چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەلیف شەفەق نووسەری رۆمانی (زۆڵەکەی ئیستانبووڵ)
سازدانی: ماریۆلاین دە کوک
وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە: سەڵاح حەسەن پاڵەوان
رۆمانەکەت بانگەشەیە بۆ خوشەویستیت بەرامبەر بە ئیستانبووڵ، ئەو شارەی ماوەیەکی زۆر تێیدا ژیای. ”رەنگە زیاتر لەمە نامەی ماڵئاوایی بێت” لە کاتێکدا نووسەری تورک ئەلیف شەفەق ئەمە دەڵێت و لە شاری نیشتەجێ بووی لە لەندەن لە کەرەنتینەدایە.
چیتر لە تورکیا هەست بە ئاسایش ناکات، لەوێدا بەرهەمەکەی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە زۆر بە گومانەوە تەماشای دەکرێت، گلەیکەران دووبارە کتێبەکەی دەپشکنن و ( ئەمجارەش کتێبی دە خولەک و ٣٨ چرکە لەم دنیا نامۆیەدا)، کە تێیدا زیاتر باس لە پەیوەندی سێکس لە نێوان یەک خانەوادە و بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەکات. ”زۆر بیری ئیستانبووڵ دەکەم، لە رووی هەست و سۆزەوە تا ئەوپەڕی پەیەوەندیم بە تورکیاوە هەیە. هەستیش بە سەیروسەمەرەیی دەکەم لەسەر ئیستانبوول بنووسم، لە کاتێکدا خۆم ناتوانم لەوێ بم، بەڵام ئیتر ئەمەیە ژیانم لە تاراوگە. کە بە جەستە لەوێ نیم، مانای ئەوە نییە لەگەڵ ئەودا دابڕاوم. بەدەست ژیانێکی پارچەپارچەبوو دەناڵێم، لە نێوان دوو کولتووردا. بێگومان ئەمەش لەگەڵ خۆیدا تەنیایی و خەم دەهێنێ. بەڵام وەک نووسەر چیتر ناکرێ لە تورکیا کار بکەم. لەوێدا ئازادی رادەربڕین و مافی ژنان و سیستەمی یاسایی و دیموکراسی نییە. هەموو ئەو شتانە نییە کە پێویستن بۆ ئەوەی مومارەسەی ئەدەب بکەیت ئەمانە سەرتاپا ونن.
١٠ خولەک و ٣٨ چرکە لەم دنیا نامۆیەدا
رۆمانی ١٠ خولەک و ٣٨ چرکە لەم جیهانە نامۆیەدا باس لە سۆزانی تەکویلا لەیلا دەکات – بەوشێوەی هاوڕێکان و موشتەرییەکانی دەیناسن. کوژراوە و جەستەی فڕێدراوەتە نێو حاویەی زبڵەوە لە یەکێ لە گەڕەکەکانی دەرەوەی ئستانبووڵ. سەرباری ئەوەی دڵی لە لێدان وەستاوە، بەڵام مێشکی هێشتا کارایە – ئەو ماوەیەش ١٠ خولەک و ٣٨ چرکەیە، لەو بیرەوەرییەدا بۆن و رەنگ و چێژەکانی رابردووی بیردەکەوێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی هەرزەکاری، هەروەها خێزانەکەی کە لە دەستیان هەڵهات و بە دەستی خۆی خێزانی خۆی هەڵبژارد.
ئەمە دواین ئەو پێنج کەسە هەمەچەشنانەن بە دەوروبەرییەوەن – کوڕی خاوەن دەرمانخانە سەپۆتاژە سینان، نۆستالجی نالینی نێرەمووک، سۆزانییە ئەفریقاییەکە جەمیلە، زەینەبی کورتەباڵای عەررب، هۆلیود هومەرایای گۆرانیبێژی باڕان لە دەستی کوشتن لەسەر شەرەف هەڵهاتووە – تا کۆتایی وەفادار بوون بۆی، لە گۆڕستانی لەبیرکراواندا لە گۆڕێکی لە بیرکراو جەستەیان دەرهێنا، بۆ ئەوەی بیبەنە جێگایەک تا شایستەی لەیلاکەی ئەوان بێت.
پرسیار: ئەم رۆمانەت بە ئینگلیزیی نووسیوە، بۆچی بڕیاریشتداوە زمانی تورکی بەجێ بهێڵیت؟
وەڵام: یەکەمین رۆمانم بە تورکی نووسی، بەڵام پێش پانزە ساڵ گواستمەوە بۆ ئینگلیزی، واتە بۆ زمانی هەڵگیراوەم. ئەوە ئاسان نەبوو، کۆچکردوویەک بووم، کەسێ نەبووم بە دوو زمان گەورە کرابێتم. بەڵام ئینگلیزی ئەو زمانەیە هەڵمگرتەوە تا بەخێوی کەم، لەگەڵ ئەم زمانە هەست بە نامۆیی ناکەم. لەم بارەیەوە یەکەم پەرچدانەوەی تورکیا ئەمە بوو: تۆ کە رێگات داوە واز لە زمانی دایکت بێنی، کەواتە بۆت نییە بە خۆت بڵێی نووسەری تورک، ئەمە بۆ نەتەوەپەرستان خواردنێ بوو، ئەوانەی وا بیردەکەنەوە یان دەبێ ئەمە بیت یان ئەوە. من کەسێکی دیموکراسیم، بڕوام بە فرەیی و هەمەچەشنییە. بە دڵنیاییەوە راستە زۆر نایابە گەر ئەو توانایەت هەبێ بە چەندین زمان بنووسی، بە زمانەیلێکی زۆر خەون ببینی؟ من زمانی تورکیم خۆش دەوێ، ئەوەی منی بە زمانی تورکی بەستووەتەوە هەست و سۆزەکانە، ئارەزووەکانە، خەمە، هەروەها زمانی تورکیم خۆش دەوێ، بۆ من ئینگلیزی ژیرمەندانەترە، فرسەت و شیاوی زۆری تێدایە بۆ بەکارهێنانی ئایرۆنی و ساتیر. گاڵتەجاڕی وەک ئۆکسجین وایە زۆرمان پێویستە. زمانی ئینگلیزی بە شێوازی ئازادی نووسینم پێ دەبەخشێت، لە ئێستەدا ئەو جۆرە نووسینە لە زمانی تورکی ناکرێت. بۆ نووسەر بە تورکی ئێستە کاتێکی سەختە. بەڵام وەک نووسەرێکی مێ ئەوە کاتەکە بەتەواوی سەختترە.
پرسیار: پێشتر بە هۆی باسکردنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە رۆمانی (زۆڵەکەی ئیستانبووڵ ) کەوتیتە بەر کوتان. ئێستە لێکۆڵینەوەیەک بەڕێوەیە چوون تۆ لە بارەی دەستدرێژی سێکسیت نووسیوە، ئەمەیان چیت بەسەر دێنێت؟
وەڵام: لە تورکیا کتێبەکانم بڵاودەبنەوە، لە پەرتووکفڕۆشاندا هەن. پاشان دژیان شکایەتێک دێتە ئاراوە. دەسەڵاتداران زۆر بە ئاسانی دەستیان دەگاتە مەبەست، هەمیشە دەردەسەر هەیە، بەتایبەت لە ئێستەدا، لەم سەردەمی دیجیتاڵەدا. هەردوو بابەتی سیاسی و سێکسی نێو رۆمانەکە لە لایەن گیرەرەکانی ئۆنڵاین باڵدەست کراوە و بۆ وەزیری کاروباری ناوخۆ نێردراوە. ئەویش لێکۆڵینەوە دەکات ئاخۆ من بدرێمە دادگا لەبەر خیانەت کردنم بەرامبەر بە ناسنامەی تورک – لە جیاتی ئەوەی لێکۆڵینەوە بکات لەسەر ئەوەی ئاخۆ خراپ تێگەیشتن هەیە لەسەر ئەو شتانەی کتێبەکەم لەسەری نووسیوە. لە شوێنی سازکردنی سەرپەنا و گۆڕینی یاساکان و کۆتایهێنان بە پیاوسالاری، کەچی راوی نووسەر دەنێن. ئەمە کینایەیە. ئەمە تراژیدیایە.
پرسیار: هەر لە لاپەرەی یەکەمەوە پاڵەوانی سەرەکی بە کوژراوی بەجێدێڵیت. هەڵبژاردنێکی بوێرانەیە، چۆن بەمە گەیشتی؟
پێدەکەنێ: ”کاتێ بە نمایندە ئەدەبییەکەم گوت دەمەوێ کتێبێ لەسەر سۆزانییەکی کوژراو لە نێو تەنەکەی زبڵدا بنووسم، لە رووخسارێکدا خەمێکی مژاویم بینی. کەوتمە ژێر کاریگەری لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دە خولەک پاش مەرگ دەکرێ مێشک چالاکی بنوێنێ. دۆزینەوەیەکی گرنگ و لەڕوو راوەستانێ بوو: چۆن وا بکەم و لێگەڕێم لەیلا لەو ١٠ خولەک و ٣٨ چرکەیەی کە بواری بیرکردنەوە هەیە بەسەرهاتی خۆی بگێڕێتەوە.
پرسیار: چیرۆکی خۆی و چیرۆکی هەڤاڵەکانی.
وەڵام: پەیوەندییەکی ئاشقانەم بە هاوڕێیەتییەوە هەیە. هاوڕێیەتی زۆر گرنگە کاتێ دیموکراسی ئاوا دەبێت ئەو مرۆڤانە دەخرێنە پەراوێزەوە بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی پیوەری ئاسایین – ئەو کەسانەی کە لە رووی جەستەوە ناتەواوییان هەیە یان لە رووی جێندەرەوە بە هۆی گۆڕینی توخمی خۆیان، یان بە هۆی ناسنامەوە کارگەلێکی ” ناڕەوشتانە” دەکەن -. من لە کتێبەکەمدا جیاوازییەک دادەنێم لە نێوان ”خێزانی خوێنی” و ” خێزانی ئاوی” لەیلا- هەندێجار ئاو لە خوێن خەستترە. بەتایبەت لە ئیستانبووڵ دەبینی خێزانە ئاوییەکان زۆر گرنترن، جێگایەک زۆر کەس بێبەشن لە مافی یەکسانی. ئەو هاوڕێیانەی بە دەوری یەکتریدا کۆدەبینەوە، ئەوانەین دەبینە هۆی ئەوەی لێرەدا بتوانین بمێنینەوە.
پرسیار: تۆ چارەنووسی لەیلات بەستووەتەوە بە رووداوە مەزنەکانی مێژووی جیهان. کوشتنی سۆزانی دەبێتە هەواڵی ٢٩ نۆڤەمبەری ١٩٩٠، پاشان هەواڵێ لە بارەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش کە پاڵپشتی هێڕشکردنە سەر عێراق دەکات، تێکەڵبوونی تیپی فۆتباڵی ئەڵمانیای رۆژهەڵات و رۆژئاوا، پاشان یاساغکردنی جگەرکێشان لە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانی تورکی…
وەڵام: من پسپۆڕی زانستیم لە بواری پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەکان، پسپۆڕی بواری زانستی سیاسی و لێکۆڵینەوە لە بارەی ئافرەتان. حەز دەکەم پەیوەندییەکانی مێژووی جیهان لەگەڵ ئەو رووداوەدا پیشان بدەم. لە رێگای چاندنی چیرۆکە تایبەتییەکان لە نێو ئەو مێژووە تایبەتییانە. دەتوانی مێشک و دڵ پێکەوە کۆکەیتەوە. دەمەوێ جیهانەکان پێکەوە ببەستم. لە راستیدا هیومانیزم دڵی ئەم رۆمانەیە- حەزبەزانین کردن و هاودڵی. هەر لەبەر ئەمەشە ئاشقی ئەدەبیاتم. لەم دنیا تەوەرئامێز و توڕەو مرچومۆنەی کە ئێستە تێیدا دەژین پێویستمان بە ئەدەبیاتە.
پرسیار: تۆ لەسەر رووخسارە زۆرەکانی ئیستانبووڵ دەنووسی؟
”یەک ئیستانبووڵ” نییە بەڵکو ئیستانبووڵەکان هەن- ئەو ئیستانبووڵانەی لە باری دەرگیری و شەڕدان. شارێکە پڕ لە ژیانە، پڕ لە وزە و شتە دژ بەیەکەکانە – شاری خەون و برینەکانە. هەروەها شاری لەبیرچوونەوەی زاکیرەی بەکۆمەڵە، ئەوەتا ئێستە ناسیۆنالیزمەکان دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ وروژاندنی وێنە رۆمانسییەکەی ئەو ئێمپراتۆرە ئیسلامە مەزنە. ئیمپراتۆری عوسمانی مەزن؟ من شەڕی ئەمە دەکەم! مەزن بۆ کێ؟ بۆ پیشەکارە ئەرمەنییەکان؟ بۆ نانەوای یەهودی؟ بۆ ژنان؟ کەنیزەکان؟ ئەمە پەیوەندی هەیە تۆ لە چ گۆشەنیگایەکەوە تەماشای دەکەیت. من بە ئیستانبووڵ دەڵێم – ژنەشار، مێ شار- بۆ ئەوەی ئەوەمان وەبیربهێنێتەوە کە ژنان لە شارەکەدا جێگەیەکیان بوو، وای لێهاتووە ئێستە پیاوان داوای شەقام و مەیدان و چایخانەکان دەکەن. نووسەر و شاعیرە عوسمانی و بیزەنتییەکان هەمیشە وەک ژنێ وسفی ئیستانبووڵ دەکەن، من دەچمە پاڵ ئەم نەرێتە. بەڵام من وەک فیمینستێک دەمەوێ سەرنج بۆ راستییەک راکێشم کە ئێمەی ژنان لەم فەزا گشتییەدا مافمان هەیە”.
پرسیار: لە شارەکەدا گۆڕێک نییە بۆ لەیلا، وەلاوەنراوە؛ جەستەی گواسترایەوە بۆ گۆڕستانی لەبیرچووان لە دەرەوەی شار.
وەڵام: زۆر گرنگە کەوا ئێمە باسی ئەمە دەکەین، لەبەرئەوەی شتێک هەیە بە ناوی گۆڕستانی لەبیرچووان! شوێنێکە کۆتایی ئەو کەسانەیە کە بێ کەسوکارن. نە کێلی گۆڕ، نە گوڵ، نە زیارەتکەران، نە ناوونیشان. تەنیا پارچە دارێک ژمارەیەکی لەسەرە. شوێنێکە خەمهێنەرە، هەرجارێ دەچوومە ئەوێ ژان دەکەوتە دڵمەوە. بە شێوەیەکی سەیر بەرەو ئەو شوێنە راکێشرام. ژمارەیەکی زۆر مردوانی نەخۆشی ئایدزی تێدایە، لە لایەن خانەوادەکانیانەوە رەت کراونەتەوە، لەشفڕۆشەکان، ئەو کۆرپانەی لەسەر شەقامەکان بەجێهێڵرابوون، ژمارەیەکی زۆر پەناهەندەی ئەفغانی، سوری. هەمویان لەوێدا راکشاون، هەر هەموویان بە تەنیا لە تەنیشتی یەکترییەوە، بەو کردارەی هاوڕێکانی لەیلا کە لێرە لەم گۆڕە دەریدەهێنن، دەمویست ئەوە پیشان بدەم هەموو ئەم گۆڕە بێناوانە هێ مرۆڤانێکن. دەمویست هەریەک لەو ژمارەی سەرگۆڕانە بگۆڕم بۆ مرۆڤێ، مرۆڤێک کە لە رۆحی دایکدا تەنیا نەبووە، مرۆڤێک بە ژیانەوە. دەمویست بارە نامرۆییەکان بکەمە بارێکی مرۆیی.
سەرچاوە:
Het Parool, intervieuw: Mariolijn De Cocq, 5-04-2020
!ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.