زەردەخەنە
عەزیز وەلیانی
ماری ئانتوانت هاوژینی لویی شازدەهەم، لە بەرهەیوانی کۆشک و بارەگای ئیمپراتور، بێ خەم و خەیاڵ، دەیڕوانی. لەپڕ چاوی کەوت بە ئاپۆرەی بێئەژماری ئاتاج و بێئەنوایان کە لەبەر دەم نانەواخانە بە ڕیز هەڵوێستاون تا بڕەنانێکیان بەرکەوێ. ئانتوانت لە ڕووی نەفامی و بێئاگایی لە بارودۆخی خەڵکی فەڕانسە، ڕووی لە پێشخزمەتەکانی کرد و گوتی:” ئەرێ خەڵک بۆچی لە بری نان ”کیک” ناخۆن؟!!
بەڵێ! خەڵکی فەڕانسە کە لە زوڵم و غەدری لە ڕادەبەدەر و گەندەڵیی بێسنووری حاکمان، تەواو وە زاڵە هاتبوون، بە تێکڕایی کەوتنە خۆ و شۆڕشی مەزنی فەڕانسەیان وەڕێ خست.
لە ساڵی ۱۷۹۳ زایینی، بنەماڵەی ئیمپراتور کەوتنە بەر لافای شۆڕش. لەو ساڵەدا ماری ئانتوانت لە مەیدانی کۆنکۆردی پاریس، ملی کەوتە بەر تیغی تیژی “گیۆتین” و سەریان پەڕاند.
ئێستا پاش تێپەڕینی ۲۲۷ ساڵ لەم ڕووداوە، یەکێ لە بەرپرسانی وەزاڕەتی بازرگانی، پاش گرانی لە گرێژنەدەرچووی نرخی مریشک دەفەرمێ: “وا باشە خەڵک لەمەودوا لە جیاتی مامر ڕوو بکەنە خواردنی ماسی.”!!
ماری ئانتوانت و بنەماڵەکەی، تووک و نزا و ویست و هاواری خەڵکیان قەت نەبیست. تۆ بڵێی…
***
لە کتێبی ”رستمالتواریخ”دا هاتووە: پەیتاپەیتا هەواڵی بەدفەڕی و لاساریی سەربزێوان لە مازندەران، بەرگوێی خاوەندەسەڵاتی پایەبەرز کەریمخانی زەند دەگەیشت. بەڕێزیان فەرمانی دا بە ”زەکیخان”ی بێڕەحم و دڵڕژد تا شەڕفرۆشانی کەللەڕەق و زاڵمانی ئەوێندەرێ دمکوت و تەمێ بکا تا دامرکێن و ناوچەکەیان بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی زەندییە.
خاوەنشکۆ (کەریمخان) گەلێ جار دەیدیت و دەیبیستەوە کە زەکیخان سەری بە نوێژانەوە چووە و وەک بڵێین سەری بچێ نوێژی ناچێ. شەونوێژ دەگێڕێتەوە و خۆ دەپارێزێ لە ئاکاری دژ بە شەریعەت و دین!
“زەکیخان”ی ڕیاباز بە لەشکرێکی پۆشتە و تەیار، لەگەڵکوو گەیشتە مازندەران، سەرەتا ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی بەدەسەڵات و گوێلەمست و لایەنگری خانەدانی ”زەندییە”ی کۆ کردنەوە کە لە نێویاندا، ڕێزدار “حوسێنقوڵیخان” بەرچاوترینیان بوو. زەکیخان بۆ نیشان دانی زەبروزەنگی خۆی، بێ بڕوبیانوو بە ئازار و ئەشکەنجەی بێ ئامان هەموویانی خستنە بەر تیغی تیژی شیر و دەبان و قەڵتوبڕی کردن.
کەسێک گێڕایەوە: ”خۆم لە وێ بووم کە هەشتا کەس لە خەڵکی “چاردەکەلاتە”، دەستبەستراو و داماو هێنایەنە خزمەت ئەو پیاوە دڵڕەقە. ڕووی لە جەللاد کرد و گوڕڕاندی کە سەری گشتیان بپەڕێنێ! جەللاد کە سەری چوارانی لە لەش جیا کردەوە، دەست و قاچی کەوتنە لەرزین و شیر لە دەستی کەوتە خوار. “زەکیخان”ی بێبەش لە ڕوحم و بەزە، کەوتە خۆ و دەستیدایە شیری خوێناوی جەللاد و بە تەنیا دایانگژایە و سەری حەفتا و شەش کەسی تری پەڕاند و ئەو شوێنە دارماڵ بوو لە پڕیشک و جەڵتەی خوێن.
کە هاتەوە سەر تەختی خونکاری، دای لە قاقای پێکەنین و بە خۆیدا هەڵدەکوت. کاتی نوێژ بوو، هەستایە پێ و دەستنوێژی هەڵگرت و نوێژی دابەست و پاشان کەوتە نزا و پاڕانەوە و مناجات.
کاتێ هەواڵی وردەکاری دەستکیسی و جەردەیی و کرداری نامرۆڤانەی “زەکیخان” لە بارەگای خاوەنشکۆ دەنگی دایەوە، دەستبەجێ، پایەبەرزی دلۆڤان، ڕایسپارد خێرا بێتەوە بارەگا.
کاتێ خستییە بەر پرسیار و جواب کە بۆچ ئەم کوشتارەت وەڕێ خست و بە فەرتەنە و پیلان وا بەدناومان دەکەی؟ زەکیخان هاتە جواب و گوتی: من خوڵقاوی خوێنم و چێژ و خۆشیی من لە خوێن ڕشتنە. تۆ کە واتدەزانی بۆچ منت دەستنیشان کرد؟ خاوەنشکۆ لە وڵامدا فەرمووی: ئاخر من بە سەهوو چووم و فریوی ئەم هەمووە نوێژ و تاعەتەی تۆم خوارد!!
سهرچاوه: گۆڤاری مەهاباد