پێداچوونەوەیەک بۆ دیوانی نالی
(شەرح و لێکدانەوەی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕڕیس)
جەعفەر قارەمانی
کورتە
لەناو هەموو نەتەوەکاندا، ئهدهبى کلاسیک وەک بناغەیەکی بەهێز ناسراوە و دەکرێت زۆرێک لە بەسەرهات و ڕاستییەکانی مێژوویی لە ناو ئەم بەشە ئەدەبییە، بەتایبەت شیعری کلاسیک هەڵێنجین. نالی وەک یەکەم پێشەنگی قوتابخانەی بابان ناسراوە و کارتێکەری لەسەر بەشێکی بەربڵاو لە شاعیرانی دوای خۆی بووە. پێش ساغکردنەوە و لێکدانەوەی دیوانی نالی لە لایەن مامۆستا مودهڕڕیس، کۆمەڵێک لێکۆڵەر هەوڵی ساغکردنەوەی دیوانی نالییان دابوو، بەڵام سەرەڕای هەوڵی شیاوی ئەو مامۆستایانە، هێشتا ناتەواوی و هەڵە لە شیعرەکانی نالیدا بابەتێکی دیارە. ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە هۆی دەرخستنی چەند هەڵەیەکی ڕێنووسی شیعری نالی لە ئاستی وشەدا بووە. بەشێک لە هۆکارەکانی بوونی هەڵەی ڕێنووسی دیوانی نالی بریتین لە: هاوشێوەیی و نزیکی شێوەی ڕێنووسی بەشێک لە پیتەکان وەک:ک،گ، و هتد، و ئەو پیتانەی جیاوازییان تەنیا لە نوختە دایە وەک: «ب، پ، ت و هتد»، خراپ خوێندنەوە و هەڵە بێژە کردنی وشە بیانییەکان لە لایەن بنووسانی نوسخەکان کە لە زۆر دێڕدا لێکدانەوەی ناتەواویش لێکەوتۆتەوە. لەم توێژینەوەیەدا بە پشتبەستن بە پێوەری ڕەوانبێژی و زمانی هۆی دروستی وشە ڕاست کراوەکان دەربڕاوە. گرنگترین پێوەر بۆ هەڵبژاردن و لەسەرتر بوونی وشە، یان دەستەواژەیەک بەسەر وشە، یان دەستەواژەیەکی تر لە شیعری کلاسیکدا پێوەری ڕەوانبێژییە و دەکرێت وەک بنەما و پێوانەیەک بۆ ساغکردنەوەی شیعری کلاسیک پێناسە بکرێت. ئەو لێکۆڵینەوەیە جگە لە ڕوون کردنەوی ڕێنووسی دروستی وشە و دەستەواژەکانی شیعری نالی و واتای دروستی شیعرەکان، هۆی دەرکەوتنی وێنە شیعرییەکانی ناوازەش بووە. شیکردنەوەی هۆکارەکانی دروستی وشە و دێڕە راست کراوەکان، لە لایەک دەربڕ و سەلمێنەری مەودای زۆر لە نێوان وتەی شاعیر و بۆچوونی ساغکەرەوەیە و لە لایەکی تر دەرخەری هۆکاری سەرهەڵدانی هەڵە لە خوێندنەوەی نوسخە خەتییەکانی دیوانی نالی بووە.
وشە سەرەکییەکان: شیعری کلاسیک، ساغکردنەوەی زانستی، شیعری نالی.
داگرتنی کۆی وتارەکە
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.