خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «وانەی ئەم سەدەیە»

ناساندنی کتێبی «وانەی ئەم سەدەیە»

ناساندنی کتێبی «وانەی ئەم سەدەیە»

ناسنامەی کتێب: وانەی ئەم سەدەیە؛ دوو وتاریش سەبارەت بە ئازادی و حکوومەتی دیموکراتیک: وتووێژی جیانکارا لۆبۆزووتی لەگەڵ کارڵ پۆپەر، وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ کوردی: ڕەند زارعی ، دەزگای وەرگێران، سلێمانی ۲۰۰۶.

ڕەند زارعی

کارڵ پۆپەر، یەکێک لەو فەیلەسووفە ناسراو و دیارانەیە کە بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی سەبارەت بە بابەتە فەلسەفی، زانستی و ئەخلاقییەکان جێی سەرنج و تێڕامانن.

پۆپەر پتر بە تیۆری پرێنسیپەکانی فالیفیکەیشن The Falsification Principle ناسراوە. مەبەست لە تیۆری فاڵیفیکەیشن ئەوەیە کە تیۆری و بابەتێک بەردەوام بکەوێتە بەر تاقیکاری و پرسیار تا دواجار زانستیبوون یان نەزانستیبوونی بابەتەکە بسەلمێندرێ.

شتێکی دیکە کە پۆپەری پێ ناسراوە، ئەوەیە کە سەری هەودای ئایدیا و بیرۆکەکان بگرێتە دەست و بە دوای هەوداکەدا بچێ تا بنج و بناوانی بابەتەکە دەدۆزێتەوە. ئەم کارەی پۆپەر وایکردوە کە لە رەوتی ژیانی فەلسەفی خۆیدا ئاوڕ لە کۆمەڵێک بابەتی وەک هێرمێنۆتیک، هزرمەندبوون، رەوشت و گەلێک بابەتی فەلسەفی، فیکری و سیاسیش بداتەوە.

لە کتێبی وانەی ئەم سەدەیەدا، رۆژنامەنووس جیانکارا لۆبۆزووتی وتووێژێکی تێروتەسەلی لەگەڵ کارڵ پۆپەر سەبارەت بە ئازادی، دێمۆکڕاسی، عەقڵانییەت و بەرهەمهێنانی بیرۆکەی زانستی یان نازانستی و هەروەها گەلێک پرسی پەیوەندیدار بە ژیانی ئێستای مرۆڤ رێک خستووە. لەم وتووێژەدا و لەجێیەک لۆبۆزووتی، میوانەکەی دەبزێوێ و سەبارەت بە راگەیاندن و بابەتی تەلەفزیۆن وەها دەیدوێنێ:

تەلەفزیۆن مرۆڤ گەندەڵ بار دێنێ!

”ئەم دۆخە پتر لە دۆخی شەڕ دەچێ”.

پرسیار: لە جێیەک باسی رووخان و داڕمانی ئەخلاقت کردوە، دەکرێ بە روونی بێژی مەبەستت چییە؟

وڵام: کورتوپۆخت بیلێم، مەبەستم لە هەڵکشانی رێژەی تاوان، تووندوتیژی و لەدەسچوونی هەستی ژیانە لە جیهانێکی پڕ ئاوەدان و پڕ ساماندا. هەتا تەلەفزیۆن نەبوو، ژمارەی ئەو تاوانەی لە کۆمەڵگاکەماندا روویان-دەدا بە هاسانی لە ژماردن دەهاتن و تاوانەکانیش هێندە ئاڵۆز و زۆر نەبوون.

پرسیار: باشە ئەوە جۆرێک بەپیرۆزکردنی رابردوو نییە؟

وڵام: با ئەوەش بڵێم کە لاریم لەوە نییە کە جیهان خاوەنی نەزم و یاسایەکی تایبەت بەخۆیەتی. ئەو کات، جیهان هاوکات گچکە، ناشیرین و وەک هێندێک کەس دەڵێن، بۆڕژوایی بوو. بەڵام جیهانێک بوو کە دەکرا لەودا گریمانەی ئەوەی تێدا بکرێ – بەو شێوە کە من وەها لە تۆ دەڕوانم – ئەو کەسەی لەبەرامبەرتدا دانیشتووە، دەمانچەی و چەکی لە باخەڵدا نەبوو. ئەو سەردەمە بەسەرچوو و تازە ناگەڕێتەوە.

پرسیار: بەڵام پڕۆفیسۆر پۆپەر، تۆ داییم فەیلەسووفێکی گەشبین بووی. بەردەوام ئەوەت دەگوت کە جیهانی خۆتان، وەک لایێبنتیسیش دەیگوت، بە جیهانی باشی بزانن. چما چیتر وا بیر نایەکەوە؟

وڵام: لێت ناشارمەوە کە من کەسێکی گەشبینم، بەڵام نەک بەو شێوەی تۆ پێت وایە و باست کرد. من قەت نەمگوتووە جیهانی ئێمە باشترین جیهانە. من وتوومە، جیهانی ئێمە، سەرەڕاه ئەو هەموو شەڕە ترسناکانەی تێیدا روویانداوە، هەمیسان باشترین جیهانێکە کە تا ئێستا هەیە. هەڵبەت هەمووانیش ئەوەی دەزانن کە ئەزموونی تووندوتیژی لە شەڕدا باندۆر و کاریگەری قووڵ و نالەبەری بەرهەم هێناوە. لەم سەردەمەی ئێستا ئێمە تێیدا دەژین، لە دنیای رۆژاوادا هەوڵێکی زۆر و زەوەند و سەرکەوتوو بە مەبەستی باشترکردنەوەی کاربارەکان و شتەکان دراوە. بەڵام ئێستا خراپییەکی روون و ئاشکرا بەرچاو دەکەوێ، ئەویش ئەوەیە کە هەر کەسێک چاوی دیتنی هەبێ، ئەم گشتە کاولکاری و وێرانکارییە دەبینێ کە بەرهەمی تووندوتیژییە. ئەوە شتێکە کە قەت لە مێشکماندا ناچێتە دەر و داییم لەپێش چاومانە.

لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نوسراوە: پۆپەر یەکێک لە دژبەرە بە هێز و گەورەکانی مارکس و کۆمۆنیزم و دژی هەموو جۆرە بانگەشەیەک بوو کە تۆژینەوەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای مەعریفی سەبارەت بە یاساکانی مێژوو دامەزرا بێت. ئەو لە پلەی تیۆریسێن(تیۆری داڕێژەر)ێکی کۆمەڵگای کراوەدا، ڕووداوەکانی ساڵانی ۱۹۸۹ و ۱۹۹۱ی وەک تەئیدی ڕەخنەی بنەڕەتی و گرنگەکانی خۆی لە مارکسیزم دادەنا.

بۆ یەکەم جار پۆپەر لە ساڵی ۱۹۱۹ لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا، دەستی بە فۆرمۆڵەکردنی ئەم ڕەخنانە کردبوو.

پاش سەردەمێکی کورت کە لەو ماوەیەدا ئایدیۆلۆژی کۆمۆنیزم کە بە بەرەکەتی بەرنامەی ئاستی بەلشەوەیکەکان لایەنگری زۆری وەدەست هێنا بوو – ئەوی بە “تەڵە”وە کرد بوو. ئەو لەم کتێبەدا باسی ئەو قۆناغەی لە ژیانی خۆی کردوە و ئەم بابەتەشی بە ژیاننامەکەی خۆییەوە زیاد کردووە کە تازە چاپی کردووە و کامڵتری دەکات. پێشتر ڕەخنەکانی پۆپەر بە شێوەیەکی ڕوون و بە تێر و تەسەڵی لە کتێبی کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانیدا باس کراون، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ۱۹۴۵ دا چاپ کرا. بەڵام سوودی ڕووانگە سیاسییەکانی ئێستای پۆپەر تەنیا لە دووبارە بینی خاڵە بنەڕەتییەکانی ڕەخنەی ئەو لە مارکسیزم‌دا نەشاردراوەتەوە، وتووێژی من لە گەڵ بەرێزیان دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو: یەکێکیان پێوەندی بە مێژووە بوو و ئەوەی دیکە پێوەندی بە تیۆری سیاسییەوە.

? ببنه‌ ئه‌ندامی ماڵی کتێبی کوردی:

https://t.me/kurdishbookhouse

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *