ناسنامەی کتێب: «شەدەی سوور»، جەلیل ڕەحیمی، چاپه‌مه‌نی مانگ، ساڵی چاپ: ۱۳۹۸ (۲۰۱۹).
ناساندنی کۆمه‌له چیرۆکی «شەدەی سوور» به‌رهه‌می جەلیل ڕەحیمی
جه‌لال پوورحه‌سه‌ن
کۆمه‌له چیرۆکی “شه‌ده‌ی سوور” له نووسینی چیرۆک نووسی مه‌هابادی “جه‌لیل ره‌حیمی”، له لایه‌ن چاپه‌مه‌نی “مانگ” چاپ و بڵاو کرایه‌وه. هه‌ڵه‌چنییه‌که‌ی “سوله‌یمان ئیبراهیم زاده” ئه‌نجامی داوه و به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌رییه‌که‌شی “مه‌سعوود ته‌ها زاده”یه. ئه‌و کۆ چیرۆکه ۱۸ چیرۆک له ۲۲۴ لاپه‌ڕه دا له خۆ ده‌گرێت.
چیرۆکه‌کان به شێوه رئالیستی به‌رهه‌مهاتوون و زیاترینیان باسی ژیان له شار ده‌که‌ن. به تایبه‌ت شێوه‌ی ژیانی خه‌ڵکی کورد له گێڕانه‌وه‌کان دیار و ئاشکرایه. که‌ڵک وه‌رگرتن له رئالیسم ئیمکانی ئه‌وه ده‌دا تا شێوه‌ی ژیانی کاراکتێر و فه‌زا و تێمی چیرۆکه‌کان شتێکی ته‌واو هه‌ست پێ کراو و له به‌ر ده‌ستان بێت. ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆک نووس جێی سرنج و بایخه ئه‌و خاڵ و دیاردانه‌ن که ئێمه له ژیانی ئاسایی دا به‌رده‌وام له گه‌ڵیان به‌ره‌وڕووین. له قسه و جوڵه‌ی ڕۆژانه‌مان ده‌یان جار تووشی دۆخی له‌و شێوه‌یه دێین. به‌ڵام به بێ ئه‌وه‌ی سرنجی تایبه‌ت و وردیان بده‌ین لێیان تێده‌په‌ڕین و نابنه هۆی ختۆکه‌ی زه‌ینی ئێمه، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه مایه‌ی داڕشتنی گێرانه‌وه‌یه‌ک که له نهایه‌ت دا چیرۆک ساز که‌ن.
ئه‌وه توانا و لێهاتوویی نووسه‌ره که وه‌ک دوربینێکی وێنه‌گرتن بتوانی ئه‌و کات و ساتانه‌ی به لای ئێمه‌وه زۆر ئاسایی تێپه‌ڕ ده‌بن وێنه‌ی لێ بگرێت، سه‌بتیان بکات و له سۆبژێکتیویته‌ی نووسه‌ر دا سه‌ر له نوێ جێگه‌یه‌کی دیاری کراویان بۆ ته‌رخان بکرێت و بگێڕدرێنه‌وه. “جه‌لیل ڕه‌حیمی” یه‌کێ له‌و ده‌گمه‌ن نووسه‌رانه‌یه له ڕاو کردنی ئه‌و ده‌رفه‌ت و ساتانه دا و ڕاگواز کردنیان بۆ نێو جهانی چیرۆکه‌کانی زۆر حازق و لێزانه. ئه‌و له هه‌ڵبژاردنی شوێنی ڕووداو و گێرانه‌وه‌کان، هه‌ڵبژاردنی نێوی کاراکتێره‌کان، دیالۆگ و له‌حنی کاراکتێه‌ره‌کان نهیههویستووه له ژیانی ئاسایی و ئه‌و بابه‌تانه‌ی دێنه به‌ر سرنجی لابدات و دۆخێکی غه‌یره رێئال به‌دی بێنێت. چیرۆکه‌کان له هه‌مان فه‌زای ئاسایی و به‌رده‌ست به‌رهه‌م دێن.
خاڵی جێی سرنجی زۆربه‌ی چیرۆکه‌کان ئه‌وه‌یه که وه‌ک به‌شێکی بڕاوه له ژیانن. له شوێنێک زۆر ئاسایی ده‌ست پێده‌که‌ن و هه‌ر به‌و ساده‌ییه‌ش جێ ده‌هێشترێن. چیرۆکه‌کان که‌متر خۆیان به‌وه ده‌به‌ستنه‌وه که حه‌تم ده‌بێ ئامانج و نه‌تیجه‌یه‌کیان بێت. وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاستی ڕووداوه‌کان و هه‌رواتر ڕه‌وه‌ندی به‌ره‌وپێش چوونی چیرۆک داخوازێتی. چیرۆکه‌کان زیاتر وه‌ک به‌شێکی له بڕان نه‌هاتووی دڕامای ژیانن که به پێی پێوست نووسه‌ر به‌شێک له‌و دڕامایه‌مان بۆ هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌یگێڕێته‌وه.
له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کان دا نووسه‌ر تا ئه‌و جێیه‌ی بۆی کرابێت له ڕوانگه‌ی زانای گشتی مه‌حدوود که‌ڵکی وه‌رگرتووه. ئه‌و نهیههویستووه ته‌واوی ژیان، کون و که‌له‌به‌ری کاراکتێره‌کانی بگێڕێته‌وه. له سیستمی نۆره گرتنه‌وه بۆ کاراکتێره‌کان ده‌بینین خۆی پابه‌ندی ئه‌وه نه‌زانیوه که به شێوه‌یه‌کی موئه‌ده‌بانه کاراکتێره‌کان ده‌بێ به پێی نۆبه‌ی خۆیان بێنه نێو دیالۆگه‌کان و زۆر جار دیالۆگه‌کان و نۆبه‌کان له لایه‌ن دیتری کاراکتێره‌کانه‌وه ده‌بڕدرێن و به‌و شێوه‌یه نیزامی نۆره گرتنه‌وه ده‌شێوێت. به تایبه‌ت له چیرۆکی “که‌وش فرۆشی برایم” ئه‌و دیارده‌یه ته‌واو هه‌ست پێکراوه. برایم و که‌ریم دوو کاراکتێری ئه‌و چیرۆکه به‌رده‌وام قسه‌ی یه‌ک ده‌بڕن، یا زۆر جار دیالۆگه‌کان به شێوه‌ی ناته‌واو جێ‌ده‌هێشترێن و دیالۆگێکی دیکه ده‌ست پێده‌که‌ن.
له چه‌ند چیرۆک دا گێڕانه‌وه پابه‌ندی نێوی چیرۆک و گێڕانه‌وه له فه‌زای سه‌ره‌تایی دا نامێنێ، مه‌سه‌له‌ن له “دارچرابرقێک له نێوه‌ڕاستی کۆڵان”. ئه‌گه‌رچی چیرۆک سه‌ره‌تا خه‌ریکه باسی دۆخێکمان بۆ ده‌کات که کچ بۆ ژوان شه‌وێ له ماڵ هاتۆته ده‌ر و له کاتژمێر یه‌ک تا چوار له گه‌ڵ دڵداره‌که‌ی له نێو پۆله گه‌سک و گیای په‌نا ماڵیان خه‌ریکی ژوانن. و به هه‌ستانی بابی کچه له خه‌و و پێوه‌دانی ده‌رگای ده‌روازه ڕووداوی یه‌که‌می چیرۆک ده‌ست پێ ده‌کات. به‌ڵام تا کۆتایی، چیرۆک به‌و ڕووداوه پابه‌ند نابێ و له گه‌ڵ هه‌ڵاتنی سالار له ژوانگه، خۆی به تیربرقێک داده‌دات و سه‌ر لێ شێواو، گێژ و ده‌م و چاو شه‌ڵاڵی خوێن به شه‌له شه‌ل به‌ره‌و ماڵ ڕاده‌کات. له‌و کاته‌وه ئیتر ڕووداوی دووهه‌می چیرۆک ده‌ست پێده‌کات، که گۆیا به هۆی کوژرانی پۆلیسێک هه‌موو کۆڵان و شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌کان قه‌ڵاچۆ کراون و ئه‌و تووشی ڕاکه ڕاکه‌ی ده‌ستی ئه‌و هێزانه ده‌بێت که هه‌موو شوێنێکیان گرتووه. ئێستاش له دیوێکی چکۆله‌وه باسی ئه‌و ڕووداوه بۆ که‌سێک ده‌کات.
یا له چیرۆکی “هه‌ر جار گه‌ڕانه‌وه دا”، کاوه ئه‌گه‌رچی بابی مزڵی له شار بۆ گرتووه و ئێستا له زانکۆ خه‌ریکی ته‌واو کردنی ده‌رسه‌که‌یه‌تی، به‌ڵام بنه‌ی سه‌ره‌تاییان هه‌ر له ئاواییه. ئه‌و جاره که ده‌گه‌ڕێته‌وه له ڕێی قسه‌کانی دایکی ئاگاداری دۆخی دێ و ماڵباتی خۆیان ده‌بێ. باسی ئه‌وه‌شی بۆ ده‌کات که گورگ هاتۆته سه‌ر ڕانه مه‌ڕه‌که‌یان و کشانه‌وه‌یان نییه. ئه‌و ته‌ما ده‌گرێت تاپڕه‌که ده‌ست بداتێیه و بۆ شه‌وێ بچێته لای شوانه‌کانیان. که‌چی دایک و باوکیشی خۆیان ئاماده ده‌که‌ن و له گه‌ڵی ده‌چن. من له‌و چیرۆکه دا به‌یتی سه‌یده‌وان به شێوه‌یه‌کی به‌رئاوه‌ژوو ده‌بینم، له سه‌یده‌وان دا باوک به شێوه‌یه‌کی نابه‌ئاگایانه سه‌یده‌وان ده‌کوژێت و تڕاژێدیای کووشتنی کوڕ به ده‌ستی باوک بۆ هه‌میشه ده‌مێنێته‌وه و به‌رده‌وام له لایه‌ن به‌یت بێژه‌کانه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه. باوک به کووشتنی کوڕ ئاماده نییه ده‌سهه‌ڵات ڕاده‌ستی به‌ره‌ی داهاتوو بکات. به‌ڵام له‌و چیرۆکه دا کاوه کاتێک ته‌مای چوونه کێو و لای ڕانه مه‌ڕه‌که‌یان ده‌گرێ هه‌ر ئه‌وه به جۆرێک ده‌گێڕدرێته‌وه که سه‌ره‌تای کاره‌ساتێکه که باب به ویستی کوڕ و نابه‌ئاگایانه له لایه‌ن خۆیه‌وه ده‌پێکرێ و ده‌کووژرێت. ئیتر ئه‌وه باب نییه که ئه‌و جاره کوڕه‌که‌ی ده‌کووژێت. به‌ڵکه ئه‌و بابه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌سلیمی مه‌یلی کوڕه‌که‌ی بێت خۆی ده‌کووژێت. لێرادا به مه‌رگی باوک، کاتێک ڕۆڵی ماشێن ده‌که‌وێته ده‌ستی کاوه، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که جهان و شێوه‌ی ژیان و نه‌ریته‌کان به‌ره‌و گۆڕانن. به‌و شێوه‌یه گێڕانه‌وه نیشانمان ده‌دات که ئیتر ده‌بێ ئاماده‌ی کۆتایی سیستمێک بین که عه‌بووی برای به جیا بوونه‌وه ده‌یهه‌ویست ژیانی له ژێر سه‌یته‌ره‌ی باوکی ڕزگار بکات. که ئه‌و کاره‌ساته هه‌موو ئێمکانه‌کانی ئه‌و جیابوونه‌وه‌ی بۆ هه‌ر هه‌موویان چێ ده‌کات.
چیرۆکی شه‌ده‌ی سوور ڕووداوی منداڵ بوونی فاتمی خێزانی سه‌یف ئاغا باس ده‌کات که هه‌ر جار به شێوه‌یه‌ک ده‌گێڕدرێته‌وه. سه‌یف ئاغا که ساڵیانێکی دوور و درێژه وه‌جاخی کوێره و فاتمی دوایین خێزانی ئاوسه و کاتی زانی هاوتووه. ئه‌و ناتوانێ به‌رگه‌ی ژانی فاتم بگرێت و له قاوه‌خانه‌که‌ی په‌نا ئاوایی چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێکه که هه‌ر جاره‌ی له زه‌ینی خۆی دا جۆرێکی ده‌گێڕێته‌وه. هه‌ر یه‌ک له‌و گێڕانه‌وانه له زه‌ینی سه‌یف ئاغا دا هه‌ر جاره‌ی جۆره ئه‌کتێک باس ده‌که‌ن که به پێی ساغ و سه‌لیم مانی دایک و منداڵ، مردنی منداڵ و ساغ مانی دایک و مردنی دایک و منداڵ جیاواز ده‌بێ. بۆ نمونه له گێرانه‌وه‌ی ساغ مانی دایک و منداڵ سه‌یف ئاغا په‌نجاییه‌کی شه‌ق له ژێر پیاڵه و ئیستکانی قاوه‌خانه‌که داده‌نێ و شه‌ده‌ی سوور دیاری ئه‌و منداڵ بوونه‌ی فاتمه که به هه‌زاران به‌دبه‌ختی وه ده‌ستی هێناوه. به‌ڵام له گێڕانه‌وه‌کانی دیکه دا هه‌ر ئه‌و بابه‌ته جیاوازه. ئه‌و چاوه‌ڕوانییه سه‌یف ئاغاش به گۆڕینی کاته‌کانی ڕۆژ نیشان ده‌درێن که تا ئه‌و ساته فاتم هه‌ر لێ نه‌بۆته‌وه و ئه‌و ناچار په‌نا ده‌باته به‌ر خه‌یاڵاتی خۆی. هه‌تا جۆری چوونه‌وه بۆ ماڵ و خه‌ڵات کردنی فاتمیش به شه‌ده‌ی سوور هه‌ر جیاواز ده‌بێ. ئه‌و گێڕانه‌وانه هه‌ر جاره‌ی به شێوه‌یه‌کن وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌یاڵانه ڕاستییه‌کن و ڕوو ده‌ده‌ن.
چیرۆکی “عه‌لامه‌ت پرسیارێکی گه‌وره”، باسی شۆرشێک ده‌کات که تێیدا سه‌رکرده هیچ له ڕێبه‌ری شۆڕشه‌کان ناچێت، کزۆڵه‌یه‌کی ڕیوه‌ڵه که مه‌قام و پۆسته‌که‌ی نه‌ک له به‌ر لێهاتوویی و تایبه‌تمه‌ندی کاریزمایی به‌ڵکه ته‌نیا به هۆی پێوه‌ندییه تایبه‌ته‌کان پێیگه‌یشتووه. ڕێبه‌رێک که قه‌ت جارێک بزه‌ی سه‌رکه‌وتنی له سه‌ر لێو نه‌بوو. ئه‌و شۆڕشه‌ی که ڕێبه‌ر هه‌ر وا به ساده‌یی به ده‌ستی هێنا و هه‌ر ئاوا به ساده‌یش ڕاده‌ستی حکوومه‌تی کرده‌وه. ڕه‌سوو سووری قاره‌مانی داستان، کوڕی شه‌ڕ و ئاژاوه و ویست و حه‌ز مل نادات به‌و جۆره داڕمان و نوشست هێنانه. ئه‌گه‌رچی ته‌واو دژایه‌تی خۆی بۆ ئه‌و به ده‌سته‌وه دانه به ده‌نگێکی به‌رز ڕاده‌گه‌یه‌نێ و دڵنیایه ئه‌وه‌ی خۆی به ده‌سته‌وه بدات یا ملی به په‌ته‌وه ده‌کرێت یا له زیندانه‌کان دا قوونی ده‌ڕزێت. بۆیه ئه‌و ته‌مای خۆی ده‌گرێت و به‌ره‌و گه‌رمێن ده‌ئاژوێ.
ئه‌وان که نزیک سه‌ر سنوور بوونه‌وه و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن بزانن دۆخی شۆڕش به کوێ گه‌یشتووه. هاتنی سمایلی کوڕی ڕه‌سوو هه‌موو موعاده‌له‌کان ده‌گۆڕێ. ئه‌و هه‌ڵگری هه‌واڵێک و داوایه‌که. هه‌واڵه‌که ده‌گه‌یه‌نێ و داواکه‌ی که وه‌رگرتنی پوڵه له بابی به چ ئاکامێک ناگات و مرخێش له گه‌ڵ بابی ده‌که‌وێته شه‌ڕه قسه. به‌ڵام داواکه‌ی له ئاکامیش دا هیچ وڵامێکی نابێ. بۆیه له ژێر لێزمه‌ی بارانێکی به‌هاری لێیان داده‌بڕێ و له شوێنێک مه‌ڵاس ده‌بێ تا ئه‌وه‌ی که هه‌تیوی جگه‌رگۆشه‌ی بابی جێ به جێ ده‌کات. بابی به‌و به‌زمه ده‌زانێ و ده‌ست به ئه‌سله‌حه ده‌یهه‌وێ سمایل بکووژێ. ڕاکه ڕاکه و هه‌ڵات هه‌ڵات دۆخی ته‌نزاوی کۆتایی چیرۆکه‌که‌یه. وه‌ک ئه‌وه‌ی قاره‌مانی شۆڕش نه‌ک هیچی له ده‌ست نه‌هات و ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌توانێ بیکات تۆقاندن، ترۆ کردن و کووشتنی ڕۆڵه و به‌ره‌ی داهاتوویه.سمایل نمودی ئه‌و به‌ره‌یه‌یه. به‌ره‌یه‌ک که به هۆی نالێهاتوویی ڕێبه‌ر و قاره‌مانه‌که‌ی، ته‌نیا ڕۆڵه و نه‌وه‌ی خۆی ده‌خه‌سێنێ. ئه‌و چیرۆکه ده‌یان ئاماژه‌ی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه بۆ سه‌رده‌می نوێی مرۆڤی کورد. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حه‌ول و تێکۆشانه‌کانی به‌ره له دوای به‌ره‌کان به هۆی ڕێبه‌ری ناکارا و قاره‌مانی ناشاره‌زا به‌رده‌وام شکستی هێناوه و ئه‌و نه‌تیجه‌یه‌ی که ده‌بایه کورده‌کان وه‌ک زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه پێی گه‌یشتبایه‌ن به ده‌ست نه‌هاتووه.
له کۆتایی دا پێویسته بڵێم: ئه‌گه‌ر چی سرنج و تێبینی من چه‌ند چیرۆکی ئه‌و کۆ چیرۆکه‌ی له خۆ گرت. به‌ڵام دیتری چیرۆکه‌کانیش خاڵی یه‌کجار به‌هێزیان تێدایه و ده‌یان نوکته و بابه‌تی ژیانی ئێمه کورد ده‌گێڕنه‌وه و به‌رجه‌سته‌ی ده‌که‌نه‌وه. پێشنیار ده‌که‌م حه‌تمه‌ن دۆستان ئه‌و کتێبه به نرخه به ده‌ست بێنن و بیخوێننه‌وه که ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک ئه‌زموونی نوێن له چیرۆکی کورتی کوردی دا.
داگرتنی PDFی ته‌واوی دهقهکهئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.