خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / ناساندنی کتێبی «زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی»

ناساندنی کتێبی «زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی»

ناسنامەی کتێب: «زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی»، بەشی دووهەم: زانستی ڕوونبێژی، جه‌عفه‌ر قاره‌مانی، ناوەندی چاپ: پەخشانگای زانستگای کوردستان، ساڵی چاپ و بڵاو بوونەوە: ۲۷۱۸ی کوردی(۱۳۹۷) سنه.

ناساندنی کتێب: زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی بەشی دووهەم: زانستی ڕوونبێژی

جه‌عفه‌ر قاره‌مانی

?بەشی دووهەم: زانستی ڕوونبێژی

ڕوونبێژی، بریتییە لە کۆمەڵێک یاسا کە بە سوود وەرگرتن لەم یاسایانە دەکرێت یەک واتا بە شێوازی جیاواز و جۆراوجۆر دەرببڕدرێت، بەو مەرجەی ئەو شێوازانە لە ڕێژەی ڕوونی و ناڕوونی لەگەڵ یەک جیاوازییان هەبێت و ئەو جیاوازییە تەنیا لەسەر بنەمای خەیاڵ بێت.  زانستی ڕوونبێژی تایبه‌ت به‌ زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراو نییه‌. شوبهاندن و خوازه‌ بە چ شێوەیەک لە شیعری فارسی یان عەرەبیدا واتای هه‌یه، هه‌ر به‌م جۆره‌ش له‌ شیعری کوردیدا واتای هەیە. زانستی ڕوونبێژی پەیوەندی به ‌واتاوه‌ هه‌یه ‌و پوختی و ناپوختی و پله‌ی داهێنه‌ری به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.

?گرنگی زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی و بەتایبەت زانستی ڕوونبێژی

زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی بەرجەستەترین و گرنگترین بەشی ئەدەبییە کە لایەنی ئافراندن و داهێنانی ئەدەبی تێدا دەردەکەوێت. لە شێوازناسیدا یەکەمین گۆڕانگاریی شێوازی لە باری ئەدەبییەوە لە ڕەوانبێژیی ئەدەبیدا ڕوو دەدات. بۆ نموونە، بە لێکدانەوەی پێکهاتەی شوبهاندن بە شێوەیەکی ورد دەکرێت گۆڕانکارییەکانی شێوازی ناسی دیاری بکرێت. لە لایەکی ترەوە، بەهۆی ئەوەی کە لە هەرکام لە قوتابخانەکاندا شوبهاندن بە شێوەیەکی جیاواز لە لایەن شاعیرانەوە بەکار هاتووە و ئاڵقەی پەیوەندی هزر و ڕوانینی نوێ شاعیر بە دونیای ڕاستەقینە و خەیاڵییە، شوبهاندن بە باشی دەتوانێت دەربڕی بیر و ڕوانگەی شاعیر بە دونیا و سروشت بێت. لە شوبهاندندا، ڕووی شوبهاندن جگە لەوەی کە بە تەرازووی هەڵسەنگاندنی بایەخی ئەدەبی شوبهاندن ناسراوە، لە شێوازناسیشدا دەربڕی گۆڕان و جیاوازی شێوازی چاخێکی ئەدەبی بۆ چاخێکی ترە؛ ئەو بابەتە تەنیا دەرخەری گرنگی بەشێک لە زانستی ڕوونبێژی لە ڕەخنە و لێکدانەوەکانی ئەدەبییە.

?تایبەتمەندییەکانی بەشی دووهەمی زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی، واتە ڕوونبێژی

سەرەتا پێویستە ئاماژە بکرێت لە بەشی دووهەمدا، واتە زانستی ڕوونبێژی بۆ ئەوەی خوێنەر زۆر بە وردی و بە شێوازێکی زانستی و نوێ ڕووچوونی بۆ ناخی تەوەرەکانی زانستی ڕوونبێژیدا هەبێت، لێکدانەوەیەکی کورت لەسەر پێناسە زمانی شیعری کراوە. هەر لە  پێشەکیدا مژاری وێنەی شیعری و ڕۆڵی زمانی شیعری لەسەر ئافراندنی وێنەی شیعری بە شێویەکی تۆکمە شی کراوەتەوە.

لە هەرکام لە بەشە سەرەکییەکانی زانستی ڕوونبێژی، سەرەتا پشکنێنێکی چڕوپڕ لەسەر پێشینەی هەرکام لە کۆڵەکەکانی زانستی ڕوونبێژی و  بابەتەکانیان ئەنجام دراوە، بۆ نموونە، لە بەشی خواستندا دوای لێکدانەوەی بۆچوونی نووسەرانێکی وەک: ئەبوو هیلالی عەسکەری، تفتازانی، جاحیز، ئیبنی موعتەز، کەدکەنی، شەمیسا و هتد، بە شێوازێکی بەربڵاوتر هەر لەسەر ئەو مژارە ئاماژە بە ڕوانگەی ڕەخنەگران و نووسەرانێکی تری وەک: ئەرەستوو، یاکۆبسێن، ڕیچاردێز، کۆلرێج، هاوکس و هتد، کراوە. بۆیە لەو توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە هەرکام لە بابەتەکانی زانستی ڕوونبێژی بەپێی ڕوانگەی ڕەخنەگران و پسپۆڕانی بیانی بە وردی شرۆڤە بکرێت؛ پاشان ڕەنگدانەوەی ئەو زانستەی لە ئەدەبی کوردیدا و بەتایبەت لە دەلاقەی شیعری شاعیرانی کلاسیکی کوردی شی بکرێتەوە و لە ئەنجامدا ئاکامی کۆبەندی باسەکان ئاراستە بکرێت.

بۆ ئەوەی ئەو توێژینەوەیە زانیاری نوێ بە خوێنەری وێژەی کوردی ببەخشێت؛ سەرەتا هەوڵ دراوە تایبەتمەندی هەرکام لە توخمە پێکهێنەرەکانی زانستی ڕوونبێژی بە وردی تاوتوێ بکرێت و پاشان بە هێنانی نموونەی شیعری شرۆڤەی هەرکام لە کۆڵەکەکانی ڕوونبێژی و جۆرەکانیان ئەنجام دراوە. لە بەشێکی تردا لایەنەکانی جوانیناسی هەرکام لە بابەتەکانی زانستی ڕوونبێژی لە ئافراندنی وێنەی شیعری، بە گشتی شی کراوەتەوە. جێی ئاماژەیە لەو بەرهەمەدا بە مەبەستی دەرخستنی ڕۆڵی ڕازەکانی زانستی ڕوونبێژی لە پێکهێنانی وێنەی شیعری بۆ هەموو بابەت، یان توخمەکانی زانستی ڕوونبێژی، نموونەی شیعری لە دیوانی شاعیرانی کلاسیک  هاتووە. دیارترین تایبەتمەندی ئەو توێژینەوەیە هەڵبژاردنی زمانی ساکار بۆ شرۆڤەی بابەتەکانی زانستی ڕوونبێژییە.

مەبەستی سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیە پێناسە و بەرجەستە کردنی ڕازەکانی زانستی ڕوونبێژی لە شیعری کوردی و کۆکردنەوەیان بە شێوازێکی زانستی و دەرخستنی ڕادەی دەوڵەمەندی زمان کوردی لە بەرهەمهێنانی شێوازی نوێ و کاریگەر بووە.

شایانی باسە لە کاتی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە تووشی چەندین گرفت بووین؛ کە لە هەموان سەرتر بە هۆی نەبوونی فەرهەنگی زانستی ئەدەبی کوریی، هەڵبژاردنی زاراوەی تایبەت بۆ هەرکام لە ڕازەکانی زانستی ڕوونبێژی بوو. لە ئەدەبی کوردیدا بەهۆی کەمی لێکۆڵینەوە لەسەر زانستی ڕەوانبێژیی ئەدەبی و بەتایبەت زانستی ڕوونبێژی زۆرێک لە زاراوەکانی تایبەت بەو زانستە نەکراونەتە کوردی، یان لە ئەدەبی کوردیدا بۆ هەموویان چەمکی تایبەت دانەنراوە، بۆیە هەندێ جار ئەو زاراوانە بەکار هاتوون کە توێژەرانی پێش ئەم توێژینەوەیە بەکاریان هێناوە و هەندێ جاریش بۆ ئەوەی دەوڵەمەندی زمانی کوردی دەرکەوێت و سەربەخۆیی زمانی کوردی بپارێزرێت؛ زاراوەی کوردی بۆ بەشێک لە ڕازەکان لە لایەن نووسەرەوە داتاشراوە.

 

ئەو لێکۆڵینەوەیە (ڕوونبێژی) بە شێوەیەکی گشتی لە پێشەکییەک و چوار بەشی سەرەکی و فەرهەنگۆکێک پێک‌هاتووە. ناواخنی هەرکام لە بەشەکان بریتین لە: بەشی یەکەم: شوبهاندن. بەشی دووهەم: خوازە. بەشی سێهەم: خواستن. بەشی چوارەم: درکە. لە بەشی دوایی بۆ زانیاری زێدەتری خوێنەری هێژا فەرهەنگۆکێکی تایبەت بە وشە و زاراوەکانی تایبەت بە زانستی ڕوونبێژی دانراوە.

داگرتنی PDFی ناساندنی کتێب

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «تابوتێک پڕ لە وەنەوشە» بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *