خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / یادداشتێک لە سەر ڕۆمانی “سروودێک بۆ ئیبراهیم”ـی عەزیز مەحموودپوور

یادداشتێک لە سەر ڕۆمانی “سروودێک بۆ ئیبراهیم”ـی عەزیز مەحموودپوور

تەندوورەی تارماییەکان؛ یادداشتێک لە سەر ڕۆمانی “سروودێک بۆ ئیبراهیم”ـی “عەزیز مەحموودپوور”

 کامڕان هەڵوەدا

ڕۆمانی “سروودێک بۆ ئیبراهیم” تازەترین بەرهەمی چیرۆکنووسی ناسراو “عەزیز مەحموودپوور”ە کە پێشتر بەرهەمی وەک کۆمەڵە چیرۆکی “پیاوێکی ڕیش‌خەنەیی” و نۆڤلێتی “خەونی پەپوولەپایزە”ی بڵاو کردۆتەوە و جێی خۆیان گرتووە. ئەو ڕۆمانە لە ١٦٨ لاپەڕەدا لە لایەن نەشری خانی‌ـیەوە بڵاو کراوەتەوە.

“سروودێک بۆ ئیبراهیم” هەم لە ڕووی قەبارە و هەمیش ناوەرۆک و داڕشتەوە جیاوازیی لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووی نووسەر هەیە.

گێڕانەوە لەو ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوڕاست نییە و قەڵت‌قەڵت لە زاری کاراکتەرەکانەوە پێکەوە لکێنراوە. بە لاپەڕە هەڵدانەوە لە سەر چارەنووسی ئەندامەکانی سێ چوار بنەماڵەی هەناسە لە دووکەڵ‌هەڵکشاوی ناو ئەو ڕۆمانە، چیرۆکێک سەر دەگرێ کە بە تێک‌ئاڵقانی گەوەکانی سەربردەی چارەی هەر کام لە کەسایەتییەکان، لە ئەنجام‌دا زنجیرەی ڕووداوەکان بەرەبەرە خۆ دەردەخەن و قۆپەنێکی پوواو لە کۆمەڵگە پێک‌دێنن کە تان‌وپۆی بە سەر یەکەوە نەماوە. ڕادەی هەرەسی دەروونیی هەر کام لە کەسایەتییەکان هەڵدەگرێ ئەو ڕۆمانە بە ناوی ئەوەوە ناو بنرابایە.

ڕۆمانەکە بە تۆخ کردنەوەی ناوی ئیبراهیمەوە ناو نراوە. لە ساڕستەی ناوەکەشیەوە – سروودێک بۆ ئیبراهیم – نمێکی عاتیفە دەدەڵێ. بەڵام ئیبراهیم کێیە؟ ئیبراهیم کاراکتەرێکە کە ون بوونی – گیران – سی و چەند ساڵ پیرترە لە لاپەڕەکانی ئەو ڕۆمانە و عەیامێکە بۆتە کەڵکەڵەی دڵەڕاوکێ و خۆفپژێنی ناو ماڵی ئەم چیرۆکە. کەسایەتیی ئیبراهیم توێژاڵێک تارمایی دیار و نادیاری هەمیشەییە بە سەر ڕۆمانەکەوە؛ نە ئەوەیە تەمی لە سەر بڕەوێ و نە ئەوەشە دێڕەکان بەجێ‌بێڵێت و بە یەکچەلی ون بێ. جگە لە دوو دێڕ نامە و وێنەی سەرەومێرمنداڵێتی هیچ ئاسەوارێکی دیاری دیکەی نەدراوەتە دەست ئەوانەی پێیەوە ماندوون. سەیر ئەوەیە ئەو دوانەش بە دەست نووسەرەوە گا دەنوێنرێن و گا دەخرێنەوە خانەی گومان؛ دێڕەکانی نامە دەڕەوێنەوە و چوارچێوەیەکی چڕژاو دەچێتە ناو یەغدانەکەوە.

چارەنووسێکی شووم وەک چەمۆڵەیەک نراوە بە ڕووی ژیان و بەسەرهاتی سەرجەم کاراکتەرەکانەوە و بواری هەناسەی لێ چنیون. هیچ کام لەوان بەبێ بۆشاییەکی کەکرەیی نین. نووسەر مەودا بە هیچ کام لە کاراکتەرەکان نادات کەف‌وکوڵی برینی ناخ و ژاوەژاوی کاڕەگەی سەریان بسرەوێ؛ دەم‌لەسەرپشت پەلکێشیان دەکاتە نێو دەقەکەوە و وەقسەیان دێنێ و جووڵە و ڕەوتی گێڕانەوەکەیان پێ ڕادەگرێ و لیزگەی ڕستەکانیان پێ دەهۆنێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، ئیبراهیم‌ئاسا کەلەشی مردووەکانیش بانگ دەکاتەوە و وەقسەیان دێنێتەوە و چیرۆکی خۆف و دڵەڕاوکێیان لێ دەبیستێتەوە. کاراکتەرە ماندوو و مردووەکانی بەر دەستی نووسەر تەنانەت لە قەبرانیش سرەوتیان لێ هەڵگیراوە؛ یان دەم‌نادەمێک کەسێک دەنێرێتە وێ و خەڵوەتیان دەشەمزێنێ، یان خەبەریان دەکاتەوە و دەیانباتەوە ناو تارماییەکان و بۆ گێڕانەوەی ڕۆژە شوومەکان هەراسیان پێ هەڵدەگرێ.

نەک هەر کاراکتەرەکان، بەڵکوو خوێنەرەوە و کۆپلە و ڕستەکانیش بە دەست نووسەرەوە حاسێن! پرسیار لە فڵان‌کەس دەکرێ و فیسارکەس وەدەنگ دێ، ئەو خەفەت دەخوا و ئەم فرمێسک دەهۆنێتەوە، یەکێ لە تارماییەکان دەنۆڕێ و یەکێکی دی دڵی ڕێشکەوپێشکە دەکا. لەم ناوەدا خوێنەرەوە دەبێ ببێتە هەشت چاو و گوێ و بێ‌وەی دەرەتانێک بە خۆی بدا پەل بۆ هەڵاواردنی ماناکان و خاوەنی ڕستە و گوتەکان بکوتێ و هەر پەلکێکی دڵەڕاوکێکان بە لکی خۆیەوە گرێ دات.

هەرچەند ناوەناوە تێمێکی کاڵی دڵداری سەروبەری چیرۆکەکە پێک دەگرێت، بەڵام نووسەر لەوێش‌دا بەسەر کاراکتەرەکانیەوە نەچووە و دڵدارییەکەیانی وەک چڵێسی نواندووە و مێشکی سیخناخ کردوون لە خڵتەی تاوان.

تەنانەت مەرگیش لەو ڕۆمانەدا مەرگێکی شەکەتە؛ مەرگی ئاسایی وەلا نراوە و خۆسووتاندن، ئیعدام، گولـلە لە خۆ دان، خۆ هەڵواسین، تەسادوف، خۆکوژی و مەرگی نابەڵەد و نامەعلووم بەربینگی ژیانیان گرتووە.

لەگەڵ ئەوەی کۆمایەک دڵەڕاوکێ و ترسی وێکچوو تێک‌پەستێوراون و کات و شوێنیان لە جێی خۆدا دیاری ناکرێ کە پەلی خوێنەرەوە بگرن و بەرچاوڕوونییەکی وێ دەن، بەوحاڵەوەش خوێنەرەوە لە پاتەبوونەوە و هەمیسان گوڵۆڵەهەڵکردنەوەی باسەکان کە هەر دێ و نابڕێتەوە، جاڕز نابێ. نووسەر ئەو گرێیەی بە شەکەت کردنی کاراکتەرەکانی دەکاتەوە و تەمی ئەو وەڕەزییە دەڕەوێنێ؛ کاراکتەرەکان لە درێژایی ڕۆمانەکەدا تەمەنیان لە هەڵکشان و داکشان‌دایە و بە نێوان مەرگ و ژی‌دا دالەقاون، بەوپێیەش ژیان و دڵەڕاوکێ و تەنانەت کەسەکانی دەوروبەریان بە دەوری بوون و نەبوون‌دا دەخولێنەوە و تارماییەکانیش قەت ناڕەوێن و هەر دێ و نزیک‌تر دەبنەوە لە کاراکتەرەکان و وایان لێدێ جێگەیان پێ لێژ دەکەن.

نەک هەر ئەو تارماییانەی لە بەر چاوی کاراکتەرە سەرەکییەکان دەنەخشێنرێن، بەڵکوو بەشێک لە خودی کاراکتەرەکانیش (فاتم، مێردی سەعادەت، فواد، حسێن، مێردی پەروین، سارا و ئیبراهیم) بۆ خوێنەرەوە لە تارماییەک بەدەر نین. ئەوانی دیش هیچ کۆدێکی وایان نادرێتە دەست خوێنەرەوە، کۆدێک وەک مووە شەڕابییەکانی پەروین بەلای ناساندنی هیچ کام لە کاراکتەرەکانی دیکەوە نییە؛ نە لە قەڵافەتیان، نە ڕوخساریان و نە جاری وایە تەنانەت لە نێویان (وەک باوک و دایکی ڕەحمەت) هیچی دەسگیر نابێ.

هەرچەند بێ‌زەمان و مەکانیی هیچ چیرۆکێک خۆبەخۆ نزخێکی ئەوتۆی نییە و بێتوو چیرۆکەکە پارسەنگی بکەوێتێ بەوانە هەڵناستێتەوە، بەڵام لەو ڕۆمانەدا بەگشتی زەمان و مەکانیش هەر تارمایین. تاران و ڕەزایە و سابڵاغێک کە دەکەونە ناو چیرۆکەکەوە هیچ لە بێ شوێن و مەکانیی ناگۆڕن و ساڵ و عەیامێک کە لێرولەوێ ملەقوتەیەک دەکەن و کاراکتەرەکان بە قۆناغێکی دیکەوە دەلکێنن، بێ‌زەمانیی چیرۆکەکە هیچ ناترازێنن.

خوێنەرەوەی چاوزیت و بیرتیژی پێ‌دەوێ یەک‌ئەندەردوو داوێک لەو ماشەرە هاڵۆزە هەڵکات. بۆ خوێنەرەوەی ئاسایی – وەک خۆم! – دواهەمین وشەی ڕۆمانەکە دەبێ گرێ درێتەوە بە سەرەتاوە و پاش لێ بوونەوە، هەمیسان پێدا بێتەوە و هەرنەبێ چاوێکی خێرای تر بە لانی‌کەم یەک لە سێی ڕۆمانەکەدا بخشێنێتەوە؛ چونکە ڕستە و واتا و پێوەندییان لەگەڵ کەسایەتییەکان سەرلەهەوەڵێوە بۆ خوێنەرەوەی نابەڵەد – لێرەدا هەموو خوێنەرەوان – ڕەوەکن و پێ‌دەچێ تا کەوی دەبن و خۆ بەدەستەوە دەدەن.

نووسەر دەیهەوێ بڵێ چی؟ پێوەیە چ لە خوێنەرەوە ببیستێ؟! چارەنووسی بەدشومی ئەو کاراکتەرانە چیان لە نووسەر دەوێ؟ ئیبراهیمێک کە پاشخانی بیری نادیارە بۆ شوێن‌بزرە و لە ئیعدام نەخەلساوە؟! حسێنێک کە خۆی ڕاگرتووە و دانی بە هیچ‌دا نەناوە، بۆ بەسەر کۆستاوکۆستی ماڵێیان‌دا دەکەوێتەوە؟! سارا کێیە کە ملەقوتەیەک دەکا بۆ وەی مەمکی بڕاوەی وەدەرخرێ و غەیب بێتەوە؟! فاتم لەو سەغڵەتییەی زستانێ‌دا بۆ دەستی لەگەڵ گڕەمشقاڵ تێکەڵاو کردووە؟! ئەو مەتەڵانە و هی دیش دەبنە قۆپچەیەک و بە بەرۆکی خوێنەرەوەوە دەدووردرێن.

پوختایی چیرۆکەکە سەرەتاتکێی ڕستەکانە بە نێوان بابەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دڵداریی نائاسایی، لە سەر تەختە تافتەیەکی یەکدەست بە تان‌وپۆی خۆف و هاڵۆزیی دەروونی و دڵەڕاوکێ چنراو.
جگە لەو کەسایەتییانەی بوونەتە وەسیلەی گێڕانەوە بە دەست نووسەرەوە، شوێن‌بزربوون، مەرگی ئیجباری، نەزۆکی، سڵەمینەوە و بێ‌هیوایی کاراکتەرە ڕاستەقینەکانی پشت پەردەی ئەو چیرۆکەن کە تارمایی و خۆف و دڵەڕاوکێی هەمیشەییان لێ دەدەڵێ.

ئەوانەی لەو یادداشتە چی وایان دەسگیر نابێ، ئەوانەن کە ئەو ڕۆمانەیان نەخوێندۆتەوە؛ ئەو ڕۆمانە ناگێڕدرێتەوە و چارەی تەنیا خوێندنەوەیە!

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *