ڕەخنەی ئەدەبی و دەقی کوردی
دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە
ڕابهر فایق: دوو نووسەر لە ئێستەدا نووسینەکانیان زۆر بە هەڕمێنن، ئەوانیش: “عەتا نەهایی” و “بەختیار عەلی”ن، کە دەیان و سەدان لێکۆڵینەوە لە بارەی ڕۆمانەکانیانەوە کردراون. پرسیاری ئێمە لێرەدا ئەمەیە: لە گەلێک نووسیندا بەم نووسەرانە گوتراوە؛ داهێنەر، ئایا بەشێک لە نووسەرانی ئێمە بۆ هێندە بە پەلە پاشگری«داهێنەر» دەخەنە پاڵ نووسەران، یان «دز» یا خود هەر تەرزە دەستەواژەیەکی دی؟ لە روانگەی ئێوەوە ئەم دوو ڕۆماننووسە داهێنەرن، هاوکات چۆن «داهێنان» ڕاڤە دەکەن؟
دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە: من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە سەدان لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم دوو نووسەرە توانایەی کورد کرابن. ئەگەرچی بەوردی هەموو ئەو کارانەم کە لە سەر بەرهەمەکانی ئەم دوو نووسەرە کراون شۆپاندووە، بەڵام هێشتاش پێم وانییە کارێکی ئەوتۆ کرابێت کە هەموو لایەنە ئەدەبییەکانی ئەم بەرهەمانە لێکدرابنەوە. بە گشتی دەکرێ بڵێین دوو چەشنە نووسین لە سەر کارەکانی کاک بەختیار و کاک عەتا ئێستا پێشکەش کراون: دەستەیەک کە زۆرینەن و بە شێوەیەکی پێداهەڵگوتنانە نزیکی بەرهەمەکانیان دەبنەوە و بە تایبەتی کاک بەختیار دەگەیەننە ئاسمان. دەستەیەکیش کە تا دەتوانن دژایەتی لەگەڵ بەرهەمەکانیان دەکەن و دیسانیش پتر کاک بەختیار دەکەنە ئامانجی گۆیا ڕەخنەکانیان. لە پێشنیارکردنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبییەوە بۆ کاک بەختیار بگرە هەتا تاوانبارکردنی بە دزیی ئەدەبی و بە ئەوەی کە کوردی نازانێت و «میری جاهیلانە». هەر دوو بۆچوون بە باوەڕی من دوورن لە لێکدانەوەی ئەدەبی لە سەر بنەماکانی تیۆریی ئەدەبیی. ئەوەی کە دەڵێت کاک بەختیار دزیی ئەدەبی دەکات نایسەلمێنیت کە چۆن ئەم کارە کراوە. دەبینین کە ئەم بۆچوونانەش دەنگی قارەمانپەروەری و دژە قارەمانییان پێوە دیارە و وەبیرهێنەرەوەی هەڵسوکەوتە نادێمۆکراتیکەکانی جیهانی سیاسەتی کوردین.
من وەک کەسێک کە بەرهەمەکانی ئەم دوو نووسەرەم خوێندوونەتەوە و بە خۆشییەوە شانسی دیدار و گفتوگۆ و دۆستایەتیم لەگەڵ هەر دووکیان هەبووە و هەیە، پێموایە دەبێ بە واقیعبینییەکی زۆرترەوە لە کارەکانیان نزیک ببینەوە. بە شێوەیەکی گشتی کاک بەختیار و کاک عەتا دوو نووسەری گەورەن و توانیویانە لە ئاستی داهێنانی ئەدەبیدا هەنگاوی مەزەن هەڵێننەوە. پێنج ڕۆمانەکەی بەختیار و سێ رۆمانەکەی عەتا گەنجینەیەکی گەورەی سامانی ئەدەبیی ئێمەن. ئەگەر فەزایەک بخوڵقێت کە تێیدا کاری ڕەخنە ئەنجامی خوێندنەوە و شیکردنەوەی دەقەکان بێت بە دوور لە هەموو هەراوهوریای باو، ئێمە دەتوانین دڵخۆش بین بە ئافراندنی بەرهەمی باشتر لە لایەن بەختیار و عەتاوە و لە هەمان کاتدا ئومێدوار بین بە پەرەپێدانی هەلومەرجێک بۆ دەرکەوتنی نووسەری تواناتر. لە لێکدانەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم دوو نووسەرەدا پێویستە بۆچوونێکی چەند ڕەهەندی و فرە دیسیپلینی ڕەچاو کەین و دەقەکانیان بکەین بە کەرەسەی وردکردنەوەی تیۆرییە ئامادەکانی جیهانی ئەدەب.
لە دەربڕینەکانمان لە سەر دەقەکانیاندا دەبێ لایەنی ڕێئالیستی و ئاستی ئەدەبی کوردی لەبەرچاو بگرین. کاتێک دەبینین لە کۆرێکی کاک بەختیار پتر لە هەزار نەفەر ئامادە دەبن خۆشحاڵ بین بە ڕێزێک کە جەماوەر لە ئەدیبێکی کوردی دەگرن. لە هەمان کاتدا دەبێ ئەو پرسیارەش بکەین ئایا ئامادەبوونی جەماوەرێکی ئاوا بەرچاو نیشانەی هۆگرییە لە ئەدەب یان گەڕانە بە شوێن پاڵەوانێکی مەسیحایی کە مژدەهێنەری ڕزگارییە. ڕەنگە سەرقاڵبوونی کاک بەختیار بە پتر لە بوارێکی ئەدەبی و دەرکەوتنی وەک وتارنووسێکی هزری و فەلسەفیی بێ کارتێکەری نەبووبن لە سەر خۆڵقاندنی بۆچوونێکی لەم شێوەیە لە سەر خۆیان. ئەوەش تایبەتمەندیی کۆمەڵگایەکی پۆلێننەکراوه کە تێیدا پێداهەڵگوتن دەرەتانی لێکدانەوەی ورد دەکووژێت. لە راستیدا بەرهەمی ئەدەبی ئەو بەستێنەیە کە بە هۆیەوە دەکرێت هەنگاوی جیددی بۆ ناسینی خۆمان هەڵێنینەوە و بە خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەبوونی خۆمان و سوژەی کوردیمان بخەینە بەر باس. هەموو لێکدانەوەیەک لە دەرەوەی دەستکەوتە تیۆری و فیکرییەکانی ئەدەب دوا جار دەربڕینی ڕایەکی تاکەکەسییە کە خۆی لە پەسندان یان دژایەتیدا دەبینێتەوە و ئەمەش بە دوورە لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لە جیهانێکدا، بە تایبەتی جیهانی کوردیدا، کە پتر لە هەموو کاتێ پێویستیی بە دیالۆگ هەیە.
بە کورتی کاک بەختیار و کاک عەتا دوو نووسەری گەورەن و کارەکانیان جوانکاریی ئەدەبی بەرزیان پێوە دیارە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بەرهەمەکانیان لایەنی لاوازیان نییە.
سەرچاوە: کتێبی «زمان، ئەدەب، ناسنامە»، هاشم ئەحمەدزادە، ل ۱۸۰، چاپەمەنی مانگ، ۱۳۸۹ بانە.
!ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.