خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی گۆڤاری کۆپنهاون

ناساندنی گۆڤاری کۆپنهاون

ناساندنی گۆڤاری کۆپنهاون ژومارە یەک و دوو لە بڵاوکراوەکانی وەشانی ئەنیستیووتی کوردی کۆپنهاگ

ژینا نەقشبەندی

(ئێدیتۆری گۆڤاری کۆپنهاون و ئەندامی ئەنیستیتووت)

ئەنستیتووتی کوردی کۆپنهاگ لە وڵاتی دانمارک ئەکرێ بوترێ له ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەندامەکانی یەکە یەکە کۆبوونەوە و به شێوەی فەرمی له ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی‌یەوە دەستی به چالاکی کرد. ئەنستیتووتی کۆپنهاگ وەکوو مەکۆیەک بۆ گەشەکردن و پەرەپێدان به کولتوور و چاندی کوردی له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش له خزمەتی چالاک‌وانان و هەڵسووڕاوانی کولتوور و زمانی کوردییه و لەم ڕێگایەدا به هیوای بەرەوپێش چوون و خزمەت‌کردنه و لەو باوەڕەدایه کولتوور، ناوەڕاستی هەستیاری جـەغزی کۆمەڵگاکانە و پردی پەیوەندی و هاوڕێیەتی هەموو نەتەوەکانە.

ئەنستیتووتی کۆپنهاگ له مانگی فێبریەی ساڵی دوو هەزار و بیست‌ەوە بە فەرمی و یاسایی لە وڵاتی دانمارک دامەزراوە و خاوەنی چەند ناوەندی فەرمیی ترە که هەرکامە و بوارێکی تایبەت به کولتوور و هونەری کوردیی له ئەستۆدایه که بریتین له:

_ناوەندی هونەری پەپوو “بەرهەمهێنانی فیلم” لە ساڵی ٢٠١٦وە

_ناوەندی هونەری دەف “بەشی موزیک” لە ساڵی ٢٠١٥وە

_فستیواڵی نێونەتەوەیی کورتەفیلمی تولیپاف

_فستیواڵی فیلمی کوردی ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاگ

_گۆڤاری کۆپنهاون

_ناوەندی فێرگەی زمانی کوردی

_کۆبوونەوەکانی کتێب خوێندنەوە لە ساڵی ٢٠١٦وە.

هەروەها ئەبێ ئاماژه بکەین که فستیواڵی نێونەتەوەیی توولیپاف له ساڵی ٢٠١٦ەوە بەردەوامە و ساڵی ٢٠٢٠ بە هاوکاری ئەنیستیتووتی فیلمی دانمارک و سینەما تیکێتی دانمارک بەڕێوەچووە.

شۆرای بەڕێوەبەری ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاگ:

ئەرسەلان چەلەبی

ئازاد کەماڵی‌فەر

ڕەئووف “ساسان” ئاغایی

بێهرووز محەمەدی

لوقمان قاسمی

گۆڤاری کۆپنهاون ل ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەستی پێ کرد و یەکەم چاپ‌کراوەی خۆی له ژێر ناوی “گۆڤاری کۆپنهاون ژمارەی یەک و دوو” بڵاو کردەوە و هیوایان خواستووە ئەو گۆڤارە و هەوڵەکانی تری ئەنیستیتووتی کورد ببێتە ناشوێنێکی دیار بۆ کۆبوونەوە و لێک‌نزیکبوونەوەی کولتوورە جۆراوجۆرەکان لە پانتایی زمان و ئەدەب وهونەر. هەموو دەم کولتوور و چاند خاڵی بەهێز و جێی شانازی گەلی کورد بووە و بەردەوام وەکوو ملوانکەیەکی درەوشاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕەنگ و بۆن و بەرامە و تامی تایبەت بە خۆی هەبووە. مشووری ئێمە لە ناو کۆی کەمترخەمییەکانی دیاسپۆڕای کورد بێ هەڵە و کەم و کۆڕی نییە. بەڵام هەموو هەوڵی خۆمان وەگەڕ خستووە هەتا ئەو گۆڤارە بە باشی تەیار بێ، هەروەها بە بەشی خۆی ببێتە مەکۆ و جێپشووی هۆگرانی هونەر و کولتوور و هەروەها جێژوانی دوو کولتووری کوردی و دانمارکی.

 لە ژومارەی یەکەمدا فایلی تایبەت بە نووسەری کوردی تاراوگەنشین “حەمە فەریق حەسەن” لەگەڵە وێڕای فایلێک لە وەرگێڕانی شاعیرانی لە هەموو تەمەن و چین و توێژێکی ئەدەبی، شیعرەکانیان لە دانمارکییەوە دانمارکی کراون بە کوردی و فارسی و پێشکەش بەهۆگرانی شیعر کراوه.

وەک لە یەکەم بەیاننامەی گۆڤارەکەمان بە ڕوونی ئاماژەی پێکرابوو، ئەو گۆڤارە ئاوەڵایە بۆ هەر هەموو ژانرێکی هونەری، بابەت و توێژینەوە و هەرچی لە ناو جەغزی کولتوور و هونەردا جێ دەگرێت. هەر بۆیە ژومارەی یەکەمی گۆڤارەکە بە بابەتی تریش لە هونەرمەندانی فۆتۆگراف و کارتۆنیست تام و بۆنێکی تری بەخۆوە گرتووە.

ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاگ ساڵی چوار جار ئەو گۆڤارە بڵاو دەکاتەوە، هەر جارەی لەنگەر لە سەر بەرهەمی نووسەر و هونەرمەندێکی کورد دەگرێت، چ گەنج و چ بەتەمەن، بە بێ جیاوازی، لە فایلێکی تایبەت‌دا کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە و هەوڵ دەدا خوێندنەوەیەکی باش و بەکەڵک بۆ بەرهەم و کارەکانی بخاتە ئەستۆی ئەو کەسانەی خاوەنڕا و شارەزای بوارە جیاجیاکانی ئەدەبن. گۆڤاری کۆپنهاون لە هەر ژومارەیەکدا بەرهەمی هەموو نووسەران و شاعیران و بەگشتی هونەرمەندان لە هەر تەمەنێک بە بێ جیاوازی تەمەن و ئاستی کاریان بڵاو دەکاتەوە. کەڵکەڵەی گرینگ و هەوڵەکانی ئەنیستیتوو بەشی زۆری بۆ ڕەخساندنی هەل و دەرفەت بۆ گەنجانە لە ناو هەموو ژانرەکانی هونەر و ئەدەب.

گۆڤاری کۆپنهاون ژمارەی یەک و دوو:

خاوەن‌کار: ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاون

شۆرای نووسەران: ئەرسەلان چەلەبی، ئازاد کەماڵی‌فەر، ژیار جەهانفەرد

بەرپرسی هونەری و گرافیک: ڕەئووف ئاغایی _ ساسان

چاپ و بڵاوکردنەوە: ناوەندی وەشانخانەی کورد لە کۆپنهاگ

هەروەها هەواڵێکی خۆش بۆ بەردەنگانی خۆشەویست ژماره سێ و چواری گۆڤاری کۆپنهاون بەڕێوەیە و لە قۆناغی پێداچوونەوە و دیزایندایه و بەو زووانه له وەرزی بەهار دێته بەر دیدەی خوێنەرانی هێژا، و فستیواڵی نێونەتەوەیی کورتەفیلمی تولیپاف لە پاییزی ساڵی ۲۰۲۱دا بەڕێوه ئەچێ و بەگشتی ۱۷۲۷ فیلم هەناردە کراوە کە لەوانه ۱۱٨ فیلمی کوردی تێدا بەشدارن.

لە کۆتاییدا سپاسی تایبەت بۆ هەموو بەشداربووانی گۆڤاری کۆپنهاون کە بوونە هاوڕێ و هاودەم. هیوادارین ئەو هاوڕێیەتییە بەردەوام بێت و لق و پۆی زۆرتری لێ بێتەوە و هەموومان بە بەشی خۆمان ببینە ئەستوونەکانی کولتوور و چاند و زمانی کوردی.

ناونیشانی ماڵپه‌ڕ و ئیمه‌یلی ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاگ

http://kurdishinstitutecph.com

kurdinstitutecph@gmail.com

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

نوێترین کتێبی د. فەرهاد شاکەلی بە ناونیشانی «بادەمان بەدەستی ئەو نۆشی» بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *