ئاههنگی دەرچوونی دووەمین خولی خوێندکارانی زمان و ئەدەبی کوردی
پێگهی ههواڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی»، بە بۆنەی دەرچوونی دووەمین خولی خوێندکارانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردییەوە ئاهەنگێک له زانکۆی کوردستان لە سنه بەڕێوەچوو. ئەم ئاهەنگە خنجیلانەیە لە ڕێککەوتی ۹ی ڕەزبەری ۱۳۹۹ی هەتاوی لە کەمپسی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستاندا و بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بە شێوەیەکی سنووردار بەڕێوەچوو.
جێگای ئاماژەیە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە ساڵی ۱۳۹٤ی هەتاوی (۲۰۱۵ی زایینی) لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە دامەزرا و یەکەم خولی دەرچووانی ئەو بەشە کە ژمارەیان ۳۷ خوێندکار بوو ساڵی پار بڕوانامەی کارناسییان (بەکالێریوس) وەرگرت و لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا سوێندی دەرچوونیان خوارد. ئەمساڵیش خولی دووەمی خوێندکارانی دەرچووی ئەو بەشە کە ژمارەیان ۳۳ کەسە بڕوانامەی کارناسییان پێبەخشرا.
دوکتور بەختیار سەجادی
بەشی زمان و ئەدەبی کوردی هەموو ساڵێک لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی کونکووری سەرتاسەرییەوە پۆلێک خوێندکار وەردەگرێ و ئێستا ۱۶۵ خوێندکار لەو بەشەدا خەریکی خوێندنن. بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان لە سنە خاوەنی ۴ مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردییە و سەرۆکی بەشەکەش بەرێز د. بەختیار سەجادی-یە کە پرۆفێسوری هاوکارە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیسیدا. د. سەجادی لە ڕەوتی دامەزرانی ئەو بەشەدا دەوری سەرەکی گێڕا و بەرنامەی خوێندن و جۆری وانەکانی ئەو بەشەی لە ساڵی ۱۳۸۱دا (۲۰۰۲) داڕشت.
?دەقی سوێندی یاسایی خوێندکارانی زمانی و ئەدەبی کوردی:
“بە ناوی خوا کە دەهەندە و دلۆڤانە
من بە زانیاری تەواوەوە، سەبارەت بە جێگە و پێگەی زانست، لە پێشڤەچوونی کۆمەڵگا، لە گەشەسەندنی ژیانی مرۆییدا لە ئاوەدانکردنەوەی نیشتماندا هەروەهاش دەوری زانست و هونەر لە خۆشبژیوی مرۆڤدا لە پاراستنی جیهان لە هەموو جۆرە خراپەکارییەک، لە دابینکردنی شادمانی بۆ خۆم و کەسانی تر، ئێستا، کە وەکوو دەرچووی زانستگا، ژیانی کاری و دەوری سەرەکی من لە کۆمەڵگادا دەسپێدەکات، سوێند ئەخۆم بە قوڕئانی پیرۆز کە بەردەوام لە سەرتاسەری ژیانمدا لە سەرجەم کاروبارگەلی پیشەیی و کۆمەڵایەتیدا وەفادار بم بەم سوێندە؛ من سوێند ئەخۆم، مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی خاوەن ئاوەز، وەک دیاردەی بەرزی ئافراندن سەیر بکەم، ڕاستگۆ و واقیعبین بم، خۆم دوور ڕابگرم لە هەر جۆرە هەوڵێک کە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی خەساری بە دواوە بێت. تا ئەو جێگەیەی بۆم دەکرێت خزمەت بکەم بەو زانستگایەی تێیدا خوێندنم تەواو کردووە، وەکوو شوێنێکی پیرۆز و بایەخدار سەیری بکەم. من وەکوو ئێرانییەک، وەکوو کوردێک، ڕێز دەگرم لەم نیشتمانە، هەوڵی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی نرخ و بەهای نیشتمان و گەل، پێشینیان و نەوەگەلی داهاتوو، بپارێزم. زانیاری و باوەڕ و ویژدانی خۆم دەکەمە شایەتحاڵ بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکانی ژیانی پیشەیی و ئەکادیمیکدا بە پاڵپشتی ئەو پسپۆڕییەی هەمە، بە شێوەیەکی درووست هەنگاو هەڵبگرم، هەردەم هەوڵ بدەم لە پێناوی بووژانەوە و گەشەپێدانی نیشتمان و خەڵکەکەی، ئەو ئاو و خاکەی تێیدا پەروەردە کراوم، خزمەت بکەم. سوێند ئەخۆم ژینگەیەکی پڕ لە خۆشەویستی، تەژی لە دۆستایەتی، بۆ خزمەتی گەلەکەم بەدی بهێنم. بە گیانی هاوڕێیەتییەوە، لە گەڵ هاوکارەکانمدا هەڵسوکەوت بکەم، بە بێ سەرنجدان بە نەتەوە و ڕەگەز و ئایین و ئایینزا و یا خود تەمەن، ڕێز لە بایەخ و بەها مرۆییەکان بگرم. هیوادارم بتوانم ئەو خاڵانەی سەرەوە لە بیر و هزر و لە ئاکار و گوتەکانمدا لە سەرتاسەری ژیانمدا ڕەچاو بکەم وە جێگەی ڕەزامەندی خوای گەورە بێت.”
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.