کتێبی “ڕزگاری لە دوودڵی” ئیمام محەممەد غەزالی بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: «ڕزگاری لە دوودڵی»، نووسەر: ئیمام محەممەد غەزالی، وەرگێڕ: سەید هیدایەت هیدایەتی ،١٢٠ لاپەڕە، چاپەمەنی خانی، سەقز ١٤٠۱.
ئیمام محەممەد غەزالی یەکێک لە گەورەترین زانا و بیرمەندەکانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و بە تایبەت خۆرهەڵاتی ناوینە. وەک باس دەکرێ هەتا ئێستاش هیچ زانایەکی ئیسلامی بە ڕادەی ئەو کتێب و بەرهەمی نەنووسیوە.
بە فرەزانا، فەیلەسووف، موتەکەللیم و عارف و سۆفی نێوبانگی دەرکردووە و هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بە ناسناوی ئیمام نێودێر بکرێ.
لە کتێبی “تهافتالفلاسفە”دا بە شێوازێک ڕەخنە لە فەلسەفەی مەشایی، ئەرەستوویی دەگرێ کە ئەمڕۆکە ئەو شێوازە ڕەخنەگرتنە بە نێوی فەلسەفەی ڕەخنەگرانە نێوی دەرکردووە.
هەندێک لە بیرمەندان پێیانوایە ڕەخنەگرتنی غەزالی تا ڕادەیەک کاری و بنەڕەتی بوو، تا چەندین سەدە فەلسەفە و عەقڵ لە نێو موسوڵماناندا سەری هەڵنەداوە. ئەگەرچی ڕەخنەکانی غەزالی خۆیان بنەمای عەقڵی و فەلسەفییان بوو، بەڵام لە ئاکامدا غەزالی تای تەرازووی بە لای عیرفان و سۆفیایەتی و کاری دڵدا شکاندەوە.
ڕەخنەکانی غەزالی بە گشتی برێتین لە ڕەد کردنەوە هۆکاریەتی(علیت)، پووچەڵکردنەوەی ئیستقڕا، بێباوەڕی بە زانینێکی کە لە ئاکامی هەستکارەکان(حواس) بەدی دێ، بێباوەڕی بە یەکلاییکەرەوەیی دەلیلی عەقڵی و….
ڕێچکە و ڕێبازێکی غەزالی گرتییە بەر لە نێو فەیلەسووفانی ئیسلامیدا درێژە پێ نەدرا و دواتر هەموو ئەو ڕەخنانە لە لایەن فەیلەسووفانی ڕۆژاوایی وەکوو دێکارت و هیووم و کانت قۆزرانەوە و پەرەیان پێ دا و ڕەخنەگرتن لە ئەزموونباوەڕی و عەقڵباوەڕی دواتر لە ڕۆمانتیستەکان و تەنانەت فرانکفۆرتییەکانیشدا بە ترۆپکی خۆی گەیشت.
دێکارت زۆر دوای غەزالی، نامیلکەیەک دەنووسێ بە نێوی “گوتار لە ڕەوش”دا، کە وەک وەرگێڕ لە پێشەکیدا باس دەکا، لە زۆر شوێندا دەقاودەق وەک ” ڕزگاری لە دوودڵی” دەچێ، تەنیا هەرکام بە دوو ئاکامی جودا دەگەن.
وەک وەرگێڕ لە پێشەکیدا دەڵێ: ” لەم نامیلکەدا نووسەر لە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی ژیانی فکریی خۆی دەدوێ… ئەو گۆڕانە لە مێشکێکی فەلسەفی و دڵێکی عارفانەوە هەڵقوڵاوە کە دواتر توانیویەتی کاریگەری لەسەر زانایان و بە گشتی کۆمەڵگای دوای خۆی دانێ.”
ئیمام غەزالی لەو کتێبەدا تەنیا لە گۆڕانێکی شەخسی و تاکەکەسی نادوێ، بەڵکوو بە زمانێکی ئاسایی باس لە گۆڕانێک دەکا کە دواتر بووە خاڵی وەرسووڕان، ئەو گۆڕانە بە پێوانەی ئەمڕۆییانە تێکشکاندنی چوارچێوەکانی عەقڵباوەڕی و پۆزێتیویستباوەڕی بوو، دەربازبوونێک بوو لە پاڕادایمێکەوە بۆ پاڕادامێکی تر.
غەزالی لە نامیلکەی “ڕزگاری لە دوودڵی”دا باس لەوە دەکا کە چۆن و بۆچی زانستی ئەزموونی و تەجروبی، بە زمانی ئەوڕۆ زانستی پۆزێتیڤیستی، کە لەسەر بنەمای باوەڕ بە هەستکارەکان ڕۆنراوە، ئیعتبارێکی ئەوتۆی نییە کە بکرێ ببێتە بنەما و بنەڕەتێکی نەگۆڕ.
لەم کتێبەدا بەسەرهاتی چۆنیەتی گۆڕانی فکریی ئیمام غەزالی و چۆنیەتی دەربازبوون لە دیسکۆرسێکەوە بۆ دیکۆرسێکی تر، لە زمانی خۆیەوە دەخوێنینەوە.
کتێبی ڕزگاری لە دوودڵی(المنقذ من الضلال) لە لایەن سەیدهیدایەت هیدایەتییەوە لە عەرەبییەوە کراوەتە کوردییەکی ڕەوان. غەزالی لەم کتێبەدا بە زمانێکی سادە بۆمان دەگێڕێتەوە کە چۆن لە فەیلەسووف و موتەکەللیمێکەوە بوو بە کەسێک کە باوەڕی بە سۆفیایەتی و دنیای عیرفان و کەشف و شهوود هەیە.
بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە