خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «پیاڵەیەک ئوقیانووس نیم بمڕێژی» لە نووسینی هەڵاڵە سۆهرابی بڵاوکرایەوە

کتێبی «پیاڵەیەک ئوقیانووس نیم بمڕێژی» لە نووسینی هەڵاڵە سۆهرابی بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «پیاڵەیەک ئوقیانووس نیم بمڕێژی»، هەڵاڵە سۆهرابی، ناوەندی گوتار سەقز، ۱۰۲ لاپەڕە، ۱۳۹۷ هەتاوی.

هەڵاڵە سۆهرابی

پێگه‌ی هه‌واڵنێری ماڵی کتێبی کوردی“پیاڵەیەک ئوقیانووس نیم بمڕێژی” بەرهەمی ساڵەکانی۱۳۹۳ تا ۱۳۹٦ی هەتاویە. ئەم بەرهەمە شێعرییە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۳۹۸ لە ناوەندی گوتار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاوکرایەوە.

شێعرەکان زۆربەیان باسی ڕەنج و ئازارەکانی ژنن. شاعێر هەوڵی داوە بە تەواوەت لە بیر و هزری ژنێکەوە بڕوانێتە دونیا و دەوروبەری و ئەڵێ :”بە پێی ئەوەی کە مرۆڤم و ژنیشم وەک خۆم بیرم لە شێعر کردۆتەوە و بێگومان ژنانەیی لە شێعرەکانیشمدا ڕەنگی داوەتەوە و زۆربەی کارەکانم وەک بڵێین ئەزموونی ژینکراو(زیستکراو)ی منن و دوور نین لە ژیانی ژنانی دەوروبەرم.

ئەوەی کە ژن لە کۆمەڵگای ئێمە تەنیا جەستەیەکی بێ سەرە و تەنانەت جەستەیشی وەک پەیکەرێکی چێوی و بۆش وایە و حەز و چێژ و ژنانەیی لای زۆربەی خەڵک و بەتایبەت لای خودی ژنان وەک هەستێکی قەدەغە و عەیبە ناوی لێ براوە، هەروەها باسی ڕووانگەی ڕەگەزی(جنسییەتی) و چەوساوەیی ناوەڕۆکی زۆربەی شێعرەکان دەگرنە بەر.

هەوڵی داوە دەنگ و شۆناسی تایبەت بە خۆیی هەبێ. مانای نوێ بداتە خوێنەر و لە پەنای پاراستنی مانادا فۆرم و تکنیکیش تێکەڵاوی شێعرەکان بکا. وێنەی شێعری و پێکهاتە شکێنیەکی تایبەت بە خۆدی شاعیر لە شێعرەکاندا بەرچاوە ،هەروەها جۆری ڕوانین بۆ وشە و وێنە شێعرییەکان و زمانی نووسەر بۆمان دەرئەخا لەگەڵ بەرهەمی ژنێکی نووسەر بەرەوڕووین.

بە گشتی لەم کتێبەدا ژن یاخی و ناڕازی و تووڕەیە، بەرهەڵستی هەموو نابەرابەرییەکان دەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا تووشی سەرگەردانییەکی ئەبەدییە لەم کۆمەڵگا دین تەوەرەدا کە هەموو هەڵسوکەوتێکی ژن بە گوناە لێک دەداتەوە و ژن بۆ هەموو هەڵسوکەوتێکی تووشی ڕەنج و عەزابی ویژدانە و تەنانەت خۆیشی بەوە گەیشتووە کە بوونی ئەو تەنیا لە خزمەت پیاو و بنەماڵەدایە و کاتێکی تەرخان کراوی بۆ خۆی و هەستەکانی نیە.

ڕوانینی شاعیر بۆ شێعر ڕوانینێکی ڕەهایە و خاڵی گرنگ لە نووسینەکانیدا بوونی ئەندیشە و مانایەکی قووڵە لە پشت وشەکانەوە و لە سەر ئەو بڕوایەیە کە شێعر دەبێ قسەیەکی گرنگی پێ بێ بۆ وتن و تووشی دووپات بوونەوەی پێش خۆی نەبێ و خوێنەر تووشی تێفکرین بکات و بە دوای خۆیدا ڕای بکێشێ.

لە تەنیشت ئەوانەشدا هەندێ تکنیک و تایبەتمەندی خودی شاعیر هەن وەک مانای نوێ بەخشین بە وشە و شکاندنی پێکهاتەی شێعری کە لای گرنگ بووە تێکەڵ شێعرییەت ببن.
بەڵام هیچ کات کەڵکەڵەی شاعیر پۆلێنبەندی شێعر نەبووە و پێی وایە شێعر بە پێویستی فەزا و ناوەڕۆک ڕێی خۆی دەبینێتەوە و هیچکات خۆی لە قاڵبێکی تایبەتدا نەبەستۆتەوە بۆ نووسین و هەوڵی داوە زمان و شۆناسی خۆی ببێ.

ئەم کتێبە بەرهەمی دووهەمی شاعیرە و بەرهەمی یەکەمی لە ژێر ناوی ” من ئێستا دۆزەخە ” هاوکات لەگەڵ ئەم کتێبە لە ناوەندی گوتار ۱۳۹۷ لە چاپدراوە و ماوەیەکی تر دێنە نێو کتێبفرۆشیەکانی ڕۆژهەڵات .

?به‌شێک لە کتێبی پیاڵەیەک ئوقیانووس نیم بمڕێژی

“ڕۆژگارەکانی تاڵ”

چۆلەکەیەک
خۆت بە نارنجییەتی گەڵای شێعرێکمەوە جریوە دە
درەخت
لە دەنگت
بچۆڕێ
گلێنەت سەوز کە
لە گوڵدانی سەرمدا
ژوورەکەم پڕ کە لە تەماشای فڕین

:چاوم لێکە!
لەم دیو تۆوە
بەدیار خۆمەوە هەر تۆم و
ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ شین‌تر دەبی لە دەستمدا
تێکەڵ بە گژە گژی -با- بێدارم و
لە خەومایە
پلیکانەکان لە ژێر پێمدا تەواو دەبن
خۆم بە چوارچێوی درەختێک دەگرمەوە لە نێوان زەوی و خوادا

هەستەکانم تێرۆر مەکە!
سەدەیەکە
گەڵا
لە جەستەم
دەچۆڕێ

تەماشاکە!
ئێرەیی دەبەم بە ئاسمان
ئێرەیی دەبەم بە کۆتر
بە گۆڕانی وەرزەکان و کۆچەریەکانی بەختەوەر
ئێرەیی دەبم بە هەر چی
بۆن و تامی فڕین بدا

ساز بە! با بتژەنم بێ خەوش
ئاوازەکانی ڕۆحم بێ مۆسیقان
لە دۆ ڕ می سپێدەوە
ڕستەکان بەدوای خۆما ڕادەکێشم
هەر ناگەمە کۆڵانە باخەکەی دەم درگات
ئەو وشانە بۆ هەڵوەدای زامی منن؟
(من ڕه‌نگه په‌پووله بێ
وه‌رزێکی پێ نه‌بێ به‌ره‌و لێوت هه‌ڵیفڕێنم
تۆیش قه‌ت شێعره‌کانم نه‌خوێنیه‌وه
بڵێ دووریت خۆی کتێبێکه)

لە مردن بمگەڕێنەوە
خۆرێکم تێدا نه‌قاشی که ریئال
هەر نەبێ
کوودتا بکە لە شێعرم
لە سەرمدا پەنگ بخۆوە و
سیللولەکانی وجودم نوێ بکە
ماندووم لە ژێستی ژێنێتیکی شاعیر بوون
بریا کەژەوانێک بوایەم
لە ترووبکی بەرزترین کێوی جیهان
تۆ ئاڵای گەیشتنم دەبووی
بەر لە ئاوا بوون فڕین بە!
لەم دیو تۆوە ئاسمانێکم هەڵواسیوە

زستانی ۹۳

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *