ژمارەی نوێی گۆڤاری هۆنە بڵاوکرایەوە.
ژمارەی ٦ و ٧ی گۆڤاری هۆنە لە یەک بەرگدا بە شێوە تەواو ڕەنگی بڵاوکرایەوه . ئەم دوو ژمارەیە لە ١٥٠ لاپەڕە پێکهاتووە و هەڵگری چەندین وتار و یادداشتە کە بەرچاوترین بابەتی ئەم ژمارەیە وتووێژی گۆڤاری هۆنەیە لەگەڵ چەندین مامۆستای ناوداری کورد وەک: عەتا نەهایی، محەمەدعەلی سوڵتانی، عەلیئەکبەر مورادی، کەلیموڵا تەوەحودی و …. .
بابەتی ئەم وتووێژانە بریتیە لە چەندین تەوەری جۆراوجۆر لە دەڤەری پسپۆڕایەتیی مامۆستایان و هەروەها کۆنگرەی ناودارانی کورد کە چەند مانگ پێش ئێستا لە شاری سنە بەڕێوە چوو.
لە گرینگترین وتووێژەکان دیمانەیە لەگەڵ مامۆستا عەتا نەهایی، سەبارەت بە هۆکارەکانی بەشدارینەکردنی لە کۆنگرەی ناودارانی کورددا.
یەکێک تر لە بابەتەکان سەبارەتە بە، بەستێنی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و جوگرافیی یارسانەکان لە سەدەی چوارەمەوە تا ئێستا کە بە قەڵەمی سەیید کەسرا حەیدەری، کارناسیی باڵای ئایین و عیرفانی زانکۆی تاران، نووسراوە.
بابەتێکی خۆیاری (help self)ش لە ژێر ناوی “تاملات (١)؛ رقابت” لە لایەن نووسەرێکەوە بە نازناوی ئارا، لەم ژمارەیەدا دەبینرێت.
ئاوڕدانەوە لە “مێژووی خەت و نووسین” و “زمانناسی چییە؟” دوو بابەتی دیکەن کە خاتوو سۆما مەحموودی، خوێندکاری کارناسیی باڵای زمانناسی و ئەندامی لێژنەی زانستیی هۆنە و بەڕێز کیانووش محەمەدی، بەرپرسی بەشی زمانناسیی هۆنە وەریانگێڕاوەتەوە و ئامادەیان کردووە.
لەم ژمارەدا، بابەتێکیش لە مەڕ ناساندنی گرووپی تازە ڕێکخراوی موسیقای هێما، لە لەیان تاقمێک لە لاوانی سنەیییەوە، ئامادە کراوە. هەروەها گەڵاڵەکاریی ڕووبەرگ و لاپەڕەکانی هۆنە لەم ژمارەیەدا لە ئەستۆی هەستیار سەمەدیدا بووە.
گۆڤاری فەرهەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی هۆنە، گۆڤاری تایبەتیی تەواویی خوێندکارانی کۆلێژی زمان و ئەدەبی زانکۆی کوردستان لە سنەیە.
وشەی “هۆنە” لە کوردیدا لە چاوگی هۆنینەوە گیراوە کە بە واتای شیعر و هەڵبەست، تەسنیف و پێکەوەبەستنـــە کە تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزرێنەرانی هۆنە لە ناوی گۆڤاردا دیار و ڕوونە.
هۆنە گۆڤارێکی چوار زمانەیە کە هاوکات بابەتی بە زمانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی و عەرەبی تێدایە.
خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری هۆنە ئێحسان میرەکی، خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و ئینگلیزیی زانکۆی کوردستانە.
هەروها بەرپرسی ئێستای گۆڤار خاتوو سۆما حەبیبزادە، خوێندکاری ماستێری زمان و ئەدەبی ئینگلیزیی زانکۆی کوردستانن.
ئەم گۆڤارە لە کاتی ئێستادا، ٣ بەشی تایبەتیی هەیە و بە شێوەی پسپۆڕانە چالاکییان هەیە؛ بەشی زمانناسی، بەشی وێژە و بەشی دەروونناسی و کۆمەڵایەتی کە بە ڕیزەوە بەرپرسانی ئەم سێ بەشە، کیانووش محەمەدی، سۆما حەبیبزادە و عرفان محەمەدین.
شایانی ئاماژەیە گۆڤاری هۆنە دوو مانگ پێش ئێستا توانی لە جەشنوارەی میلیی گۆڤارە خوێندکارییەکانی وڵاتدا لە نێوان نزیک بە ٤هەزار گۆڤاری خوێندکاری پلەی یەکەمی بەشی گۆڤارە غەیرە فارسیزمانەکان ڕادەست بکات و وەکوو گۆڤاری سەرکەوتوو ڕێزی لێ بگیردرێ لە لایەن هەر دوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و بێهداشتەوە.
داگرتنی ژمارهی ۱ی گۆڤاری هۆنەداگرتنی ژمارهی ۲ی گۆڤاری هۆنە
داگرتنی ژمارهی ۳ی گۆڤاری هۆنە
داگرتنی ژمارهی ٤و٥ی گۆڤاری هۆنە
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.