خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / داستانی فۆلکلۆری لە فۆڕمێکی نوێدا

داستانی فۆلکلۆری لە فۆڕمێکی نوێدا

داستانی فۆلکلۆری لە فۆڕمێکی نوێدا

سەربەست عومەر مەمەندی

کاری نووسەر مەرج نییە، تەنێ گێڕانەوەیی بابەت و ڕووداویی نوێ بێت، بەڵکـــوو دەبێ جار جار ئاوڕێک لە ڕووداوە فەرامۆشکراوەکان و داستانە فۆلکلۆرییەکانیش بداتەوە، بۆ نیگارکێش و سترانبێژێکیش هەمان تشتە.

ڕەنگــە لە ڕێگایی لاوک، حەیران، بەیتە فۆلکلۆرییەکانەوە نەبێ، ناوی گەلێک لە پاڵەوانان نەبیستین، لە بیر و خەیاڵمان باری کرد بێت.

ڕۆمانی(ماینەشێ ستی)ی ”کەریم کاکە” لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.

دەشــێ ئەم ڕۆمانە بە ”ڕۆمانی لاوان” ناو ببەین، بە زمانێکــی سادە پێشهاتەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام سادەییەک نا، زیان بە دەقەکە بگەیێنێت، بەڵکوو زیاتر بەرەو پێشی دەبات.

 ئەڤینی”ستی و کەریم” گیان فیداییان و بە دەستهێنانی ”نەمری”، هەروەها ستەمی ”ئاغا” باسی سەرەکین، بە زەوتکردنی زەوی و سەروەتی وڵاتییان  نەوەستاون، بەڵکوو هەوڵی قۆرغ کردنی کچەکانیش دەدەن.

نووسەر لێزانانە، داستانێکی کۆنی زیندوو کردۆتەوە، لە ڕەش و سپییەوە کردویەتییە ڕەنگاو ڕەنگ، ”ڕۆمان”یێکی نوێی پێ خولقاندووە.

 داستانی فۆلکلۆریی دەگێڕێتە(بەرهەمی سەرزارەکی خەڵک)ە، بە زمانی سادە و ساکار دەگێڕدرێتــەوە، هەمیشە ئەوەیش پاتەوپات دەکرێتەوە ”فۆلکلۆر ناسنامەیی هەر نەتەوەییەکە، چونکە گەل دەیخولقێنێت”.

دەکرێت ئەوەیش بڵێین دەتوانین بە ”کەریم و ستی”یێکی دیکە ناوییان ببەین. لە ڕێگایی چەند گێڕەرەوەیی جوایەز داستانەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە. هەر یەک لە قوژبنێکەوە بەشێکی داستانەکە دەگێڕێتەوە(فرە دەنگی).

لە ڕووی زمانەوە وەگێڕ دەیتوانی جوایەزییەک بە شێوازی ئاخاوتنی گێرەرەوەکان بدات، هەم ”وەرگر/خوێنەر” چێژی زیاتری لە دەقەکە دەبینی، هەمیش چێتر کارەکتەرەکان لە بیری خوێنەر دەمانەوە. ناکرێت ”ڕەگەز، تەمەن، پیشە، شوێنی جوگرافی”بە هەمان شێوە بدوێن، ناکرێ و نەبووە ڕەنگە تەنیا لەلای نووسەری کوردەوە هەبێت!.

‌ گەر سەرنجی چەند ناوچەیەکی کوردستان بدەین، لە چەند کیلۆ مەترێکی کەم، شێوازیی قسەکردنیان زۆر جوایەزە، بۆ نموونە لە باڵەکاییەتی ئاخێوەرانی ”دۆڵــی ڕۆست” زۆر جوایەزن لەگەڵ ئاخێوەرانی ”دۆڵی خانەقا” بۆ ناوچەکانی ژیان و شوێنی شەهید کردنی ”کەریم و ستی”یش هەمان تشتە.

‌ ”پەشێو” لە شیعری (لێت نەگۆڕێ) ئاماژە بە پاڵەوانی داستانەکەمان دەدات، لە پەراوێزی شیعرەکەیشدا دەڵێت:

((ئەستی(ستی) کچە کرمانجێکی دەشتی هەولێرە، لە چلەکاندا لەگەڵ کەریمی ئەویندار دا سەری خۆیان هەڵدەگرن. ………… کەس خۆیان لێ بە خاوەن ناکا، تا لە نێزیک گوندی حەسارۆکان هەردووکیان، بە دەستی بابی ئەستی و ئاغاکەی، شەهید دەکرێن، گەلێک لاوک و حەیرانیان پێدا هەڵگوتراوە).

((…………..

بە تۆی دەڵێم:

من چیاییم

خەڵکی شاری (ئەستی) کوژەم…

هەموو ڕۆژێ

خوێنی زینێک لە خەنجەر دادچۆڕێ

گەر دێیتە لام، وریای خۆت بە.

خۆشت نەوێم، لێت نەگۆڕێ!))

 

نووسەر لەم ڕۆمانە دا، ئەرکێکـــی گەورەی بەجێهێناوە، خۆیی داوەتە بەر کارێکی سەخت، چونکە بنیاتنانەوەی شتی کۆن گەر لە خۆیی چێتر نەبێ، کارەساتی بەدواوە دێت!

گەر ئاوڕێک لە مێژوویی ئەدەبی کوردی بدەیینەوە، دەبینین (پیرەمێرد) سەرقافڵەیی ئەو نووسەرانەییە، ڕووداویی مێژوویی، بەیتی فۆلکۆری تێکەڵی چیرۆک کردووە، لە ڕێگایی ئەم ژانرە، لە فەوتان ڕزگاری کردووە، نەمری پێ بەخشیووە.

 

زیرەکانە ”بەستە، لاوک، لاوانەوە، حەیران”ی تێهەڵکێشی ڕۆمانەکە کردووە، جگە لەوەی چێژێکی زێتر بە خوێنەر دەدات، زیندووکردنەوەی ئەو دەقە کۆنانەیشــە و لە بیرو خەیاڵی تاکـــی کورد نەماون.

((ستی رووی خۆی لێ شووشت و

رەشی کرد چاوی کاری

هێ کچێ، چاوان مەشۆ

جوانەکی زۆر نازداری

مەمکۆرەت کارکە سێوە

……….تاد))ل٣٧

((هایێ، هایێ، هایێ

سەد جار لە من هایێ

لە بەڵای ناگەهان لە گەفان،

لە سووندان و لە قورئان، هایێ

……تاد))ل١٦٢

((……….

ماینەک هات، ماینەشێیە

دڵ بە سوێیە

وەک باز دەفڕی

وەک ژن دەگری

خوێنی کەریم و ستی، بە یال و شانەوە

هاوارتە لە من

لە چاوانی دێ فرمێسکی خوێنین، سێ رێز سێ رێزە…)) ل٢٤٩.

 

لە ڕێگایی کارەکتەرێک ”داستاننووس” بە چەند بەشـــی جیا، پێشهاتەکان دەژنەفێت و یاداشتیان دەکات، ((بنووسەوە داستاننووس بنووسە، داستانی خوێن بنووسەوە، شاربزر بنووسەوە.))ل٢٤٥

((داستاننووس تۆ چۆن دەتوانی، هاواری من و حیلەی ماینەشێ بنووسیەوە))ل٢٤٧

لەم دەقەدا گەر دابڕانێکی ناچاری نەبێت، خوێنەر ناتوانێت دەست لە خوێندنەوە هەڵبگرێت، تاوەکوو دوماهی پەڕ، چونکە بەشێوەیی فیلمێکی ئەکشن، گوێت لە تاق و تروقی گوولە دەبێ، وەکوو ڕۆمانی(بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە)ــی ”ماریا  ڕێمارک”  دەبێ جار جار سەری خۆت لابدەیت، نەوەکوو گوولەییەکت پێ بکەوێت.

جگە لە شێوازی گێڕانەوە، سنوودارکردنی هەندێ زانیاری و بۆشایی دانان لە کاتی ئاخافتنی کارەکتەرەکان، خوێنەر ناچار دەکات، چاو کراوەتر بێت، بەدوایی حەقیقەتی ڕووداوەکە بگەڕێت، حیساب بۆ فاریزەیێکیش بکات و هیچ وشەییەک پشتگوێ نەخات.

((نا، کچەکەی من هەڵە ناکات، دێت، سبەی،……،برایمۆک……خوێنی…… یان سەرکارەکەیە ……ماینەشێ……..درۆناکات، هەڵە……))ل١٢.

گەر سەرنجێکی ورد لە تەواویی دەقەکە بدەین دیالۆگێکی وەسا نابینین، (من)ی خوێنەر ڕابگرێت. بێدەنگیەک بەسەر تەواویی”دیالۆگ” و بەشێک لە گێڕانەوەکە زاڵـــە، ڕەنگە ”نووسەر”یش لەسەر هەمان باوەڕ بێت”نەگووتنی زۆر شت، چێترە لە گووتنی” بۆیە لە زۆربەی زۆری کۆتایی دیالۆگەکان (…)دەبینین.

هیواخوازم خوێنەران’ماینەشێی ستی’ بخوێننەوە، شتی جوایەزی لێ بدۆزنەوە.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕۆمانی «چوار وەرز و ساڵێک» بەرهەمی خالق تەوەکولی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *