دەسەڵات و نەریتی فەرهەنگنووسی
دکتور کەماڵ سولەیمانی – مامۆستای مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
«فەرهەنگی زارەکیی موکریان» ئەرشیڤێکی زمانیی نەتەوەیی و ئینسکلۆپیدیای ئەدەبی زمانی کوردییە. «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» بەبایەخترین خەڵاتی مێژوویییە کە تا ئێستا بە زمانی کوردی پێشکەش کراوە و گەورەترین فەرهەنگی وشەی نەتەوەیییە کە تا ئێستا کوردستان بەخۆیەوە بینیویه. «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە ڕاستیدا قەڵایەکی لەبننەھاتوو و مێژوویی دروست کردووە و یەکێک لە بزێوترین پارێزەرانی زمان و ئەدەبی کوردییە کە ئەم زمانە بۆ هەمیشه له با و باران دەپارێزیت.
دەبێ لەبیری نەکەین کە وشەنامە نەتەوەیییەکان، فەرهەنگگەلێکی تایبەتن کە ڕووی قسەیان لە نەتەوە و وڵاتانێکی تایبەتە، هەر بۆیە دەتوانن بڵاوکەرەوە، هەڵگر و نیشانەی شوناسی نەتەوەیی بن و ببنە گرینگترین ئامێری ڕەوتی پلانڕێژی زمانی نەتەوەیی. ئامانجی وشەنامە بەخشینی مانای هەمیشەیی بە وشە و چەمکی بگۆڕی زمانە کە کارامەیی زمان و هەلی لێکتێگەیشتنی بەکارهێنەرانی بەرز دەکاتەوە؛ شڵەژاویی زمانی کەم دەکاتەوە، بواری پەیوەندی ڕێکوپێک دەکات و ئامێری زمانیی پێویست دەخاتە بەردەست بەکارهێنەرانی زمانێک. وشەنامە، ژینگە و ڕوانگە و بەستێنی سازێنەری زمان تۆمار دەکات و دەیگوازێتەوە و لە ڕاستیدا بەردی بناغەیی ئەرشیڤی زمانی نەتەوەیەک دادەنێت. بەم شێوە، فەرهەنگنووسی جگە لە تۆماری مێژووی نەتەوەیەک، هەوڵێکە لەپێناو ڕێکوپێک کردنی زانستی نەتەوەکە. زانست لە ڕێگای جۆرێک پۆلێنبەندی نەتەوەیی و پێداویستییە تایبەتەکانی شێوازی نەتەوەیی بەخۆوەدەگرێت. فەرهەنگ ڕووی ناوازەی ئەم زانستە نەتەوەیییە دێتە ئەژمار کە بە بەڵگاندنی زمان جگە لە تۆمار کردنی گۆڕانکارییەکانی زمانی نەتەوە، زانستی نەتەوەییش سەقامگیر و فۆڕمڕێژ دەکات.
فەرهەنگێک بە پێوەجێیی و پتەوی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» خۆناوەندبینی، زمانی زاڵ بەئاسانی تووشی تەنگژە دەکات و بە دزەکردنە ناو کەشی تاکدەنگیی زمانی زاڵ، خۆگێڕانەوەیی، ئەو تووشی کێشە دەکات. ئەم فەرهەنگە وەکوو ئەرشیڤێکی مەزن، شەرعییەت و خواستی سروشتیی زمانی زاڵ بۆ زمانکوژی دەخاتەژێر پرسیار. «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە مەقامی ئەرشیڤێکی نافەرمی بنەڕەتی لۆژیکی ئەرشیڤی زمانی زاڵ و مێژوونووسی پشتیوانی ئەو لۆژیکەش لەرزۆک دەکات. ئەم فەرهەنگە بەڵگەنامەی بێژماری تێدایە و دەربڕی ئەم ڕاستیەیە کە زاڵێتی زمانێک حەتمەن بەمانای توانایی لۆژیکی، شەرعییەتی جەوھەری و ڕەزامەندی ڕەھا ئەوانەی کە ناچارن بیخوێنن و ئاخاوتنی پێبکەن، نییە. لە باری ئەرشیڤەوە، ئەم فەرهەنگە جگە لە تێکشکاندنی تاکدەنگی زمانکوژ، چییەتی لەرزۆکی ڕەوایەتی زاڵ لە بەرانبەر توانایی پەراوێز، لە پێکھاتەشکێنی و تێکھێنانی زمانی زاڵ، نیشان دەدات.
بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە