هێمن لە نێوان نوێخوازی و نوێبوونەوەدا؛ وتووێژ لەگەڵ د. بەختیار سەجادی
بە بۆنەی سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی مامۆستا هێمن
ماڵی کتێبی کوردی بە بۆنەی سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی مامۆستا هێمن وتووێژێکی د. بەختیار سەجادی بۆ یەکەم جار بڵاودەکاتەوە، کە لە بنەڕەتدا بە شێوەی ڤیدیۆ لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠٠٨) تۆمارکراوە و و لە لایەن ماڵپەڕی ماڵی کتێبی کوردییەوە بە شێوەی دەقی نووسراو داڕێژڕاوەتەوە.
لەم وتووێژەدا د. سەجادی وێڕای تیشک خستنەسەر جێگەوپێگە و کەسایەتیی بەرزی مامۆستا هێمن لە ئەدەبی کوردیدا و باسکردن لەو بوار و دەڤەرە جیاجیایانەی مامۆستا هێمن تیاندا کاری کردووە وەک شیعر، پەخشان، وەرگێڕان، ڕۆژنامەوانی، فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکی، ئاوڕ لە شێوازی زمانیی هێمن و شێوازی نووسینی ئەو دانەرە پایەبەرزەی هاوچەرخ دەداتەوە.
سەبارەت بە نوێخوازی لای هێمن، د. سەجادی دەڵێ: «هێمن مۆدێرنیست نەبوو، بەڵام کاریگەریی مۆدێرنیتەی بەسەرەوە بوو. مۆدێرنیزم وەکوو بزووتنەوەیەکی ئەدەبی و فەرهەنگی لە فۆرمدا و لە پێکهاتە و سیما و ڕوخسار و شێوەدا لە ژانرە جیاجیا ئەدەبییەکاندا خۆی دەردەخات، بەڵام شیعری مامۆستا هێمن لە ڕووی ناوەرۆک و ناواخنەوە و لە ڕووی واتاوە شیعرێکی مۆدێرنە با ئەگەر لە ڕووی فۆرم و سیماوە شیعرێکی مۆدێرنیستی نەبێ.»
لە درێژەی وتووێژەکەدا د. سەجادی دەڵێ: «ئەو کۆمەڵە چەمکە دنیاداگرەی کە بەشێکن لە ناوەرۆکی مۆدێرنیتە وەکوو فیکر و ئەندێشە، بۆ نموونە، ئازادی، ئاشتی، پێشکەوتن، گرنگیدان بە زانست، مافی مرۆڤ، مافی ئافرەت، ئەمانە بە شێوەیەکی فرەپات لە شیعری مامۆستا هێمندا ڕەنگیان داوەتەوە.»
د. سەجادی پێی وایە: «مامۆستا هێمن بەرهەمەکانی لە ڕووی فۆرم و پێکهاتە و شێوە و قاڵبەوە نوێخوازانە نین بەڵام لە ڕووی ناوەرۆکەوە لێوڕێژن لە نوێخوازی.»
هەروەها سەبارەت بە پێگەی مامۆستا هێمن لە بەستێنی شێعری کوردی دەڵێت: «ئەکرێ هێمن وەکوو خاتەموشوعەرای شیعری کلاسیکی کوردیی ناوەندی ناوی لێبەرین، دیارە ئەم دەستەواژەیە لە ئەدەبی فارسیدا بۆ جامی بەکار ئەبرێ، واتە جامی وەکوو دواهەمین شاعیری گەورەی ئەدەبی کلاسیکی فارسی پاش شێوازەکانی خوراسانی و عەراقی. لە ئەدەبیاتی کوردیدا مەبەستمان ئەوەیە کە دواهەمین شاعیری گەورەی سەر بە ڕێبازی کلاسیکە. هەرچەند کە لە زەمانی ژیانی هێمندا، چ لە گەنجی و چ لە پیریدا، کۆمەڵێ شاعیری بەناوبانگ و گەورەی کلاسیکی کورد هەن، وەک مەلا غەفووری دەباغی، خاڵەمین، حەسیب قەرەداغی، کەمالی، هێدی، هەژار، تەنانەت ئێستاش کە سی و چەند ساڵ پاش مەرگی هێمن، شاعیری کوردی سەر بە ڕێبازی کلاسیکیمان هەیە. بەڵام بە گشتی دەکارین بێژین، دواهەمین شاعیری گەورەی سەر بەو ڕێبازە یان بەناوبانگترین شاعیری گەورەی سەر بەو ڕێبازەیە.»
بە گوێرەی وتەکانی د. سەجادی: «لە نێوان ساڵەکانی ٧٥ و ٨٥دا، هێمن بەناوبانگترین و گەورەترین شاعیری کوردی زیندووە، بە هەر دوو بەشی کلاسیک و نوێوە، چونکە مۆدێرنیستەکان لەو کاتەدا لە قۆناغی پاش گۆراندا گەنج بوون، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت و ڕەفیق سابیر و فەرهاد شاکەلی لەو کاتەدا دیارە خاوەنی ئەو ناو و ناوبانگە نەبوون کە ئێستا هەیانە، ئەو بەرهەمانەیان هێشتا نەنووسیبوو کە دواتر پێشکەشیان کرد.
سەبارەت بە شیعری هێمن، سەجادی پێی وایە: «شیعری هێمن بە هۆی گرنگیدان بە جوانیی ناوەکی و دەرەکییەوە کەمتر ئایدیۆلۆجیکە بە بەراورد لەگەڵ شیعری شاعیرانی هاوچەرخ و پێش و پاش خۆیەوە. شیعری هێمن بە بەراورد لەگەڵ شاعیرانی هاوچەرخی خۆی کەمتر دەچێتە خانەی لایەنگریکردن لە گوتارێکی دیاریکراوی ئایدیۆلۆجیکەوە. شیعر لەم حاڵەتەدا دەگاتە باشترین حاڵەتی خۆی چونکە شیعر ئامرازێک نییە بۆ دەرخستنی مەبەستێک بەڵکوو خودی مەبەستەکەیە. شیعر ئامرازێک نییە بۆ پیشاندانی حەقیقەتێک بەڵکوو خودی حەقیقەتەکەیە.»
ئەگەرچی کۆمەڵێ ڕەخنە بەرەو ڕووی گۆڤاری سروە دەکرانەوە بەڵام کاریگەریی مامۆستا هێمن بە تایبەت لەم سی ساڵەی ڕابردوودا و نەک هەر تەنیا بە هۆی ڕەسەنایەتی و پاراوبوونی بەرهەمەکانیەوە و بە تایبەت بە هۆی ناوەندی بڵاوکردنەوەی سەلاحەدینی ئەیووبی و گۆڤاری سروەوە کاریگەریی زۆری هەبوو لە بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی زمان و ئەدەب و چاند و ڕۆشنبیریی کوردیدا.
بۆ داگرتنی کۆی وتووێژەکە لە دووتوێی فایلێکی PDFی ۱۶ لاپەڕەیدا کرتە بکە سهر داگرتنی پی دی ئێف:
داگرتنی PDFببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.