دهنگاودهنگی له حیکایه‌تی چلشه‌وه‌ی شاری قهلهندهراندا
نووسه‌ر: سارا خهنشا
دهنگاودهنگی یان پۆلی‌فۆنی ده‌سته‌واژه‌یه‌که که له بنه‌ڕه‌تدا له مۆسیقا وه‌رگیراوه و چه‌مکی ناوه‌ندیی تیۆریی وتووێژخوازیی باختین پیک دێنێت. لۆژیکی وتووێژ بنه‌مای هزر و ئه‌ندێشه‌ی میخائیل باختین، بیرمه‌ندی سه‌ده‌ی بیستی ڕووسیه‌یه. به بۆچوونی باختین دهنگاودهنگی له گره‌وی وتووێژدایه و له‌کن ئه‌و ده‌توانین باسی چه‌مکگه‌لێک وه‌ک لۆژیکی وتووێژ، جیاچهمکی، کارناوال و … بکه‌ین که دژی ڕه‌هاخوازی (مطلقگرایی) و تاکدهنگییه. به وته‌ی تر: “به بۆچوونی باختین، ڕۆمانێک چهنددهنگییه که تێیدا هه‌ر یه‌ک له که‌سایه‌تییه‌کانی وه‌ک مێلۆدییهکن که له‌گه‌ڵ ده‌نگی که‌سایه‌تییه‌کانی تر و ده‌نگی خودی گێڕه‌ڕه‌وه تێکه‌ڵ ده‌بن و جۆریک “چه‌ندده‌نگی” هارمۆنیک چێ ده‌که‌ن. ڕۆمانێکی ئه‌وه‌ها تێکه‌ڵاوێکه له یه‌کگرتنه‌وه‌ی ده‌نگه جیاوازه‌کانه. که‌واته باختین ناڕاسته‌وخۆ مێشکی به‌رده‌نگ ڕووه‌و ئه‌م خاڵه ڕاده‌کێشێت که له ڕۆمانی نوێ‌دا ده‌سه‌ڵاتدارێتی نووسه‌ر له‌نێو چووه. “
مه‌به‌ستی باختین له وتووێژبوونی ده‌ق، له پله‌ی یه‌که‌مدا ئه‌وه‌یه که خودی ده‌ق له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی پێش و دوای خۆی ، توانایی و ئه‌گه‌ری وتووێژی هه‌بێت. له‌لایه‌کی تریشه‌وه کاتێک به‌رهه‌مێک تایبه‌تمه‌ندیی وتووێژی تێدایه، نیشان ده‌دات که ئه‌م به‌رهه‌مه به‌شێوه‌یه‌کی ساتی و به‌بێ پێشینه نه‌خوڵقاوه. به‌ڵکوو به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان له کارلێک و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی پێشووی خۆیان ده‌خوڵقێن و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی دوای خۆشیان کاریگه‌رییان ده‌بێت.
یه‌کێک له تیۆرییه بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کییه‌کانی باختین باسی دهنگاودهنگی ده‌ق و به‌تایبه‌ت ڕۆمانه. مه‌به‌ستی باختین له دهنگاودهنگیی رۆمان، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی زاڵێتیی ده‌نگه تاکه‌کانه. له به‌رهه‌مه‌کانی پۆلیفۆنیکی خوازراوی (موردنظر) باختین هه‌رکام له ده‌نگه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کان به‌ته‌نیایی ئه‌گه‌ری قسه‌کردن و بیسترانیان ده‌بێت و هه‌رگیز ده‌نگێک وه‌سه‌ر ئه‌وانی دی ناکه‌وێت و نایانخنکێنێت. له به‌رهه‌می چهنددهنگیدا هه‌رکام له که‌سایه‌تییه‌کان نیشانده‌ری خودێکی تاکین و جیاواز له‌وانی ترن و ده‌نگی گێڕه‌ڕه‌وه و نووسه‌ریش له‌پاڵ ده‌نگه‌کانی دی دێت.
به بۆچوونی باختین دهنگاودهنگی به چه‌ندێتیی ده‌نگه‌کان نییه به‌ڵکوو به چۆنیه‌تیی ده‌نگه‌کانه. زۆربوونی که‌سه‌کان ده‌نگه‌کان زۆر ناکه‌ن، به‌ڵکوو زۆربوونی بیر و هزره‌کانه که ده‌نگه‌کان زۆر ده‌که‌ن. دهنگاودهنگی به واتای بوونی مرۆڤگه‌لی سه‌ربه‌ست، ئاگا، زانا و بوێره که ده‌توانن ڕا و بۆچوونه‌کانیان ده‌ربڕن. ئه‌مانه‌ن که خاوه‌ن ده‌نگن . واتا خاوهندهنگهکان ئه‌وانه نین که زمانیان هه‌یه، به‌ڵکوو که‌سانێکن که خاوه‌نی بیر و ئه‌ندێشه‌ن . ده‌نگه‌کان ده‌توانن لێک نزیک یانیش دوور بن. ئه‌وه سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستییه که ده‌نگه‌کان ته‌ته‌ڵه و پێناسه ده‌که‌ن نه‌ک زۆربوونی چه‌ندێتیی ده‌نگه‌کان.
له به‌رهه‌می چهنددهنگیدا، که‌سایه‌تییه‌کان سه‌ربه‌خۆن و ناچار نین کوێرانه و نه‌هزراو وه‌شوێن ئه‌ندێشه‌ی نووسه‌ر بکه‌ون. ته‌نانه‌ت جاری وایه دێنه نێو گۆڕه‌پان و له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر تێ هه‌ڵده‌چن و له‌مه‌ڕ خۆیان هه‌ڵوێست ده‌گرن و ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن. له گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م چه‌شنه چیرۆکانه توانابوونی که‌سایه‌تییه‌کان به ناساندن و پێناسه‌ی خۆیانه. هه‌روه‌ها مه‌رگی دانه‌ر یه‌کیک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌قی دهنگاودهنه. به بۆچوونی باختین، ڕۆمانی دهنگاودهنگ نموونه‌یه‌کی پێگه‌ییوی رۆمانه. چونکه له‌و چه‌شنه نووسراوانه‌دا. نه له دوگمخوازی و ڕههائهندێشیی ڕۆمانه تاکبێژهکان خهبهڕیکه و نه له پهسێڤ و ناچالاکی و لایه‌نگریی په‌تیی خوێنه‌ر که له ژێر کارتێکه‌ریی و ده‌سه‌ڵاتی گێڕهڕهوهدایه.
هه‌روه‌ها هه‌ر ژانرێکی وتاری، زمانێکی کۆکراوه (مدون)یه و نیشانده‌ری پیشه‌یه‌ک، ژانرێکی ئه‌ده‌بی و هۆگرییه‌کی که‌لتووری و هاوچه‌شنه. به‌م شێوه‌یه ژانره وتارییه‌کان ده‌توانن بریتی بن له گوتاره‌کان، زاراوه‌کان، ده‌سته‌واژه‌کان و زمانی ڕه‌مه‌کی.
بوشرا که‌سنه‌زانی
بوشرا که‌سنه‌زانی له “حیکایه‌تی چلشه‌وه‌ی شاری قه‌له‌نده‌ران”دا بۆ نیشاندانی دهنگاودهنگی له حیکایهتهکانیدا له چه‌ند تێکنیک و شێواز که‌ڵکی وه‌رگرتووه:
١) به‌کارهێنانی زاراوه‌ی خۆجێیی که له زمانی هێندێک له که‌سایه‌تییه‌کاندا ده‌بیسترێت.
له لاپه‌ڕه‌ی ٧٧دا به‌م شێوه‌یه ئه‌م شێوه ئاخاڤتنه زه‌ق ده‌کاته‌وه: “وه‌هام گوت و گوتی: -ڕۆره وا مه‌ڕێ، بۆ زارت باش ناهێنێ، یا موجیب بکه، که ته‌نها ئه‌و وه‌رامده‌ره‌وه‌ی نزاکانمانه …” یان له لاپه‌ڕه‌ی ٣٥دا له زمانی دوو هه‌رزه‌کاره‌وه ده‌گێڕێته‌وه: “- تۆ شا ئه‌م مه‌لایه ناکه‌ی ئێسته پاشقولێکی لێ نه‌ده‌یت. ئاخر بڵێ که‌ڵکی چییه؟”
٢) هێنانی به‌شگه‌لێک له ژانره‌کانی تر له ده‌قی حیکایه‌ته‌کاندا که هه‌رکامیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تایبه‌ت به ژانرێکی جیاوازن، زمانێکی تایبه‌ت له حیکایه‌ته‌کاندا ده‌گه‌یێنن.
یای بوشرا گشت حیکایه‌ته‌کانی و ده‌رگاکانی چوونه نێو حیکایه‌ته‌کانی به یه‌کێک له ناوه‌کانی خوا و باشتر وایه بڵێم به وشه‌کانی قورئانی ده‌ست پێ کردووه و ئه‌مه به واتای که‌ڵکوه‌رگرتن له ژانرێکه جیا له‌م ژانره‌ی خۆی کاری له‌سه‌ر ده‌کات؛ بۆ نموونه یه‌که‌م حیکایه‌ت به‌م ئایهیهی قورئانی پیرۆز ده‌ست پێ ده‌کات: “بسم الله الرحمن الرحیم”. هه‌روه‌ها کاتێکیش له لاپه‌ره‌ی ٣١دا دوو ده‌ق له ئایه‌کانی قورئان و دانانیان له‌نێو جووتکه‌وانه‌ی بچووکدا دێنێته‌وه، به‌ڵگه‌یه‌کی به‌ڵگه‌نه‌ویست بۆ بوونی ژانری ئۆلی و دهنگاودهنگی له ده‌قێکدایه و به‌م شێوه‌یه وێنای ده‌کات: “به ناوی تۆوه نزاکه‌ی باوک و دایکمان ده‌خوێنم و ڕوو له قیبله ده‌ڵێم: “په‌روه‌ردگارا، ئێمه سته‌ممان له خۆمان کرد، خۆ ئه‌گه‌ر لێمان خۆش نه‌بیت و به‌زه‌ییت نه‌یه‌ته‌وه، ئه‌وه به‌ڕاستی ئێمه سوێند به خوا له خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندانین.”
یه‌کێکی تر له‌و ژانرانه‌ی له حیکایه‌ته‌کاندا زه‌قی کردووه‌ته‌وه هێنانی شێعری شاعیرانێک وه‌ک نالیی یان مهلهوهی ڕۆمی و شێخ جزیرییه، بۆ نموونه له لاپه‌ڕه‌ی ١٣دا له زمانی حه‌زره‌تی نالییه‌وه ده‌ڵێت: “له شیرینی ئه‌تۆ، ئه‌ی خوسره‌وی ته‌ختی زه‌مین، ڕه‌نگه بکاته ئاسمانی بێستوون، فه‌رهادی هاوارم …” هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی ٦٩ له زمانی شێخ جزیرییه‌وه ده‌ڵێت: “عاشق ئه‌وه، دلبه‌ر ئه‌وه، زاهیر ئه‌وه، مه‌زهه‌ر ئه‌وه، ڕوح و به‌ده‌ن، گه‌وهه‌ر ئه‌وه، دههر شاهدهک دوڕدانهدا”.
هه‌روه‌ها هێنانی قسه‌ی نه‌سته‌ق له‌نێو حیکایه‌ته‌کاندا وه‌ک ژانرێکی سه‌ربه‌خۆ هۆکارێکی تره بۆفرهدهنگبوونی حیکایه‌ته‌کان؛ ئه‌م وێنه‌یه له لاپه‌ڕه‌ی ٢٤دا زه‌ق ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: “- کچم نه‌فه‌سدرێژ به، هه‌ر کێو به کێو ناگا، ئایه‌م به ئایه‌م ده‌گات …”
٣) سێیه‌م تایبه‌تمه‌ندیی دهنگاودهنگیی گێڕانه‌وه‌یه‌ک، فرهچهشنبوونی گێڕانه‌وه‌کانه.
هه‌ر وه‌ک ده‌زانین له حیکایه‌تی چلشهوهدا هه‌ر جارێ و حیکایه‌ت له زمانی که‌سێکه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ر جارێ گێڕانه‌وه‌یه‌ک شوێنی خۆی به‌وه‌ی تر ده‌دات. له‌م شێوه‌یه‌دا چونکه به‌رده‌نگێک بوونی نییه، هه‌رکام له که‌سایه‌تییه‌کان له سه‌ربه‌ستیی ته‌واودا، جێگه و پێگه و شێوه‌ڕوانینی تایبه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به خۆیان و ئه‌وانی تر ده‌رده‌بڕن و به‌رده‌نگ له توێتوێی بیر و هزر و هه‌سته‌کانی که‌سایه‌تییه‌کان، تێگه‌یشتنی جیاوازیان هه‌یه. له حیکایه‌تی شیرین و لهیلییهوه بگره،که گێڕانه‌وه‌یه‌کی ته‌واو ژنانه‌نه‌یه و پڕه له توخمه ژنانه‌کان و ئه‌م وێنانه‌ی بۆ هه‌ر ژنێک به‌رهه‌سته، وه‌ک زاراوه‌کانی: “مێخه‌کبه‌ند و ملهگۆ، و حه‌تحه‌تۆکه، گواره و ئه‌موستیله” هه‌تا ئه‌م ده‌رد و ژانانه‌ی له ژیانی ژنانه‌ی ژناندا به‌لێشاوه وێنا ده‌کرێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه گێڕانه‌وه‌کان گشت کهندولهندهکانی کۆمه‌ڵگه ده‌گرنه‌وه و له هه‌ر گێڕانه‌وه‌دا توخم و زاراوه‌ی تایبه‌ت به خۆی به‌کار هاتووه؛ هه‌ر وه‌ک له دووه‌م حیکایه‌تدا له زمانی مه‌لایه‌کی ئایینیه‌وه ده‌گێڕدێته‌وه و زاراوه‌ی ئۆلی و قورئانی به سه‌ریدا زاڵه. بۆ نموونه ئاماژه به زاراوه‌کانی “حیکایه‌تی ئاده‌م و حه‌وا، سووره‌ی به‌قهره، ئه‌لئه‌عراف، باری ته‌عالا و خوشکه و حیکایه‌تی ئه‌یووب و فه‌قێ و …
٤) کارکرده نێواندهقێتییهکان له حیکایه‌تیی چلشه‌وه‌ی شاری قهلهندهراندا:
نێواندهقێتی یان بۆنه نێواندهقێتییهکان، که له‌گه‌ڵ وتووێژتهوهریی باختیندا له پێوه‌ندیدایه، له توێژه شاراوه‌کانی حیکایه‌ته‌کاندا نادیارن. “نێواندهقێتی له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه دامه‌زراوه که ده‌ق سیستمیکی به‌ستراو، سه‌ربه‌خۆ و خۆژی (خودبسنده) نییه، به‌لکوو پێوه‌ندیی دوولایه‌ن و ته‌نگه‌به‌ری له‌گه‌ڵ ده‌قه‌کانی تر هه‌یه. حیکایه‌تی چلشهوه به شێوه و تێکنیکێکی نوێ، وه‌ک به‌کارهێنانی ئاماژه ئه‌فسانه‌یییه‌کان، قسه‌ی نه‌سته‌ق و ئاماژه ئۆلییهکان و شێعره کلاسیکه‌کان ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ئه‌و که‌لتوور و بڕوایانهیه که به درێژاییی ساڵانێکی دوورودرێژ بیچمیان گرتووه. پێوه‌ندییه نێواندهقێتییهکان له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا زۆر به‌رچاون؛ نووسه‌ر به هێنانی زمانی وێژه‌یی له زاراوه جیاوازه‌کانی کوردی وه‌ک سۆرانی به هێنانه‌وه‌ی شێره‌کانی نالی (ل٢٤٥) و مه‌حوی (ل ٢٢٧ و ٢٤٦) و وه‌فایی (ل ٢٢٨) و حهمیدبهگی ساحێبقڕان (ل٣٤٢) و هێنانی نموونهشعری مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی به زاراوه‌ی گۆرانی له (ل١٩٦) و هه‌روه‌ها هێنانه‌وه‌ی دووبه‌یتیی بابا تاهیری هه‌مه‌دانی له (ل٣٤٦) و ته‌نانه‌ت هێنانی غه‌زه‌لی فارسیی مه‌وله‌وی به‌لخی له (ل١٥٢) و عه‌ره‌بی له (٣٤٨)دا قووڵایییه‌کی زۆرتر به گێڕانه‌وه‌که‌ی و تێگه‌یشتنی قووڵتری به‌رده‌نگه‌کانی ده‌دات و له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی کۆن و میراته‌که‌مان پێوه‌ندییه‌کی نێواندهقێتی به‌دی دێنێت و له‌م ڕێگه‌وه زایه‌ڵه‌ی چه‌ندده‌نگی له‌نێو ده‌قدا ده‌نگ ده‌داته‌وه و یارمه‌تیی دهنگاودهنگبوونی ده‌ق ده‌دات.
هه‌روه‌ها ئاماژه به که‌سایه‌تییه مێژوویی و وێژه‌یییه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆری حیکایه‌ته‌کان بۆ که‌سایه‌تییه‌کانی خانای قوبادی، نیزامی گه‌نجه‌وه‌ی، نالی، مه‌حوی، وه‌فایی، مه‌ولانا و شه‌مسی ته‌ورێزی، شێخ عه‌تتاری نیشابووری، مه‌وله‌وه‌ی تاوه‌گۆزی، سه‌عدی … خۆی نیشان له به‌کارهێنانی ئه‌م شێوازه‌یه. ته‌نانه‌ت ئاماژه مێژوویییه‌کانی نووسه‌ر وه‌ک سه‌با و شاژنه‌که‌ی بلقیس، یان نامه‌ی شاهه‌نشای ڕۆمی و کتێبه جیاوازه‌کانیش له دهنگاودهنگی و وتووێژتهوهریی ئه‌م به‌رهه‌مه ده‌دوێن. بۆ نموونه له ل ١٢دا ده‌ڵێت: “ئه‌و کوڕه‌ی هه‌موو شیرین و خوسره‌وی خانانی قوبادی ئه‌زبه‌ر بوو. به شیرین و خوسره‌وی نیزامی گهنجهویی به‌راورد کردبوو.” یان له ل ١٧دا ده‌ڵێت: “یاسه‌مه‌ن و ئه‌گریجه وه‌ک بولبولان له‌به‌ر یه‌ک ده‌خوێنن، ئاواز ده‌چڕن و له لێواری رووباره‌که‌دا زوڵفی عهنبهربۆیان دا‌دێنن و شێعر و شانامه ده‌ڵێنه‌وه.” هه‌روه‌ها له ل٣٢دا ده‌گێڕێته‌وه: “له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لایه‌کی نابینادا په‌روه‌رده بووم، که سی جوزئی قورئانی له سینه‌دا، حه‌دیسی شه‌ریفی له دڵدا، و گوڵستان و بوستانی سه‌عدیی له زارا بوو.”
٥)گۆڕانی له‌ناکاوی گۆشه‌نیگاکان یه‌کێکی تره له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی چهندهنگی له ڕوانگه‌ی باختینهوه؛
ڕۆماننووسه مۆدێرن و پهسامۆدێرنهکان به مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی لایه‌نی زهینخوازانهی ڕۆمانه‌کانیان، جاری وایه له چه‌ند گۆشه‌نیگای جیاواز که‌ڵک وه‌رده‌گرن. گۆڕانی گۆشه‌نیگا (بۆ نموونه له یه‌که‌م که‌سه‌وه بۆ سێیه‌م که‌س و …) بۆ ئه‌مه‌یه که دوایین ڕاستی (حقیقت غایی) بوونی نییه؛ گۆڕینی ئه‌م گۆشه‌نیگایان ئه‌م ئه‌گه‌ره بۆ خوێنه‌ر ده‌ڕه‌خسێنێت که هه‌تا جیهانی خه‌یاڵاویی ده‌قه‌که له‌به‌ر تیشکه جیاوازه‌کان ببینێت و بخوێنێته‌وه. گۆڕینی گۆشه‌نیگا له حیکایه‌تی چلشهوهدا به دوو شێوه خۆی دهنوێێت: ١) له هێندێک له به‌شه‌کاندا گێڕه‌ڕه‌وه به‌ته‌نیا ڕووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه ٢) له هێندک له به‌شه‌کانیش چه‌ند گێڕه‌ڕه‌وه، گێڕانه‌وه‌که له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن. بۆ نموونه له ل ١١دا گۆشه‌نیگا له‌نێوان ئێمه و شیرین و لهیلییهوه خول ده‌خوات و به‌م شێوه‌یه‌ی وێنا ده‌کات: “تا ئێسته له زۆر حیکایه‌تی بچووکدا بووین، زۆر جاران پێکه‌وه ناردووتین، له حه‌وت حیکایه‌تدا له‌ته‌ک یه‌کین، من بێ له له‌یلی، له پانزه حیکایه‌تدا هه‌م، به‌ڵام ئه‌و له نۆ حیکایه‌تی تردا هه‌یه. به‌ڵێ، من له نۆ حیکایه‌تدا هه‌م، به‌ڵام ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی له‌گه‌ڵ شیریندا بووم، قورس‌تر بوون.” له لاپه‌ڕه‌ی ٢٢دا به‌م شێوه‌یه‌یه گۆشه‌نیگا له یه‌که‌م که‌سه‌وه بۆ سێیه‌م که‌س ده‌گوازێته‌وه و ده‌گێڕێته‌وه: “ده‌ڵێم شیرین بۆ نایه‌ی هه‌موویان به‌ند بکه‌ین و دوایی بیانسووتێنین به‌ر له‌وه‌ی بڕۆن. ئه‌و هه‌میشه به ده‌نگێکی نووساوه‌وه ده‌ڵێت: له‌یلی له‌بری ئه‌م جلانه، ده‌ست بکه به درووینی باڵ تا بینێرم بۆ په‌نجه‌ره‌کان و زوو بگه‌ن. ده‌ڵێت با باڵه‌کان جودا بن و به‌شی هه‌موویان بکات.” هه‌روه‌ها له ل ٤٥دا گۆشه‌نیگا بۆ زانای گشتی ده‌گۆڕێت و ده‌ڵێت: “ڕۆژه ڕۆیشت و بۆ ڕۆژی دووه‌م فه‌قێ ناتیق دیار نه‌بوو، ڕۆژی دووه‌م ڕۆیی و ڕۆژشی سێیه‌میش وه‌ها، …” هه‌روه‌ها له شه‌وی چواره‌مدا گۆشه‌نیگاکان له یه‌که‌م که‌س بۆ دووه‌م که‌س و سێیه‌م که‌س ده‌گۆڕدرێن و ئه‌م گۆڕانکارییانه خوێنه‌ر ناچار ده‌که‌ن که به سرنجه‌وه وه‌دوای شوێنپێی ده‌نگه‌کان که‌وێت هه‌تا بتوانێت ته‌کووزیی لۆژیکی ڕووداوه‌کان له مێشکیدا ڕیک بخات. به‌م شێوه‌یه له حیکایه‌ته‌کاندا به گێڕانه‌وه‌ی حیکایه‌ته‌کان له زمانی که‌سایه‌تییه‌کان و بهدیاریدانیشتنی خاتوونی حیکایهتنووس ڕێگه به که‌سایه‌تییه‌کان ده‌درێت خۆیان بناسێنن و له تاکبێژی و تاکده‌نگی خۆیان بوێرن و فره‌ده‌نگی به‌سه‌ر که‌شه‌که‌دا زاڵ که‌ن.
٦) نامسۆگه‌ری له گێڕانه‌وه‌دا یه‌کێکی تر له تێکنیکه‌کانی فره‌ده‌نگییه؛
کاتێک نووسه‌ر سه‌باره‌ت به ڕووداوێک یان ده‌ربڕینی هه‌ستێک سه‌باره‌ت به هه‌ر یه‌ک له که‌سایه‌تییه‌کانی نائاگاییی خۆی ڕاده‌گه‌یێنێت و جۆریک نامسۆگهرانه (عدم قطعیت) له‌باره‌یان ده‌دوێت، له ڕاستیدا خه‌ریکه ڕێگه بۆ هینانه ئارای بیروڕا جیاوازه‌کان ده‌کاته‌وه و هه‌لی وتووێژی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ق و نووسه‌ر ده‌ڕه‌خسێنێت. باختین هاتنه ژووری “ئه‌وی تر” بۆ نێو وتووێژی که‌سایه‌تییه‌ک، ئه‌نجامی وتووێژی ده‌روونی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی ئافراندوونی ده‌زانێت. نووسه‌ر له کاتی وتووێژی ده‌روونی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ویتره جیاوازانه که خوڵقێنه‌ری خودی ئه‌ون، به‌ڵام له‌و جیان، به‌رهه‌مێکی چه‌ندده‌نگی ده‌خولقێنێت. ئه‌م شێوه ڕوانینه به‌خه‌ستی خۆی له شه‌وی سی و یه‌کدا ده‌بینێته‌وه له ونبوونی خونچه و پیران و هه‌روه‌ها له ونبوونی شه‌راره‌دا و به‌گشتی ئه‌م چاره‌نووسه نادیاره‌ی خه‌ڵکی مه‌مله‌که‌تی قه‌له‌نده‌ران تووشی دێن و ئه‌وی تر ڕووه‌و ڕووداوه‌کان ڕاده‌کێشن و وتووێژ له‌م نێوه‌دا ده‌خولقێت.
٧) یه‌کێکێکی تر له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕۆمانی چه‌ندده‌نگی له ڕوانگه‌ی باختینهوه، جگه له وتووێژی که‌سایه‌تییه‌کانی چیرۆک له‌گه‌ڵ یه‌کتر، وتووێژی فه‌رهه‌نگه‌کان و ئۆلهکانه. له‌م به‌رهه‌مه‌دا له‌پاڵ ئه‌م وتووێژه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی نێو حێکایهتهکان له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌یکه‌ن هه‌تا له‌م ڕێگه‌وه تاکێتیی خۆیان به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نیشان بده‌ن، ده‌توانین وتووێژی نێوان ئایدۆلۆژییه‌کان و که‌لتووره جیاوازه‌کانیش ببینین. وه‌ک ئیسلام و گاور و جوو و یارسان و ئیزیدی … که گێڕه‌ڕه‌وه به‌بێ هیچ جۆره ڕاده‌ربڕینێک و به‌کارهێنانی سه‌لیقه‌ی تاکه‌که‌سی بۆ لای هیچ کامیان ناشکێته‌وه و به هه‌ر کامیان ڕێگه‌ی ده‌ربڕینی بیروبۆچوونه‌کان و جیهانبینییه‌کانی خۆی ده‌دات. بۆ نموونه له ل ٣٩٩دا به‌م شێوه‌ی بۆمان له دابونه‌ریتی خانه‌قا ده‌دوێت و ده‌لێت: “به‌ڕه‌حمه‌ت بێت باوکم ئه‌فسانه‌ی ته‌کیه‌کان بوو، هه‌ریه‌ک له ئامێره‌کانی: ڕووباب، دوڕنا، دلربا، غیچهک، دمبووره چه‌نگ و عوودی ده‌زانی. منداڵ بووم له‌گه‌ڵی ده‌چوومه خانه‌قا و هه‌ر له‌وێش بێ له غه‌زه‌لی ئه‌فغانی و ده‌ری، گویم له غه‌زه‌لی عه‌ره‌بی و فارسی بوو، باوکم کاری خوێندنی غه‌زه‌ل و گۆرانی و حیکایه‌تی عاشقانه بوو، حیکایه‌ته‌کانی له‌یلی و مه‌جنوون، شیرین و فه‌رهاد، یووسف و زوله‌یخا، شێعره‌کانی حافز و سه‌عدیی شیرازی و مه‌ولانا جه‌لاله‌دین و بیدلیی به سه‌بکی خوراسانی، یان مه‌قامی هیندی ده‌گوتنه‌وه. ” ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ئه‌م چه‌ند دێڕه ده‌بینین چۆن نووسه‌ر به هێنانی ئه‌م زاراوه جیاوازانه له که‌لتوور و که‌سایه‌تی و شێواز و وڵاته جیاوازه‌کان خه‌ریکه فره‌ده‌نگییه‌کی ڕه‌نگاڵه ده‌خوڵقینێت. هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی ٣٩٢ به‌م شێوه‌ی ڕێز له ئایینی یارسان و دابونه‌ریته‌که‌ی ده‌گرێت: خۆیشکه خواویستی و ته‌مبوورژه‌نی بڕوای ئێمه‌یه، له کۆڕی زیکردا به ته‌مبووره‌وه یا عه‌لی یار وه‌لی، ده‌ڵێینه‌وه، ده‌چینه زیاره‌تگه‌ی شێخانمان، باوه یادگار و پیر شالیار. لای ئێمه غه‌زه‌ل و ئاواز و ئه‌وین سیانه‌ی خۆراکی موریدن تا خۆی له‌ده‌ست نه‌دات، ته‌مبوور زمانی بێکهلاممانه، له خانه‌قاکان ده‌روێشان به‌یتی بابا تاهیری هه‌مه‌دانی ده‌ڵێنه‌وه که به یه‌که‌م شاعیری یارسانی ده‌زانین …” هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی ١٩٥دا به‌م شێوه‌یه دان به ئایینی مه‌سیحدا ده‌نێت و ده‌ڵێت: ئه‌ز مه‌یخانه‌م هه‌یه، له مهسیحیانم، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که موسڵمانن، حه‌وت ساقیی کچ شه‌راب ده‌گێڕن، و تار و ساز و که‌مانچه لێ ده‌درێت، شێعری خه‌ییام و مه‌وله‌وی کورد ده‌گوترێته‌وه. گۆرانیبێژانی مه‌یخانه هه‌ر غه‌زه‌لێک بۆنی شه‌راب و مه‌ی لێ بێت ده‌یڵێنه‌وه …” هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی ٤٢١ و شه‌وی سی و هه‌شت به هێنانی که‌سایه‌تییه‌کی مووسایی دابونه‌ریته‌کانی تایبه‌ت به خۆی وێنا ده‌کات و له لاپه‌ڕه‌ی ٣٤٨دیشدا به هێنانی ئامێره‌کانی (ته‌پڵ و ده‌ف و ته‌مبوور و ڕووباب) ئه‌م فره‌که‌لتووری و فره‌ده‌نگی و هه‌روه‌ها بڕوابوون به بوونی فره‌چه‌شنی له بیر و هزر و ژیانی مرۆڤدا به‌و په‌ری خۆی ده‌گه‌ێنێت و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌واو دێمۆکراتیمان له شارێک وه‌ک شاری قه‌له‌نده‌ران بۆ وێنا ده‌کات.
٨) کارناوال
کارناوال یه‌کێک له گرینگترینی ئه‌و چه‌مکانه‌یه که له‌لایه‌ن باختینهوه دێته ئاراوه. مه‌به‌ست له کارناوال شێوازێکی تایبه‌ت له وتووێژه که له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ی خه‌ڵکی ئاسایی شکڵ ده‌گرێت و ده‌چێته پێش. ئه‌م وتووێژه به‌رهه‌ڵستی ده‌سه‌ڵاتی زاڵی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بێته‌وه و له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌بێته هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی زاڵێتیی ده‌سه‌ڵاتیی تاکبێژی له کۆمه‌ڵگه‌دا.
به بۆچوونی باختین (١٩٨٤: ١٠)، کارناوال “ده‌رخه‌ری داهێڵانی گشت پله‌کان، سهرترییهکان (امتیازات)، ڕێساکان و ڕێنه‌دراوه زنجیرهپلهیییهکان بووه. کارناوال میوانیی ڕاسته‌قینه‌ی کات، گۆڕانکاری و نوێبوونه‌وه‌یه”. له ڕاستیدا کارناوال وه‌ک به‌شێک له که‌لتووری هه‌مه‌کی خه‌ڵک، لایه‌نی نافه‌رمیی ژیانیان نیشان ده‌دات، که جێژنی ناته‌واوی، نه‌بوونی مسۆگه‌ری (قطعیت) و بێ‌کۆتایی ده‌گرێت و خه‌ڵک له ته‌کووزیی چه‌سپاوی زاڵ ڕزگار ده‌کات (باختین: ٥٣). به‌شداربووانی کارناوال، به شکاندنی یاسا زاڵه‌کان و زنجیره‌پله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و وه‌همی سهرترییان به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا به گاڵته ده‌گرن.
نه‌ته‌نیا که‌لتوور و ژیانی فه‌رمی له کارناوالدا گاڵته‌ی پێ ده‌کرێت، به‌ڵکوو زمانی فه‌رمیش له‌م میوانییه‌دا گاڵته‌ی پێ ده‌کرێت. خه‌ڵک گاڵته به زمانی فه‌رمی کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن، به به‌کارهێنانی زمانی ئاسایی و سهرکۆڵانان که بریتییه له جێنو، سوێند و ناشکوریکردنه (هه‌مان: ٥). کارناوال، گۆڕه‌پانی پێوه‌ندی خه‌ڵک له شوێنه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوورییه که ده‌یانکات به په‌یکه‌رێکی یه‌کده‌ست که له‌م میوانییه‌دا هیچ ئه‌رکێک ناگێڕن؛ به‌ڵکوو ئه‌رکه‌کانیان ده‌ژین.
ڕۆنالد نۆولز پێی وایه که لۆژیکی زاڵ به‌سه‌ر دنیای کارناوالدا، بارهوباربوونی (به‌راوه‌ژوویی)یه؛ دنیای بهرواوهژووی کارناوال، لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕانه له ژیانی ناکارناوالی و که‌لتووری فه‌رمیی کۆمه‌ڵگه‌یه که ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بۆ پاراستنی هێزی خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا ده‌سه‌پینن (نۆولز، ١٣٩١: ١٢). ئه‌وه‌ی وا له کارناوال و پێکه‌نینی خه‌ڵکدا زۆر گرینگ و جێی تێڕامانه، ئه‌وه‌ی که “قسه پێکهنیناوییهانی خه‌ڵکی هاوکات له‌گه‌ڵ حاشاکردن و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کۆچهمکه باوه‌کان، ده‌پڕژێته سه‌ر زیندووکردنه‌وه و نۆژنکردنه‌وه‌ی ئه‌م کۆچهمکه باوانه” (هه‌مان: ١٣).
چیرۆکی حه‌وت دهستهخۆشکهکه که شه‌وی بیست و دوو هه‌تا بیست و هه‌شت له‌خۆ ده‌گرێت، شێوه‌ی کارناوالی ڕه‌چاو ده‌کات. که‌سایه‌تییه‌کانی ئه‌م چیرۆکانه وه‌ک گه‌مژه‌کان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و له گهمژهییهکهیاندا، گاڵته به بارودۆخی ئێسته‌ی کۆمه‌ڵگه و سه‌لیقه‌ی بهخهسارچووی خه‌ڵک له پێشوازی له “مه‌یله بێ‌واتا ههستیارانهکان” ده‌که‌ن. به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ردێڕی ئه‌م چیرۆکه و ده‌رگای (به‌خشه‌ری هه‌ڵه و گوناهـهکان) سه‌ربه‌ندی ده‌ستپێکی، چه‌مکی گه‌مژه‌یی وه‌ک یه‌کێک له گرینگ‌ترین چه‌مکه‌کانی حیکایه‌ت دێته ئاراوه. ده‌توانین ناوی گه‌مژه‌یی له‌سه‌ر هه‌ڵه په‌یتاپه‌یتاکانی که‌سایه‌تییه‌کان دانێین؛ چونکه هه‌رکامیان پله‌یه‌ک له گه‌مژه‌یی له هه‌ڵسوکه‌وت و قسه‌کانی خۆیاندا نیشان ده‌ده‌ن. به بۆچوونی مۆلی کلاسێن (Molly Clasen) پێکه‌نینی کارناوال ده‌سه‌ڵات و هێز به خه‌ڵک ده‌دات و ئه‌زموونکردنی هێز ڕێگه‌یان پێ ده‌دات “خه‌یاڵیان په‌روه‌ده که‌ن و هیوادار بن و بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی یه‌کسان تێ بکۆشن”. ئه‌م ڕوانگه‌یه ئاماژه ده‌کا به چه‌مکی کارناوال به واتای میوانیی گۆڕانکاری و گۆڕان و ئه‌م گۆڕانه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌مژه، به ده‌سته‌به‌رکردنی زانستی وه‌ده‌ستهاتوو له گه‌مژه‌یی ڕوو ده‌دات که له کۆتاییدا ده‌بێته هۆی گۆڕانی ژیان و که‌سایه‌تییه‌که‌ی. ئه‌م زانسته به‌شێک له پێواژۆی گۆڕانکاری و له‌دایکبوونه‌وه‌یه.
فێڵبازییهکان و گهمژهیییهکانیان، ئه‌وان ده‌که‌ن به لێبووک (دلقک) که له به‌لاڕێبردن و لهسهرکاردانانی ئه‌وانی تر چێژ ده‌به‌ن و هاروهاجییهکانیان ده‌بێته هۆی گاڵته‌جاڕی و پێکه‌نین؛ بۆ نموونه: له حیکایه‌تی نێرگز و نارێ و یان فه‌قێ حۆری و به‌زمه‌که‌ی حهمیدبهگ …
زمانه ناحه‌ز و سووکانه‌که‌ی ئه‌م حه‌وت خوشکه له حیکایه‌ته‌کانی ٢٢ هه‌تا ٢٨، له‌گه‌ڵ زمانه سهرکۆڵانهکهی باختین – که یه‌کێک له هێماکانی که‌لتووری، هه‌مه‌کی خه‌ڵکه- شیاوی به‌راوردکردنه. زمانی سه‌رکۆڵانی کارناوال، خزمایه‌تییه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ ڕاوێژی نافه‌رمی هه‌یه و به وته‌ی باختین “نه‌ته‌نیا خه‌ڵکی له سانسۆری ده‌ره‌کی ڕزگار ده‌کات، به‌ڵکوو پێش هه‌موو شت، له سانسۆری گه‌وره‌ی ده‌روونی ڕزگاری ده‌کات”.
ئه‌وه‌نده‌ی چه‌مکی کارناوال، گاڵته به زنجیرهپلهیییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌کات، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌م حه‌وت حیکایه‌ته گاڵته به نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕۆژگاری خۆی ده‌کات. له خوێندنه‌وه‌ی کارناوالیی ئه‌م حیکایه‌تانه‌دا ده‌توانین به‌م ئامانجه بگه‌ین که نووسه‌ر به‌که‌ڵکوه‌رگرتن له داکێشانه جیاوازه‌کان، هێنانه خوارێی پله و پۆسته‌کان و ته‌کووزییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، گۆڕانکارییه پێکه‌نیناوییه‌کان و شێتهوێژهیییهکان (لغوگویی). جیهانێکی کارناوالی خوڵقاندووه و به گاڵته‌کردن به چینه سه‌رتره‌کانی کۆمه‌ڵگه و به‌تایبه‌ت پیاوسالاری و وه‌همی سه‌رتری ده‌سه‌ڵاتداره فێڵبازه‌کان، هه‌وڵ ده‌دات کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسان بۆ گشت خه‌ڵک له گشت چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا وێنا بکات.
ئه‌م حه‌وت خوشکه وه‌ک پاڵه‌وانی ژنی ئه‌م حه‌وت چیرۆکه، له هه‌وڵی شه‌رعییه‌تدان به ده‌نگی خۆیانن. ئه‌وان نوێنه‌ری ده‌نگێکی ژنانه و سه‌رکوتکراو له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پیاوسالاره و ئێسته له به‌رانبه‌ر خامۆشی و ته‌ریکیدا به‌ربه‌ره‌کانێ ده‌که‌ن.
یای بوشرا له حیکایه‌تی چلشه‌وه‌ی شاری قهلهندهراندا، به ئافراندنی جیهانی کارناوالی، که‌سایه‌تییه جیاوازه‌کان له چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌کانی له ده‌وری یه‌ک کۆ کردووه‌ته‌وه که هه‌رکامیان له هه‌وڵدان ده‌نگی خۆیان به گوێی ئه‌وانی تر بگه‌یێنن. که‌سایه‌تییه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر، له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگ و خوێنه‌ریان، خه‌ریکی کارلێک له‌گه‌ڵیان ده‌بن. له‌م حیکایه‌تانه‌دا، هه‌ر یه‌ک له که‌سایه‌تییه‌کان، له کاتی وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا و هه‌ندێ جاریش له کاتی وتووێژ له‌گه‌ڵ خۆیان، خۆیان ده‌ناسێنن و شوناسێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆیان وه‌ده‌ست ده‌خه‌ن. له‌م حیکایه‌تانه‌دا، ده‌نگی که‌سایه‌تییه‌کان له چینه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا و به پله و پۆسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ڕه‌گه‌زه جیاوازه‌کان ده‌بیسرێت: ده‌نگی خزمه‌تکاره‌کان، ده‌نگی ژنان، ده‌نگی خه‌ڵکی ئاسایی و ده‌نگی گه‌وره‌کان …
هه‌ر وه‌ک باختین ئاڕمانشاری خۆی پڕ له وتووێژ، پێکه‌وه‌ژیانی جیاوازییه‌کان و چه‌ندده‌نگی وێنا ده‌کات، یای بوشراش له حیکایه‌تی چلشهوهدا به دانی ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ و بڕواپێکراو به که‌سایه‌تییه‌کان، جیهانێکی وتووێژخواز ده‌ئافرێنێت. هه‌رچه‌ند مشتومڕی نێوان حیکایه‌ته‌کان له کۆتاییدا به کۆتا ده‌گات، به‌ڵام وتووێژی نێوان که‌سایه‌تییه‌کان و جیهانی ده‌وروبه‌ریان و به‌رده‌نگ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه و به کراوه‌هێشتنه‌وه‌ی کۆتاییی به‌رهه‌مه‌که‌ی هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی دهنگاودهنگی و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کراوه و دێمۆکراتیک ده‌کات.
_____________
سه‌رچاوه‌کان:
١. کتێبی (دانشنامهی نظریههای ادبی معاصر، ایرنا ریما مکاریک، ت مهران مهاجر، محمد نبوی)
٢. کتێبی حیکایه‌تی چلشه‌وه‌ی شاری قه‌له‌نده‌ران، بوشرا که‌سنه‌زانی
٣. وتاری (بررسی سه مضمون باختینی کارناوال، گفتگوگرایی و کرونوتوپ در نمایشنامه‌ی سر فرود آورد تا پیر‌وز شود یا اشتباهات یک شب اثر الیور گلدسمیث، ابوالفضل رمضانی، انیسه یزدانی)
٤. وتاری (تاریخ بیهقی در گستره‌ی منطق مکالمه، قدسیه رضویان، مریم فائزمرزبالی)
٥. وتاری (بررسی شش رمان ایرانی از دیدگاه چندصدایی باختین، مرضیه سبزعلیان)
٦. وتاری (بررسی رمان “بازی آخر بان‌و” بر اساس نظریهی چندصدایی باختین، نوشین استادمحمدی، دکتر حسین فقیهی، دکتر حسین هاجری)
٧. وتاری (چندصدایی در رمان سنگ صبور، زینب نوروزی، طاهره غلامی)
٨. وتاری (بررسی چندصدایی در رمان دکتر “نون زنش را بیش‌تر از مصدق دوست دارد”، نوشین استاد محمدی، حسین فقیهی، حسین هاجری )
٩) وتاری (نقد رمانهای نفرینشدگان و مهمانی تلخ با رویکرد منطق مکالمهی باختین، شیرزاد طایفی، هانیه حاجی تبار)
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە