خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی “زاگرۆس و دارستان” چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی “زاگرۆس و دارستان” چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی “زاگرۆس و دارستان” چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی زاگرۆس و دارستان لێکۆڵینەوەیەکی زاستی و مەیدانییە لە سەر دارستانەکانی زاگرۆس کە لە لایان حەسەن ڕەوشەوە ئەنجام دراوە.

زاگرۆس و دارستان یەکەم کتێبە بە زمانی کوردی کە باس لە ڕوەکە چێوییەکان، جۆرە دارەکانی زاگرۆس، بەروبەرهەم و خەسارناسی و مەترسییەکانی سەر دارستانەکانی زاگرۆس دەکات، حەسەن ڕەوش بە کەڵک‌وەرگرتن لە دەیان سەرچاوەی زانستی و هەروەها دوای چەندین ساڵ لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەو کتێبەدا توانیوییەتی لە هەمبەر دارەکانی زاگرۆس وەک، دارمازوو، داروێوڵ، دارشەکی و داربەڕوو زانیاری بەنرخ بدات بە خوێنەری خۆی و هەروەها لەو کتێبەدا باسی نەریتەکانی پێوەندیدار وەک چاندنی بەڕوو، تەقەی مازوو، بەڕووبەز، گەزۆکردن و گەڵاکردن کراوە حەسەن ڕەوش لە کتێبی زاگرۆس و دارستان‌دا ئاوڕی لە مەترسییەکانی سەر دارستانەکانی زاگرۆس داوەتەوە و بە شێوەی زانستی خەسارەکان و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو خەسارانەی ئاماژە پێ کردووە.

حەسەن ڕەوش نووسەری ئەم کتێبە بۆ ماڵپەڕی ماڵی کتێبی کوردی ئاوا دەدوێت: «تا ئێستا کتێبی هاوشێوەی ئەو کتێبە نووسراوەی خۆم، نە بە زمانی کوردی نە بە زمانی فارسی نەدیوە، چوونکە وەها کارێک بە شێوەی گشتی نەکراوە، ئەوەی کراوە بە شێوەی تایبەتی لە مەڕ چەند پرسێکی دیاری‌کراوی دارستان بووە. پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، دارستانەکانمان لە ژێر مەترسی گەورەی کاولکاری و فەوتان‌ دان!

هەوڵم داوە مەترسییەکان ئاشکرا بکەم و ڕێگەچارەی پێویست بخەمە ڕوو، تەنانەت ئەو نەریتانەی لە کۆنەوە بۆ دانیشتووانی گوندەکانی نیزیک دارستان باو بوون، وەک: گەڵ‌کردن، گەزۆ، بەڕوودۆز و … کە ئێستاش لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان باون، لێیان دواوم.

زۆربەی بەرهەمە ناسەرەکییەکان، وەک سەرچاوەی داهاتی خەڵک چاویان لێ دەکرێت، باسی ئەو بەرهەمانەش کراوە و خاڵی ئەرێنی و نەرێنی، هەروەها باسی زانستییان شی کراوەتەوە.

لە لایەکی تر ئەو ئاژەڵ و زیندەوەرانەی کە بە جۆرێک، کاریگەری باش و خراپیان لە سەر دارستان و ژینگە هەیە، یان هۆکاری ڕاگرتنی هاوسەنگی ئیکۆسیستەمی ناو دارستانن، لێیان دواوم.

زۆرن ئەو پسپۆڕ و زانایانەی بیانی و ناوخۆ، ساڵانی ڕابردوو هاتوونە زاگرۆس و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان لەمەڕ سەوزایی و دارستانەکان کردووە، تەنانەت ئەو کات کە ڕێگەی ماشێن نەبووە، بە سواری گوێدرێژ لە لێڕەوارەکان گەڕاون و ڕێگەی سەخت و دژواریان بڕیون، زۆرێک لەو کەسانە ئێستا لە ژیان‌دا نەماون، بەڵام من لەو کتێبەدا ناوم هێناون و، هەوڵ و زانیاری ئەوانیشم بەپێی پێویست، لە ڕووی سەرچاوەنووسراوەکانیان خستوونەتە ڕوو.

هەتا بۆم گونجاوە و توانیومە سەردانی لێڕەوار و شوێنی جیاجیای زاگرۆسم کردووە، هەڵبەت زۆرینەی سەردانەکانم لە باکووری زاگرۆس و زیاتریش شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، بانە و مەریوان بوون. بەخۆشحاڵییەوە زۆرترین جۆر و پێکهاتەی سەوزایی زاگرۆس بەتایبەت پێکهاتەی داربەڕوو لەو شوێنانە هەڵکەوتوون.

بەڵگەی زۆرینەی نووسراوەکانم لەگەڵ وێنە هێناوەتەوە، هەوڵم داوە زانیارییەکان بەڕۆژکراو و بەپێی سەرچاوە و بەڵگەی زانستی بنووسرێنەوە.

باوەڕم بە هەموو سەرچاوەیەک نەبووە، لەناو لێڕەوار گەڕاوم، بابەتەکەم بە چاو دیووە، دواتر هێناومەتە سەر لێنووس و زۆرجار وێنەشم لەگەڵ تۆمار کردووە.

لەو کتێبەدا باسی دارستان و تێکڕای درەخت، دارچک و پنجەدارەکانی زاگرۆس، هەروەها کاریگەریان لە پێکهاتەی لێڕەوارەکان‌دا کراوە.

ناوی زانستی، کوردی و فارسی هەموو ڕوەکە چێویەکانم هێناوە.

پێکهاتەی سەرەکی لێڕەوارەکانی زاگرۆس «داربەڕوویە،»هەر بۆیە بابەتی لەمەڕ ئەو درەختە زۆر زیاتر و بەرچاوترن.

بەگشتی لەو کتێبەدا، لە دەیان بابەتی جیاواز لەمەڕ ڕوەکی چێوی(درەخت، دارچک، پنجەدار) و دارستان و بابەتی پەیوەندیدار دواوم.

نە لێڕەواری چڕ و پڕ، نە شاخ و هەڵدێری چەتوون، نە چرقەی گەرمای هاوین، نە ڕێژنەی باران، نە کێشەی ئابووری و داهات، هیچ‌ کامیان بەربەستی بەرەو پێش‌چوونی کارم نەبوون و درێژەم بە کاری خۆم داوە.
چوونکە پێم وایە قەڵەمێک لە ڕاستای خزمەت بە ژینگە و نیشتمان هەڵسووڕێت خزمەتیشی هەرمانە و هەموو مرۆڤایەتیش سوودی لێ دەبینێت.»

کتێبی زاگرۆس و دارستان لە لایان بڵاوگەی ڕاژە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *