خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ژمارە ۲۱۴ی گۆڤار مەھاباد بڵاوکرایەوە.

ژمارە ۲۱۴ی گۆڤار مەھاباد بڵاوکرایەوە.

ژمارە ۲۱۴ی گۆڤار مەھاباد بڵاوکرایەوە.

سەروتار(گۆڤاری مەهاباد، ژمارە ٢١٤، سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی)
.
عەزیز وەلیانی
.
ژاراوی خەزان و …

بڕیارم دابوو بە بۆن و بەرامەی چەپکێ لە گوڵزاری نیشتمان، یان بیستنی هەواڵێکی هەست‌بزوێن، تەنانەت خەندەنیگای ژێردەمامکی نەوباوەیەک، کەش‌و‌هەوای سەروتار خۆش کەم. خۆزگەم دەخواست بە لەدایک بوونی شێعرێکی خۆشی‌بەخش لە شاعیرێکی بێ دەرد و زووخاو سەردەقی وتارەکەم داگیرسێنم؛ بەتەما بووم بە سۆزی عەشقی دوو نەونەمام، پیت و وشەکان بێنمە سەما تا لەم گەڵاڕێزانەدا گۆوەندێ ساز کەین بەڵکوو تپەی دڵمان دەهۆڵی شادمانی بکوتێ. بەڵام مخابن … چاوی چاوەڕوانم کوێر، کڕ کەوتوو و تاساو، تەنانەت بۆ سێبووری دڵ، تۆزقاڵێ لە بریا و خۆزگەکانم نەهاتنە دی و چم شک نەبرد! دیسان پاییز، هەمیسان لە پاییزا هوروژمی تێکڕایی چەند پەتای مەرگ و میحنەت و بێ‌بەشی، بەرۆکی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە. لێگەڕێن با لە ڕۆژژمێری خەزانی ئەمساڵ تۆمار کرێ کە شەقام گرژ و مۆن و پەشۆکاو، دەستەکان لێک نامۆن، لێوەکان لە گۆ کەوتوون نەکا هاڵاوی نادیاری پەتایەک، بخزێتە هەناومان و ڕێی نەمان بگرێنەبەر. ڕەشەبای مەرگ بەرەڵدا بووە و دەلورێنێ تا وەکوژێنێ چرای دەماڵان، گوڵستان ژاکاو و گۆڕستان ئاوەدان. فریشتە سپی‌پۆشەکان گەلێ شەکەت و بێ‌بڕست، بەڵام هەر وا لەسەر‌پێ و نەسرەوتوو. دەمێکە بۆنی تەرم و دڵی هەڵقرچاوی کەسەکان دوور لە ئاوەدانی و کۆڕی خزمان جێی بە بێنی سوورەگوڵانی وڵاتەکەم لێژ کردووە، دەمێکە ئاگر کەوتۆتە دارستانی هومێد و خەونەکان. دەمێکە تەقە و نیخەی سینگی کۆڵبەرانی شەکەت بۆتە ئاهەنگی شەو و ڕۆژی کەژ و بەندەنی سەر سنوور؛ گشتی ئەمانە سووچێکن لە دیمەنی دڵ‌هەژێنی ئەوڕۆی وڵات. گرفتی ئابووری بۆتە سەرەکی ترین دۆزی ژیان. سەرباری دەردان گەندەڵکار و ناچیزەکان بێ ڕووبینی و بێ دەمامک ڕۆبوونە سامان و داهاتی شارەکان؛ گەرەکیانە غرور و عیزەتی “ئینسان” بچڕژێنن و دەخوازن وشەی درۆ و ڕیا و فەساد، ببنە ئامرازی گەیشتن بە مراد. با لە ڕۆژژمێری خەزانی ئەم ساڵ تۆمار کرێ، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پەتای پڕ ڕەمز و ڕازی کڕۆنا و ئیستبداد بوونە ئاوەڵ‌دووانە و دیمۆکراسی شەقامیان لە سوچێ قۆڵ‌بەست کردووە و گزیرەکانیان بە ئەرخەیانی شاڵاو دەبەنە سەر بنەماکانی داد و عەدالەت. کۆمەڵگا کڕ و مات کەوتووە، وشەی “ئازادی” بۆتە هاوارێکی قەتیس‌ماو لە ڕوح و لەشی مرۆڤی سەردەم. دابین بوونی بژیوی ژیان، جێی بە گشت فاکتۆرەکانی ئەندێشە و خولیای ئینسانی لێژ کردووە. گەلۆ! گەر وریا نەبین ڕوحی کۆمەڵگا کرمۆڵ دەبێ و بێ‌تەفاوەتی دەبێتە کۆسپی ڕێی سەرفرازی و پەتایەکی تەواو عەیار دژ بە کەرامەت و شکۆی ئینسانییەت. پێویستە لە سەرمان سەرەڕای سەدان کەند‌و‌کۆسپ و تەنگەژەی ژیان، بە مشوور و هاودەنگی و هاوخەمی تێکڕایی، بە قەڵەم بە کەلام بە کردەوە، ئیزن نەدەین دڵی کۆمەڵگا لە لێدان بوەستێ و خەم‌ساردی و نوسخەی ” بە من چی” ببنە سەردێڕی کاران. نیچە دەڵێ: ” ئەگەر مار هەموو ساڵێ تۆخ ناوێژێ، زیندوو نامێنێ” کەوابوو لە هەل‌و‌مەرجی ئەوتۆ خۆ تەیار و پۆشتە کەین بە بیری نوێ، شێوازی نوێ، ڕێبازی نوێ. بکەوینە ئەندێش و قورسایی ئەم تەم و غەم و کەسەرە بتاوێنین و ئیزن نەدەین دەلاقەی هیوا بۆ دواڕۆژی ڕووناک گاڵە بدرێ، تا بەرەی داهاتوو ە متمانە و عیلم و زانستەوە دەنگ هەڵبڕن و سروودی سەرفرازی بە گوێی مێژووی نیشتمان‌دا وەخوێنن، ئینجا ڕیز بە ڕیز و شان بە شان ڕێ ببڕن بەرەو گوڵزاری سەربەستی.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە: گۆڤاری مەهاباد
پێرستی ۲۱۴ی گۆڤاری “مەهاباد”

 سەروتاری ۲۱۴ی گۆڤاری “مەهاباد”

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تاثیر سینمای چارلی چاپلین بر شخصیت های کتاب «از راحیل بانوی یهودی چه خبر؟

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *