کتێبی «ئێمە و مۆدێرنە» بڵاوکرایەوە
کتێبی ئێمە و مۆدێرنە لە نۆزدە وتاری هەڵبژاردەی گرنگ پێکدێت کە بەرهەمی پتر لە چل ساڵ نوسین و لێکۆڵینەوەی نوسەر و وەرگێڕ و توێژەری ناسراوی ئێرانی، داریوشی ئاشوری لەخۆدەگرێت. گرنگترین وتارەکان بریتین لەمانەی خوارەوە: هۆشیاریی مێژویی. گۆڕانکارییەکانی چەمکی دەوڵەت لە جیهانیسێدا. ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. پێشەکییەک لەسەر واتا و ناوەرۆکی جیهانیسێ. تیۆرەی ڕۆژئاواپەتایی (غربزدگی) و قەیرانی بیرکردنەوە لە ئێراندا. ئێران لە ئیمپراتۆرییەتەوە بۆ دەوڵەت ـ نەتەوە. ئایدیۆلۆژیا و ئەخلاقیات و کولتور. کێشەی ئێمە لەڕوی زمانەوە. خودای فەلسەفە لەنێوان ئێمەدا. هەروەها دوو وتوێژی گرنگ لەسەر لێکەوتەکانی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە و کێشەی ڕۆشنبیریی و کولتوریی ئێران پەیوەست بەم دوو بەریانە گرنگەوە. وەک ئاشوری خۆی دەڵێت خاڵی هاوبەشی کۆکردنەوە و دانانی سەرجەم ئەم وتارانە لەپاڵ یەکدی، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێما و ناوەرۆکی وتارەکان کە لەمەڕ کێشە و شوناس و تەحەدا و ئاڵۆزیی و ململانێکانی ئەم وڵاتەیە لە زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوی خۆیدا بۆ ڕۆییشتنە نێو دونیا و مێژوی مۆدێرنەوە. یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی ئەم کتێبە، قسەکردنە لەسەر قەیران و فەزای پڕ ئیشکالییەتی ڕۆشنبیریی ئێرانی کە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لێکدراوەتەوە. لایەنێکی بایەخداری دیکە، خستنە بەر باسی هۆکارە مێژوویی و کولتوریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی گەشەنەکردن و دواکەوتنی کۆمەڵگا جیهانسێهەمیەکانە پەیوەست بە جیهانی مۆدێرن و تەڵزگە ئاڵۆزەکانی ئەمڕۆی تێنەگەییشتن لە چەمک و پرەنسیپ و ئایدیاکانی ئەم جیهانەوە.
داریووش ئاشوری
بۆ ناسینی داریوشی ئاشوری دەبێت بڵێین ئەم نوسەرە ئیش لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگی نێو ڕۆشنبیریی ئێرانی دەکات. یەکەم: شیکار و توێژینەوەی ڕەخنەگرانەی بۆ شیعر و ئەدەب و کولتور و جڤات و دیرۆک و سیاسەت و نوسینی وتاری فیکریی و فەلسەفی بە ڕوانگەیەکی سەردەمیانە و هاوچەرخ کە خۆی لە چەندین وتار و کتێبی گرنگدا دەبینێتەوە. دوهەم: ئیشکردنی شێلگیرانە لەسەر گرفت و کێشەکانی زمانی فارسی بە داتاشینی چەمک و وشە و دەستەواژەی نوێ لە بواری زانستە مرۆییەکاندا و هەروەها نوسین و دانانی فەرهەنگ بۆ گەشەپێدانی زمانی فارسی تاکوو بتوانێت وەک زمانانی زیندوی دونیا لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا چالاکی بنوێنێت و خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای ئەمڕۆدا یەکبخات. سێهەمیش ئیشی وەرگێڕان کە خۆی لە چەندین بەرهەمی گرنگ و ناوازەی فەلسەفی و ئەدەبی و سیاسیدا دەبینێتەوە.
هیوا عەزیزی
هیوا عەزیزی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە مەجالی وەرگێڕاندا ئیش دەکات، جگەلەم کتێبە خاوەنی چەند بەرهەمێکی وەرگێڕدراوی دیکەیە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
١. ژیار و تازەگەریی، گفتوگۆی نێوان جەمشیدی بێهنام و ڕامینی جیهانبەگلو، خانەی وەرگێڕان، سلێمانی ٢٠٠٦
٢. دۆستۆیۆڤسکی، نوسینی ئەرنست جی. سیمۆنز، لێکدانەوەی ژیان و بەرهەمەکانی فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ٢٠١٤
٣. ئازادیی و ژیانی تراژیدیانە، بەرهەمی یۆچسلاڤ ئیڤانۆف، لێکدانەوەی بەرهەم و بیر و ئایدیاکانی فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ٢٠١٥
٤. مۆدێرنیزم، نوسەر پیتەر چایڵدز، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ٢٠١٩
٥. لویز فردینان سلین، نوسەر دەیڤد هایمان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ٢٠١٩
٦. ئینسایکلوپیدیای بیری سیاسی، نوسینی کۆمەڵێک نوسەر، ئەندێشە، ٢٠٢٠
٧. مەلەکوت، نوسەر بەهرام سادقی، لەژێر چاپ دایە، ئەندێشە
٨. وێردی بەرخۆلەکان، نوسەر ڕزا قاسمی، لەژێر چاپ دایە، ئەندێشە
٩. بیری بابل، نوسەر ڕزا قاسمی، لەژێر چاپ دایە، ئەندێشە
١٠. هارمۆنیای شەوانەی ئۆرکێسترای دارەکان، نوسەر ڕزا قاسمی، لەژێر چاپ دایە، ئەندێشە
ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.