ناساندنی کتێبی «قامووسی زمانی کوردی» بەرهەمی عەبدورەحمانی زەبێحی
عەبدولڕەحمان زەبیحی
کاتێ لە شاری مەھاباد لای مامۆستا گیوی موکریانی دەرسی زمانی فڕەنسیم دەخوێنە سەروکارم دەگەڵ قامووسی فڕەنسی لاڕووس پەیدا کرد و هیوای ئەوەی کە ڕۆژێک زمانی کوردیش قامووسێکی ئاوای هەبێ، هەموو خولیا و خەیاڵاتی پێشووی لە مێشکم ڕاماڵی و کەشتی کەڵکەڵەی زمانەوانیم لە بەندەرگای قامووسا لەنگەری گرت.
ئەگەرچی خەباتی سیاسی نێزیکەی هەموو کات و ساتێکی تەمەنی منی بۆ خۆی داگیر کرد و لە مەڵبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا ڕەتاندمی، بەڵام نەیتوانی بیری قامووسێکی کوردی لە مێشکم بسڕێتەوە، بەڵکوو بیری قامووسی کوردی بۆ قازانجی خۆی، لە خەباتی سیاسی لە ئێران و تووران کردنەکەم کەڵکی وەر گرت.
گەشت و گێڵ لە گەلێ ناوچەی کوردستانی ئێران و ئێراقدا، چاوپێکەوتن و هاونشێنێ و گفتوگۆ دەگەڵ کەسانی سەر بە گەلێ تیرە و هۆز و عەشێرەتەکانی کورد، دەسمایە و سەرمایەیێکی زۆر و زەبەندی بۆ ئەو قامووسەی لە خەیاڵدانی خۆمدا بۆ زمانی کوردیم ڕەچاو کردبوو پێکەوەنا.
سەفەری دوو ساڵ و نیویم (سەرەتای ساڵی ۱۹۵۶ نێوەڕاستی ساڵی ۱۹۸۵) بۆ سووریا و تێکەڵی دەگەڵ کوردەکانی ئەوێ فێرییەکی لە سێ لەهجە بنجییەکەی زمانی کوردی(لەهجەی کرمانجی) کردم و دەرگایەکی گەورەی بۆ چوونە ناو قەڵای قامووس بۆ کردمەوە.
ئەمەی ئێستا دەیبێنن ئەو لاقە کولەیەیە که له سەفەری دوور و درێژی عومرمدا بۆ (سولەیمان)ی نەتەوەی کوردم بە دیاری هێناوە. پێشینیانی کورد گوتویانە:«کاڵا لە قەد باڵایە» و ئەز ناتوانم لەمە ڕەوانتر ببێژم.
ئەگەر ئەم قامووسە لە بن ڕیسمەی دەرگای کەوشکەنی پێشخانەی بارەگای زمانی کوردیدا جێگای ببێتەوە، خۆم بە بەختەوەر دەزانم
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.