خانه / دسته‌بندی نشده / ناساندنی کتێبی «زمانەوانی» پڕۆفیسۆر د. موحەمەد مەعرووف فەتاح

ناساندنی کتێبی «زمانەوانی» پڕۆفیسۆر د. موحەمەد مەعرووف فەتاح

ناسنامەی کتێب: زمانەوانی، پڕۆفیسۆر د. موحەمەد مەعرووف فەتاح، بڵاوکراوەی ئەکادیمیای کوردی، هه‌ولێر ۲۰۱۱.

 دوکتۆر سەباح ڕەشید قادر

کتێبی «زمانەوانی» دەکرێ وەکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی زانستیی زمان سەیر بکرێ لەوەی کە هەم وەکوو کلیلەی زمانەوانی نوێ و هەم وەکوو کۆکردنەوەی کۆمەڵە ئاست و بوارێک لە دووتوێی کتێبێکی سەدوو چەند لاپەڕەییدا کۆمەڵە زانستێکی زمان لە خۆ بگرێ.

مامۆستای گەورەمان پرفیسۆر د موحەمەد مەعرووف فەتاح لە کاتی ژیانی خۆیدا بەڵێن وا بوو هاوکاری بکەم لە بە چاپ گەیاندووە و زیادکردنی بەشێک بە ناوی پڕاگماتیک، چاپەکانی پێشتر پڕن لە هەڵەی ڕێنووس و بگرە هەڵەی زانستیش.

 وەکوو خۆی دەیفەرموو، ئێمە ویستمان هەڵەکان چاک بکەینەوەو بە پێی هەندێ بۆچوونی بەڕێزیان هێزێکی زانستی نوێ بە کتێبەکە ببەخشین، بە بۆچوونی ئێمە هەر چۆن کتێبەکەی بلومفیڵد کە بە ناوی «زمان-Language» کە ساڵی ۱۹۳۳ز لە ئامریکا بڵاوکرایەوە چ کاریگەرییەکی هەبوو لە سەر زمانەوانی ئەو سەردەمە بە هەمان شێوە ئەم کتێبەش لە هەشتاکانەوە وەکوو بازنەیەکی پڕ لە زانست کە وەکوو بەهاری زانستێکە ساڵانە چرۆ دەکاتەوە و بواری جیاجیا هەمان کاریگەری هەبووە تا ئێستاش بەها و نرخی زانستی خۆی لە دەست نەداوە.

ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بەم شێوەی خوارەوە دابەش کراوە:

بەشی یەکەم: کە ناونیشانی (زمان و تایبەتییەکانی) هەڵدەگرێ زیاتر بریتیە لە ناساندنی زمان و ئەو گریمانانەی سەبارەت بە پەیدابوونی زمان خراونەتەڕوو، کە هەر یەکەیان لە ڕوانگەیەوە بۆ کێشەکە ڕۆیشتوون، هەر یەکەشیان بەڵگەی دروستی خۆی دەخاتە روو، هیچیشان لە ڕەخنە و کەم و کۆڕی بەدەرنین. هەر لەم بەشەدا باس لەو سیما و ناوەڕۆکانە دەکرێت کە زمانی مرۆڤ و ئاژەڵ لێک جیا دەکاتەوە. زمانەوانی هێماکاری بابەتێکی گرنگی ئەم بەشەیە.

 بەشی دووەم: «ڕۆنان و پەیڕەو لە زماندا» باس لە ئاستەکانی زمان و کەرەسە و یەکە گرنگەکانی ئەو ئاستانە دەکات، دواتر باس لە دیاردە هەڵکەوتووەکانی ئەو ئاستانە دەکات.

 لە بەشی سێیەمدا باس لە گەشەوگۆڕان لە زماندا دەکرێ بە پێی ئاستەکانی زمان.

 بەشی چوارەم: بە ناوی «خزمایەتی لە زماندا»یە، تیایدا گرنگترین ئەو بنەمایانە دەخرێتە ڕوو کە زمانەکان لێک نزیک دەکەنەوە، یان لێکیان دەترازێنێ، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک لە دابڕینە سەرەتاییەکانی جیهان لە ڕێگەی درەختەکانەوە دەخرێتە ڕوو.

بەشی پێنجەم: «واتاسازی» لە بنەماکانی واتا و جۆرەکانی واتا و واتا لە ئاستەکانی زمان و دیاردە واتاییەکان دەخاتە روو.

 بەشی شەشەم ئەو بەشە زیادکراوەیە بە ناوی «پراگماتیک» تیایدا چەمکی پراگماتیک شی دەکرێتەوە (بە هەر دوو ناوەڕۆکی تەسک و فراوان)، سەرهەڵدانی پراگماتیک وەکوو زاراوە و زانستێکی نوێ لایەنێکی گرنگی تری ئەم بەشەیە، جیاکردنەوەی سیمانتیک لە پراگماتیک، ئامرازە پراگماتیکییەکان و کردە قسەییەکیان، و بۆ چوونی هەندێ لە پراگماتیکناسەکان لەم بەشەدا شیکردنەوەی بۆ کراوە.

 دوا بەش سەبارەت بە سەرهەڵدانی نووسین و جۆرەکانی نووسین هەندێ لایەنی دی پەیوەست بە نووسینە.

 *زمانەوانی گەورەی کورد پڕۆفیسۆر د. محەمەد مەعرووف فەتاح، ناسراو بە حەمەی مارف ساڵی ۱۹۴۳ لە گەڕەکی کانی ئاسکان ی شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە سلێمانی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی خوێندوە. لە ساڵانی ۱۹۶۲-۱۹۶۶ لە کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی بەغدا بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی ورگرتوە. ساڵانی ۱۹۷۱-۱۹۷۳ لە زانکۆی ئەمریکایی لە بەیرووت ماجستێری لە زمانی ئینگلیزیدا بەدەست هێناوە.

بۆ ماوەی ۳۵ ساڵ مامۆستای زانکۆی سلێمانی و سەلاحەددینی هەولێر بووە. لە خزمەتی زانستی دا بە پلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر گەیشتووە، بە دەیان وتاری زانستیی دەربارەی زمانەوانیی کوردی و ئینگلیزی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و خولە زانستییەکانی زانکۆکاندا بڵاو کردۆتەوە.

لە دووای ڕاپەڕین لە هۆڵەند کورسییەکی خوێندنی باڵای زمانەوانیی بەراورد (کوردی ئینگلیزی)ی وەرگرت و لە ساڵانی ۱۹۹۵- ۱۹۷۷ دوکتۆرای لەو بوارە دا هێنایەوە و، پلەی زانستیی پڕۆفیسۆری وەرگرت. لە ڕێزمان و زمانەوانیی کوردی و ئینگلیزی و زمانەوانیی بەراورد دا خاوەنی ڕێباز و قوتابخانەیەکی زانستیی تایبەت بووە.

سەرپەرستیی زیاتر لە ۲۰۰ نامەی زانکۆیی زانستیی لە زانکۆکانی کوردستان دا کردوە کە لە بواری زمانی ئینگلیزی، زمانی کوردی، زمانەوانیی بەراوورد دا نووسراون.

لە هەر چوار زانکۆی کوردستان (دهۆک، سەلاحەدین، کۆیە، سلێمانی) مامۆستای موحازیر بووە و سەرۆکایەتی یان ئەندامێتیی دەیان لێژنەی هەڵسەنگاندنی نامەی زانستیی کردووە.

لە ڕێکەوتی ۲۰۱۰/۰۶/۲۲ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردوە.

*جێگای ئاماژه‌ی بیۆگرافی پڕۆفیسۆر د. موحەمەد مەعرووف فەتاح له‌ ماڵپه‌ڕی کوردیپدیا وه‌رگیراوه‌.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

گرشەی کوردستان پێشەنگ لە ڕۆژنامەگەریی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *