نامه‌یه‌كی كراوه بۆ بەڕێز دوکتۆر بەختیار سەجادی
سڵاو و خۆشه‌ویستیم هه‌یه، به‌هیوام باش و ته‌ندروست بیت.
كردوكۆش و په‌رۆشیت بۆ ئه‌ده‌بیات و زمانی كوردی، جێگه‌ی پێزانینێكی نه‌بڕاوه‌یه، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه، له په‌رۆشیم بۆ ئه‌ده‌بیات و دنیای نووسین و خوێندنه‌وه، ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ ده‌نووسم. لە نووسینێکدا، كه لە وەڵامی بابه‌تێكی من نووسراوە و پێشتر لە ژێر ناوی (گۆڕەشار وەک قوربانی) / چوار سەرنج، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆم و پاشانیش بە سوپاسەوە، (ماڵی کتێبی کوردی) بڵاویان کردبووەوە. دواتر كه‌سێك به‌ناوی (محه‌مه‌د ڕه‌سووڵنه‌ژاد) نووسینێكی به‌ناوی (ڕەخنەکاریی ڕەخنەیەکی نادروست…)، له‌سه‌ر سه‌رنجه‌كانی من بڵاو كرده‌وه و تۆیش لە کۆمێنتێکدا هاوڕابوونی خۆت بۆ نووسینه‌كه نیشان دا، لێت ناشارمه‌وه، كه ئه‌و كۆمێنته‌ی تۆم بینی، ته‌زیم و واقم وڕما، نه‌متوانی هیچ به‌هانه‌یه‌ك بدۆزمه‌وه، كه هاوڕابوونی تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینه یه‌كانگیر بكات. ڕاسته تۆ ته‌نیا كۆمێنتێكت داوه، به‌ڵام بابه‌ته‌كه هه‌ڵگری ڕوانگه و گۆشه‌نیگای جیاوازه، بۆیه ئه‌م هاوڕابوونه، ئه‌گه‌رچی له فۆڕمی نووسینێكی چڕ‌وپڕ و به‌رنامه بۆ داڕێژراو نیه، به‌ڵام به‌ها و پانتاییه‌كی مانایی گه‌وره‌ی هه‌یه و بۆیه ناچاری كردم، به‌سه‌رمدا تێنه‌په‌ڕێت.
سه‌رنجدان و دایه‌لۆگ له سۆشیاڵ میدیا، له‌باره‌ی بابه‌ت و تێما ئه‌ده‌بی، سیاسی، ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گرنگیی خۆی هه‌یه. دژوه‌ستانه‌وه و دامه‌زراندنی گفتوگۆ له باره‌ی ئه‌ده‌بیات و فكر له‌گه‌ڵ بكه‌ری پشت شاشه‌كان و ڕامان له ڕه‌فتاریان، یان هاوڕابوون و لایك و كۆمێنت، جێگه‌ی سه‌رنجه و شایه‌ن به بایه‌خ و پرسیار و لێوردبوونه‌وه‌یه. بێگومان زۆرێك له فهیهلهسوفانی هاوچه‌رخ سه‌رنج و ڕامانیان هه‌یه و هه‌بووه، له به‌رانبه‌ر ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیای زیره‌ك و مانا شاراوه‌كانی پشت ئه‌م بابه‌ته، كه لێره پێویست ناكات وته و ناوه‌كانیان ڕیز بكه‌ین. تێكه‌ڵبوون و ده‌ركه‌وته‌ی نوێ، گۆڕانی گه‌وره‌ی دروست كردووه، لێره‌دا ئامانجمان له‌م بابه‌ته باسكردنی شتێكی دیكه‌یه.
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ دنیای ئه‌مڕۆ، به شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر بوونه‌ته پێویستی، ئه‌م تیشكه هێنده خێرا و فراوانه، دنیای خستووه‌ته ناو ده‌ستمان. هونه‌ر، سینه‌ما، ئه‌ده‌بیات، فكر، به‌دیله‌كانی له هۆشدهرچوون و خۆسه‌رقاڵكردن، قومار و یارییه جۆرراوجۆرهكان، ئه‌گه‌ر زێدهگوتن نه‌بێت، ده‌كرێ بڵێین خه‌یاڵێكی هاوشێوه‌ی فانۆس و سوراحی جادوویی ناو چیڕۆكه ئه‌فسانه‌یی و خه‌یاڵییه‌كان، له‌ناو ده‌ست و له بهردهممامه… پرسیاره‌كه لێره‌یه، ئێمه تا چه‌ند به ئاگاین له ڕوانین و مامه‌ڵه‌كانمان له پشت شاشه‌كانه‌وه، ڕاشكاوانه‌تر مه‌به‌ستمه بڵێم، كۆمێنت و ڕامانی تۆ له‌باره‌ی ئه‌م وتاره بۆ من گرنگ بوو، بۆیه ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ نووسیوویت.
پێش هه‌ر شتێك نووسینی ئه‌ده‌بی یان بڵێین نووسین له‌باره‌ی ئه‌ده‌بیاته‌وه، دڵبه‌ر و سه‌رنجڕاكێشه، به‌ڕاستی شایه‌ن به‌وه‌یه مرۆڤ كاتی بۆ ته‌رخان بكات، چونكه دیوێكی ئه‌ده‌بیات تێكشكاندنی واقیع و دروستكردنه‌وه‌یه‌تی به شێوه‌یه‌كی دڵخواز، هه‌موو دروستكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ، یان بڵێین ئه‌زموونێكی نوێ، سه‌رنجڕاكێشه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه زمانه، ئه‌گه‌ر نووسین به میوه بچوێنین، ئه‌وا ئه‌ده‌بیات وه‌ك میوه‌یه‌كی تایبه‌ت و ده‌گمه‌ن و فرێشه، كه ڕه‌نگه به‌س بۆ میوانی زۆر ئازیز دابنرێت، ئه‌گه‌ر بڵێین نووسین وه‌ك جلوبه‌رگه، ئه‌وا ده‌بێت بڵێین ئه‌ده‌بیات وه‌ك جلوبه‌رگی تایبه‌تی بۆنه و جه‌ژن و خۆشیه‌كانه، بۆیه ده‌بێت ئه‌ده‌بیات تایبه‌تمه‌ندی ئیستاتیكی زمان ڕاگرێت و دانه‌به‌زێته ئاستێك، كه له‌گه‌ڵ زمان و چه‌مك و مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی تێكه‌ڵ ببێیت و نه‌ناسرێته‌وه.
سارته‌ر له یه‌كه‌مین كاری گێڕانه‌وه‌یدا ده‌مانخاته به‌رده‌م چه‌مكی (هێڵینج)، كه ناونیشانی ڕۆمانهكهشیهتی، (ئه‌نتۆنیۆ)ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌یه‌وێت له‌باره‌ی ئهرستۆكراتێكهوه كتێبێك بنووسێت، له كاتی نووسینی كتێبه‌كه، له‌به‌رده‌م ئاوێنه خۆی ده‌بینێته‌وه، هێڵینج ده‌دات… سارته‌ر مانایه‌كی ورد و شاراوه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه به دیار خستووه. ده‌كرێت بڵێین ئه‌نتۆنیو له‌به‌رده‌م گێڕانه‌وه و نووسینه‌وه‌دا هێڵینج ده‌دات، له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌نووسرێت و بڵاو ده‌كرێته‌وه، به‌شی زۆری مرۆڤ تووشی هێڵێنج ده‌كات. مرۆڤ ناچاره به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌نتۆنیۆ بیر بكاته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه و شایه‌ن به ستایش و بایه‌خ و گرنگی پێدان بێت، ده‌بێت ئه‌ده‌بیات بێت، ناكرێ ئه‌ده‌بیاتیش بخرێته ناو هه‌مان زه‌لكاوه‌وه. من خۆم كاتێك گه‌ره‌كمه له باره‌ی چهمكێكهوه بدوێم، یان بنووسم، بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه خۆم تا چه‌ند ده‌توانم له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مك و بابه‌ته قووڵ بڕۆم و ڕووكاری ساخته و ماسكه‌كان ببڕم. ئه‌وه‌ی بۆ من زۆر گرنكه، ده‌ست گه‌یشتنه به به‌شێك له كرۆك، هه‌موو ئه‌و چه‌مك و سه‌رنجانه‌ی كه له نووسینه‌كه‌مدا به‌كارم هێناون، بۆ ئه‌وه بووه ڕایه‌ڵێكی به‌هێز هه‌بێت له نێوان ئه‌و ڕستانه‌ی نووسیومه، كه هیوادارم ئه‌وه جێگه‌ی سه‌رسووڕمانی تۆ بووببێت، كه وه‌ك پێویست چه‌مكه‌كان ڕوون نهكرابنهوه، نه‌ك ماف سه‌ندنه‌وه له خستنه ڕووی دیدگا و دروستكردنی مه‌یدان و ڕووبه‌ڕێكی جیاواز له مانا بۆ ڕۆمانه‌كه(گۆڕه‌شار)…
(دۆڵۆز) زۆر باش و جیاواز له‌سه‌ر چه‌مك قسه ده‌كات، ئه‌و پێوایه چه‌مك به‌بێ ڕووداو دروست نابێت، ڕووداویش وه‌ك بناغه و پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی گێڕانه‌وه، ده‌مانگه‌یه‌نێته، زمان. ناكرێ ئه‌وه نه‌ڵێین، به‌كارهێنان و خستنه ڕسته‌ی چه‌مكه‌كان، له لایه‌ن به‌شێك له نووسه‌ران، جۆرێكه له ماسك، چه‌شنێكه له هۆشیاریی ناوبۆش و ساخته، من له كۆی نووسینه‌كه‌م هه‌وڵمداوه به ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌مكی(ئلیت، ئه‌ده‌بیاتی كه‌مینه، زمان، خوێنه‌ر، ئیستاتیكا و داهێنانی ئه‌ده‌بی، مۆدێرن و پۆست‌مۆدێرن، فره‌ده‌نگی، هتد) بكه‌م و زۆر خێرا و كورت پێوه‌ندییه‌كان به تێكستی (گۆڕه‌شار) ببه‌ستمه‌وه و نموونه و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستیش به‌رده‌ستی خوێنه‌ر بخه‌م.
ئێمه كه له‌ناو بواری نووسین، یان بڵێین دنیای مه‌عریفه ده‌جووڵێنه‌وه، هه‌ندێك ورده‌كاری سه‌ره‌تایی هه‌یه، پێویسته له‌باره‌یانه‌وه شاره‌زا بین. بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچوون و گوتار و سه‌رنج و نووسینی جۆراوجۆر له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كارێكه تێكه‌ڵی دنیایی مه‌جازی بووه. دۆخه‌كه ئێمه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بردووه، ناچارین مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین. ئه‌گه‌رنا ئه‌و باسانه ده‌بێت به دوورودرێژی شڕۆڤه بكرێن و شی بكرێنه‌وه.
من خۆم نیگه‌رانم له به‌رانبه‌ر فڕێدان یان بڵێن به‌كارهێنانی چه‌مكه‌كان به هه‌ڵه له لایه‌ن ئه‌هلی كتێب و نووسه‌ر و ڕۆشنبیران، ده‌بێت بزانین مرۆڤ ده‌چێته به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌وه‌ی كاتێك كۆمه‌لێك چه‌مك، به له‌رزۆكی و ناجێگیری فڕێ ده‌دات، ئه‌مه ده‌مانخاته به‌رده‌م گوتارێكی شپرزه و خه‌ڵكانێك وه‌ك خۆی وه‌ری ده‌گرن، ئینجا ئه‌گه‌ر كه‌سانێكی وه‌ك ئێوه‌یش هاوڕابن، له‌گه‌ڵ نووسینێكی له‌م چه‌شنه، پێشبینی ده‌ره‌نجامه‌كانی بكه؟
ڕه‌نگه خه‌ڵكانێك هێشتا هه‌ر له خه‌یاڵی ئه‌و قسه بازاڕییهدابن و پێیان وابێت تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و كاتبهسهربردنن، به پێچه‌وانه‌وه ئێسته ئه‌و تۆڕانه، له‌به‌رده‌م ئه‌ركی زۆر جیاوازدان.
مرۆڤ هه‌ندێك جار كه چاوی به‌م تایپه له نووسین ده‌كه‌وێت، هاوشێوه‌ی ئه‌نتۆنیۆ ناچاره هێڵینج بدات… زۆرجار دۆخه‌كه كار له‌ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كات و هه‌ستێكی نامۆ چێ ده‌بێت، كه ئاسان نییه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره له بیركردنه‌وه و نووسین هه‌ڵبكه‌ین… پاته‌ی ده‌كه‌مه‌وه، خودی نووسینەکە لە ئاستێکی هێندە بازاڕیی و نزم نووسراوە، ئەوەی خەریکی ئەدەبیات بێت، ده‌زانێت ئەوە ناهێنێت مرۆڤ بێتە ئەو ئاستەی خوێندنەوە و گفتوگۆ و نووسین، چونکە کۆی نووسینەکە پڕه له وشه‌ی (نه‌رێ و بڕیاری ئه‌بستڕاكت و حوكم)، کە ئەوە نەک لەناو نووسیندا، بەڵکو لە گفتوگۆی نێوان دوو منداڵی کۆڵانیشدا، هیچ ئه‌نجامێكی لێ ناكه‌وێته‌وه. ئه‌م شێوه نووسینه هێرشبه‌رییه، سه‌ر به تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌ی ته‌سكی سیاسی و ئایینیانه‌یه، دنیای دابه‌شكاری ئه‌بستڕاكت، بۆ ئه‌ده‌بیات به‌رده‌وام كورت ده‌هێنێت. له ئه‌ده‌بیاتدا ئه‌و دابه‌شكارییه‌ی نێوان باش و خراپ، جوان و ناشیرن، ڕه‌ش و سپی، تا ئاستی بزربوون و له‌ناوچوون ده‌سڕێنه‌وه. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، ده‌بێت وه‌ك ماتماتیك مامه‌ڵه بكه‌ین و هاوكێشه‌كان به ڕاست یان هه‌ڵه له قه‌ڵه‌م بده‌ین. ئاخر هه‌ر نابێت له شڕۆڤه‌ی ئه‌ده‌بی بگوترێت ئه‌وه ڕاسته و ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، چونكه پێش هه‌موو شتێك تێكستكه زیانی به‌ر ده‌كه‌وێت، ئه‌وكات یه‌ك خوێندنه‌وه، ده‌بێته دوا خوێندنه‌وه، ڕاستی ئه‌گه‌ر شتێكی وا له ئه‌ده‌بیات هه‌بووایه، ده‌بوو ناو بنێرێت(مه‌رگی تێكست)، هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه ڕاگه‌یاندنی مه‌رگه، تۆ چوارچێوه‌یه‌ك به‌ده‌وری ڕۆمانێكدا بكێشیت و شڕۆڤهكان دابه‌شی سه‌ر هه‌ڵه و ڕاست بكه‌یت. ئه‌م دۆخه هه‌مان دۆخی ئه‌نتۆنیۆیه، مرۆڤی به ئاگا هێڵێنج ده‌دات.
من نازانم ئه‌وه كێیه ئه‌وه‌ی نووسیوه، یه‌كه‌مجاریشه ئه‌و ناوه ده‌بینم، هه‌رچه‌ند ئه‌وه گرنگ نییه، چونكه ئێمه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تێكستی به‌رده‌ست ده‌كه‌ین، هه‌ڵبه‌ت دوای كۆمێنته‌كه‌ی تۆ، بیرم كرده‌وه باشترین شت كه قسه هه‌ڵبگرێت له‌م باسه‌دا، (چی نووسین)ه‌كه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه نییه، به‌ڵكو (چۆنیه‌تی نووسین)ه‌كه‌یه، كه ده‌یبه‌ستمه‌وه به هاوڕابوونی تۆ و سه‌رسامبوونی خۆم.
مۆدێلی ڕه‌تكردنه‌وه‌كه و ڕۆحی شپرزه‌ی پشت نووسینه‌كه، به شاره‌زاییه‌كی كه‌می سایكۆلۆژی زۆر به‌باشی ڕوون ده‌بێته‌وه. لای ئێمه ساڵانێكه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره له ڕوانین و ڕه‌خنه ماتماتیك و میللیانه خه‌ریكی سووڕانه‌وه‌یه‌كی بێ سوود و بێئامانه، ئه‌گه‌رچی تێگه‌یشتنێك له‌و باره‌وه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه و ئه‌م شێوه نووسینانه خه‌ریكه لای زۆرێك له خوێنه‌ران بێبه‌ها ده‌بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جارجار نووسینی به‌رهه‌مهێن جێگه‌یان ده‌گرێته‌وه. هێواش هێواش ئاگاییه‌ك دروست بووه، خۆزگه‌م ده‌خواست ئه‌و ئه‌زموونه له ڕۆژهه‌ڵات نه‌بێت و نه‌بینرێت، به‌هیوام چاو له‌و لێكۆڵینه‌وه و نووسینانه بكرێـت، كه تۆ له‌باره‌ی ڕۆمان و ئه‌ده‌بیاته‌وه پێشكه‌شت كردوون.
(كاروان كاكه‌سوور)ی ڕۆماننووس یه‌كێكه له‌وانه‌ی دوو كتێبی (گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی كاتی) و (ئه‌رده‌لان عه‌بدوڵا له كازینۆی منداڵاندا)، له‌سه‌ر ئه‌م ستایله میللی و بازاڕییه‌ی نووسین به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه نووسیوه و به باشی ئامانج و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م شێوه ئیشكردنه‌ی ڕوون كردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها لێره‌وه پێشنیار ده‌كه‌م ده‌زگه‌كانی چاپی ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌م دوو كتێبه گرنگه چاپ بكه‌نه‌وه، سوودێكی زۆر و ئاگاییه‌كی باش وه‌ك سه‌ره‌تا بۆ تێگه‌یشتن له ڕه‌خنه سه‌رپێی ده‌خات.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر باسه‌كه، ئەو مۆدێله له نووسین و له زماندا هه‌مان مامه‌ڵه‌ی قسه‌كردنی دانیشتنی به‌ر ده‌رگه‌یه، کە ئاسانه و هیچی تێناچێت، هه‌ر له شوێنی خۆته‌وه بڵێت، نه‌خێر وانییه! بۆ ئه‌م نووسینه‌ی كه تۆ هاوڕاییت له‌گه‌ڵی، هه‌مان شته، تەنیا چه‌ند وشەییهكی دووباره و سوواو فڕێدراوه و بێ هیچ به‌ڵگه و درێژهپێدانێك ده‌بڕێته‌وه، یان هه‌مان ڕسته‌كانی نووسینه ئۆرگیناڵه‌كه نه‌رێ كراون و نووسراونه‌ته‌وه، نازانم تۆ چۆن چۆنی هاوڕای ئه‌وه‌ی، كه كاری ڕه‌خنه‌كاری ئه‌ده‌بی، تێكه‌ڵ به‌م مۆدێله له زمان و وه‌ڵامدانه‌وه بكرێت؟
خۆی له ڕاستیدا ده‌بێـت شه‌ڕی ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه بكرێت، ئێمه هیوامان له‌سه‌ر تۆ هه‌ڵچینیوه، كه شه‌ڕی دروستنه‌بوونی ئه‌و ئاسته نزمه، له وه‌ڵامدانه‌وه بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی دروست بێت، كه گومانم نییه ئه‌وه خه‌ونی تۆیه و به‌شێكی زۆری كۆشان و ماندووبوونت له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتدا هه‌ر بۆ ئه‌و ئامانجه بووه.
من له‌و چوار كورته سه‌رنجه‌ی له‌باره‌ی (گۆڕه‌شار) بڵاوم كردووه‌ته‌وه، نه‌منووسیوه(وتار، لێكۆڵینه‌وه، ڕه‌خنه، ته‌نانه‌ت ناشڵێم ڕانانیش) چ جا پاشناوی زانستی و ئه‌كادیمی بخه‌مه پاڵ، كه به زۆر خراوه‌ته ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه، كه به هیچ جۆرێك من بانگه‌شه‌ی شتێكی وام بۆ سه‌رنجه‌كانم نه‌كردووه. نووسینه‌كه ماوه و ته‌نیا نووسیومه، چوار سه‌رنج له‌باره‌ی (گۆڕه‌شار)، وه. به‌پێی ئه‌و ئاگاییه‌ی كه له ئه‌ده‌بیات هه‌مه، نه‌هاتووم باسه‌كان تێكه‌ڵ بكه‌م، ته‌نێ خاڵه هه‌ستیار و گرنگه‌كانی تێكسته‌كه‌م ئاماژه پێداوه و به ئاشكرا دیاره من باسی زمان ده‌كه‌م. هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی هێناومه و به‌ستوومه‌ته‌وه به ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه، پێوه‌ندی به زمان و فۆڕمه‌وه هه‌یه. زمانی(هه‌ژار)(مه‌سعود محه‌مه‌د) وه‌ك دوو نموونه، جێگه‌ی تێڕامانن بۆ لێوه فێربوون، كارێكی زۆر نۆرماڵه له ڕێگه‌ی زمانی نووسین و ئه‌ده‌بیاتی پێش خۆمان، له زمانی نووسه‌رانی ئێسته ڕابمێنن، هه‌ر خۆی ئه‌ده‌بیاته ئه‌وه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بارت ددانی پێدا ناوه، كه هه‌موو ئه‌ده‌بیات واتا پڕۆبلهماتیكی زمان، ئه‌ی ئه‌مه بۆ ئاسمان و ڕێسمان جیاوازه؟ چۆن هاوڕایت باسی زمان و فۆڕم، به‌قه‌د ئاسمان له ڕۆمانه‌وه دووره، یانی تۆ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕسته‌یه ده‌توانیت هاوڕا بیت؟ هه‌ڵبه‌ت نامه‌وێت بچمه سه‌ر ڕوونكردنه‌وه‌ی گرنگی و پێوه‌ندی نێوان زمان و نووسین، یان زمان و ئه‌ده‌بیات، ئه‌وه باسێكی درێژ و پڕ مشتومڕه و خۆت زۆرباش ئاگاداری ئه‌و هه‌موو پرس و باسانهیت.
من به‌پێی ئه‌زموون و خوێندنه‌وه‌ی خۆم و ڕامانم بۆ ڕۆمانه‌كه، سه‌رنجه‌كانم خستووه‌ته ناو شێوازێكی خوێندنه‌وه، كه تۆ به‌و شێوازه ئاشنایت و خۆشت به‌كارت هێناوه، ئه‌ویش به‌شێكی به‌راوردكاریه و به‌شێكیش سوود وه‌رگرتنه له بۆچوونه‌كانی خودی نووسه‌ر.
كاتێك به‌ڕێز سه‌ید قادر له كتێبی(نه‌سری كوردی و گۆڕانی فۆڕم)، دنیابینی و تێگه‌یشتنی خۆی له‌هه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵێك چه‌مك و بابه‌ت ده‌خاته ڕوو، كارێكی زۆر نۆرماڵه له‌و ڕێگه‌یه‌وه به‌شێك له كۆد و بیركردنه‌وه‌ی پشت ڕۆمانه‌كه‌ی پێ بخوێنیته‌وه، هه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی قسه‌كان، جۆرێكه له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی نووسه‌ر و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه له‌وه‌ی له‌و كتێبه ددانی پێدا ناوه.
مۆدێلی به‌راوردكردن و خوێندنه‌وه‌ی ڕووداو یان بابه‌ت به بابه‌ت، كارێكی له مێژینه و به‌ربڵاوه، جۆرێك له به‌راوردكارییه له ڕێگه‌ی له یه‌كچوون و هاوشێوه‌یی ڕێچكه مێژوویهكهوه، خاڵه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرێن. له‌و ڕێگه‌وه بۆچوونێك یان ههڵوهشاندنهوهیهك بۆ تێكست ده‌كردێت. ئه‌مه‌ش شپرزه‌بوون و هه‌ناسه‌سوواری ناوێت، ئاخر دریدا گوته‌نی ئه‌وه‌ش دوا خوێندنه‌وه نییه و شایه‌نی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه. له نووسینه‌كه‌دا به ڕوونی ئه‌و خاڵانه‌م ده‌ستنیشان كردووه، كه ڕۆماننووس (سه‌ید قادر) له كوێ له ئه‌زموونی شاعیری كۆچكردوو (ئهنوهرمهسیفی) ده‌چێت، نموونه‌كان و باسه‌كان ڕوون و ڕه‌وان خراونه‌ته ڕوو، بۆیه پێوست به نووسینه‌وه‌یان ناكات. دكتۆر گیان بڕوانه خۆت هه‌مان ئه‌و شێوازه‌ت به‌كار هێناوه له لێكۆڵینهوهیهكت له باره‌ی (هه‌راو توڕه‌یی) فۆكنێر، هاتوویت لێكچواندنێك ده‌خه‌یته‌ڕوو، هاوشێوه‌ی هه‌مان ئه‌و لێكچواندیه كه من خستووهتهمه ڕوو، ئه‌ی سهرسوڕمانهكهت له چییه‌وه هاتووه؟ ئه‌ها باسی لێكچوونه‌كانی نێوان (ئینجیل و هه‌راو توڕه‌یی)یت كردووه، (نموونه‌یه‌کی تری ئه‌م هونه‌ره له‌مه‌یه که بنه‌مای ڕۆمانه‌كه وه‌کوو بنه‌مای کتێبێکی پیرۆز ئینجیلی سهردهمینوێ داڕێژراوه. له ئینجیلی نوێ‌دا هه‌رکام له به‌شه‌کان حهوارییهکی عیسا ئه‌یڵێته‌وه، له‌م ڕۆمانه‌شدا هه‌رکام له به‌شه‌کان که‌سایه‌تییه‌ک ئه‌یگێڕێته‌وه؛ له ئینجیلی نوێ‌دا هیچ به‌شێک بۆ خودی عیسا مه‌سیح ته‌رخان نه‌کراوه، لێره‌شدا هیچ به‌شێک بۆ که‌دی دانه‌نراوه؛ مه‌سیح خۆشه‌ویستی خودایه و که‌دی، هه‌رواکه فاکنێر له وتووێژێکدا ئاماژه‌ی بۆ کردووه، خۆشه‌ویستی فاکنێره.)
یانی چۆن چۆنی هاوڕایت، كه ئه‌و لێكچواندنهی من، هه‌ڵه‌ی زه‌ق و سه‌مه‌ره‌یه؟ به‌رهه‌مه‌كان به ئه‌ندازه‌ی ئاسمان و زه‌وی لێك دوورن! یانی ده‌كرێ بڵێن ئینجیل و ههراوتوڕهیی چه‌ند لێك دوورن، ئه‌مه چ جۆره مۆدێلێكه لهڕووكهشی له قسه فڕێدان؟
كاك دكتۆری ئازیز:
زۆر ئاسانە بە کەسێک بڵێت هەڵەیت، بەڵام ڕوونکردنەوەی هەڵەکە بەهای ئەو وشەی (هەڵە)یه دیاری دەکات، ڕەتکردنەوە تەنیا لە پێناو ڕەتکردنەوە هیچی لێ سه‌وز نابێت، یانی لە کوێی دنیادا، لە ڕەخنەی ئەدەبیاتدا کە خۆت، زمان دەزانیت و ئەزموونێکی دەوڵەمەندت هەیە و دنیات بینیوه، ڕەخنەی ئه‌ده‌بی بەم فۆڕمە نووسراوە؟ ته‌نانه‌ت ڕانان و ڕاڤه‌ی خوێنه‌ری سه‌ره‌تایش به‌م زمانه له كوێدا هه‌یه؟ یانی کەسێک جیاوازی لێکۆڵینەوەی زانستی و وتار و ڕانان و سەرنج نه‌كات، دواتریش به‌م هه‌ناسه‌سوارییه‌وه بێت بنووسێت و حوكم بدات، ئه‌وه شایه‌نی هاوڕا بوونه؟ چۆن ده‌بێت هاوڕای ئه‌م مۆدێلی نووسینه بین؟
من ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم زیاتر وەک بیرهێنانەوەیە بۆ تۆ، نەک ڕوونکردنەوە و زانیاری، چونکە لام ڕوونە ئێوە دەستوپەنجەتان لەگەڵ ئەو بابەتانە نەرمکردووە و مامۆستا و پێگەیەنەر و ڕێنیشاندەرئ سەتان فێرخوازبوون و به‌رده‌وامیشن و جێپه‌نجه‌تان دیاره، هه‌ر بۆیه‌ش زوو بابهتهكان له كورتی ده‌بڕێنمه‌وه. ده‌مه‌وێت بڵێم، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه پاڵپشت نه‌بین بۆ سه‌رپێخستنی مۆدێلێكی داهێنه‌رانه‌ی ڕه‌خنه‌یی و ڕاستكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی سه‌رچیخ چوویی بواری ڕه‌خنه و تێكه‌ڵكردنی مۆدێلی ڕه‌خنه‌ی خێزانیی و دنیای سۆسیۆلۆژی، چۆن بتوانین به ئه‌ندازه‌ی پێگە كه‌شخه و گرنگەکەی ئەدەبیات لە ئەدەبیات تێ بگەین؟
هه‌ركه‌س سه‌رنجه‌كانی من له‌باره‌ی (گۆڕه‌شار) بخوێنێته‌وه، ئه‌وه ده‌بینێت و ده‌زانێت، بۆیه لێره‌ش هه‌روا ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌ك بكه‌م ڕوونی ده‌كه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دانهبهزمه ئاستێك كه ویستی من نییه و ناشمه‌وێت. دیسان ئه‌مه پاته ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌م مۆدێله‌ی نووسین خزمه‌ت به ڕه‌وتی ڕه‌خنه ناكات و به‌ڵكوو تێكدان و ناشیرینكردنی ئه‌و سهرهتایهشه، كه هه‌یه و جارجار له كه‌سانی وه‌ك ئێوه و چه‌ند كه‌سی دیكه‌وه ده‌یبینین و بنیاتنراوه. بڕوانه ئه‌م دهڕبڕینانه كه له نووسینێكی نزیكه‌ی شه‌سه‌د وشه‌ییدا، چۆن جێگه‌ی كراوه‌ته‌وه، ئاخر ڕه‌خنه چۆن به‌م ده‌ربڕینانه پێش ده‌كه‌وێت؟ ئاخر تۆ چۆن ده‌كرێ له چوار چێوه‌ی نووسینێكی ئه‌ده‌بی هاوڕای ئه‌و ئاسته له زمان بیت؟ (هەڵە سەیروسەمەرەکانی وتاری – گۆڕەشار- وەک قوربانی)،
(ڕەخنەیەکی نادروست)،(لێوانلێوە لە هەڵەی زانستی و ئاکادمیک)،( ئەو هەڵە زەقوزۆپ و سەیروسەمەرانە)،( ڕوانینە نادروستەکانی نووسراوەکە)،( یەکێکە لەو هەڵە سەمەرانە)،( ناکرێت بە بێ سەرسووڕمان لێی تێپەڕین)،( نیشاندەری خوێندنەوەی مامناوەندیی کاک ئارام محەممەدە)،( ئەوە پێکەنینیترین و سەمەرەترین هەڵەیە)،( ڕواڵەتێکی بێ‌مانا و پووچ )،( ئەمە سووککردنی خوێندنەوەیە)، ( زۆر لاواز و بگرە شپرزەیشە)،( تەنیا کۆمەڵێک ڕستەیە کە پڕە لە هەڵەی پارادایمی)،( غەدرە لە ڕۆمانەکە)…
كاره‌سات ئه‌وه‌یه، به ڕاڤه‌ی ده‌ق بڵێت، سووكردنی خوێندنه‌وه‌یه! تۆیش بێیت هاوڕایی ئه‌و ده‌ربڕینه بیت، ئه‌ها به وشه‌یه‌ك كۆی نووسینه‌كه ده‌چێته سه‌به‌ته‌ی بیركردنه‌وه‌ی خێڵ و عه‌شیره‌ت و تێگه‌یشتنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ئیتر تۆ چۆن هاوڕا ده‌بیت؟ نامه‌وێت ڕاڤه‌ی وشه‌ی (سووك) بكه‌م، به‌ڵام ئه‌و وشه‌یه به‌سه تا بزانین كۆی نووسینه‌كه سه‌ر به‌چ بیركرنه‌وه و عه‌قڵیه‌تێكه!
پێم وایە هاوڕوابوون لەگەڵ ئەم جۆرە لە زمان و دەڕبڕین، ئەم ئاستە لە مەعریفە کە نووسینێکی پێ ڕەت دەکرێتەوە، هۆكارێكه بۆ درێژه‌دان به‌م شێوه نووسینه. ئه‌مه پێش هه‌موو كه‌س وه‌ستانه‌وه‌یه له دژی خۆت، دژوه‌ستانه‌وه‌یه به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌قه‌ڵا و ماندووبوونه‌ی چه‌ندان ساڵه ڕه‌نجی بۆ ده‌ده‌یت و شانت داوەتە بەری و لە هەوڵی ئەوەدایت، پێگە و بەهایەک بۆ زمانی کوردی سەرپا بخەیت، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە، لە خۆم پرسی، تۆ بڵێت، دکتۆر بەختیار لەگەڵ ئەوە بێت، ئەم ئاستە لە زمان و ئەم فۆڕمە لە دەربڕین بێتە ناوکاری ڕەخنەی ئەدەبییەوە؟ یانی چه‌ند باره لە خۆمم پرسییه‌وه، تێنگه‌یشتم ئه‌م هاوڕابوونه چۆن له‌گه‌ڵ دنیابینی و كاره گرنگه‌كانی بواری زمان و ئه‌ده‌بیاتی دكتۆر به‌ختیار هاوسه‌نگ ده‌بێت؟
نامه‌وێت له‌سه‌ر خاڵ به‌خاڵی سه‌رنجه‌كانم قسه بكه‌م، گه‌ره‌كمه یه‌ك نموونه‌ی دیكه باس بكه‌م. له سه‌رنجه‌كانمدا به خێرایی ئاماژه‌م به هه‌وڵی نووسه‌ر داوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆمانێكی جیاواز و مۆدێرن بنووسێت، هه‌روه‌ها باسم له سیماكانی ڕۆمانی نوێ كردووه و ئه‌و كاره‌شم به‌گشتی به‌كارێكی خۆكوژی و نامۆ له قه‌ڵه‌م داوه، كه خوێنه‌ری كورد ئه‌زموونی نییه له به‌ركه‌وتن به‌م جۆره ئه‌ده‌بیاته و ئه‌وه‌تا نووسیومه،( له گۆڕه‌شاردا به‌ر كێشه‌ی زمان ده‌كه‌وین، به‌ر نائارامی و ناسه‌قامگیری زمان ده‌كه‌وین. زمانێكی له‌توپه‌ت، هه‌لاهه‌لا بوو، نه لینگویستێك و نهستراكچهری ڕسته، نه ڕێزمان و نه هیچ شتێكی دیكه‌ی زمان هاو شێوه‌ی زمانی باوی نووسین و زمانی هه‌نووكه‌یی ئه‌ده‌بیاته، داڕشتنی ڕۆمانێك له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كارێكی تاقهتپڕوكێنه بۆ نووسه‌ر، چ جا بۆ خوێنه‌ر، كاره‌كه جۆرێكه له خۆكوژی، خۆكوژی تێكست، كارێكی ترسناكه، ناخوێندرێته‌وه، ناگێڕدرێته‌وه، نانووسرێته‌وه.)
ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و قسانه‌یه، كه تۆ له‌باره‌ی ڕۆمانی مۆدێرنه‌وه له‌باره‌ی(هه‌راو توڕه‌یی)وه گوتووته، سه‌یركه تۆ چیت نووسیوه: (ڕوخساری نامۆ و ناوه‌رۆکی ئه‌خلاقی: ئه‌گه‌ر وردهسهرنجێک بده‌ینه به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه مودێڕنیستییهكان، ده‌بینین که زۆرتریان له باری ڕوخساره‌وه جیاوازییه‌کی به‌رچاویان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی سه‌ده‌ی پێشوودا هه‌یه، چه‌ند هونه‌رێکی نوێی ئه‌ده‌بی وه‌ک شه‌پۆلی ئاگایی (stream of consciusness)، پارچه‌پارچه بوونی که‌لام (fragmentariness) و تێکه‌ڵکردنی ڕوانگه‌ی چه‌ند کهسایهتێیهک، كه بوونه‌ته هۆی نامۆ بوونی ڕوخساری به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی مودێڕنیستی.)
ئێسته دیسان ده‌بێ پاته‌ی بكه‌مه‌وه، بۆ سه‌رت سوڕماوه له سه‌رنجه‌كانی من و هاوڕای ئه‌وه‌یت كه نووسینه‌كه‌ی من پووچ و بێمانایه و سووككردنی خوێندنه‌وه‌یه؟
هه‌ر شاد و باش بیت
ئارام محه‌مه‌د
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.