خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی «بۆنی نمساری ئاجۆر» بەرهەمی چیا پەرویزپوور

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی «بۆنی نمساری ئاجۆر» بەرهەمی چیا پەرویزپوور

کردنەوەی پەنجەرەیەک بەرەوڕووی ڕوانینی نوێ بۆ پێناسەی نەتەوەیەک؛ خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی «بۆنی نمساری ئاجۆر» بەرهەمی چیا پەرویزپوور

سۆلین وەیسی

پەنجەرەکە دەکرێتەوە، مەلەک‌تاوس، خودای نیشتمان و یاران، دێتە ناو ژوورەکە و ڕاستییەک دەڕژێنێتە سەر تابلۆکان، و وشەکانی ئەم ڕۆمانە ئاوس بە ئەرکێکی گەورە دەکات؛ نەقاش و نووسەرێک ئەخوڵقێنێت بە ناوی ڕەشۆ، لە حەقێقەتێک بە ناوی ژیانەوە، لە پێناوی خاک و شوناسێکی داگیرکراودا.

«بۆنی نمساری ئاجۆر» ڕۆمانێکی سوور-ئاڵە و چیا پەرویزپوور بەئەنقەست لە دەسپێکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی «سوور-ئاڵ» کە چیرۆکەکەی لە بازنەی سوورڕئاڵیزمی ڕۆژاواییدا جێگیر نەبێت؛ چونکە ڕۆحێکی کوردی تێدایە و تایبەت بە جیهانی کوردییە.

بۆنی نمساری ئاجۆر، بۆنی هەڵساوی خاکێکە کە چیتر حەز بە ونبوویی ناکات و دەیەوێت هەڵسانەوەیەک بدات بە نەتەوە و چاویان بەرەوڕووی جیهانی خۆیان(جیهانی کوردی) بکاتەوە. دەنگی ئەم جارەی دەنگی تاک نییە، دەنگی کپ‌کراوی هەزاران هەزار ڕۆحی یاخییە کە لە ڕێگای کەسایەتیی ئەم ڕۆمانەوە، واتا ڕەشۆ، ڕێگایەک بۆ زیندووەکان دەکاتەوە بەرەو بیرکردنەوە لەوەی کە چییان بەسەردا هاتووە.

ئەم چیرۆکە خاوەنی سنوورێکی تایبەت بە خۆیە وەکوو جیهانی کوردی، و دەکرێ ببژێین سوور-ئاڵە و هەڵقوڵاو لە ڕۆح و گیان و جیهانی کورد. بە کەڵک‌وەرگرتن لە ئارکیوتایپ، ئوستوورە، مۆسیقا و هونەری کوردی، نیشتمانێک بە پان‌وبەرینیی کوردەوار لە ئامێز دەگرێت.

بۆنی نمساری ئاجۆر بە دوور لە هەر پاڵەوانێتی و گەورەکردنەوەی کەسایەتییەک، سەربەرزی و شکۆی کوردەواری پاراستووە و وێنایەکی نوێ و واقعی لەم نیشتمانەی پیشان داوە. هەر کاراکتێرێک یان کەسایەتییەک لەم ڕۆمانە بەشێکە لە دەروون یاخۆ ڕۆحی هەر خوێنەرێکی کورد. بە خوێندنەوەی هەر وشەیەکی بەشێک لە ڕۆحی خوێنەر هەست بە نزیکی لەگەڵ ئەم جیهانە ون‌بووە دەکات و تێڕوانینێکە بە ژیانی ئێستای خۆیدا.

دەسپێکی ئەم کتێبە وەکوو دەسپێکی جیهانی کوردەوار نامۆیە. لە سەرەتادا خوێنەر ناچار بە بیرکردنەوە دەکات و دەیباتە ناو بازنەیەک لە قووڵایی ڕۆحی و هەوڵ دەدات بکێشێتە ناو دەروونی خۆی و ڕوانینێکی نوێی بداتێ و بە شێوازێکی جیاوازتر و کوردانەتر بۆ ژیانی ئەمڕۆ و ڕابردووی بڕوانێت.ڕەشۆ کاراکتێرێکی ئەم کتێبەیە کە بە دۆزینەوەی ڕۆحی خۆی، ئەرکێک کە مەلەک تاوس(خودای زمانەکان) دەینێتە سەر شانی، ڕێگەی ژیانی دەگۆڕێت، دەست لە ڕەنگەکان هەڵدەگرێت و ڕوو لە وشەکان دەکات؛ بەم شێوە بۆ زیندووکردنەوەی مردووەکانی نیشتمان تێدەکۆشێ و هەوڵ‌دەدات. ئەم ئەرکە کاتێک لە ئەستۆی ڕەشۆ نراوە کە ڕەشۆ جیهانی کوردی دۆزیوەتەوە. ئەم ئەرکە هەڵبژاردنێکە بۆ ڕەشۆ کە دەیتوانی قەبووڵی نەکات و بە ڕێگەی پێشوویدا بڕوات؛ مێشکی بووەتە گۆڕستانی مردووەکان و دەبێ بیاننووسێتەوە، هەرچەن دەزانێ کە دەبێتە قوربانی، بەڵام دەستی لە ڕەساڵەتەکەی هەڵناگرێت.

ڕەشۆ هێمایەکە لە گەورەیی و سەربەرزی و سەرفرازیی پیاوی کورد، کە حەزەکان و ئاواتەکانی خۆی دەکاتە قوربانی بۆ زیندووکردنەوەی ئەوانەی گیانیان لە ڕێی نیشتماندا بەخت کردووە. لەم ڕێگەدا ئەوینداری دەکات؛ سەفەر دەکات؛ قەیرانگەلێکی زۆر دێنە سەر ڕێی؛ کەچی لە سەر بەڵێنی خۆی دەمێنێتەوە و قەت کۆڵیان بۆ نادات و ناهێڵێت ڕۆحی ئالوودەی سیستەمی داگیرکەر ببێت و دونیای مۆدێرن داگیری بکات. ڕەشۆ لەم ڕێگەدا خۆی نافرۆشێت بە خۆشییەکانی دونیا و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی جیهانی کوردی دەدات و ڕێگەیەک بۆ ژیانەوەی مردووەکان دەدۆزێتەوە؛ کەچی ناتوانێت ئەم ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنێت و ڕەساڵەتەکەی ناتەواو دەمێنێتەوە، بۆیە ئەرکەکەی دەکەوێتە ئەستۆی عومەر خاوەر.

عومەر خاوەر وەکوو هونەرمەندێکی قوربانی لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەبێتە قوربانی پیلانی دوژمن و ئەرکەکەی ناتەواو دەمێنێت. نووسەر پێداچوونەوەیەکی نوێی بە سەر ژیانیدا ئەبێت و هەوڵ دەدات وێنەیەکی زۆر جیاوازتر لەوەی کە لە مێشکی هەر کامێکماندا هەیە پیشانمان بدات. لێرەدایە کە نووسەر وێنە کۆنەکان دەشکێنێت و بە شێوازێکی نوێ و خەیاڵی عومەر خاوەر و ئەنفالێک کە لە مێشک و خەیاڵی خۆیدایە ئەگێڕێتەوە.

سیروان، دۆستێکی ڕاستەقینە بە دڵێکی گەورە و ڕۆحێکی بەرزی کوردانە کە دەتوانی متمانەی پێ‌بکەیت و ناوی هاوڕێی لێ بنیت، ئەرکەکەی ڕەشۆ دەگرێتە ئەستۆ و هەوڵ دەدات کۆتایی بەم ئەرکە بێنێت و ڕەشۆ هیوابڕاو نەکات؛ بۆیە هەموو وشەکان و خەونەکانی ڕەشۆ کۆ دەکاتەوە و دەیکات بە کتێبێک بە نێوی «بۆنی نمساری ئاجۆر».

خۆشەویستەکەی ڕەشۆ کە لەم کتێبەدا بە نامۆیی – کچەکە- نێوی لێ دەبرێت، هێمایەکە لە خۆشەویستێکی ڕاستەقینە کە لە ژیانی ئەمڕۆدا نەماوە و کەس باوەڕی پێی نییە. کچەکە بەشێکی گەورە و قووڵ لە دەروونی ڕەشۆیە، بەشێکی جیانەکراو لە وشەکانی و جیهانی ون‌بووی، کچەکە تا کۆتایی وشەکانی ئەم ئەرکە، ڕەشۆ بەجێ ناهێڵێت و هێمایەک لە مانەوە و خۆشەویستی بۆ خوێنەر بەجێ دەهێڵێت.

چیا پەرویزپوور نووسه‌ری ڕۆمانی «بۆنی نمساری ئاجۆر»

کاتێ کچەکە تەرمی ڕەشۆ لە تەنیشت داربەڕووەکەیدا دەنێژێت، نووسراوەکانی ڕەشۆ – ڕەساڵەتەکەی- دەدۆزێتەوە و دەست ئەکات بە خوێندنەوەیان. لەم چیرۆکەدا ڕەشۆ لە ڕێگەی نووسینەکانیەوە دەناسرێت، فۆنتی نووسینەکەی جیاوازە. دەستێکی نادیار کە ڕەنگە مەلەک‌تاوس بێت، ئاماژە بە سێ‌یانەیەک (تریلۆژی) دەکات کە «بۆنی نمساری ئاجۆر» دەسپێکیەتی و کچەکە دەرفەتی ئەوەی نەبووە لەم ڕۆمانەدا بیانخوێنێتەوە، بەڵام ئاماژە بە کچەکە لە ڕۆمانی دووهەمی ئەم سێیانەدا کراوە. ڕەنگە نووسەری ئەم کتێبە، لەبیری ئەوەدایە کە ڕەساڵەتەکەی ڕەشۆ بە سێ ڕۆمان پیشان بدات.

لە بەشەکانی ئەم کتێبەدا وشەکان بە یەک زاراوە نەنووسراون و هێماکان تایبەت بە یەک ناوچە نین؛ زاگرۆس خاوەنی ئەم کتێبەیە. ئەم کتێبە سەرهەڵدانێکە بۆ ڕۆحە ماندووەکان، دەنگێکە بۆ هەزاران مردوو و ژیانەوەیەکە بۆ کوردەوار…
 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *