خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / «قورئانی پیرۆز» وەرگێڕانی مامۆستا هەژار

«قورئانی پیرۆز» وەرگێڕانی مامۆستا هەژار

«قورئانی پیرۆز» وەرگێڕانی مامۆستا هەژار

 وەناو خودا کە دەهندە و دڵۆڤانە

فإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا

لەپاش تەنگانە فەرحانین

مامۆستا هەژار: لە باری ئەدەبییەوە، هیچ دەقێکی عەرەبی، ناگاته قورئان!

ناسنامەی کتێب: «قورئانی پیرۆز»، وه‌رگێڕانی عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی، پەخشانگای ئێحسان، ساڵی چاپ: ۱۳۷۹ هەتاوی.

ماجد مەردۆخ ڕۆحانی

خەرمانانی ساڵی ۱۳۶۸ی کۆچی ـ هەتاوی (۱۹۸۹ی ـ ز) بوو كه مامۆستا هەژار ـ هه‌زار دروود و ڕەحمەتی خودا، لەسەر گيانی پاک و ڕۆحی بەرزی ـ بڕياری دا، پاش مێژووەكەی ئەردەڵان، وەرگێڕانی قورئانی پيرۆز به كوردی دەست پێ بكا.

پێشتر زۆرجاران دۆستان و بەردەستانی مامۆستا، بۆ ئەو كاره گەوره و گرانه، لێی پاڕابوونەوە و ڕوویان لێ خستبوو؛ بەڵام هەموو جارێ وەرامی ئەو بلیمەتە هەر ئەوەنده بوو: «كاكه! ئەوە گاڵته نییه.»

بەڵێ ڕاسته تا ئەوڕۆ، زمان و وێژەی كورد ـ له پەخشان و وەرگێڕاندا ـ هاوتای هەژار و بگرە چەند قات لەو خوارتریشی به خۆوه نەدیوه؛ بەڵام «تاها حوسەین» گوتەنی: «قورئان، قورئانە و بەس».

مامۆستا له سەرەتای سەرماوەزی ساڵی ۱۳۶۸ كاری گەوره و گرانی وەرگێڕانی قورئانی بە‌ زمانی كوردی دەس‌‌پێ‌كرد؛ بەڵام چۆن دەس‌پێ‌كردنێک؟! هەموو ڕۆژێ تا سەری شەوان و هەموو شەوێ تا بەری‌بەیان، دەستی، قەڵەمەكەی له ئامێز گرتبوو؛ پێكەوە نووسابوون و بەسەر پەڕی قاقەزاندا سەمایان دەكرد؛ نه وچانێک و نه پشوودانێک. ئەگەر كاتی ژەمەن ئەگەییشت، داده مەعسووم نان و پێخۆرێكی لەسەر قاپێ دادەنا و به هێمنی له پاڵ دەستییەوه دادەنیشت. پاروویەكی چكۆلەی بۆ دەگرت و بەم وێنه چەن پاروویەك نانی دەخوارد؛ ڕاستت دەوێ قەت نەیزانی سوێر بوو یان كەم خوێ، تاڵ بوو یان شیرین، خۆش بوو یان ناخوش!

گەلاوێژی ساڵی ۶۹ هەڵنەهاتبوو، دوایین‌كاری مامۆستا دوایی هات. یانێ كەمتر له نۆمانگ! كەسێ جارێ هه‌موو قورئانی خوێندبێ، دەزانێ كه هەر نووسینەوه‌ی سی‌جزمی، ساڵێك دەبا؛ بێرە دیار وەرگێڕانەوەی؛ ئەویش چتو وەرگێڕانێک؟!

خوێنەری هێژا به خوێندنەوەی تاقەدێڕێكی تێدەگا شتێكی ئاسایی نییه و تاقانەیەكی بەركەتی و جیاوازه. له زۆر شوێنان هەست‌دەكەی فریشتانیش چاویان له دەستی مامۆستا بووه و پا‌ـ‌پا بووگن بزانن پۆشەنی كوردی به بەژنی ئەم ئایەته، چۆن دەڕازێتەوه و له زۆر شوێنان بێ‌شک دەبی تەنانەت خوداش ئافەرینی لێ‌كردووه.

بەڵێ وادیاره مامۆستا، بۆ ئەم ئاخرین بەرهەمەی، له هەموو بیر و زانست و هزر و هەست و ڕۆح و گیانی، جەوهەرێكی پیرۆزی بەرهەم‌هێناوه و له‌سەر قاقەزی ڕشتووه، تا ببێته هۆی مانەوە و هەڵدانەوەی زمانی كوردی و به خۆدا هاتنەوە و شانازی گەلی كورد. بۆیەش وای لێ بەپەله بوو، نەوەك تووشی چورتمێك بێت و كارەكەی ناتەواو بمێنێتەوه.

تایبه‌تمه‌ندییەكانی ئه‌م وەرگێڕاوە جوانە:

له بیرمان بێ كه ئامانجی گەورەی مامۆستا، پەرەدان به زمان و فەرهە‌نگی كوردی بوو؛ به وێنەیەك كه له هەموو كارەكانیدا حەولی هەوەڵی پێك‌هێنانی زمانێكی یەكگرتووی پەرەساندوو بوو. یەكجار له شەڕەگەڕەك و هەر خۆ بە كورد زانین و باقی كوردی ئەو وڵاته پان و بەرین و پەرژ و بڵاوه، به چاوی غەواره لێ‌ڕوانین وەڕەز بوو. لێرەشدا وێژەوانه دڵسۆزەكەمان، به وێنەیەكی زۆر بەرچاو، شوێنی ئەو ئامانجەی گرتووه و بۆی تێكۆشاوه و تێیدا خۆی ماندوو كردووه. له زۆر ئایەتان وشەی كرمانجی و هەورامی و لەكی و لوڕی هێناوه و هێندەش جوان و به‌جێ له ناو ڕستەكەدا جێگیر بووگن، تۆ ئێژی شوێنی هەزارساڵەی خۆیانه!

 ئەم كتێبه به وێنەیەكی بێ‌وێنه، له گوتەی نامو پارێزراوه؛ تا ئەو ڕاده كه له سەرانسەری ئەم شەشسەد و چەن سەفحەدا، #پەنجا وشەی عە‌رەبی یان ڕۆژاوایی نادۆزیه‌وه.

 لە قورئاندا وشەی وا هەن كه زۆر جاران دووپاته كراونەتەوه. مامۆستا بۆ مانای فرەیەك لەمانە،‌ یەك بەرامبەری دانەناوە و به چەشنێكی زانایانه، له زۆربەی ئەو جێگایانه، وشەی وای بۆ دابین‌كردووه، كه پڕبەپڕی مەبەستی ڕستەكەیه. بەم وێنه جارێكی‌تر و جۆرێكی‌تر هێز و توانی زمانه شیرینەكەمانی پیشان‌داوه. بۆ نموونه، وشەی «كافر» ـ بەپێی جێگاـ ئەم بەرانبەرانەی هەیه: «خوانەناس»، «سپڵه»، «دین‌دوژمن»، «خۆبەزل‌زان»، «لەدین‌لادەر»، «ناشكوری‌كەر»، «ئێرەیی‌بەر»، «لەڕێ‌ خوا لادەر»، «بێ‌باوەڕ»، «لەدین‌پەژیوان»، «پێ‌نەزان»، «حاشاكەر» و..

له مێژووی وێژه‌ی جیهاندا، دانە‌ـ‌ دانەیەك شاكاری وا هەڵكەوتوون كه تێپەڕینی ساڵ و مانگ، له بیری نەبردوونەوه و بوونەتە هۆی مانەوە و پەرەساندنەوەی زمانه‌كانیان. وەك «دیوان حافظ» ، «كلیات سعدی» ، «فاوست گوته» «هەژاران هوگۆ» ، «كمدی الهی دانته» ، «ڕۆمانەكانی شیكسپیر» و… ئێمه لەسەر ئەو باوەڕەین كه ئەم قورئانه كوردییه، یەكێكه لەو شاكارانه.

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *