خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / گوتارسازی مرۆڤی پرۆبلێماتیک لە ” ئەلف/ یا” دا

گوتارسازی مرۆڤی پرۆبلێماتیک لە ” ئەلف/ یا” دا

گوتارسازی مرۆڤی پرۆبلێماتیک لە ” ئەلف/ یا” دا

خوێندنەوەی رۆمانی “ئەلف/ یا” ی رەزا عەلیپوور

 موراد ئەعزەمی

رۆمان، دەقێکی ئەدەبی رەوایی سەر بە قۆناغی مۆدێرنە، کە لە دۆن کیشۆتی سێروانتسەوە تا ئێستا، گۆڕانێکی زۆری لە فۆرم و ناوەرۆک دا بە خۆوە دیوە. لە ئەخلاق تەوەری کلاسیزمەکان تا وەسفە وردەکارانەکانی رێیالیستان و، لە سۆزو عاتفەی رۆمانتیزمەکانەوە، هەتا ئەوپەڕواقیعی سوررێیالان و تێکەڵاوی واقیع و خەیاڵی رێیالیزمی جادوویی و، سەیالی زەین و مۆنۆلۆگی دەروونی و کاتی رێژەیی و… وە، هەتا فۆرمی کۆللاژی و شکانی سنووری نێوان ژانرییەوە. لە هەموویان دا ئەوەی هاوبەشە گێڕانەوەی رووداوو دەورگێڕانی کەسانێکە لە دەق دا. بووتیقاو شێوازی جۆراوجۆریش داهێنراون، بە تیۆری و مێتۆدو کەرەسەو تێرمی تایبەتەوە، بۆ خوێندنەوەو رەخنەی دەقی رۆمان.

رۆمان، دەوامی حەماسەتە. گۆڕانی ئەمە. کۆمەڵگا، قارەمانی حەماسەتە، تاک قارەمانی رۆمان(لوکاچ،١٣٨٠). تاکی سەرهەڵداو لە هەناوی غەوارەبوونی مرۆڤی مۆدێرن لەگەڵ جیهانی دەرەوە. مرۆڤێک کە لوکاچ ناوی دەنێ مرۆڤی کێشەدار( مرۆڤی پرۆبلێماتیک). شاگردی لوکاچ، لوسین گۆڵدمەن، هەر لەسەر ئەو رێچکەو، بە تۆزێ تەوفیرەوە، ئاوا باسی ئەو تاکە دەکات لە هەناوی رۆمان دا:

١. ژیان و پێوەرەکانی، لەبەر دەم کۆڵێک کێشەی بێ چارەسەری دادەنێت.

٢. هەر لە پەراوێزی کۆمەڵگا دەخولێتەوە.

٣. رەخنە دەگریت لە کۆمەڵگاو، دژی دەوەستیت.

کۆمەڵگای مۆدێرن، بە باوەڕی لوکاچ و گۆڵدمەن و گشت مارکسیست و نوێ مارکسیستان، مرۆڤ دەبا بەرەو شت باوی( شیئی وارگی). مرۆڤیش دەبیت بە کاڵایەک و، لە بازاڕی جیهانی مۆدێرن دا، لە نێوان سامان داران دەستاودەست دەکرێت. ئەوە بەسەرهاتی داوود ئامێدی و، دووسەت ساڵ دوایەش، یووسفە، لە رۆمانی ” ئەلف/ یا ” دا.  رۆمان ئەو جۆرە حەماسەتەیە کە بە پێچەوانەی حەماسەت و ئەفسانە، بە دابڕانێکی بێ بڕانەوەی نێوان پاڵەوان و جیهان دەناسرێت. دابڕانی رەهاو پتەو، دەکشێ بۆ لای تراژێدیاو شێعر. نەبوونی دابڕان، یان هەبوونی دابڕانی بەهەڵکەوت، دەگات بە حماسەت و ئەفسانە. رۆمان، کە لە نێوانی تراژێدیاو حەماسەت دا هەڵکەوتووە، زاتێکی دیالێکتیکی هەیە، لەبەر ئەوەی لە لایەک هەڵگری یەک گرتنەوەی بنەڕەتی پاڵەوان وجیهانەو، لەولاشەوە، خاوەنی دابڕانی بێ بڕانەوەیە. یەک گرتنەوەی پاڵەوان و جیهان ئیتر لە حاست بایەخە راستەقینەکان، نیشانەی لەناوچوونی هەر دووکن. دژبەریی نێوان پاڵەوان و جیهان، دەرکەوتەی جووداوازییە لە نێوان هەرکام لەو دوو لەناوچوویە(گۆلدمەن، ١٣٧١: ٢٠-٢١).

