ناسنامەی کتێب: «شەدەی سوور»، جەلیل ڕەحیمی، چاپهمهنی مانگ، ساڵی چاپ: ۱۳۹۸ (۲۰۱۹).
ئەو چیرۆکنووسەی زۆرم شایی پێیەتی.
زانیار قادرزاده
هەر کە باسی چیرۆک دێتە گۆڕێ، مەیلی گێڕانەوە لە هەناوی مرۆڤدا چەکەرە دەکا و زوو بە خۆیدا دێ و دەگوورێ. جا ئەو کەسەی وا هونەری داڕشتن و ڕووحوەبەرهێنانی کەسایەتییەکانی دەکەوێتە سەر شان و بە بەر چاوی خوێنەریاندا دێنێ و دەبا، پتر هەست بە ڕاستیی ڕووداوەکان دەکا و گەلێ جاران خۆیان تێدا دەبینێتەوە و زۆر کەڕەتانیش وێنەی کەسانی دی.
ئەو ڕەوشت و ڕەفتارە ئاسایییانەی ڕۆژانە لە چاوی خوێنەردا نادیترێن یان خۆیان تێهەڵناقوتێنێ و گوێیان ناداتێ، چیرۆکنووس زیندوویان دەکاتەوە و دەقودۆغر دەیانهێنێتەوە بەر چاوان و هەر بۆیەشە دەکەونە بەر دڵی خوێنەرەوە. زۆر جارانیش خۆیان لێ نەبان دەکا و دیوێکی دیکەی کەسایەتییەکانمان نیشان دەدا، هەر دەڵێی کەسایەتییەکان لە جیهانی واقعیشدا نین و خەیاڵین. دەکرێ کەسایەتی و کارەکتەرەکان دەستکرد و ناسرووشتیش بن، بەڵام لە هەمووی ئەو هونەر و تێکنیکانەدا چیرۆکنووس بۆخۆی سەرپشکە چییان لێ دەکا و چۆن بەرپرسیاریەتییان دەخاتە سەر شان. ئەو دیمەنە جوان و سەرنجڕاکێشانەی لە چاوی کەسانی ئاساییدا تیژتێپەڕن، لە چاوی چیرۆکنووسدا زۆر بەشێنەیی وێنا دەکرێن. سەرلەبەری بەوردی و بە جوانی زیندوو دەکرێنەوە و کارکردێکی مەعریفی و جوانیناسانەیان پێ دەبەخشرێ.
چیرۆکنووس لە گێڕانەوەدا هەموو کاتە لەدەستچووەکان دەسەر یەک دەکاتەوە و نایەڵێ پڕش و بڵاو بن. هەرچەند شێوازەکانی زمانی گێڕانەوە جیاوازن، بەڵام لێرەدایە کە چیرۆکنووس هونەری خۆی دەخاتە تای تەرازووی تاقیکارییەوە و هەر زوو دڵ و دەروونی خوێنەر ئاوپڕژێن دەکا. نایەڵێ لە نووسراوەکەدا خۆی لێ ون بێ و نەزانێ سەر بە چ کون و کاژێرێکدا دەکا، بەڵکو میوانێکی ڕاستەقینەی دیمەن و ئەندێشە و باوەڕەکانی خۆی بە زمانێکی جیاواز و هونەرمەندانە دەدوێنێ. زۆر کەڕەتان دە گریانی دەکا، زۆر جارانیش لەسەر ڕەقی پشتێ دەکەوێ و پێی پێدەکەنێ و زۆر شتی شاراوە و حاسێی نێو مێشکی مرۆڤیش زیندوو دەکاتەوە. دەکرێ زۆر پرسیاری بێوڵام و نەگوتراویش وڵام بداتەوە.
هەر لەو سۆنگەیەوە پێم خۆش بوو ئاوڕێکی خشکەیی و سەرپێی وەسەر کۆمەڵە چیرۆکی تازە چاپکراوی “شەدەی سوور” لە نووسینی کاک “جەلیل ڕەحیمی” بدەمەوە. هونەری بەرزی نووسەر، لە گێڕانەوەی چیرۆکەکاندایە و بە حەق ڕووداو و کەسایەتی و دیمەن و داڕشتەکان ئەوەندە وەستایانە و شارەزایانە دەخوڵقێنێ و دەیانگێڕێتەوە، کە نە ماندووت دەکا و نە نامۆیێ دەکەی. بە شێوازێکی مۆدێرن و ڕیالیستانە(واقعگەرایەنە) چیرۆکەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. یەکێک لە هونەرەکانی دیکەی نووسەر، زمانە پاراو و دەوڵەمەندەکەیەتی کە بەحەق دەبێ ئۆباڵی بۆ بکێشی کە چەندە جوان هەودای ڕستەکانی بە دەستەواژەی جوان و لە جێی خۆیدا هۆندووەتەوە، هەڵبەت لە زۆر شوێنانیش بنزاراوەی موکریانی باڵ بەسەر گێرانەوەکانیدا دەکێشێ. هەرچەند تێکنیکەکانی چیرۆک و گێڕانەوە زۆر زیادترن، بەڵام نووسەر پێچوپەنای نییە و دەیهەوێ بە زمانیکی سادە، لە هەمان کاتدا وەستایانە چیرۆکی ڕیالیستیمان بۆ بگێڕێتەوە. فەزا و شێوازی دیالۆگ و دمەتەقەکان زۆر بە جوانی داڕێژراون. ڕاوێژ(لەحن) و دواندنەکان زۆر کوردانەن. بۆ وێنە چیرۆکەکانی “سێ لینگ بازنەی هەڵقرتاو”، “خهونه ئاڵۆزهکانی ڕهفیقهکهم، تهعبیریان مهرگه”، “کڵاوی ئاسن”، “خەیاڵ”، “عەلامەت پرسیارێکی گەورە”، “قەیرەکچێک لەنێو تاکسییەکی وەندا” دیمەنی کۆمەڵگای دواکەوتوو و نەریتیی خۆمان، کەڵکەڵەی مرۆڤی هاوچەرخ، دیارنەبوونی ئاسۆی ژیانی ئینسانی مۆدێرن، تەنانەت ئەو دیمەن و دیاردە بڤانەی نێو ژیانی زۆربەمان، هەژاری و بێدەرەتانی، نوقمبوون لەنێو دونیای ئاڵۆز و بێکۆتاییی مرۆڤی سەردەم و بێوڵام مانەوەی پرسیارەکانی ژیان ، … مان دێنێتە بەرچاوان. لێرەدایە کە نووسەر توانیویەتی و دە خۆی ڕادیوە کە بنووسێ و شاکار بخوڵقێنێ. هەڵبەت هێندێک لە چیرۆکەکان ڕێیان تێدەچێ درێژتریش بکرێنەوە و دەرفەتی ئەوەیان هەیە ببن بە ڕۆمان. ئەو کۆمەڵە چیرۆکە قسە هەڵدەگرێ و دەکرێ بنج و بناوانی چیرۆکەکان شەنوکەو بکرێن و لە دونیای هەراوی گێڕانەوەدا وەردیان دەینەوە.
تێبینی: کۆمەڵە چیرۆکی “شەدەی سوور” یەکەمین کتێبی چاپکراوی کاک “جەلیل ڕەحیمی“یە و “چاپەمەنیی مانگ” چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.