ئاوانگاردیسم لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا
وتوێژێکی ئەدەبی لە گەڵ شاعیر و نووسەر: حەمەی کەریمی
ئامادە کردنی: عەتا وەلەدی، سۆران کیانی
پرسیار: هەمووبزاڤ و رەوتێکی ئەدەبی،هونەری لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییدا سەر هەڵدەدا، ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژووییەی کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک لە شیعر کە جیاوازترە لە شیعری باو و پێوەری کوردی کامانەن؟
وەڵام: بۆچوونە ناو باسەکەوە رەنگە بەم وتەیەی ” فۆکۆ” ( دربارەی مێژووی هونەر و ئەدەب و ئەوەی کە هونەر و ئەدەب، جگە لەو کەیسە گشتییەی کە لە گەڵ بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکاندا هەیەتی، بۆ خۆیشیان خاوەنی مێژووییەکی تایبەتن) دەسپێبکەم باشتر بێت. فۆکۆ دەڵێت: مێژووی هونەر و ئەدەبیات بە تەنیا بریتی نیە لەو مێژووەی کە مێژووی کۆمەڵگایە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا بریتیە لە میژووی خودی هونەر و ئەدەبیش، بەو مانا نووسەر و هونەرمەند بە تەنیا پەیوەست نیە بە مێژووی کۆمەڵگاوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا درێژەپێدەری مێژووییەکیشە بە ناو مێژووی هونەر و ئەدەبیات،بەم باسەوە دەمهەوێ بڵێم هونەر و ئەدەب لە گەڵ ئەوەی لە دیالکتیکێکی هێگلیدا لە پێوەندیی لە گەڵ کۆمەڵگا و بەستێنە سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، لە هەمانکاتدا و هەندێ جار پشت لەو دیالکتیکە دەکات. بەو مانا هونەر و ئەدەب بە گشتی و بزاڤ و رەوتە ئەدبییەکان بە تایبەتی بە نیسبەت بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانەوە لە حاڵەتی دیالکتیکدان، بەمەوە زۆر جار هونەر و ئەدەبیات و رەوتە ئەدەبییەکان لە ژێر کاریگەریی بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و کەش و هەوای سیاسی و فەرهەنگیدا تووشی ئاڵ و گۆڕ دەبن، وەک چۆن لە مێژووی هونەر و ئەدەبدا لە زۆر حاڵەتدا دەبینین هونەر و ئەدەب لە شێوەی قوتابخانە و رەوتە ئەدەبی و هونەرییەکاند بەرانبەر بەو بەستێنانەش پەرچەکردایان نواندوە. بەهەمان شێوەی ئەو بەستێنانە کە لە سەر ئەدەب و هونەر کاریگەرییان دەبێت، ئەدەبیات و هونەریش بە شێوەی تایبەتی خۆیان ( بەوەی کە رەهەندە شاراوەکانی ژیان و ئینسان بە دیاردەخەن و بەرجەستەی دەکەنەوە) لە سەر بەستێنە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکان کاریگەرییان هەیە و دەبێت، بە نیسبەت سەرهەڵدان و دەرکەوتنی شیعری جیاواز یان ئەوەی کە ئێوە دەڵێن جۆرێک لە شیعر کە جیاوازترە لە شیعری باو و پێور، کە من وەک دەرکەوتنی سەرەتاکانی ” ئاونگارادیسم” لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا دەیبینم، دەبێ بڵێم دوابەدوای گۆڕانکارییەکانی نیوە و کۆتایی حەفتاکان لە رووی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە کە بە تێکڕا کۆمەڵگای ئێران و ی گرتەوە، دەرەتانێک درووست بوو، کە هەندێ شاعیر و نووسەری ئەوکات لە ژێر کاریگەریی ئەو بەستێنانەدا بە نیسبەت هونەر وئەدەبیاتەوە هەست بە گۆڕانێکی جیدی بکەن، بە مانا ” بەدیۆ” ییەکی بەستێنێکی گونجاو بۆ ( ایجاد امکانیت) یان هەمان وەزعیەتی دووەم کە ” بەدیۆ” وەک ( روخداد) باسی دەکات، هاتە ئاراوە، لەم نێوانەدا ئێمە لە گەڵ دوو جۆر دەقی شیعردا بەرەوڕوو دەبینەوە، تاقمێک لەو نووسەرانەی کە پێشتر لە ژێر کاریگەریی ئەدەبیات و شیعری ی و شێعری تەرجەمەی فارسیدا دەیاننووسی و ئاسۆی روانینیان زیاتر گەیشتن بوو بە نووسەران و شاعیرانی دەرکەوتووی ئەو ئەدەبانە، دوابەدوای ئەو گۆڕانکاریانەی کە باسمانکرد و هەست بە تازەکردنەوەی شیعر و ئەدەبیات و هەوڵدان بۆ پێناسەدارکردنیان بە شێوەی سەربەخۆ و دەبازبوون لە ژێر سێبەری ئەدەبیاتی ی و فارسەکان، لە نیوەی دووەمی حەفتاکاندا (١٣٧٧) ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکی ٨ بڕگەییدا بە واژۆی هەندێ لە نووسەران و شاعیرانی ئەو کاتە وەکوو کاک (عەتا نەهایی،حەمە ساڵە سووزەنی، فەرەیدوون ئەرشەدی، ئیبراهیم ئەحمەدی نیا، بێهزاد ی، ئازاد رۆستەمی) مانیفێستێکی ئەدەبی، هونەری لە ژێر ناو ” داکار” راگەیەندرا. پرۆژەی داکار لە سەرەتادا و بە پێی بەیاننامەکەی پرۆژەیەکی جیاوازی ئەدەبی و هونەری بوو، هاوکات هەڵگری مانیفێستێکی جیاوازیش بوو بە نیسبەت شیعری پێش خۆی، بەڵام داکار بە هۆی قەتیس بوونی لە بازنەی ئەو رۆمانتیسیزمەی کە لە پاش سوارەوە تا سەر خۆیان بەردەوام بوو، کە دەکرێ وەکوو یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش ناوی ببەین، بە بن بست گەیشت، دواتر هەندێ لە شاعیران و نووسەرانی داکار لەوانە ” حەمە ساڵە سووزەنی” کە لە ” شێعرەسات” دا تا رادەیەک جیاوازتر دەرکەوت، و ” یونس رەزایی” بە بڵاوکردنەوەی چەند دەقێک کە دواتر وەک شیعری ” شێت” ناوبرا، بەرێز” رەئوف مەحموود پوور” لە نوێکردنەوەی شیعری ” هەورامی” دا و ئیبراهیم ئەحمەدی نیا و بێهزاد یش بە نووسینی چەند شێعرێک دوای غارەتی شەمامە کە ئەو کات لە سیرواندا شیعرەکانیان بڵاودەکردەوە تا رادەیەک تێکەڵ بەو فەزا جیاوازە بوون، هەندێک شاعیری تریش وەک کۆچکردوو ” ئەنوەر هوژەبری و مێهران ئەحمەدی” دیسان ئەوانیش خۆیان لەو فەزا جیاوازەدا بینییەوە. بەدەر لە داکارییەکان و هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی چەند دەقی شاعیرانی داکار، ئێمە نەسڵێکی تازە پێگەیشتووی گەنجتر دەبینین کە روانین و پێناسەیەکیتریان هەیە بۆ شیعر و هەڵگری جۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی ئاوانگاردیسمی ئەدەبین بۆ ناو دنیای شیعری نوێی کوردی، پێموایە ( ایجاد امکانیت) و ئەو بەستەرەی کە ” ئالن بەدیۆ” بۆ درووستبوونی وەزعیەتی دووەم (روخداد) باسی دەکات بە نیسبەت ئەدەبیات و ژانری شیعرەوە لە دەقی شیعری ” تا دڵەڕاکێی کاشی ئاوی بم ” ئیبراهیم ئەحمەدی ” هەتاو چ بێهوودە گورگێندرا” رەزا عەلی پوور، و چەند دەقی شیعری تر لە ” شەهاب شێخی، محەممەد موەفەقی، شاهۆ مەحموودی، کەماڵ ئەمینی ، دانا مەنووچەهەری بەیان عەزیزی ،دواتریش فاتمە فەرهادی و چەند کەسی تر ” خۆی بەدیاردەخات.
پرسیار: دابەشکردنی شیعری کوردی لە سوارە بەملاوە بە چوار نەسڵی شیعری لە سەر چ بنەمایەک بووە؟” ئایا شیعری جیاواز، بەرەی چوار، نوێترخواز” درێژەی لۆژیکی شیعری کوردی پێش خۆیەتی یان بازدان و لادانێکە لە رێچکەی شێعری کوردی؟
وەڵام: ئەڵبەت بەو شێوەیەی کە ئێوە دەڵێن من لە گەڵ چەمکی دابەشکردن بە مانای (تقسیم بندی) و (سهم) پێدان نیم، چونکە هیچ رەوتێکی ئەدەبی یان هونەریی موڵکی تاکە کەس نیە و بە هەوڵ وچالاکی وئەندێشەی چەند کەسی خاوەن دەق درووست دەبێ، بە نیسبەت شیعری ئاوانگاردی هاوچەرخی کوردیش بە هەمان شێوە، وەک پێشترئاماژەم پێدا لە مەقتەعێکی زەمەنیدا بە هۆی هەندێ بەستێن و هاوکات زەروورەتێکی مێژوویی پەیوەست بە خودی ئەدەب و هونەرەوە ، هەندێ کەس و دەقی جیاواز دەردەکەون بەم تایبەتمەندییەوە کە بەستەرێک بۆ وەزعیەتی دووەم (واتە روخداد) پێکدێنن. بۆیە من ئەساسەن لە گەڵ چەمکی دابەشکردن نیم و شیعری جیاواز و ئاوانگاردی هاوچەرخی کوردی بە عینوانگەلی جیاوازەوە وەک شیعری (زمان، دالگەرا، جیاواز، نوێترخواز، ناشوێن، ئاوانگارد، لادەر و سەیروورەتخواز شیعری شار و رەوتی چوار) لە تەمەللوکی کەسێکی تایبەتدا نابینم ، بەڵکوو جەریان و رەوتێکی سەییالە و لە حاڵی سەیروورەت دایە، ئەڵبەت بێ رەخنەش نیە و دواتر دێمەوە سەری، ئەگەر تۆزێک بە هوشیارییەوە چەمکەکان بە کاربێنین، باشتر وایە لە پۆلێنبەندیی (تەبەقە بەندی) کە چەمکێکی زانستی و بابەتیانەیە، کەڵک وەربگرین. تاکوو دابەشکردن (تقسیم بندی) کە بە جۆرێک (سهم خواهی) و تەمەللوک لە خۆی سوار دەکات. بە هەرحاڵ مەبەستم ئەوەیە پۆلێنبەندیی رەوتە ئەدەبی و هونەرییەکان نەریتێکی ئەدەبی جیهانییە و تەنیا کورد و فارس و ….. نەیانکردوە. ئەمەش دیارە دەبێ رەخنەگرانی ئەدەبی بە خوێندنەوەی دەقەکان و ئاوڕدانەوەیەکی زانستیانە و سەردەمیانە لە دەقەکان ئەم پۆلێنبەندییانە بکەن، هەر چەند لای ئێمە بەدەر لە رەخنەگرانیش خودی شاعیران و نووسەرانیش لەم پۆلێنبەندییانەدا رۆڵیان هەبووە، بۆیە پۆلێنبەندیی شیعری هاوچەرخی ئێمەش لە سوارەوە تاکوو بەرەی چوار بە چوار نەسڵی شیعریی(بە پێی بەستێنە سیاسی و فکریی و کۆمەڵایەتییەکان و بە پێی خوێندنەوەی دەقەکان و ئاوڕدانەوە لە باکگراوەندی دەقەکان بۆ شیعری” نەسڵی سوارە و سوارەیی تا سەر رۆمانتیسیزمی رادیکاڵی جەلال مەلەکشا کە بە تەواوەتی لە رێچکەی سوارە دادەبڕێ و روو دەکاتە شیعری ی و لە سێ کوچکەی شیعری بەرەنگاری ” شێرکۆ و لەتیف هەڵمەت و پەشێو” دا دەگیرسێتەوە و نەسڵی بەرنگاریی و خۆڕاگری، نەسڵی سیاسەت بردەیی و ئایدۆلۆژیا، نەسڵی جیاواز و ئاوانگارد”) بە پێی ئەو بنەمایەنە بوو کە ئاماژەم پێدا.
ئەوەش کە دەڵێن شیعری بەرەی چوار یان جیاواز و نوێترخواز درێژەی لۆژێکی شیعری پێش خۆیەتی، یان لادان و ترازانێکە لە شیعری پێش خۆی، دەبێ بڵێم هەم بەڵێ و هەم نەخێر، بەو مانا وڵامێکی پارادۆکسیکاڵ وەردەگرێت، دەبێ بڵێم شیعری رەوتی چوارەم و شیعری جیاواز بە شێوەی نێوان دەقێتی درێژەدەری دەقی پێش خۆیەتی بەڵام بە شێوەی ئاوانگارد دژ بەو لۆژیکە دەجووڵێتەوە، ئەگەر قایل بین بەوەی کە هەموو هەوڵێکی نوێخوازنە و ئاوانگارد بە دابڕان و ترازان لە رابردوو دەستپێدەکات، دیارە بە نیسبەت ئەدەب و هونەریش بە گشتی و بە تایبەتی بە نیسبەت شیعرەوە ئەم دابڕان و پچڕانە رادیکاڵتر بەدیاردەکەوێ، وەک چۆن نوێکردنەوەی شیعر لای نیما لە دوو حاڵەتی گشتیدا سەر دەگرێ، لە لایەکەوە سازدانی دیالکتیکێکی رەخنەگرانە بە نیسبەت شیعری کلاسیکی فارسی و شیعری پێش خۆی، لە لایەکی ترەوە هەڵهاتن لەو پێوەرانەی کە شیعری کلاسیکیان پێکهێنابوو، لێرەدا ئەو هەوڵە نوێخوازنە دەڕواتە نێو کەیسی (نەفی و تەئید) لە لایەکەوە نەفی دەکا و هەڵدێ لە کۆی پێوەرە چەقبەستوو کۆنباوە ئەدەبییەکان، لە لایەکیترەوە جەخت دەکاتەوە لە سەر پێناسە و ئەمرێکی تازەی خۆی، بەمەوە شیعری جیاوازی ئێمەش نەک هەر ناکرێت درێژەی لۆژیکی شیعری پێش خۆی بێت، بەڵکوو دژ بە هەموو ئەو نەزم و لۆژیکەش دەوەستێتەوە کە شیعری پێش خۆی هەڵی گرتبوو هاوکات خۆی پێ ناساندبوو، ئەمەش خەسڵەت و تایبەتمەندیی هەر ئەمرێکی نوێخوازانەیە لە هەمبەر دەقی رابردوو بە هۆی دەقی رابردووش خۆی پێناسە دەکا (چونکە ئێمە دەرئەنجام هیچ دەقێکی ئەدەبی نابینین بە شێوەی رەها لە دەقی رابردوو دابڕابێت، با لە رووی ساخت و فۆرم و زمانیشەوە بێت کە دادەبڕێ لە دەقی رابردوو بەڵام دواجار و بە شێوەی نێوان دەقێتی هەندێ رەگەز و ئایتمی ئەو دەقە دەهێنێتەوە نێو خۆی) بەو مانا بە لۆژیکی ” نەفی و تەئید” دەڕواتە پێشەوە. وەک باسمکرد خاڵی وەرچەرخان و لادان بە دەستهەڵگرتن لە لۆژێکی ئەدەبی رابردوو دەستپێدەکات، پێموایە تەنیا بە مەنتقی دیالکتیک لەم وەزعیەتە تێدەگەین.
پرسیار: ئاخۆ شیعری بەرەی چوار بە خوێندنەوەیەکی قووڵ و پێداچوونەوەیەکی رەخنەگرانەی شیعری پێش خۆی دەستی داوەتە گۆڕان؟ یان شێوازی تیۆربردەیی ( تئورزدگی) بووە بە هۆی سەرهەڵدانی و بە وتەی هەندێ کەس شەپۆلێکی تەمەن کورت بووە و ئێستا لە کەف و کوڵەکەی جارانی کەوتووە؟
وەڵام: وەک ئاماژەم پێدا لە سەرهەڵدان و دەرکەوتنی هەر جەریان و رەوتێکی ئەدەبی/هونەرییدا کۆمەڵێک هۆکاری دەرەکی و ناوەکی دەخاڵەتی راستەوخۆ و نارەستەوخۆیان هەیە، بە نیسبەت “نەسڵی چوار” ی شیعری کوردیشەوە بە هەمان شێوە کۆمەڵێک هۆکاری ناوەکی و دەرەکی لە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئەم رەوتە شیعرییەدا دەخیل بوون، پێموابێ لە پرسیارە پێشووەکاندا تا رادەیەک ئاماژەم بە هۆکارە دەرەکییەکان وەک بەستێنە کولتووریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکریی و بە گشتی گۆڕانکارییە زەروورییەکان بە نیسبەت ئەدەب و شیعرەوە کرد، کە تا چە رادەیەک کاریگەرییان هەبوو لە درووستبوون و دەرکەوتنی رەوتی بەرەو ئاوانگاردیسمی ئەدەبی هاوچەرخ و شیعری جیاوازدا، بۆیە ئیتر ناچمەوە سەری و باسی هۆکارە ناوکییەکان دەکەم، وەک خۆم پێموایە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان و لە هەمانکاتدا گرنگترینیان “زەینییەت و روانین و پێناسەیەکی”جیاوازترە لە شیعر، کە تا رادەیەکی زۆر تەکلیفی شیعری و پێناسەدارکردنی ئەو شیعرەی لە ئەدەبی هەرێمی کوردستان دیاریکرد. پێش دەرکەوتنی ئەم رەوتە، شیعری هاوچەرخی لە نێوان ئەدەبی فارسی و شیعری هەرێمی کوردستاندا لە هاتوو چۆدا بوو، وەک پێشتر باسم کرد، ئەدەبی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت شیعری شێرکۆیی و شیعری فارسی سێبەریان خستبووە سەر شیعری و ئاسۆی روانینی هەندێ لە نووسەری دەقەکان نەوەک بە خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە، بەڵکوو بە شێوەیەکی رۆمانتیک گەیشتن بوو بە شاعیرانی دەرکەوتووی ئەدەبی فارسی و شیعری هەرێمی کوردستان ، ئەمەش جۆرێک لە پاشکۆیەتی شیعری ئێرە بە نیسبەت شیعری هەرێمی کوردستانەوە درووست کردبوو، ئەمە لە لایەک، لە لایەکیترەوە ئەم شیعرە بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەڵێن نەک بە هۆی (تیۆریی بردەیی) ییەوە ، بەڵکوو بە زۆری لە رێگای خوێندنەوە و ئاگایی بووە لە ئەدەبی نوێی جیهانی و تیۆرە ئەدەبییەکان سەری هەڵداوە، ئەم شیعرە لە گەڵ ئەوەی کە خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەی هەبووە بە نیسبەت ئەدەبی فارسی و شیعری هەرێم، لە هەمانکاتدا لە هەوڵی دەستبەرکردنی ناسنامەیەکی تایبەتیشدا بوو بۆ شیعری . ئەم رەوتە شیعرییە دواتر و لە رێگای دەقەکانیەوە بە هۆی دەرخستن و کەشفی زەرفیەت و ئیمکانە زمانییەکان و هەندێ پێشنیاری تازە بۆ شیعری نوێی کوردی وەک رەوتێکی( بێ مانیفێست و شیعرێکی زمان تەوەر، ئاوانگارد، ناشوێن و شاری) خۆی بەدیارخست. بە عەکسی ئەو بۆچوونەی کە ئێوە باستان کرد، تا ئێستاش پێموایە ئەم رەوتە شیعرییە ” نەک هەر ئەوشەپۆلە کورتە نیە کە دەڵێن ” بەلکوو بە پێی مەوجوودیەتی دەق تەنیا رەوتێکە زۆرترین دەقی شیعریی (چە وەک کتێب یان بڵاوکردنەوەی دەق لە گۆڤار و حەفتەنامەکاندا) پێشکەشی شیعری هاوچەرخی کوردی کردووە و هەڵگری چەندپێشنیاری تیۆریی و تازە بووە بۆ ناو دنیای شیعری جیاوازی کوردی ، لە هەمانکاتدا یەکێک لە ئلمان و تایبەتمەندییەکانی ئەم شیعرە دژایەتی کردنی کەلان رەوایەتە زمانی و واتایی و دیسکۆرسییەکانی ناو جیهانی دەقی پێش خۆی بووە و بەردەوام بووە لە کارکردن بە دوو چەمکی” نەفی و تەئید”(وەک خەسەڵەتی دیالکتیکی هەر دەقێکی نوێخواز) و لەو شوێنەدا کە رەخنەی لە بابەتێکی پێش خۆی و تەنانەت بابەتێکی خۆیشی گرتووە و دژبە ئەمرێک وەستاوە، گەرای بۆ ئەمرێکی نوێتر و پێشنیارێکی تازەتر هەبووە، لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا رەوتی چوار وەک” رەوتێکی بێ مانیفێست” بۆ ئەوەی وەک جەریانێکی ئەدەبی سەییال بمێنێتەوە، پێویستە لە بوون بە کەلان رەوایەتی زمانی و کەلان دیسکۆرس بوونی خۆی، بە شددت خۆی بە دوور بگرێ و لە هەمانکاتدا هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەرجەستەکردنەوەی تەفاوەتەکان و نەگەیشتن بە خاڵی هاوبەش لە دەقدا، ئەم رەوتە شیعرییە بەوەی کە جەریانێکی بێ مانیفێستە ئاسان تر دەتوانێ حاڵەتی سەیرووت بوونی خۆی بپارێزێ و زیاترشاری ببێتەوە لەوەی کە ئێستا هەیە. بەم رەخنانەوەش پێموایە رەوتی چوار تا ئێستاش لە چالاکترین و پڕ دەقترین رەوتە کانی پانتای شیعری هاوچەرخی کوردییە.
پرسیار: لەم دەهەیەی داوییداجیهان تووشی گۆڕانی گەوەرە بووە، وەک دەوترێت تووشی سوونامییەکی سیاسی و فکری و فەلسەفی بووە، ئەم رووداوە ئەدەبی و نائەدەبیانە چە کاریگەرییەکیان لە سەر رەوتی ئەدەبی کوردی و بە تایبەت شیعری کوردی و تایبەت تریش شیعری جیاواز هەبووە؟
وەڵام: وابزانم لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا لە سەر ئەم بابەتە هەندێک باسم کرد و باسی ئەو پێوەندییە دیالکتیکییەشمان کرد کە لە نێوان هونەر و ئەدەب و کۆمەڵگا لە لەلایەک و شیعر و ئەدەبیات و کۆمەڵگا و بەستێنە مێژوویی، فکریی و کۆمەڵایەتیەکان لە لایەکی تر کە وەک هۆکاری دەرەکی سەرهەڵدانی رەوت و قوتابخانە و رێبازە ئەدەبی و هونەرییەکان دەردەکەون، و کاریگەرییان دەبێ لە سەر هونەر و ئەدەب و سەرهەڵدانی رەوت و جەریانی نوێی ئەدەبی و هونەری، هاوکات ئەمانیش لە سەر ئەو بەستێنانە کاریگەرییان دەبێت، رەنگە بە نیسبەت ژانری شیعرەوە مەسەلەکە هەندێ جیاوازتر دەربکەوێ، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە شیعر بە شددت پەیوەستە بە زمان و لە ناو زماندا روودەدا و(هەر ئەمەش وادەکات بیرمەندێکی وەک “هایدەگەر” لە ناخی هەموو هونەرێکدا شیعر دەبینێ و شیعرییەت بە هونەریەتی هەموو هونەرێک بزانێ و شیعر زیاتر لە هەر هونەرێکی تر بەرجەستە بکاتەوە،) هەندێ لە ژانرەکانتر و کەیسەکانتریش بە جۆرێک دەچنەوە سەرزمان، بۆیە کێبەرکێی نێوان شیعر و فەلسەفە ، شێعر و دروونناسی، و شیعر و سینەما و هاوکات پێوەندییەکانیشیان زیاتر لە سازان و تەوافوقە، پێم باشە بە هێنانەوەی وتەیەک لە “ئاگامبێن” لە کتێبی “زمان و مەرگ” دا زیاتر لە سەر ئەم بابەتە لێدوان بدەم، “ئاگامبێن” لە “زمان و مەرگدا” باس لە رووبەڕووبوونەوە و کێبەرکێی نێوان ” شیعر و فەلسەفە” دەکات، بۆیە ئەو کێبەرکێیەی نێوان شیعر و فەلسەفەش سەر بە ئاخێزگەی زمانە و لە زماندایە ئەم تقابڵ و دژایەتییە زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە، “ئاگامبێن” دەڵێ: دژایەتییەکی بەردەوام لە نێوان فەلسەفە و شیعردا هەبووە و ئەم دژایەتییەش جگە لە کێبەرکێیەکی سادە نیە، چونکە هەم شیعر و هەم فەلسەفەش بە دوای دەستبەرکردنی پێگەی یەکەم و دەست پێ نەگەیشتووی زمانەوەن، کە گرنگترین کەڵکەڵەی مرۆڤی ئاخێوەرە، شیعر بەوەی کە لە ناو زماندا روودەدا لە هەندێ حاڵەتدا بەردەوام لە گەڵ ژانرەکانتر و زانستەکانتردا دەکەوێتە ململانێ و حاڵەتی کێبەرکێ، بەمەوە هەم شیعر و ئەدەبیات کاریگەرییان دەبێ لە سەر بەستێنەکان و ژانرەکانتر و هەم ئەوانیش کاریگەرییان هەیە لە سەر شیعر و ئەدەبیات، بێگومان شیعری جیاواز و ئەدبی نوێیش بەدەر لەم حاڵەتە نیە، بگرە ئەمان(بە هۆی گرنگی تەواویان بە زمان و بە کارهێنانی زمان لە دەقدا وەک مەبەست نەک وەک ئەمراز و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی ئەدەبی جیهانی ژانرە هونەرییەکان تری وەک “سینەما، شێوەکاری، فۆتۆگرافی، شانۆ، و پەیکەرسازی” و نواندنەوەیان لە دەقدا و هاوکات بەدیارخستنی رەهەندە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ وەک بابەتێکی دەروونناسی بە تێڕوانینێکی سایکۆلۆژییەوە) زیاتر لە ژانرەکانتر لە دیالکتیک و ململانێ و کێبەرکێدا بن.
پرسیار: هەر داهێنان و ئافراندنێکی هونەری و ئەدەبی، پێویستییەک دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی و رەنگە تەنیا حەز و خولیای داهێنەرەکەی نەبێ و سەرچاوە و ئاخێزگەی هەبێت، پێویستییەکانی سەرهەڵدانی شیعری جیاواز بۆچی دەگەڕێنیتەوە و سەرچاوە و ئاخێزگەکانی کامانەن؟
وەڵام: ئەگەرچی پێشتر تا رادەیەک لە سەر دیالکتیکی نێوان ئەدەب و هونەر و کۆمەڵگا یان باشتر بڵێم پێوەندیی نێوان هونەر و ئەدەب و کۆمەڵگا و بەستێنە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان باسم کرد و هاوکات باسی ئەوەشم کرد هونەر و ئەدەب جگە لەو مێژووەی کە لەگەڵ کۆمەڵگا و بەستێنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژووییەکاندا هەیانە، بۆ خۆیشیان خاوەنی مێژووییەکی تایبەتن بە نێو مێژووی ئەدەب و هونەر و هونەرمەند بەدەر لەو مێژووەی کە بە شێوەی هاوبەش لە گەڵ کۆمەڵگادا هەیەتی، هەڵگری مێژوویەکی تایبەتیشە بە نێو مێژووی هونەر و ئەدەبیات، لە هەمانکاتدا هیچ دەقێکی ئەدەبی و هونەریش نابینین کە دواجار بە شێوەی رەها لە دەقی رابردوو یان ئەدەب و هونەری رابردوو دابڕابێت، تەنانەت ئەگەر بە شێوی نێوان دەقێتی بێت، هەندێک لە دەقی رابردوو یان ئەدەب و هونەری رابردوو دەگوازێتەوە نێو خۆی، هاوکات وەهاش نیە پێمان وابێت کە هونەر و ئەدەبیات باڵانوێنی واقیعی کۆمەڵگا بن. ئەگەر بەو روانگە مارکسیستییەوە بۆ هونەر و ئەدەبیات نەڕوانین و پێمان وانەبێت کە هونەر و ئەدەبیات دەقاودەق باکگراوەندێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیان هەیە و پێویستیەکی مێژوویی یان کۆمەڵایەتی بە تەواوی دەبێتە هۆکاری هەرچەشنە گۆڕان و سەرهەڵدانێک بە نیسبەت هەر چەشنە رەوت و جەریانێکی ئەدەبی و هونەرییەوە، کە ئەم بۆچوونە لە خۆیدا هەڵگری نیازێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە بە نیسبەت ئەدەبیات و هونەرەوە و دەبێ هونەر و ئەدەبیات بە گشتی و بە تایبەت رەوت و رێچکە ئەدەبی و هونەرییەکان وەڵامدەری نیازێکی مێژوویی یان کۆمەڵایەتی بن. ئەگەر بەم دیدەوە هونەر و ئەدەبیات بخوێنینەوە بێگومان هەموو کات دەبێ چاوەڕێی ئەوەبین کە هونەر و ئەدەبیات وەڵامدەروەی نیاز و پێویستیەکی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسی و کولتووریی بێت، ئەمەش رەفزکردنەوەی ئەو بۆچوونەی ” فۆکۆ” یە دەربارەی پێوەندیی دیالکتیکی نێوان هونەر و ئەدەبیات و کۆمەڵگا و ئەو مێژووە سەربەخۆ و تایبەتەی کە هونەر و ئەدەبیات هەیانە و هەندێجار بێ گوێدان بەو بەستێنانەی کە باسکرا ژیانی تایبەت بە خۆیان دەبێ و لە کۆمەڵگای تێدەپەڕێنن. من وەک خۆم قائیل نیم بەوەی کە هونەر و ئەدەبیات وەڵامدەرەوە بن بە پرس و نیازێکی کۆمەڵایەتی یان خود مێژوویی و هتد…چونکە لە دواجاردا هونەر و ئەدەبیات وەک پاشکۆی ئایدۆلۆژیا و بەستێنەکان دەردەکەوێ و ملکەچی سیاسەت و کەلان رەوایەتە مانایی و دیسکۆرسەکان دەبێت، بەنیسبەت پێویستییەکان و هۆکارە ناوەکی و دەرەکییەکانی دەرکەوتنی شیعری جیاواز وابزانم لە وڵامی پرسیارە پێشووەکاندا باسمکرد، کە دوابەدوای گۆڕانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان کە لە نیوەی دووەم و کۆتایی حەفتاکان هاتە ئاراوە، وەک هۆکاری دەرەکی و روانین و پێناسەی جیاواز و نوێتر بۆ شیعر بە مانا ” بەدیۆ” ییەکەی بەستەرێکی گونجاو (ایجاد امکانیت) یان هەمان وەزعیەتی دووەم (روخداد) بە نیسبەت شیعری جیاوازی کوردییەوە درووست بوو.
پرسیار: جیاواز نووسین ئەگەر پرۆسەیەکی روانینی نوێ و جیاواز نەبێت بۆ جیهان، ئەوە زمان دەبێتە شتێکی ئوتوماتیکی و بەرهەمەکەشی دەقێکی میکانیکییە، ئایا شێعری بەرەیەک کە خۆی بە ئاڵا هەڵگری جیاواز نووسین و خاوەنی داهێنانی نوێتر دەزانێ تووشی شێوازی لاساییکردنەوە نەبووە و نەکەوتوەتە بازنەی پاتەییەوەو دەقەکان مکانیکی نەبوونەتەوە و شێعری کاڵتر و چێژبەخشی بەردەنگ نەبووەتە قوربانی هەندێ تەکنیک؟
وەڵام: بۆچی نا،منیش لە گەڵ ئەوەدام کە هەر چەشنە رەوتێکی ئەدەبی کە هەڵگری پێناسە و تایبەتمەندی خۆی بێ و لە هەمانکاتدا خۆی بە رەوتێکی جیاواز و ئاوانگارد بزانێ، بێگومان دەبێ بە نیسبەت ئەدەبی پێش خۆی و تەنانەت رەوتەکانی پێش خۆیشی خاوەنی زەینیەت و روانین و پێناسەی تایبەت بە خۆی بێت بۆ شێعر و ئەدەبیات، ئەمە بەدەرە لەو ئلمان و پارامێترانەی کە وەک پاکێجێکی بگرە هاوبەش خۆی تێدا دەبینێتەوە، چونکە پێموایە ئاوڕدانەوە لە رەوتێکی ئەدەبی و جەریانێکی شیعری وکورت کردنەوەی بۆ چەند ئلمان و پارامێتر لە چەشنی بۆ نموونە (ئایرۆنی و پارۆدی و پۆلی فۆنی و کایەی زمانی و هتد..) تێگەیشتنێکی کرچ و کاڵە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو رەوتە کە لە ئەساسدا (زەینییەت و روانین و پێناسەی تایبەت بۆ شێعر و ئەدەبیات) لە جومگە سەرکییەکانی درووستبوونی ئەو رەوتە بوون، بە نیسبەت شیعری جیاوازەوە بە گشتی دەبێ بڵێم روانینی نوێتر و پێناسەی جیاواز لە شیعر و ئەدەبیات لە لایەک و لە لایەکی ترەوە لادان لە زمانی باوی شیعری و دژ وەستاندنەوەی دەسەڵاتی زمانی زاڵی کەلان رەوایەت و دیسکۆرسەکان و دەمەلاسکێ کردنەوەی تێکستە بە پیرۆزکراوەکان بە زمانی کارکردی (ئایرۆنی ، پارۆدی، ساختی فەزای پچڕپچڕ و دەبەزاندنی شیعر لە فەزای شاخ و گوندەوە بۆ شار و هاوکات بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی ئەدەبی جیهانی و شگردگەلی تایبەتی زمانی و کێشە سازکردن بۆ شیعری پێش خۆی بە روانینێکی رەخنەگرانەوە، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی شیعری جیاوازی هاوچەرخی کوردی و ئەو نەسڵە شیعرییەیە کە ئێوە باسی دەکەن) ئەگەر چاوێک لە دەقە شیعرییەکانی ئەم نەسڵە بکەین (وەک خوێنەرێکی ئەکتیڤ و بەشدار لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی رەخنە وخوێندنەوەی دەقدا) نەوەک هەر تووشی لاساییکردنەوە و ئەوەی ئێوە دەڵێن دووپاتەی و مکانیکی نەبووەتەوە، بەڵکوو بە کارکردن بە دوو چەمکی ” داهێنان و کەشف” و هاوکات باڵانس و هاتووچۆ لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا بە زمانێکی کارکردی لە هەوڵی کەشفی ئیمکان و ئەو زەرفیەتە زمانیەی کە پێشتر بەدیارنەکەوتووە و نەبینراوە لە کارکردندا بووە، شیعر و ئەدەبی ئاوانگارد خوێنەری تایبەت بە خۆی هەیە و پەیداکردنی خوێنەری چالاکی دەق، خوێنەرێ کە بتوانێ لە بەرهەمێنانی رەخنە و لێکدانەوەی دەقدا رۆڵی ئەکتیڤی هەبێ، بە کاری ئەساسی ئەدەبی ئاوانگارد دەزانم و دەبێ بڵێم شیعر و ئەدەبی جیاوازی ئێمە ئەگەر چی خوێنەری تایبەت بە خۆی هەیە و خوێنەری چالاکی خۆی تا رادەیەک پەیدا کردووە، بەڵام تا ئێستاش نەیتوانیوە وەک پێویست ئاوڕ لەم بابەتە بداتەوە، کە بەردەوام وەک رەخنەیەک رووبەڕووی دەکرێتەوە، وەک خۆم پێموایە خوێنەری ئەکتیڤ و داهێنەر ، نەک خوێنەر و بەردەنگی بەرخۆر( مەسرەفی) لە دەقی تازە و تکنیکاڵ چێژی تایبەت دەبات، ئەوە بەردەنگ و خوێنەری پاسیڤ و بەرخۆرە راهاتووە بە چێژی گشتی دەق و بەردەوام چاوەڕێی ئەویترە لە مینبەرەوە راڤەی دەقی بۆ بکات و لە جێی ئەم دەق بخوێنێتەوه.
پرسیار: تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی شیعری جیاواز، ئەگەر بکرێ بە هێنانەوەی نموونە لە دەقە شیعرییەکان کامانەن؟
وەڵام: وابزانم لە وڵامی پرسیاری پێشوودا تا رادەیەک باسی ئەو تایبەتمەندییانم کرد، ئەوەندە دەڵێم هەر چەشنە رەوت و جەریانێکی ئەدەبی جیاواز بە مەبەستی پێناسەی خۆی وەک رەوت و جەریان پێویستی بە کۆمەڵێک ئلمان و پارامێتری تایبەت بە خۆی هەیە (هاوکات رەنگە هەندێ پارامێتر و ئلمانی هاوبەشیشی لە گەڵ رەوت و شیعری پێش خۆیشی هەبێت) وەک پاکێجێک هەم لە دەقدا بە نواندنیان بخات و هەم لە پێناسەکردنی خۆیدا تا رادەیەک ئاراستەیان بکات، بەدەر لەمە هەر جەریان و رەوتێک بە هەر عینوان و ناوێکەوە هەڵگری ئلمان و پارمێتری تایبەت بە خۆی نەبێت کە لەدەقدا بەدیاریان بخات، ناکرێ وەک رەوت ناو ببرێت، دیارە ئێمە هیچ رەوت و جەریانێکی ئەدەبی نابینین کە هەڵگری هەندێ تایبەتمەندیی و ئلمانی تایبەت بە خۆی نەبێ ئەگەر چی ئاساییە هەندێ خاڵی هاوبەش و ناوکۆکیشی لە گەڵ ئەدەبی پێش خۆی و رەوتی پێش خۆیشی هەبێت، بەڵام دەرئەنجام ئەوە تایبەتمەندیی و ئلمانەکان و هاوکات ئەو روانین و زەینیەت و پێناسە جیاوازەیە بە نیسبەت شیعرەوە کە خەسڵەتێکی جیاواز و سەربەخۆ دەبەخشێت بە رەوتێکی ئەدەبی، دیارە کاتێک باس لە شیعری جیاواز یان جەریانی ئاوانگاردیسم لە شیعری هاوچەرخدا دەکەین باس لە کۆمەڵێک گۆڕان لە ساخت ، فۆرم، زمان و روانینی جیاواز و پێناسەی جیاواز بە نیسبەت شیعرەوە دەکەین کە لە نیوەی دووەم و کۆتایی حەفتاکاندا بە دەرکەوتنی کۆمەڵێک دەقی جیاواز لە کەسانێکی وەک “ئیبراهیم ئەحمەدی، رەزا عەلی پوور، ساڵە سووزەنی، شەهاب شێخی، محەممەد موەفەقی، شاهۆ مەحموودی، بەیان عەزیزی، بێهزادی، کەماڵ ئەمینی، رەووف مەحموودپوور لە شیعری هەورامیدا” لە رێگای ئەم دەقانەوە گۆمە مەندەکە شڵەقا و تووشی حەرەکەت و جووڵە هات، دەتوانم بڵێم دوو خاڵی بەرچاو و گرنک کە دەکرێ وەک دوو تایبەتمەندیی شیعری جیاواز بیبینین، یەکەم دەربازکردنی شیعری نوێی کوردی لەو رۆمانتیسیزمەی کە لە سوارەوە تا سەر داکار و ساتەوەختی دەرکەوتنی رەوتی جیاواز دەرگیری بوون، دواتر روانینی نوێتر و پێناسەی جیاواز لە شیعر و لادان لە کەلان رەوایەتی زمانی و واتایی لە دەقدا و دژایەتی تەواو لە گەڵ کانتێکستی باوی زمانی ئەدەبی و ئەزموونی تازە و لادان لە فۆرمی کۆنباو و دێمۆدە و هاوکات کێشە سازکردن بۆ دیسکۆرس و کەلان رەوایەتەکان و دەمەلاسکێ کردنەوەی تێکستە بە پیرۆزکراوەکان بە زمانی پارۆدی و کارکردی و هەوڵدان بۆ (ایجاد امکانیت) و درووستکردنی بەستەرێکی گونجاو بۆ هاتنە ئارای وەزعیەتی دووەم، بە تەعبیرە “بەدیۆ” ییەکەی، دواتر ئەم وەزعیەتە لە نەسڵی “چوار” مدا خۆی دەبینێتەوە و بە بڵاوبوونەوی دەقە شیعرییەکانی شاعیرانی ئەم رەوتە شیعری جیاواز تا رادەیەک تێکەڵ بە ئایتمەکانی ئاوانگاردیسمی هونەری دەبێت.
بۆ داگرتنی کۆی وتوێژهکه کرته بکه لهسهرداگرتنی PDF.
داگرتنی PDF
جێگای ئاماژهیه ئهم وتوێژه له “زنجیره کتێبی فهرههنگی و ئهدهبی “های” تایبهت به رهوتی شیعری نوێ ساڵی یهکهم ۱۳۹۹ ژمارهی ۱ بڵاوبوهتهوه.