کتێبی «دۆزەخ، شانۆ نامەیەک لەیەک پەردەدا» بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: «دۆزەخ، شانۆ نامەیەک لەیەک پەردەدا»، ژان-پۆل سارتەر، وەرگێڕانی لەفەرەنسییەوە: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، چاپەمەنی جەمال عیرفان، سلێمانی ٢٠٢٠.
دوکتۆر نهجاتی عهبدوڵڵا
شانۆنامەی (دۆزەخ)، بە فەرەنسایی(Huis Clos) یەكێكە لە شانۆنامە هەرە دیارەكانی نووسەر و بیرمەند و فەیلەسووفی فەرەنسایی ژان پۆڵ-سارتەر (۱۹۰۵/۶/۲۱-۱۹۸۰/۴/۱۵)، كە لە دوادواییەكەی ساڵی ۱۹۴۳ و سەرەتای ساڵی ۱۹۴۴ لە دەورانی داگیركردنی ئەڵمان بۆ فەرەنسا نووسراوە و هەر لە سەردەمی داگیركردنی ئەڵمانیاش، بۆ یەكەمجار لە ئایاری ساڵی ۱۹۴۴ پێشكەش كراوە. شانۆنامەی (دۆزەخ)، كە سێیەمین كاری شانۆیی سارتەرە لە دوای (باریۆنا) (۱۹۴۰) و (مێشەكان) (۱۹۴۳)، توانی سەركەوتنێكی ناوازە بەدەست بهێنێت. لەكلاوڕۆژنەی ئەم شانۆنامەیەدا سارتەر دەیەوێ لەبارەی (بوون)ی ئینسانیی بدوێت و لەڕێگەی تەنیا سێ كاراكتەری سەرەكی، كە لە سێ ناوەندی جیاوازەوە هاتوون و هیچ كامێكیشیان هەمان چەشە و هەمان بیروباوەڕیان نییە و بریتین لە : گارسین، ئینەس و ئیستێل، كە بە مردوویی لەناو ژوورێكی دەورانی ئیمپراتۆریای دووەمی فەرەنسادا دەژین، ئەم شوێنە هیچ پەنجەرە و ئاوێنەیەكی تێدا نییە و تەنیا یەك دەرگەی هەیە، بەڵام ئەویش لەدیوی دەرەوەڕا كلیل دراوە و بەڕاستی شوێنەكە دۆزەخە و هەموو بەیەكەوە لەژێر یەك بنمیچدا دەژین. كاراكتەرەكان دوو ژن و یەك پیاون. لە ژنەكان یەكێكیان حەزی لە ژنە و ئەوی دیكەشیان حەزی لە پیاوە. ئەم سێ كاراكتەرە پرسیار لە گوناهبارێتی یەكتر دەكەن و جەنگێكی وشە لەگەڵ یەك بەرپادەكەن، واتاكانی مەرگ و ژیان دەگێڕنەوە. شانۆنامەی دۆزەخ لەسەر گریمانەی فانتازی بیناكراوە و كاراكتەرەكان لە یەك كاتدا هەم مردوون و هەم زیندووشن. گارسین گوللە باران كراوە، ئینەس بە گاز خنكاوە و ئیستێلیش بە سییەسووتێ مردووە، بەڵام هەرسێكیان تا كۆتایی شانۆییەكە مردووی زیندوون و ڕووداوەكان لە دۆزەخ و لە دەرەوەی كات و شوێن دەگوزەرێن.
لەم شانۆنامەیەدا سارتەر پێ لەسەر چەند تێمایەكی سەرەكی دادەگرێت: لەوانە تێمای بەرپرسیاریەتی و پێویستی بوونی ئیلتیزامی سیاسیی، كە ئەوانە بۆ ئەو ئەنجامگەلی ڕاستەوخۆی ئازادیین، كە مرۆ لێیانەوە سوودمەند دەبێت. هەروەها تێمای سەربەستی و خراپەكاری: مرۆڤ چی لە ئازادی خۆی دەكات؟ چۆن شكستەكانی خۆی پەردەپۆش دەكات؟ دواجار بڕگەی هەر سەرەكی و خاڵی دیاركراوی شانۆنامەكە ئەوەیە (دۆزەخ: ئەوانی دیكەیە) بەجۆرێك چۆن ڕوانینی ئەوانی دیكە لە یەك كاتدا هەم پێویستە، هەمیش بەرگە نەگیراوە. ئەم بڕگەیە نابێ بەهەڵە لێكبدرێتەوە، سارتەر خۆی لەمبارەیەوە لە دیمانەیەكدا ساڵی ۱۹۶۴ ڕوونكردنەوەی داوە و نووسیویە: ( كاتێك شانۆنامەیێك دەنووسین هەمیشە هۆكاری لاوەكی و ترس و نیگەرانییەكی قووڵ لە ئارادایە. هۆكارە لاوەكییەكە ئەوەبوو كاتێك (دۆزەخ)م لە دەوروبەری ۱۹۴۳ و سەرەتای ۱۹۴۴ نووسی، سێ هاورێم هەبوو و دەمویست شانۆنامەیەكی من بەیەكەوە یاریی بكەن و ئەكتەرەكان تا كۆتایی هەر لەسەر شانۆ بمێننەوە، چونكە دەمووت ئەگەر یەكێكیان بكەمە دەرەوە، ئەوسا ڕەنگە وا بیر دەكاتەوە كە ڕۆڵی ئەوانی دیكە گرینگترە. ئەوە لێرەوە بوو كە بیرۆكەی ئەوەم بۆهات هەرسێ كەسایەتییەكە بخەمە ناو دۆزەخەوە و هەریەكەیان بكەم بە جەللادی ئەوی دیكە. من لەڕێگەی شانۆنامەكەوە ویستم بڵێم (دۆزەخ واتە ئەوانی دیكە). بەڵام ئەمە خراپ لێكدانەوەی بۆ كرا و پێیان وابوو، كە من دەمەوێ بڵێم پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەوانی دیكە هەمیشە ژاراوییە و پەیوەندییەكی دۆزەخییە. بەڵام من مەبەستم بوو شتێكی دیكە بڵێم، كە ئەگەر پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كەسانی دیكە پێچاوپێچ و خەوشدار بوون ئەوسا ئەوی دیكە تەنیا دەبێتە دۆزەخ).
كاراكتەرەكانی شانۆنامەكە:
گارسین: ڕۆژنامەوان و خۆی بە پاڵەوانی ئاشتی دەزانێ، لە كاتێكدا تەنیا ترسنۆكێكە بۆ خۆی، یەكەم كاركتەرە كە دەچێتە ناو دۆزەخ، تاوانەكەی ترسنۆكی و دڵڕەقییە (كە بووەتە هۆی خۆكوشتنی ژنەكەی). لە جەنگی دووەمی جیهانی لە سوپا ڕادەكات و خیانەت لە ژنەكەی دەكات و تەنانەت دۆستەكەی دەهێنێتە ماڵەوەش و خیانەت لە هاوسەرەكەی دەكات. دواتر گوللە باران دەكرێت.
ئینەس: كاراكتەری دوومی شانۆنامەكە فەرمانبەری پۆستە، هاوڕەگەزبازە و تاوانەكەی ئەوەیە مێردەكەی جێهێشتووە و ژیانی خێزانی خۆشەویسترین هاوڕێی خۆی تێكداوە، دواجار بە گاز دەخنكێت.
ئیستێل: لە ناوەندی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووە هاتووە، ئافرەتێكی قژكاڵەیە. بۆ پارە شوو بە پیاوێكی پیر دەكات. دواتر لەگەڵ پیاوێكی لە خۆی بچووكتر پێوەندی خۆشەویستی دەگرێت و پەیوەندییەكە سەرپێیی دەبێت، بەڵام دواتر دۆستە گەنجەكە پێوەی دەبەسترێتەوە. منداڵێكی ناشەرعی لێی دەبێت كە فڕێی دەداتە ناو زەریا و ئەمە وادەكات دۆستە گەنجەكە خۆی بكوژێت. تاوانی ئیستێل فێل لێكردن و مندڵكوژییە. هەرچی خزمەتكارەكەیە لەگەڵ هەموو كەسایەتییەكان دێتە ژوورەوە بەڵام دیالۆگی تەنیا لەگەڵ گارسینە.
ئەم شانۆنامە تا ئێستا حەوت جار لە فەرەنسا خراوەتە سەر تەختەی شانۆ (۱۹۴۴، ۱۹۶۷، ۱۹۷۷، ۱۹۸۱، ۱۹۹۰، ۲۰۰۰، ۲۰۱۲) بەڵام بەقسەی ڕەخنەگر و ڕووناكبیرە فەرەنساییەكان، دەرهێنەر دیدیێ ڤان كاولێرت* لە ساڵی ۱۹۷۷ بەڕاستی هەقی خۆی داوەتە شانۆنامەكە.
پێمخۆشە لە كۆتایی ئەم پێشەكییە كورتەدا لەبارەی ناوی شانۆنامەكە ڕوونكردنەوەیەك بدەم. شانۆنامەكە بە فەرەنسایی (Huis clos) بەبێ ئاگاداربوون لە تێمای شانۆنامەكە بە كوردییەكەی بە واتەی (دانیشتنی داخراو) یان (كۆبوونەوەی نهێنی) پشت پەردە دەگەیەنێت، بەڵام ئەوە بەهیچ شێوەیەک مەبەستی شانۆنامەكە نییە. بۆیە بۆ ناوی شانۆنامەكە بە كوردی زۆر بیرم كردەوە (ماڵی داخراو) (دەرگەی داخراو) یان هەر ڕاست و ڕەوان بیكەم بە (دۆزەخ). لە ڕاستیدا شانۆنامەكە دەکرێ بە (دەرگەی داخراو) و بە (دۆزەخ) یش وەربگێردرێت و ئیشكالیەتەكە لەو تێما فانتازیایەی شانۆنامەكە خۆیەوە سەرچاوە دەگرێ، كە كارەكتەرەكان لە یەك كاتدا هەم مردوون و هەم زیندووشن. بە كورتییەكەی شانۆنامەكە هەم لە دەرەوەی كاتە و هەم لە دەرەوەی شوێنیش. شوێنەكە هۆڵێكی سەردەمی ئیمپراتۆریای دووەمی فەرەنسایە، كە تەنیا یەك دەرگەی تێدایە و لە هەمان كاتیشدا دۆزەخە بۆ خۆی. ئینگلیزەكان بە (No Exit) واتە (دەرنەچوون) یان (دەرچوون قەدەغەیە) وەریان گێڕاوە. لە زمانانی ڕووسی و ئیتالیایی كراوە بە (لەودیو دەرگە داخراوەكانەوە). لەبەر ئەوەی شوێنی پیەسی شانۆنامەكە تەنیا یەك دەرگەی تێدایە، ئەویش دەرگەیەكی داخراوە، بۆیە دروستتر ئەوەیە بە كوردی بكرێت بە (دەرگەی داخراو) یا (دۆزەخ) و هەردووکیشیان زۆر درووستن و واتەی شانۆنامەکە بە کوردیی دەگەینن، بەڵام من دواجار بۆ ئەم چاپە کوردییە (دۆزەخ)م بۆ ناوی شانۆنامەکە بە کوردیی هەڵبژارد، چونکە پاڵەوانەکان هەم مردوون و هەم شوێنەکەش هەر بەڕاستی دۆزەخە بۆ خۆی.
* Didier van Cauwelaert
?بۆ داگرتنی بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.