“ئەلف/ یا” لە هەڵوەدایی فۆڕمەوە تا مەلوولی مەعنا
د. محەمەد ڕەحیمیان
زۆرم کۆرەوەری دیتووە تا ڕاهاتووم چۆن ”ئەلف” هەتا ”یا” بە خنجەخەت بنووسم. ئەزبەنێ خەیاڵ مەفەرموون بێڕەنجە، لە جڵەوگرتنی ئەسپێکی پەتپسێن چەتوونترە. کەوی کردنی ” لام” و ”کاف” لە کەوی کردنی تەیری سڵۆک هاسانتر نینە. بە تەغار، شووڵ و تووڵی وەستای خەت و خوتووتم بەرکەوتووە. مەرکەبم پێ هەڵقوڕێنراوە و قەڵەمبڕ لە ژێر نینۆکم ڕۆکراوە و جەزرەبە دراوە. بێداد سەربهوردەی تاڵ و تاڵترم بە سەردا ڕابردووە؛ سەرما و سۆڵە و گەرما و گڕی زۆر شار و گوندانم چێشتوە. ئەمێستاکە لە سێبەر و پێچکی تەختی ئەم عەمارەتە ئاسوودەم (ل:٣٠).
لێکۆڵینەوە لە هەندێ کۆنەلاپەڕەی دەسنووس و تۆژینەوە لە چەند کتێبی مێژوویی سەبارەت بە خۆشنووسێکی ناوبزری کورد، بوە بە هەوێنی ئافراندنی ڕۆمانێکی جیاواز[۱] و هەلێکی نوێ لە بەستێنی ڕەوایی زمانی کوردیدا پێکهێناوە. هەلێک بۆ تاقیکاری لواویە ئەزمووننەکراو یان کەمتر ئەزموونکراوەکانی زمانی ڕەوایی و دەرکەوتنی بڕستی زمان بۆ گێڕانەوە و وەنواندنەوەی هەست و نەستی مرۆڤ لە شاراوەترین مەیل و بێمەیلییەکانییەوە بگرە تا کار و ئاکار و دەستەسووترین شت و مەکەکانی دەوروبەری.
لە غیابی دەقی ئارکائیکی کوردیدا کە گوزارشتێک بێت لە زمانی ژیانی کوردەواری بە بوارە جۆراوجۆرە ماکی و مەعنەوییەکانییەوە، هەم گرینگایەتی زمانی ڕەوایی ڕۆمانی ئەلف/ یا و هزری هونەری و ئافرێنەرانەی دەرئەکەوێت و هەم کەلێن و کەمایەسییەکانی کتێبخانەی زمانی کوردی خۆی دەرئەخات.
ئەگەر بێتوو ئەم بیرۆکەیەی “هیومبێڵت” بسەلمێنین کە «ئێمە مرۆڤین نەک بەو هۆیە کە زمانمان هەیە[۲] بەڵکوو بەو هۆیە کە خودی زمانین»، بۆمان مسۆگەر دەبێت کە مرۆڤ لە زماندایە کە جیهان و خودی خۆی ئەدۆزێتەوە و لە خۆی و جیهانی دەور و بەری تێئەگات. بەم پێیە ئێمەی کورد. دابڕانێکی مەعریفیمان لە گەڵ ڕابردووی خۆماندا هەیە و سەبارەت بە زمان لە قەیران و قەڵشتێکی مێژووییدا دەژین. گەلێک پرسیار لەم قەڵشتانەوە سەرهەڵئەدەن کە وڵام دانەوەیان ئەستەمە. ئەوەی کە ئەگەر لە هەزار ساڵی ڕابردوودا بلوایە و بکرایە لە بوارگەلێک وەک مێژوونووسین، وەرگێڕان، ڕەخنە و بووتیقانڤیسی، ژانرە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی، سەفەرنامە، ژیاننامە و گەلێک بابەتی تر، بەرهەمی کوردی پێکهاتبایە، ئاخۆ دەوڵەمەندی زمانی کوردی لە چ ئاستێکدا دەبوو و ئێستا چ بەرههمگەلێکمان بە دەستەوە بوو؟ ڕەوتی ئاڵ و گۆڕی زمانی کوردی بە چ بگارێکدا دەچوو؟ داخۆ جۆری زمانی دەربار و دەسەڵاتی کوردی و میر و مونشی و پاکار و بازاڕ و خەڵکی خاوەن پیشە و شێوەی ئاخاوتنی چینە کۆمەڵایەتییەکان بە چ لەونێک بووبێت؟ دیارە خوسبە خواردن و تەمیان بۆ ئەوەی کە نەبوە و نەکراوە و ڕابردوە و ڕۆێشتوە، هیچ بەهرەیێکی لێ ناکەوێتەوە بەڵام کە دەبینین بە هۆی ئەم بۆشاییە زمانیەوە، پێشینەی زۆربەی ژانرکان لە بواری ئەدەبی کوردی و بە تایبەت لە بواری جۆرەکانی پەخشاندا، پێشینەیەکی تۆخ و تۆکمە نییە. هزرێکی ئافرێنەر و قەڵەمێکی ڕەسەنمان پێویستە کە ئەم کەلێنە، بە گێز و گومانەوە پڕکاتەوە؛ ئەوەش بە شێوەیەک کە لە گەڵ مێژووی زمان و مەنتقی ئاڵ و گۆڕی زمانیدا یەکانگیر بێت. دیارە لێرەدا تۆژینەوە و تێڕامان و موکاشفە[۳]ی زمانی پێویستە تا ئەو زمانە کارامەیە بە شێوەی پێویست دابەزێتە گۆڕەپانی یاریەکەوە.
ئەو یارییە بنەڕەتییە کە لە ڕۆمانی ئەلف/یا دا هاتیەسە کایەوە ئەوەیە کە واقێعێکی مێژوویی بە ئاڵ و گۆڕێکی جەوهەری و جوانیناسانەوە کراوە بە واقێعێکی ڕەوایی و داستانی. تروسکە یادێک لە “ئامێد”ی ناوێکی خۆشنووس و تۆزقاڵە بەڵگەیەک لە سەربهوردەی کەسێکی نەناس، لە ڕەفەی گەردگرتووی مێژوەوە گوێزراوەتە بەستێنێکی ڕەوایی و ڕۆمانێکی ڕاست و ڕێکی لێ خوڵقاوە کە بە داڕشتێکی داستانییەوە گوتار و جیهانێکی نوێی هێناوەتە پاوانی زمانی ڕەوایی کوردییەوە. پاوانێک کە لە سەر سنووری ”گومان”دا دامەزراوە. گومانێکی بوونناسانە لە ڕاستی یان ناڕاستی ئەوەی کە ڕووئەدات و ئەوترێت. گومانێک کە گەلێک پرسیاری فەلسەفی و هەروەها ڕەوایەتناسانەی لێ ئەکەوێتەوە. ئەو گومانەی کە خەسڵەتێکی تەکنیکی ئەگرێتە خۆوە و وەک کەرستەی هەڵپەساردەیی و تەعلیق لە فۆڕمی ڕۆمانەکەدا ئەتوێتەوە و دڕدۆنگییەکی جوانیناسانە و چێژێکی فەلسەفی لێ ئەکەوێتەوە.
بۆ داگرتنی کۆی بابەتەکە لە دووتوێی فایلێکی PDFی ۲۹ لاپەڕەیدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF
داگرتنی PDFبۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
_________________________________
[۱] – هۆی بە جیاواز ناوبەردەکردنی ڕۆمانی مەبەست، لە دەوامی وتارەکەدا ڕوون ئەبێتەوە.
[۲] – ئاماژەیە بە وتە بەناوبانگەکەی ئەرەستوو کە ئەڵێت:”مرۆڤ ئاژەڵێکی ناتیقە”، ناتیق بەرانبەری لۆگۆسی یوونانییە کە هەم بە واتای هزرە و هەم بە واتای زمانە.
[۳]– Meditation
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.