دیداری تایبەتی ماڵی کتێبی کوردی لە گەڵ مامۆستا جەلال مەلەکشا لە پەراویزی نۆهەمین پیشانگای نێونەتەوەیی کتێبی کوردستان
پێگهی ههواڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی»_لە سەردانێکی مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعیری ناسراو و پڕ هەست و نەستی کوردستان، بۆ پیشانگای کتێبی کوردستان، ماڵی کتێبی کوردی دیمانەیەکی لە گەڵ بەرێزیان سازکرد، لە درێژەدا پوختەیەک لە باس و بابەتەکانی ئەو دیدارە کە بریتین لە ڕا و تێبینییەکانی بەڕێزیان سەبارەت بە مژارە هەنووکەیەکانی شیعر و ئەدەبی کوردی، پێشکەش دەکین.
ماموستا جەلال مەلەکشا: ئەدەبیاتی بەرەنگاری، ژانری زاڵی ئەدەبیاتی کوردییە، کە ئەوەش پەیوەندی بە جوگرافیا و سروشتی مێژوو و کۆمەڵگای کوردییەوە هەیە.
جوانی شیعری من بۆ ئەو شوێن و کۆمەڵگایە دەگەڕێتەوە کە تێیدا لە دایک بووم و ژیاوم، کۆمەڵگایەک کە لە گەڵیان ژیاوم لە گەڵیان ئازارم چێشتووە.
شیعر ئەزموونی هەژاری و نەداری، و هەڵاتن و ئازاری بۆم هێنا، بەڵام لە بەرمبەردا عیزەت و ئیحترامی پێ بەخشیم
شیعری کوردی لە ئستێکی باڵادایە، شیعری نوێی کوردی تەمەنی کورتە بەڵام ئاستی زۆر بەرزە.
چوار شاعیری گەورەی کۆن و نوێی کورد لای من، مەحوی و نالی و پەشێو و شێرکۆ بێکەسن.
شاعیری بە ڕای من پێش ڕاهێنان و فێربوون پێویستی بە زاتێک و بوونێکی شاعیرانەیە.
شاعیر دەتوانێت خودا بێت خودا بە واتای خالق و داهێنەر و ئینسانی شاعیر دەتوانێت بخولقێنێت.
ئەزموونی شیعری من بە زمانی فارسی دەستی پێکرد، و لە زمانی فارسیدا زۆر بە باشی خۆم ڕاهێنا، لە گەڵ شاعیران و نووسەرانی فارسی زماندا پەیوەندیی بەردەوامم هەبوو. یەکەم شیعری فارسی من لە گوڤاری مانگانەی ئێراندا بوو بە یەکەم شیعری هەڵبژاردەی مانگ. من ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بووم و لە وشەدانانی فارسیدا هێندە توانام هەبوو کە زۆر جار هاوڕێیان لەوبارە پەیوەندییان پێدەکردم.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.