جه‌لال مه‌له‌کشا؛ شاعیرێکی له‌خاچدراو
دوکتۆر مه‌سعوود بینه‌نده
جه‌لال مه‌له‌کشا (٢٠٢٠-١٩٥١) له گوندێک به‌ناوی مه‌له‌کشا سه‌ر به شاری سنه له دایک بووه و هه‌ر له هه‌ڕه‌تی لاوییه‌وه ته‌ڤڵی سیاسه‌ت و هه‌روه‌ها ئه‌ده‌ب و شیعری به‌ڵێندار بووه. پێش شۆڕشی گه‌لانی ئێران (١٩٧٩)، که‌شوهه‌وای سیاسیی زاڵ به سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستاندا مه‌له‌کشا به‌ره‌و چالاکیی سیاسی ڕاده‌کێشێ. مه‌له‌کشا که هۆگریی سیاسی خۆی له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پدا ده‌بینێته‌وه، دوای ماوه‌یه‌ک چالاکی به‌رهه‌ڵستی ڕژێمی پاشایه‌تی ده‌سبه‌سه‌ر ده‌کرێت و چه‌ند ساڵ له به‌ندیخانه به سه‌ر ده‌بات. چالاکیی ئه‌ده‌بیی به‌ربڵاوی جه‌لال که سه‌ره‌تا له بازنه‌ی زمانی فارسی‌دا ده‌ست پێ ده‌کات ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی وه‌کوو ئه‌ندامی سه‌ره‌کیی ناوه‌ندی نووسه‌رانی ئێران وه‌ربگیردرێت. جه‌لال دوای شۆڕش دیسانه‌وه گیرۆده‌ی بارودۆخی گرتن و ڕاپێچکردن و هه‌روه‌ها کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی ژیان ده‌بێته‌وه و له هه‌ر لاوه چه‌رمه‌سه‌ری و نه‌هامه‌تی ژیان ڕووی تێ ده‌کات. بارودۆخی کوردستانی پاش شۆڕش و بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆڤاری «سروه» به سه‌رپه‌رشتی مامۆستا هێمن له ورمێ، به‌ره‌و نووسین و بڵاوکردنه‌وه به زمانی کوردی ڕایده‌کێشێت و به‌م چه‌شنه وزه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بیی خۆی له پانتایی زمانی کوردی‌دا وه‌گه‌ڕ ده‌خات. جه‌لال که قه‌ڵه‌می به‌هێزی خۆی له گۆڕه‌پانی چیرۆک، په‌خشان، شیعری فارسی و کوردی‌دا تاو داوه، زۆرترین هه‌وڵی خۆی له بواری شیعردا چڕ ده‌کاته‌وه و کۆمه‌ڵه شیعره‌کانی له به‌رهه‌مێکدا به‌ناوی «زڕه‌ی زنجیری وشه دیله‌کان» (۲۰۰۴) بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌م شاعیره پایه‌به‌رزه پاش ته‌مه‌نێک ژیانی پڕچه‌رمه‌سه‌ری له ڕێکه‌وتی ١٠ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٩ی هه‌تاوی له شاری سنه کۆچی دوایی ده‌کات.
خولیا و بیرۆکه‌ی ڕه‌وتی ڕۆمانتیسیستی له سه‌رده‌می گۆڕانکارییه مه‌زنه‌کاندا سه‌رهه‌ڵئه‌دات، هه‌ر بۆیه سه‌ره‌کیترین وشه‌ی ئه‌م ڕێبازه وشه‌ی «قه‌یران»ـه؛ واته دۆخێکی ناسه‌قامگرتوو و سنوورنشین که هێشتا یه‌کلایی نه‌کراوه‌ته‌وه. ئه‌م دۆخی قه‌یرانه ته‌ژییه له لایه‌نه دژواز و دژبه‌ره‌کان که هاوکات هه‌بوون و کاریگه‌ریی خۆیان له ڕه‌هه‌نده به‌رهه‌ست و ده‌رهه‌سته‌کانی ژیانی مرۆڤدا مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. به‌تایبه‌ت ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که ئاکامی دۆخی پێنه‌گه‌یشتوو و نائاماده‌ی مێژوویین و ناته‌واوی و بۆشایی له هه‌ناویانه‌وه خۆ ده‌نوێنێ. کاتێ ململانێی ڕیزبه‌ندیی کۆن و نوێ دێته ئاراوه و هێزه گۆڕانکاریخوازهکان وزه‌ی پێویستیان بۆ ده‌ربازبوون له هاوبه‌ندیی جیهانی کۆن به‌ده‌سته‌وه نه‌بێ، که‌شوهه‌وایه‌کی قه‌یراناوی و ته‌ماوی دێته ئاراوه. له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌ستی شۆڕشگێڕانه و ئاوه‌زی پێشکه‌وتنخوازانه، که‌ڵکه‌ڵه‌ی نوستالژیک و تاسهبێژانه په‌ره ده‌ستێنێ و عه‌قڵ و خه‌یاڵی پێکناکۆک له ته‌نیشت یه‌کتردا ڕێگه به‌ره‌و پێش ده‌بڕن. له هه‌ناوی ئه‌م دۆخه قه‌یراناوییه‌دا سێ ڕه‌وتی سه‌ره‌کیی ڕۆمانتیسیستی سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن: ڕۆمانتیسیزمی تاکخوازانه، ڕۆمانتیسیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆمانتیسیزمی ڕه‌شبینانه و ڕادیکاڵ. ژیانی جه‌لال مه‌له‌کشا به‌و گۆڕانکارییه مێژووییانه‌وه گرێی خواردووه که له به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌رکی مێژوویی خۆیاندا ناکام که‌وتوون. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م شکسته دۆخێکی قه‌یراناوی له ژیانی شاعیردا پێکهێناوه که به‌ره‌و ڕه‌وتی ڕۆمانتیسیزمی ڕه‌شبینانه و ڕادیکاڵ ڕایناوه. شاعیر هه‌روه‌ها له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌ده‌بی ئێگزیستانسیالیستی فه‌ره‌نسیدایه که به‌شێوه‌یه‌ک له لایه‌ن ژان پۆل سارتر (١٩٨٠-١٩٠٥) و ئالبێر کامۆ (١٩٦٠-١٩١٣) نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرێت. نیهیلیزمی ئه‌ده‌بیی کامۆ وه‌سفی دۆخێکی بێ‌واتا و تراژیک ده‌کات که تێیدا مه‌ودای هه‌رگیز تێنهپهڕیوی نێوان مرۆڤ و جیهان، مه‌ودای نێوان خولیاکانی مرۆڤ و ناکارامه‌ییه‌کانی جیهان له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و خولیا و ئاره‌زووانه‌دا، بۆشایی و پووچی به‌رهه‌م ده‌هێنێت. قاره‌مانی تراژیکی کامۆیی که له فیگۆری “سیزیفووس”دا خۆی ده‌نوێنێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له به‌ستێنی شکست و ڕه‌نج و ئازاردا پێ هه‌ڵده‌نێ به‌ڵام چاره‌نووسی تراژیک قبووڵ ده‌کا و هه‌وڵئه‌دات به‌رهه‌ڵستی ئه‌و چاره‌نووسه شۆڕش به‌رپا بکات. فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌بزۆرد لای کامۆ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕواڵه‌تێکی نامۆئاسا و بێواتای هه‌یه به‌ڵام له ڕه‌وتی ناسینی به‌تاڵی و وه‌رگرتنی به‌تاڵییه‌وه به‌ره‌و به‌رهه‌ڵستکاری و بهرهرووبهڕووبوونهوه به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی به‌تاڵی پێ هه‌ڵده‌نێ. که‌وایه سیزیفووس لای کامۆ قاره‌مانێکی به‌خته‌وه‌ره که وێڕای ئه‌وه‌ی به‌بێ هیچ هیوادارییهک گاشه‌به‌ردێکی به‌زۆره‌ملێ له کۆڵ نراوه به‌ڵام چاره‌نووسی خۆی له ئامێز گرتووه و به‌رده‌وام له هه‌وڵی ڕۆیشتن به‌ره‌و لووتکه‌دایه. جه‌لال مه‌له‌کشا له به‌رهه‌مه شیعرییه‌کانیدا به‌گشتی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئهبزۆردیزمی کامۆییدا ده‌چێته پێش و زۆرجاریش به‌شێوه‌یه‌ک دژوازانه ڕه‌وایه‌تی تراژیکی کامۆیی ده‌گێڕێته‌وه. وشه و ئیماژه‌کانی دۆزه‌خ، تاراوگه، ته‌نیایی، دیوار، زیندان، حه‌سره‌ت، مهرگهجاڕ، غوربه‌ت، تراویلکه و… گوزارشت له ئهبزۆردیزمێک ده‌که‌ن که دانی به بێ‌واتایی و دۆخی مه‌رگه‌ساتباری مرۆڤی مهرگئاژۆدا ناوه، به‌ڵام سه‌ری ته‌سلیم بۆ «خودا-زلهێزه‌کان»ی ژیان دانانه‌وێنێ و به‌بێ هیچ هیوایه‌تێک به‌رهه‌ڵستیان ده‌بێته‌وه.
«- له شه‌قامه چۆڵه‌کانی ڕۆحی خۆمدا، سه‌رگه‌ردانم/ وه‌ک شه‌پۆلێکی یاخیم و له ده‌ریای خۆم هه‌ڵبڕاوم/
هیچ به‌نده‌رێک باوه‌شم بۆ ناکاته‌وه/ ئێستا، لێره، شاعیرێکم زامه‌کانم ده‌هۆنمه‌وه/ گۆرانیبێژێکی ته‌نیام و/ له شه‌وێکی بێبواردا…/ دهنکدهنک خه‌مه‌کانم ده‌نووسمه‌وه…
«- ئه‌م سه‌رده‌مه/ چه‌رخی ده‌رده/ سه‌رده‌می ته‌نیایی ئینسانه/
… تۆ نازانی/ له کام لاوه/ له دۆزه‌خی ته‌نیاییدا/ لاشه‌ت دابێژدابێژ ده‌که‌ن!
«- ده‌ستم لێ هه‌ڵگره من خه‌ڵکی دنیا نیم…
«- شکاوه شکاوه/ به‌له‌می نه‌جاتم شکاوه…
«- له هه‌موو لاوه…/ ڕووباری خوێنه/ ده‌ڕژێته ده‌ریای قووڵی سه‌ده‌ی بیست/ ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤ به‌سراوه/ له‌م کهویرهدا/ شه‌که‌ت و ماندوو/ ڕوو له هه‌ر لایێ ده‌که‌ی سه‌رابه…»
(مه‌له‌کشا، زڕه‌ی زنجیری وشه دیله‌کان)
مه‌له‌کشا له‌م شیعرانه‌دا دۆخی تراژیک و تراویلکه‌ئاسای ژیان ده‌نوێنێته‌وه و به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌شبینانه و به‌بێ هیچ هیوادارییهک باسی شکست و داڕووخانێکی بنه‌مایی و ههستیناسانه ده‌کات که تێیدا ڕزگاری و سه‌رکه‌وتن مه‌حاڵ ده‌نوێنێت. به‌ڵام وه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ئهبزۆرددا ئاماژه‌مان پێدا، مرۆڤی تراژیک به سه‌ر پانتایی شکستدا هه‌ڵده‌به‌زێ و ته‌نیا له قووڵایی ئه‌و دۆزهخهدایه که هه‌ست به بوونی خۆی ده‌کات:
«- من ته‌نیا له‌م دۆزه‌خه‌دا/ هه‌ست به بوونی خۆم ده‌که‌م و ئارام ده‌گرم!
«- ژیان خاچێکی گرانه/ من، وه‌ک عیسا/ به‌ره‌و گردی یاخیبوونم/ کێشی ده‌که‌م!/
یان گاشه‌به‌ردی تاوانه/ من وه‌ک سیزیف/ له بناری منداڵییه‌وه/ هه‌تا لووتکه‌ی مه‌رگی ده‌به‌م!
[تاوانیشم ئاورێکه/ له خواکانی زه‌وی ده‌دزم/ به مرۆڤی پێشکه‌ش ده‌که‌م]/ هه‌زار ساڵه ئه‌م هه‌ورازه تووشه ده‌بڕم/ [هه‌ر داڵ دێت و جه‌رگم ده‌خوات]/ به‌ڵام شادم/ که سه‌رئه‌نجام له جولجوتای عیشقا ده‌مرم.»
(مه‌له‌کشا، هه‌مان)
ئانتالۆژیای گرۆتسک و نامۆنوێنی مه‌له‌کشا، ژیان وه‌کوو تراویلکه‌یه‌ک وێنا ده‌کا که نه‌ته‌نیا ده‌ستپێڕاگه‌یشتوو و هه‌رمان نییه به‌ڵکوو مه‌ترسییه‌که له نێوان ڕووداوه‌کاندا ڕوو ده‌دات و له ده‌وری مه‌داری مردن‌دا ده‌سووڕێته‌وه:
«- چاوه‌ڕوانین/ هه‌موو کاته‌کانی ژینمان/ چاوه‌ڕوانی ڕووداوێکین/ ڕووداوه‌کان ڕوو ده‌ده‌ن و/ ئێمه هه‌روا چاوه‌ڕوانین/ [مه‌ودای نێوان ڕووداوه‌کان مه‌ترسییه]/ له‌دایکبوون، ڕووداوێکه/ مردن ڕووداوێکی دیکه/ ژین مه‌ترسیی نێوان ئه‌و دوو ڕووداوه‌یه!» (مه‌له‌کشا، هه‌مان)
ڕۆمانتیسیزمی ڕه‌شبینانه‌ی مه‌له‌کشا، «ئێستایی» له زه‌مه‌نێکی تێپهڕیو و له‌ده‌ستچوودا ده‌دۆزێته‌وه و تاسهبێژیی خۆی بۆ قۆناغێک که بزر بووه و سه‌رده‌مانێک که نادیار که‌وتووه ده‌رده‌بڕێت. مه‌له‌کشا له شیعره‌کانیدا زه‌مه‌نێکی نه‌وه‌ستاوه و تێپهڕیو ده‌نوێنێت که له ڕه‌وتی بێگهڕانهوهیدا هه‌موو شته بایهخمهندهکانی ژیان وه‌کوو ته‌مه‌ن، کات و جوانی تووشی مه‌رگ و فه‌وتان ده‌کات و له پاش خۆی ته‌نێ ڕایه‌ڵه‌ی حه‌سره‌تێکی نادیار به‌جێ ده‌هێڵێت. حه‌سره‌تی ژیانێکی په‌پووله‌یی و کاتی که گیرۆده‌ی تهمهنکورتیی و هێرشی بێوچانی نه‌مانه، له‌گه‌ڵ نوستالژیای سه‌رچاوه و زێد و هه‌روه‌ها سه‌رده‌می ئازادی و سه‌ربه‌ستی یه‌ک ده‌گرن و وێنه‌یه‌کی حهسرهتبار له ژینی نه‌مان به‌رهه‌م ده‌هێنن:
«- له ئاقاری بێبواری ئه‌م زیندانه/ کات مشکێکه و ته‌مه‌ن ده‌جوێ/ شه‌و دره‌نگه/ زیندانی چاو له کاتژمێر/ بێده‌نگ ده‌نوێ…
«- خه‌ریکه ڕێ ته‌واو ده‌بێ/ زۆربه‌ی زۆرم لێبڕیوه/ ڕۆژژمێری سه‌رمێزه‌که‌م هه‌تا دێ که‌م ده‌بێته‌وه/ په‌نجا په‌ڕه‌م لێ دڕیوه/ هاکا وتیان ئه‌سپه سه‌رشێته‌که‌ی زه‌مان/ «جه‌لال مه‌له‌کشا»یشی گلان…
– به زنجیری ته‌مه‌ن له ئه‌م گۆڕخانهدا دیل کراوم/ هاوار ئه‌که‌م/ تاسه‌یه‌کی لێوشهقارم/ تینوو، تینوو، له‌م که‌ویره به‌جێ ماوم/ بۆ سه‌رچاوه‌م بگێڕنه‌وه/…» (مه‌له‌کشا، هه‌مان)
ئهبزۆردیزمی ڕه‌شبینانه و تهریکخوازانهی مه‌له‌کشا له «ژین-جیهان»ێکی تایبه‌تدا ڕه‌نگ و ڕواڵه‌تی جیاواز به‌خۆوه ده‌گرێ و بوار و ئاراسته‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه و ئه‌مه‌گدارانه ده‌بڕێ. دۆخی مێژوویی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و زاڵبوونی گوتاری ڕابوون و به‌رخۆدان، خه‌م و خه‌فه‌ته‌کانی شاعیر له ئاستێکی تاکه‌که‌سییه‌وه به‌ره‌و ئاقارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ڕاده‌نێ و ته‌ڤڵی ئه‌ده‌بی به‌ڵێندار و به‌رگریی ده‌کات. شاعیر له بێ‌واتایی ئهبزۆردهوه به‌ره‌و واتاخوازییهکی هیومانیستی پێ هه‌ڵده‌نێ و سه‌ره‌ڕای دووپاتکردنه‌وه‌ی هاواره‌کانی زامی ده‌روون و دڵه‌ڕاوکێکانی ڕۆحی ماندووی، دروشمێکی دهروهستخوازانه هه‌ڵده‌بڕێ و مه‌شخه‌ڵی پرۆمتیووسی بۆ ڕزگاری مرۆڤ و هه‌روه‌ها نیشتمانی کوردستان به‌رز ده‌کاته‌وه. شاعیر له ڕابوونی بێمهبهستی «کامۆیی»یه‌وه که هه‌وڵ بۆ «که‌مکردنه‌وه‌ی وه‌همی واتا» ده‌دات به‌ره‌و شۆڕشێکی بهڵێندارانهی «سارتری» زمان ده‌گۆڕێ و به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆری، له سه‌ر ئازادی و ئاکاری به‌ڵێندار پێداگری ده‌کات.
«- قه‌ڵه‌مه‌که‌م/ له به‌رانبه‌ر چی سوڵتان و فه‌رمانڕه‌وا و داگیرکاره/ کڕنۆش نابات.
«- وه‌ک قه‌ندیل و هه‌ڵگورد و پیره‌مه‌گروون/ سه‌ری به‌رزم دانانه‌وێ بۆ گه‌ردوون.
«- هاوارم کرد: من شاعیری چهوساوانم/ هه‌زار کوانووی پڕ له ئاگر/ شیعره‌کانم ناسووتێنێ/ گۆمی گه‌نده‌ڵ که‌ی ئه‌توانێ/ چیای هاوار له ناو خۆ‌یا بخنکێنێ؟
«- چیا ده‌بێ، له ده‌روونیا/ بچریکێنێ لووله‌ی تفه‌نگ/ ئه‌وینداران بۆ ئازادی/ له سه‌ر دوندی/ بڵێن قام و به‌سته و ئاهه‌نگ.
«- شیعرێک بڵێ بۆ هه‌ژاران ببێ به چه‌ک.» (مه‌له‌کشا، هه‌مان)
سه‌ربزێوی و کۆڵنه‌دانی شاعیر له ئاست خودا-زلهێزه‌کانی گه‌ردووندا، ڕۆمانتیسیزمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م ده‌هێنێ که له ڕه‌وایه‌ته ئوستووره‌یییه‌کان و هه‌ره‌ها ئیماژه‌کانی سروشت بۆ ده‌ربڕینی خواست و خولیای شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. شاعیر له جه‌سته جیاوازه‌کانی پرۆمتیووس، سیزیفووس، قه‌قنه‌س، عیسا و حه‌لاجدا ده‌رده‌که‌وێ تاکوو خه‌بات و خۆڕاگریی بێوچانی له‌هه‌مبه‌ر جه‌للاد و دیکتاتۆره‌کانی مێژوودا به ده‌نگێکی به‌رز و نه‌به‌رد بنوێنێته‌وه و ژیانه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ڕه‌وتی ئازادیخوازی و ئهوینپهرستی له پاش هه‌ر شکست و ههرهسلێکهوتنێک ڕابگه‌یه‌نێت. شیعری ناوبانگدهرچووی «داستانی داره‌پیره»، هه‌م وێنه‌یه‌ک له کێشه‌ی مێژوویی خه‌یانه‌ت و براکوژی له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌ده‌سته‌وه ئه‌دات و هه‌م له سه‌ر ئیراده‌ی دیۆنیزۆسی و قهقنهسئاسای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و ژیانه‌وه‌ی دووباره له مێژووی گه‌لی کورددا جه‌خت ده‌کاته‌وه.
«- داره‌پیره: من نامرم/ له ناو خوێنا ئهژیێمهوه/ وه‌ک چووزه‌ره و چرۆ له سه‌ر کۆته‌ی خۆما ده‌ڕوێمه‌وه …کاتێ چوومه سه‌ر مه‌زاری داره‌پیره/ به چاوی خۆم ئه‌وه‌م بینی [دیتم ڕواوه له سه‌ر کۆتی]/ گۆپکه و چووزه‌ی چه‌تری تازه!
«- من قهقنهسم/ له ئه‌فسانه و له مێژوودا ناوم هه‌یه/ گه‌ر بمکوژن هه‌زاران جار/ من خۆڵه‌مێش ئه‌که‌م به هێلانه‌ی هاوار.» (مه‌له‌کشا، هه‌مان)
ڕۆمانتیسیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی له زۆر شوێنی شیعره‌کانی مه‌له‌کشادا به سه‌ر ئهبزۆردیزمی تهریکخواز و ناچالاکدا زاڵ ده‌بێت و به ئارمانج و مه‌به‌ستێکی پیرۆز، بۆشایی و بێ‌واتایی بنه‌مایی ئه‌م که‌ونارایه پڕ ده‌کاته‌وه. نیشتمان ئه‌و گشته ته‌واوکۆ و ئه‌و ئۆبژه ئایدیالهیه که هه‌موو ئاوات و حه‌سره‌ته‌کانی شاعیر له خولگه‌ی ئه‌ودا ده‌سووڕێته‌وه و هه‌رچه‌شنه ئۆخژن و ئۆقرهگرتنێک له ڕزگاری و سه‌ربه‌ستی ئه‌ودا پێناسه ده‌کرێت. مه‌له‌کشا له وهسییهتنامهی شیعریی خۆیدا دۆنادۆن و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاش مه‌رگی خۆی بۆ جولجوتای نیشتمان، به‌م چه‌شنه ڕه‌وایه‌ت ده‌کات:
«- گه‌ڕانه‌وه
گه‌لی یاران!/ کاتێ مردم، ده‌خیلتان بم/ له‌م غه‌ریبستانه مه‌منێژن/ جه‌سته ماندووه خهمڕێژهکهم بسووتێنن/ خۆڵه‌مێشه خه‌مباره‌که‌م/ به ئاوی دیجله بسپێرن/ دیجله ده‌مبا بۆ ئه‌قیانووس/ ده‌بمه هه‌ڵم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ئاسمان/… داده‌بارێم، تۆزقاڵتۆزقاڵ/ ژیله‌مۆی دڵ، دابه‌ش ده‌که‌م/ به سه‌ر هه‌موو کوردستانا.»
مه‌له‌کشا ئه‌گه‌رچی به‌گشتیی کاریگه‌ریی هه‌ندێ له شاعیرانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌کوو هێمن و سواره‌ی پێوه دیاره به‌ڵام له باری فۆرم و زمانی شیعرییه‌وه ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی سێکوچکه‌ی شیعری باشوور واته په‌شێو- هه‌ڵمه‌ت-شێرکۆ و ڕۆمانتیسیزمی ئه‌وان به زمانێکی ئاسایی و ساکار و له شێوازێکی تاکخوازانهدا ده‌ئه‌زمووێت. شاعیری «زڕه‌ی زنجیری وشه دیله‌کان» به درگاکردنهوه له ئه‌زموونی شاعیرانی ڕوانگه له باشووری کوردستان و هه‌روه‌ها که‌ڵکوه‌رگرتن له ئه‌زموونی نوێخوازیی شاعیرانی ئه‌ده‌بی فارسی: شاملوو، ئه‌خه‌وان و که‌سرایی، ئاستی ڕه‌وتی نوێخوازی له شیعری کوردیی ڕۆژهه‌ڵاتدا چه‌ند قۆناغ ده‌باته پێشه‌وه و ڕێگا بۆ شاعیرانێک وه‌کوو مارف ئاغایی، ژیلا حسه‌ینی و ڕه‌حیم لوقمانی ئاوه‌ڵا ده‌کات. مه‌له‌کشا تا ڕاده‌یه‌ک زاراوه‌ی شیعریی خۆی له ژێر باری ڕیتم و کێشی زاراوه‌ی موکریانی ڕزگار ده‌کات و له ڕێگای به‌کارهێنانی هه‌ندێ نیشانه‌ی سه‌ر به زاراوه‌ی ئه‌رده‌ڵانی، ڕێگا بۆ ساکاربێژییهکی ههمووانهکی ئاوه‌ڵا ده‌کات. ئه‌گه‌رچی له زۆر شوێندا ڕادیکاڵیزمی ساکاربێژانە، زمانی شیعریی له زمانی ئاخافتن نزیک ده‌کاته‌وه به‌ڵام هاوکات وه‌کوو خه‌سارێک، ڕه‌هه‌ندی پۆیهتیک و شاعیرانه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی مه‌له‌کشا تووشی دابه‌زین ده‌کات. فره‌ڕه‌نگی و چه‌ندڕه‌هه‌ندیی ده‌سته‌واژه و وشه شیعرییه‌کانی مه‌له‌کشا له ئاست شاعیرانی تر تا ڕاده‌یه‌ک نزمتره(که ئه‌مه‌ش پاساوی خۆی هه‌یه) و ئه‌مه‌ش وای کردوه که دووپاته و لێکچوونێکی زه‌ق له زۆربه‌ی ئیماژ و ئاماژه شیعرییه‌کانیدا ببینرێته‌وه. مه‌له‌کشا به زمانێکی ساکار هه‌وڵ ئه‌دات زمانی بێپێچوپهنای خه‌ڵکی کووچه‌وکۆڵان بکا به ده‌ربڕینی شیعریی و هاوکات ڕه‌نگی میتافۆر و هێمای ئووستووره‌یی له سه‌ر بنه‌خشێنێت. هه‌روه‌ها هه‌وڵ ئه‌دات به ئامێته‌کردنی ڕۆمانتیسیزمی تاکخوازانه و کۆمهڵڕێبازانه، گوتاری شیعریی تایبه‌تی خۆی بهێنێته ئاراوه؛ گوتارێک که ئانتالۆژیای ئه‌بزۆرد له ئه‌ده‌بی به‌ڵێندار و به‌رگریدا ڕۆ ده‌بات و شاعیرێکی نیشتمانی و زمانێکی خه‌ڵکی به ئه‌ده‌بی کوردی پێشکه‌ش ده‌کات.
«- حه‌سره‌ت
ئه‌ی ڕێبواره غەریبهکه!/ به‌م لا و به‌و لا/ چاو مه‌گێڕه/ خێڵ ڕۆییوه/ ته‌نیا جێگه‌ی کوچکئاورێک
به‌جێ ماوه له‌م هه‌واره/ ئه‌م گه‌رداڵه/ ته‌پوتۆزی خۆڵه‌مێشی یاده‌کانه/ ئه‌و چنووره کێویله‌یه/ بۆی ده‌گه‌ڕێی/ ئێستا گوڵێکی ده‌سته‌مۆی/ نێو گوڵدانی خه‌ڵکی شاره.» (مه‌له‌کشا، هه‌مان)
داگرتنی PDF