ناساندنی کتێبی «ده‌ستپێك له چیرۆكی كوردییدا» بەرهەمی ئارام سدیق
ناسنامەی کتێب: «ده‌ستپێك له چیرۆكی كوردییدا»، ئارام سدیق، چاپەمەنی یانه‌ی قه‌ڵه‌م، سلێمانی ۲۰۱۲.
ئارام سدیق
پێگه‌ی هه‌واڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی»، ده‌ستپێك له چیرۆكی كوردییدا ناونیشانی كتێبێكی “ئارام سدیق”ه و له لایه‌ن یانه‌ی قه‌ڵه‌مه‌وه چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌م كتێبه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی چڕ و پڕه له‌سه‌ر هونه‌ری ده‌سپێك له چیرۆكی كوردییدا و چیرۆكی ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی به نموونه وه‌رگیراوه. كتێبه‌كه دوو به‌شی سه‌ره‌كی له خۆ ده‌گرێت كه به‌شێكی ته‌رخان كراوه بۆ لایه‌نی تیۆری هونه‌ری ده‌سپێك و به‌شێكی دیكه‌ی لایه‌نی پراكتیكییه، كه به نموونه كار له‌سه‌ر چیرۆكی هه‌ریه‌ك له (حسێن عارف، رووف بێگه‌رد، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل، عه‌بدوڵڵا سه‌راج، محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌حمه‌د، شێرزاد حه‌سه‌ن، كاوس قه‌فتان، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم، حه‌مه كه‌ریم عارف و محه‌مه‌د ره‌شید فه‌تاح) كراوه.
نووسه‌ر له پێشه‌كی كتێبه‌دا ده‌نووسێت: “ره‌نگه یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی چیرۆكی كوردی له رووی هونه‌رییه‌وه هه‌نگاوی نوێ نه‌نێت، یان هه‌نگاوه‌كانی خێرا نه‌بن، بۆ ئاشنا نه‌بوونی نووسه‌ران و چیرۆكنووسان بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رجه‌م ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌قێكی چیرۆك. ئه‌وه‌ی تا ئێستا له كتێبخانه‌ی كوردیدا ده‌بینرێت ته‌نها كتێبگهلێكی زۆر كه‌مه له‌سه‌ر چیرۆك و ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه زۆر ره‌گه‌زی گرنگ و سه‌ره‌كی ئه‌م ژانره تا ئێستا ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه، یان زۆر به‌كه‌می له‌باره‌یانه‌وه نوسراوه.
یه‌كێك له‌و ره‌گه‌زه گرنگانه‌ی كه له ده‌قی گێڕانه‌وه‌ییدا جێگای گرنگی پێدانه (ده‌سپێك)ه، كه لاموایه له‌پاش ره‌گه‌زی ناونیشان، ده‌كرێت وه‌كو ره‌گه‌زێكی گرنگی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی سه‌یری بكرێت، به‌و پێیه‌ی ده‌ستی ده‌بێت له سه‌رنجڕاكێشان و راوكردنی خوێنه‌ردا بۆ نێو فه‌زای ده‌ق. (ده‌سپێك) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی گرنگییه‌كی زۆره و له‌نێو ئه‌ده‌بی جیهانی به‌گشتی و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و فارسی‌دا به‌تایبه‌تی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه و كتێبی جۆراوجۆری له‌باره‌وه نووسراوه، به‌ڵام تا ئێستا له‌نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا (ئه‌وه‌ی به‌رچاوی من كه‌وتووه) ته‌نها دوو وتار له‌سه‌ر ئه‌م ره‌گه‌زه نووسراوه كه یه‌كێكیان وتارێكی كاك (نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د)ه به‌ناوی (هونه‌ری ده‌سپێك له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا) كه له كتێبی (ئه‌زموونی خوێندنه‌وه)دا بڵاوبۆته‌وه و دووه‌میشان وتارێكی منه به‌ناوی (هونه‌ری ده‌سپێك له كۆچیرۆكی”ده‌ستی خودا”ی ره‌ووف بێگه‌رد-دا)، كه چه‌ند ساڵێك پێشتر و له كتێبی (ئیستاتیكای گێڕانه‌وه)دا بڵاوبۆته‌وه. به‌ده‌ر له‌م دوو وتاره تا ئێستا هیچ وتارێكی ترم تایبه‌ت به هونه‌ری ده‌سپێك نه‌بینیوه، كه ده‌بوایه چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه و كتێب له‌سه‌ر ئه‌م ره‌گه‌زه گرنگه‌ی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی و چیرۆك و رۆمانی كوردی بنوسرایه. بۆیه ره‌نگه یه‌كێك له‌و لاوازییه‌ی كه له ده‌سپێكی زۆرێك له ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی كوردییدا ده‌بینرێت بۆ نائاشنابوونی نووسه‌ر و چیرۆكنووسانی كورد بگه‌ڕێته‌وه به‌م ره‌گه‌زه و هاوكات ناكارایی ره‌خنه‌ی كوردیش كه ئاوڕی له‌م ره‌گه‌زه گرنگه‌ی ده‌ق نه‌داوه‌ته‌وه. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له زانكۆكانیشدا هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك نابینرێت له‌سه‌ر ئه‌م ره‌گه‌زه، به‌ڵكو زۆرێكی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه كراون به شتی لاوه‌كی و ره‌گه‌زی لاوه‌كی تر له‌م ره‌گه‌زه‌وه خه‌ریك بوون. یان ده‌توانین دروستر ئه‌وه بڵێین كه ئه‌و فیرخوازانه زیاتر به بابه‌تی حازر به‌ده‌سته‌وه خۆیان سه‌رقاڵ كردووه، نه‌ك هه‌وڵ بده‌ن بۆ ئیختیاركردنی بابه‌تی نوێ و سه‌رنجڕاكیش.
من له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له چه‌ندین لایه‌نه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م ره‌گه‌زه بوه‌ستم و به‌دوای گرنگی و بایه‌خ و خه‌سڵه‌ت و جۆره‌كانی ئه‌م ره‌گه‌زه‌دا له نێو ده‌قی گێڕانه‌وه‌ی كوردیدا بگه‌ڕێم به‌گشتی و چیرۆكی كوردی به‌تایبه‌ت و چیرۆكی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان به تایبه‌ت تر، چونكه لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م ماوه‌یه چڕ كردۆته‌وه.”
نووسه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه زیاتر له ١٥٠ سه‌رچاوه‌ی به‌كارهێناوه كتێبه‌كه له دووتوێیی ١٨٠ لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.