ناساندنى كتێبى «لیۆ ڤیگۆتسکی، تیۆریی سۆسیۆکولتووری و پەروەردەی هاوچەرخ» نووسینی فایەق سەعید
فایەق سەعید
ڕەنگە ئەوەی ئەم کتێبە ببینێ، پرسیاری ئەوە بکات بۆ لە ئێستادا ڤیگۆتسکی؟ بە کورتی، دوای ژان پیاژێ، ئەو دووەم گرنگترین تیۆریزان و ڕابەری تیۆریی مەعریفییە و یەکێکە لەوانەی توانیی ڕەوتی پەروەردە لە جیهانی پێشکەوتوودا بگۆڕێت. لەگەڵ یەکەمین وەرگێڕانی کتێبی «بیرکردنەوە و زمان»دا بۆ ئینگلیزی، ناوەندە مەعریفییەکانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمەریکییەکان، بڕیاری ئەوەیان دا لە ناوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا کاری لەسەر بکرێ، لە زانکۆکاندا بخوێندرێ و لە خوێندنگەکاندا پیادە بکرێ. ڤیگۆتسکی، کە دامەزرێنەری تیۆریی سۆسیۆکولتوورییە، توانیی لە ڕوانگەیەکی بەرفراوانی سۆسیۆکولتوورییەوە کۆی سیستمی پەروەردە لە ڕۆژئاوا بگۆڕێت و هەمیشە لە ناو خوێندنگەکاندا ئامادە بێت. بۆیە ئێمە پێویستمان بە ئاوڕدانەوەیەکی جیدی هەیە بۆ سەر ڤیگۆتسکی و دەبێ وردگەرایی بۆ ئەوەیش بکەین کە بۆ تاوەکو ئەمڕۆیش، ڤیگۆتسکی لە سیستمە پەروەردەییەکانی جیهاندا کاری پێ دەکرێ.
بەر لە ڤیگۆتسکی، کۆی دەروونناسی و پەروەردەناسیی ڕۆژئاوا کاریان لەسەر سێ تەوەری بنچینەیی دەکرد، کە ڤیگۆتسکی توانیی بیانگۆڕێ. لەم ڕوانگەیەوە، ناودارترین پەروەردەناسی سەدەی ڕابردوو، ژان پیاژێ، پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئێمە دەبێ واز لە منداڵەکان بێنین خۆیان کار بکەن (دەروونناسیی تاک)؛ ئەوان بەبێ مامۆستاکانیش دەتوانن کەشفی گەورە بکەن. ئەو پێی وابوو دیداکتیکی قوتابخانەکان ناتوانن گەشەکردنی منداڵەکان خێراتر بکەنەوە و زمانیش ناتوانێ بیرکردنەوە بۆ ئەو منداڵانە دروست بکات.
کاتێک ئەمەریکاییەکان «ڤیگۆتسکی»یان خوێندەوە، درکیان بەوە کرد کە وەڵامی پرسیاری دەیەکانی داهاتوو لە لای ئەم دەروونناسەیە. ڤیگۆتسکی لەو سێ ڕەهەندەدا بە پێچەوانەی ژان پیاژێ کاری دەکرد، کە هەموو پەروەردەی ڕۆژئاوای ڕەنگڕێژ کردبوو. ئەو پێی وابوو دەبێ جەخت لەسەر دەروونناسیی کۆمەڵ بکەینەوە، نەک تاک؛ لە ڕێگەی دیداکتیکی قوتابخانەکانەوە دەتوانین گەشەکردنی منداڵەکان خێراتر بکەینەوە، زمان بە ڕادەیەکی زۆر دەتوانێ بیرکردنەوە دروست بکات، مرۆڤ نابێ واز لە منداڵەکان بێنێ بە تەنها گەشە بکەن، بەڵکو ئەوان لە ئەنجامی ژیانی پێکەوەیی و کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە گەشە دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستیان بە فێربوونی زمان دەبێت.
بۆ گەیشتن بەو مەبەستانەیش، ڤیگۆتسکی دەیویست بایەخێکی بێوێنە بە پێگەی مامۆستاکان بدات. خولەکانی شیاندن و بایەخدان بە توانای مامۆستایان، لە دوای ڤیگۆتسکی ڕەوتێکی جیاوازیان گرتە بەر. ئەو لە ڕێگەی تیۆریی نزیکترین زوونی گەشەکردنەوە، توانیی هاوکاریی مامۆستاکان بکات کە چۆن بتوانن هاوکاریی خوێندکارەکان بکەن.
بەبێ خوێندنەوەی ژان پیاژێ، ڤیگۆتسکی و تیۆریی سۆسیۆکولتووری، مامۆستاکان هەرگیز ناتوانن لە گەشەکردنی پەروەردی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو تێبگەن و لەم ڕۆژگارەیشدا کار بکەن. بۆیە خوێندنەوە و کارکردن بە ڤیگۆتسکی، تا ئەم ساتەوەختەیش بەردەوامە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە بە درێژایی ١١ بەش هەوڵی ئەوە دەدات شرۆڤەی زۆربەی ئەو بابەتە گرنگانە بکات کە بە درێژایی نیو سەدە، پەروەردەناسی و دەروونناسیی ڕۆژئاوایان سەرقاڵ کردبوو و بووبوونە هۆی ئەوەی سەدەها کتێب، هەزارەها لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی لە ناوەندە باڵاکانی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، لە بارەیانەوە بنووسرێ و بڵاو بکرێنەوە.
ئێمە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستیمان بە کوردی دەربارەی کارەکانی ڤیگۆتسکی نەدیوە و بەدەر لە کتێبە ناوازەکەی «بیرکردنەوە و زمان»، هیچ بەرهەمێکی دیکەی ڤیگۆتسکی بە کوردی بڵاو نەبووەتەوە. دەبێ ئەوەیش یادداشت بکەین کە لە نووسینی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئێمە ئەو لێکۆڵینەوانەی «ڤیگۆتسکی»مان پشتگوێ خستووە، کە باسی هونەر و ئەدەب دەکەن، یان بە حوکمی کات، کۆن بوون و ئێستا لێکۆڵینەوەی زانستیی باشتر لەئارادا هەیە. هاوکات ئەو نووسینانەیشمان پشتگوێ خستووە کە باس لە کارکردنی مێشکی مەیموونەکان و هەندێ ئاژەڵێ پێشکەوتوو دەکەن.
پێشنیاری ئێمە بۆ تۆ ئەوەیە، بەر لە خوێندنەوەی کتێبەکە، چاوێک بە فەرهەنگی چەمکە زانستییەکاندا بگێڕیت، کە لە کۆتایی کتێبەکەدا جێگیرمان کردووە، چونکە لە کاتی خوێندنەوەدا، ئەو فەرهەنگە دەتوانێ هاوکارییەکی باشت بکات بۆ تێگەیشتن لەو چەمکانەی لە کاتی خوێندنەوەدا تووشت دەبن.
دواجار دەبێ ئەوەیش یادداشت بکەین کە ئەم لێکۆڵینەوەیە، چوارەمین بەشی کتێبی «تێکشکانی بەهاکانی خوێندکار» پێک دێنێ، کە ئێمە لێرەدا وەکو کتێبێکی سەربەخۆ کارمان لەگەڵدا کردووە.
دواجار دەبێ سوپاسێکی بێ ئەندازەی وردگەرایی کاک هاوکار عەبدولڵا بکەم، کە زۆر بە وردی، بە ڕێنووس و خاڵبەندیی تەواوی کتێبەکەدا چووەتەوە و هەڵەچنیی بۆ کردووە.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.