داوود ئامێدی و یووسفی نووسەر / ماموستا، بە دوو سەت ساڵ مەودای زەمانییەوە، هەر تک مرۆڤی پرۆبلێماتیکن. ئەگەرچی داوود، لە هەناوی کۆمەڵگایەکی تەواو سووننەتی دا دەژیا، بەڵام کێشەکانی لەگەڵ کۆمەڵگاو دەستەڵات و بارۆدۆخی ژیانی، هەر لە گوێن یووسفە. ئەو دوو مرۆڤە کێشەدارە، بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ کێشەکانییان، پەنا دەبەنە بەر زمان و نووسین و، بە خوڵقاندنی گوتاری خۆیان، هەوڵی دیالێکتیکێک دەدەن لەگەڵ جیهانی لەناوچووی بەرامبەرییان. داوود ئامێدی دەڵێ :

” سبحەینێ ملی رێگە دەگرم و یەکسەرە سوئالێک لە خۆم دەپرسم و جەوابێکم بۆی نییە : ئەم دەورانە چی لە من تەڵەب دەکات کە ناتوانم بیدەمەوە؟ ” ل ١٧٦

یووسفیش ئاوا باسی خۆی و دەوران و جیهان و دیاردەکانی دەکات:

” من ئەوە نیم وا نیشانی دەدەم… هەرگیز نەمتوانیوە ئەوە نیشان بدەم کە هەم… نە خۆشم لە خۆیان دێت نە لە پشیلەکان، نە لە ئەتوار و نە لە ئەو ئامێدییەی وا دەیانهەوێت.” ل ١٦٦ و ١٦٧

جا رۆمان، رەوایەتی ئەو ناڕێکی و پرسیارە بێ وەڵامانەی ئەو دوو کەسەیە، بە خوڵقانی چەندین گوتاری جوودا.

حوسێن پایەندە، لە کتێبی(گشودن رمان) دا، باسی دوو وتەزای سەرەکی دەکات سەبارەت بە چەمکی کردنەوە(گشودن). یەکەم بە روانگەیەکی نیشانەناسانەوە، باس لە دیتنەوەی مەدلوول بۆ دالەکانی دەق دەکا. دووهەم مەبەست ئەو شێوەو تەمهیدانەیە بۆ نووسین و دەست پێکی دەق، بۆ تامەزرۆ کردنی خوێنەر لەبۆ چوونە ناو جیهانی خەیاڵینی رۆمان و، هەنگاوهەڵێنانەوە لەگەڵ کەسایەتییەکانی رۆمان و، سۆراغ گرتنی رووداوەکانی رەوایەت و، هەروا گوورانی پرسیاری لاوەکی(ضمنی)لە یەکەم تابلۆکانی دەقەوە، کە پێکەوە خوێنەر رادەکێشن بۆ بەردەوام بوون لە خوێندنەوەی تامەزرۆیانەی رۆمان دا. خوێندنەوەی چالاکانەی رۆمان، حەوجەی بە هەبوونی زەینێکی پرسیارورووژێن و وت و وێژخوازە.

 بۆ گەیشتن بەو ئارمانجە(وەژوور جیهان و دە ژێر توێژەکانی دەق کەوتن) پێویستە لە لایەک دەق بە لێڵی و دەلالەتە ناڕاستەوخۆکانی پرسیار ورووژێن بیت لە زەینی خوێنەرداو، لەولاش خوێنەری رەخنەگریش دەق باوێتە بەر پرسیاران(وت و وێژی خوێنەر و دەق).

ورووژاندنی پرسیار، دەست پێکی بیرکردنەوەی قوڵ و خزانە دە توێژە نادیارەکانی دەقە. بۆ خوێندنەوەی رەخنەگرانەی رۆمان، شێوازی جۆراوجۆر هەن، وەک:

. شی کردنەوەی کارکردو تایبەتمەندی ئێلێمانەکانی رۆمان وەک: کاراکتێر / گۆشە نیگا / کێشە / بارودۆخ و…

. وتەزاکانی سەربە تیۆرییە نوێکان : نێوان دەقی / مەرگی دانەر / رەوایەت ناسی/ دوامۆدێرنیزم…

لەوانە، ئەوەی تەمای ئەو وتارەیە، ورووژاندنی پرسیارە لە ئاستی گێڕانەوە(رەوایەت ناسی)داو، دواجار جەخت کردنە سەر زمانی گێڕانەوە. گێڕانەوە بە زمانێک و دوو گوتاری جووداوە.

بە مەنتقێکی ئایینی ئەگەر باسی دەقی ئەدەبی گێڕانەوە، لەوانیش دەقی رۆمان بکەین، هەر رۆمانێک وەک پەیامنێرێک خاوەن موعجیزەیەکە. جار موعجیزەکە لە جۆری داڕشتی کەسایەتییەکان دایە، جار لە شێوازی گۆشەنیگاو، جاریش لە جۆری هەڵس و کەوت لەتەک شوێن- کات و سازکردنی کەشی تایبەت دا. موعجیزەی رۆمانی ” ئەلف / یا” ش ، دە زمانی دایە. دە خوڵقاندنی دوو گوتاری هاوتەریبی تەواو جوودا لەیەک دا. ” ئەلف/ یا”، جگە لە وەی گێڕانەوەی بەسەرهاتی چەند کەسە بە شێوەی باو، رەوایەتی سەربوردەی دیاردەیەکیشە بە نێوی زمان. زمان، بە بێچم وخەت و لەحن و شێواز و گوتار و دەلالەتەوەش، کەسایەتی و کاراکتێری سەرەکی و کارامەی ناو دەقە. دەق بۆخۆی، لە دوایین لاپەڕەکانی دا، باسی بیرۆکەو دەستمایەی سەرەکی گێڕانەوەکەی دەکات، کە لە چەند دەقی مێژووییەوە سەرچاوە دەگریت. شەڕەفنامە، توحفەی ئەردەڵان ، لب التواریخ، حدیقەی ناصریە و، تاریخ سنندجی، ئەو سەرچاوانەن، کە بیرۆکەی سەرەکی رۆمان لەوان وەرگیراوەو، نووسەر وەک ئەوپەڕداستان(مێتافیکشەن)، باسیان دەکات و وەک بەڵگە دەیان هێنیتەوە:

“… لە پەراوێزی کتێبی ” ذیل شرفنامە” نووسینی محەمەد ئیبراهیم ئەردەڵانی کە لەسەر راسپاردەی ئەمانوڵڵاخان و وەک تەواوکەرو پاشکۆی ” شەڕەفنامە”ی شەرەفخانی بدلیسی بە فارسی نووسراوە، باس لە رووداوێکی لاوەکی دەکرێت((… چەند ساڵ لەوەپێش کاتیبێکی خەت خۆش هەبوو. کەس نەناس و بێ بنەچە بوو. بە دووزمانیی خەیانەتی لە برایەتی شاو والی کردبوو؛ بەو سەبەبە ساڵێک خۆی حەشاردابوو. دوایی کە حەشارگەی کەشف ببوو، ویستبووی رابکات، بەڵام بە نوێژی بەیانی تفەنگی پێوەنرا. لە کۆڵانێکی ئەم لای گەڕەکی مووساییەکان کوژرا.)) ” ل١٧٦ و١٧٧

” توحفەی ئەردەڵان” و” لب التواریخ” و ” حدیقەی ناصریە” و ” تاریخ سنندجی” یش وەک بەڵگە دێنە ناو دەق و، هەمووان لە گوزارەیەک دا هاوبەشن:

“… کاتیب و خەت خۆشێک لە گەڕەکی مووساییان کوژرا. ل ١٧٧

ئەوانە شەرحی خودی رەوایەتن سەبارەت بە کۆنە دەقی دووسەت ساڵەی(داوود ئامێدی). بەڵام ئەوە هەر نوختەو خاڵێکە لە ناوەند، هەر ئەوەندە. ئەوەی دێتە گێڕانەوەو دەق بەرهەم دەهێنیت، نە مێژووەو نەک شەرحی حاڵی کەسێک لە مێژوودا، بەڵکوو، بە سەرچاوە گرتن لەو خاڵە سەرەتاییە، رەوایەتی زمانە، بە زمانێکی تایبەت و بێ وێنەو خەڵق کراو. خەڵق بە مانای لە نەبوونەوە بۆ هەبوون گواستنەوە. دوو کەسی ناتەبا لەگەڵ شوێن/ کاتی خۆیان، بە دوو سەت ساڵ مەوداوە، دوو کانوونی دوو هێڵی گێڕانەوەی دەق پێک دەهێنن. هەردووک لە ژیانێکی ئاسوودەو ئاسایی بێ بەشن. یەک رای کردووە لەدەست نەهامەتی مەلای گوپ سوور:

“… رادەکەم. رام کرد. من رەوم دەکردو ئامێدی بە دووم دا هات. دەلەرزێم و بە دووی ئامێدی دا رام دەکرد…” ل ٤٢

ئەوی دی هەڵوەدای دادگاو زیندان و ئاوارەیی و دەست بەتاڵییە، لە دۆخی مۆدێرنی ئێستادا:

“… پاشەکەوتم تەواو ببوو، قەرزداریش بووم. ” ل٧

“… تا ئەم ساتەش بارستاییەک لەسەر سینگمە.” ل٧٩

“… مەپرسە بۆ جیا ببینەوە؟ بپرسە بۆ پێکەوە بمێنینەوە؟ ئەگەر جوان بیر بکەیتەوە ناپرسیت.” ل١٧

ئەو دوو کەسە، هەر کامەیان خاوەنی زمان و گوتارو شێوە گێڕانەوەی خۆیانن، کە دوو هێڵی سەرەکی رەوایەت پێک دەهێنن. یەکییان بە زمان و گوتارێکی ئەوڕۆییانەو، ئەوی تریان بە گوتارێکی دووسەت ساڵ بەر لەمە.

وەک بەرلەمە باس کرا، ئامانجی سەرەکی ئەم وتارە، جەخت کردنە سەر لایەنی زمان و، شی کردنەوەی کارکردی گوتار لەو رۆمانەدا. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستە سەرەتا روون بکرێتەوە لە کۆی پێناسەکانی سەبارەت بە چەمکی ” گوتار” کراوە، کامە پێناسە مەبەستی ئەم وتارەیە، تا دوایە بە وردی و فاکتەوە، گوتارەکانی ناو دەق شی بکرێنەوە.

بۆ داگرتنی کۆی بابەتەکە لە دووتوێی فایلێکی PDFی ٤٥ لاپەڕەیدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF

داگرتنی PDF

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *