” (ل.٨)
ئاخۆ ژنانی ئێمه ئاخر قسه‌کانی خۆیان کردووه؟ له‌یلا سه‌رکه‌شه و بیری ئازادی مێشکی داگیرکردووە و دەخوازێ ژیانێکی دیکە بۆ خۆی تۆماربکا و ده‌نووسێ یان به وته‌ی نووسه‌ر “هه‌ڵچوونێکی ئافره‌تانه له سه‌ره‌تای ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا”. (ل. ٦٨)
مار نه‌بوو که فریوی دایت
سێوه لاسووره و ئیشتیای گه‌نم و
داری تێگه‌یشتن هه‌مووی به‌هانه بوون.
مار نه‌بوو که فریوی دایت
من بووم
من بووم ویستم تۆ دابه‌زیت
من بووم ویستم تاوان بکه‌یت
تاوان بکه‌یت و تۆبه بکه‌یت
تاوان، تۆبه
تاوان، تۆبه
حه‌وا تۆبه له تاوانهکەی خۆی ناکات. (ل. ٦٩)
ئه‌وه که نووسه‌ر نه‌هایی چ ده‌خوازێ ، ئایا ده‌خوازی واقیعه‌کانی کۆمه‌ڵگه نیشان بدا و یان خۆیشی وه‌ک زۆربه‌ی ئێمه هێشتا له هه‌وه‌ڵی ڕێیه بۆ خۆ درباز کردن له نۆرمه‌کانی پیاوسالاری، پرسیاریکی ئاواڵایه. هه‌ر که‌سێک دەتوانێ خوێندنه‌وه‌یه‌کی له‌و ڕۆمانه هەبێ. ئه‌وەی که گرینگه ڕه‌وانی ئینسان ده‌قێکه بڵاو و پڕ له دژوازی و ناته‌بایی. شاعیر/ هونەرمەند له هه‌موو که‌س زیاتر له نه‌بوونی ئازادی و ئه‌شقدا دەشێوێ و له گه‌رمای دایکانه/ ژن ده‌گه‌ڕێ که سه‌رچاوه‌یه‌که بۆ خوڵقاندن و له ساتی قه‌یراندا، شاعیر/ نووسه‌ر له سنووره‌کانی نێوان ڕه‌مز/ سروشت و سیسته‌م / کو‌لتووردا خۆ ده‌بینێته‌وه و به‌م جۆره “دیسکورسی مێژوویی” ده‌ق له‌قاو ده‌دا.
شایه‌د ته‌نیا ڕۆمانه‌کان بتوانن مێژووی سی ساڵی ڕابردوو له‌قاو بده‌ن که ئینسانه‌کان چۆن به‌دوای ژیانی باشتردا گه‌ڕان به‌ڵام بەواتای خۆیان ناچار بوون بۆ گۆڕانی جیهان ژنان له ژێر پێ بنێن. که‌چی دڵته‌نگی بۆ قاڕەی ژن له تێکستدا خۆی له‌قاو ده‌دا و له‌و جێگایه‌ی که مانا له ده‌قدا بێده‌نگ ده‌کرێ و یان قه‌ت نه‌بووه، مانا ده‌به‌خشێ. هه‌ر بۆیه له‌یلا وڵامێک ده‌دا به جه‌لالی، به‌رپرسی سازمانی میراتی فه‌رهه‌نگی که نیگه‌رانی له‌ناوچوونی میراتی فه‌رهه‌نگی و سووتانی قامووسه‌کانه:
“[…] مرۆڤ به‌بێ زمان و به‌بێ ڕابوردوو چی هه‌یه؟ له‌یلا گوتی: شێعرێکی کورت و ساتێکی هه‌تاهه‌تایی…” (ل. ٧٠)
هه‌موومان چاوه‌ڕوانی ساتێکی هه‌تاهه‌تایین که له‌وێنده‌رێ له‌یلا و ئه‌فسانه ئیتر چاوه‌ڕوان نین. له‌لایه‌ن هیچ کاممان، نووسەر، خوێنەر، ئەفسانە و لەیلاکان ئاخر وته‌کان هێشتا نەنووسراون و نه‌گوتراون.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.