ژمارەی نوێی گۆڤاری مههاباد چاپ و بڵاو بۆوە.
پێرستی ۲۱۱ی گۆڤاری “مەهاباد”
ڕێبازی عاشقان (سەروتار. گۆڤاری مەهاباد، ژمارە ٢١١)
مامۆستا عەزیز وەلیانی
خوێنەری بەڕێز!
ژمارەیەکی تر و دەستپێکی بەهارێکی تر. بە گوێرەی ڕەوتی بەردەوامی هەموو ساڵێک، داگیرسانی بیستەمین مۆم لە سەر کێکی تەمەنی گۆڤاری مەهاباد، دەبووایە ببا بە شایی لە نێو کۆڕی دەستەی نووسەران و هۆگرانی، بەڵام داخەکەم! دەرد و میحنەتی گشتی، بڵاو بوونەوەی کوتوپڕی پەتایەکی پڕ مەترسی، ئهم ساڵ ئاگردانی نەورۆز بێ ئاگر مایهوه و بەهارمان بووه بە خەزان و وەیشوومە و دەرەتانێک نەما بۆ لۆغان و ڕەوتی ڕۆژگار وێنایەکی لەم چەشنەی بە نووکی قەڵەمی مندا نەخشاند:
شار قەتیسماو لە ژێر ڕەهێڵەی پەتای پشووتاسێنی مەرگ. خەڵک هەڵکوورماو، لە سووچی هۆدەی ماڵەوە مات و کڕکەوتوو، چاو لە ڕێ بۆ بیستنی هەواڵی گرینگی ڕۆژ و شەو؛ پەلاماری پەتای دژ بە ژیان.
گشت وڵات بووهتە پاوانی شەڕانخێوی پەتای ترس لە مردن، شەقام و کۆڵان، تەنانەت ماڵی خواش چۆل و هۆل! شار بێ هەستوخوست؛ وەک ئەوەی دڵیان لە لێدان کەوتبێ. جار بە جار فڕەی ماتۆڕی لاوێکی سەربزێو یان هاتەهاتی ماشێنی فریاکەوتن! گشت هەواڵ بووهتە پهلاماری کڕۆنای دژ بە هەناسەی مرۆڤ. ژمارەی تووشبووان هەر دێ و هەوراز دەچێ! کۆری پرسە و ماتەمینیش! تەنیا کورتەساتێکە و جیهانێک حەسرەت.
کوندی دڵەڕاوکێ و ناهومێدی لە شەقەی باڵی داوە و لە سەر ئاسمانی وڵات دەخولێتەوە. بڕیار دراوه دەرگای شار و شەقام و ماڵ گاڵە بدرێ ههتا پەتا درز نەکاتە نێو ڕووح و لەش، بە تاڵان نهبا هەناسەمان.
تەنیا فەرمانی هەست و شعوور لێکدابڕانە؛ بەڵکوو هەل بڕەخسێ و سەرلەنوێ دەست و موشتاخ بینەوە و هەمیسان تێهەڵچینەوە بەرەو ئاسۆ.
حوکمی دهسهڵات لە ماڵ مانەوەیە بەبێ گەڵاڵە و بەرنامەیەکی تۆکمه بۆ بەردەوامیی ژیان. چینی ئاتاج و دەستکورت، مات و خەمبار بۆ دابینکردنی بژیوی ڕۆژانه.
ئا لە جەرگەی ئەم بەرزەخەدا، دوو خێڵی عاشقان بڕیار دەدەن، دەبێ ئاڵای هەرمان ههر شەکاوە بێ. گوتیان ئهوه بە یەکەوە بوونه چێژ دەبەخشێ بە ژیان.
گرووپی یەکەم ئەوە فریشتە سپیپۆشەکانن کە بێوچان و نەسرەوتووانە، بە کەمترین کەرەسەی سەرەتایی، ڕاستەوخۆ ئانگژای سپای پەتای نەناسراو و پڕ مەترسی بوونەتەوە.
فریشتەکان بە گیانبەخشینی خۆیان سەدان و بگرە هەزاران مۆمی هیوایان داگیرساندەوە و سەرلەنوێ سەدان مەکۆی ژیان ئاوەدانبوونەوە، فەرحانی و هومێد بوونەوە بزوێنەری ژیان. تا ئێستاشی لەگەڵ پتر لە سەت قارەمانی سپیپۆش بەرەو جیهانی نادیار باڵیان گرتووە. چ شانازییهکه ئهو دهمهی چرکە و ساتەکانی تەمەن لە پێناو خەمڵینی باغی ژیانی گەل تێپەڕ دەبێ؛ با لقێکیش نەڕوێ لە سەر مەزارەکەت!
گرووپی دووەم، هاتنە مەیدان و وەک ئەستێرەی شەو درەوشانەوە. دۆش دانەمان کە کاربەدەستان ئەم جارەش وەک سەردەمی قەیرانەکانی تر دەستەوەستان ببنەوە یان هەمیسان ملیان بە لارەوە بنێن و ڕوو لە جەماوەر، چار چییە و چ کەردەن!
ئەو کاتە بوو سرتە و کەلامی گشت گوند و شاری نیشتمان بوون بە «ئایەتی پەڕاوی دڵ». بەڵی! ئەو کاتە بوو ئەوانەی دڵیان لێوڕێژە لە هەستی مرۆڤدۆستی، بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، چاکی هیمەتیان بە لادا کرد. گورجێ ڕاسان و هەر یەک بە لەونێ دەستیاندایە کاری کارستان. پاکتاوکردنی شەقام و کۆڵان و دارودیواری شاریان وەئەستۆ گرت، گەلەکۆمەگیان وەڕێ خست تا بیمارستانێک بە هەموو ئامرازی پێویستهوه بونیاد بنێن بۆ کارەساتی ڕوژانی چاوەڕواننەکراو. ههندێکیش وەک سەربازانی بێناو، بێدەنگ و پەنامەکی بە دابینکردنی کەلوپەلی بژیوی ژیان، بزەیان خستە سەر لێوی سەغیرباران و خۆشینەدیوانی بێبەش. دەستەیەکیش … .
وێدەچێ هەم بە هۆی پەتای کڕۆنا، هەمیش بەردەوام بوونی قەیرانەکان و مودیرییەتی پڕ هەڵە و چەواشە، داڕمانی ئابووری زۆرتر لە جاران خۆ بنوێنێ؛ نەهامەتی زۆرتر پەرە بگرێ و فرمێسکی چارەڕەشان لووزەو ببەستێ و … .
خوێنەری هێژا! بەختەوەرانە ساڵیانێکە لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان، نیهادەکانی خەڵکی و مەدەنی، خۆبەخشانە بوونە مەیدانداری بەرەکانی فیداکاری و لەخۆبوردەیی؛ ئەمڕۆ بەروبووی ئەم چالاکییانە بە ڕوخساری کۆمەڵگاکەمانەوە بە ڕوونی دیارە. ئەوان بە پێی هەلومەرج بوونە چراڕادێری ڕۆژگاری شەوەزەنگان. بێگومانم ئەم ڕەوتە خۆی هەڵقوڵاوە لە بەرزیی نەست و شعووری فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی جەماوەری دەروەستی نیشتمان.
نهادەکانی مەدەنی! ناوەندەکانی چاکەکاری! خێرخوازان! ڕووناکبیران!
کۆمەڵگامان لەبەردەم بارودۆخێکی بارناسکدایە؛ چ چاوەڕوانییەک لە بەختەباران و سەرچاوە نییە بڕژێتە شۆرەکات و جاڕەگوڵی کامەڕانی بڕوێ، دە جا دڵانی پڕ تاسە، چاوانی چاوەنواڕ لێمان دەخوازن فریاڕەسی نووزە و هاواری دەردەداران بین، ساڕێژکەری زامی دڵبرینداران بین و ئەم ڕەوتە هەر وا بەردەوام بێ. ئیزن نەدەین کەڕامەت و گەورەیی مرۆڤ ببێتە پێخوستی غرووری ناچیزان. ئیزن نەدەین گزە و درۆ، فێڵ و دهۆ شان بە شانی کڕۆنا ڕووحی کۆمەڵگا کڕمۆڵ بکەن. با بە یەکەوە هەمیسان چەمکی ئینسانییەت به ههوێنی خۆشهویستی مانا بکەینەوە تا ببێتە سەردێڕی مەشقی ژیان بۆ بەرەی ئێستا و داهاتوو.
سهرچاوه: گۆڤاری مەهاباد