کتێبی «تۆم هەر لە بیره» بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: «تۆم هەر لە بیرە»، کۆکردنەوەی فاڕووق فەرهاد، چاپەمەنی ڕاژە، مەهاباد ۱۴۰۰.
کتێبی «تۆم هەر لە بیره» پێک هاتووه لە ۲۵ وتار، نامه و دەستنووسی محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی ناسراو بە «هێمن» ، کە بە حەول و هیممەتی کاک فاڕووق فەرهاد کۆ کراونەتەوە.
فاڕووق فەرهاد
بەرهەمی فکری و ئەدەبیی نووسەران و بیرمەندان و ئەدیبانی کورد لە ڕەوتی زەماندا بە هۆکار گەلی جۆراوجۆر یا لە ناو چوون، یاخود بەربڵاو و لە بەردەستدا نین، کۆکردنەوەی ئەم ئاڕشیڤ و بەڵگەنامە و دەستنووسانە دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی فکری، فەرهەنگی و ئەدەبی بۆ جیلی داهاتوو و ئێستا بەسوود بێ بۆ باشتر ناسینی بیر و ئەندیشەی بیرمەندان و ئەدیبان و هەروەها سەرچاوەیەکی گرینگ بێ بۆ شڕۆڤە و لێکۆڵینەوە و ڕاڤەی بەرهەم و بابەتە جۆراوجۆرەکانی ئەم بیرمەندانە.
کتێبی «تۆم هەر لە بیرە» دەچێتە خانی ئەم جۆرە کتێبانە کە بەرهەمێکی پڕبایخ و بەکەڵکە بۆ هەرچی باشتر ناسین و چوونە ناو جیهانی فکری و ئەدەبیی مامۆستا هێمن موکریانی.
لەم کتێبەدا وتارەکانی مامۆستا هێمن کە بۆ ڕۆژنامەی کوردستان چاپی تارانی ناردووه، چەند شێعر بە خەتی خۆیان، چەند وتار سەبارەت به ڕەخنەی ئەدەبی و زانستی و چەندین نامە بۆ کەسایەتییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان جێیگرتووه. جێگای ئاماژەیە ئەم بابەتانە بۆ یەکەم جاره لە توێی کتێبێکدا لە لایەن چاپەمەنی ڕاژە چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
فەرەیدون حەکیمزاده
فەرەیدون حەکیمزاده لە پێشەکییەک کە بۆ کتێبی «تۆم هەر لە بیرە» نووسیوە دەڵێ:
«قسە لە سەر مامۆستا هێمن و ژیان و بەرهەمەکانی ناچارمان دەکا بچینە شوێنی نیشتەجێ بوونی و حاڵ و هەوای ئەو کاتە تاووتوێ بکەین. جیا لە شوێنی لە دایکبوونی، واتە گووندی شیلانئاوێی مەهاباد، دەبێ ڕوو بکەینە باشوور و نهێنییەکانی ژیانی ئەو پیرە دڵشکاوە بێوارەیە. مامۆستا هێمن دەتوانرێ لە گۆشە چاوی، تەڕی شێعر و پەخشان و پێشەکی و گێڕانەوەی مێژوویی و سیاسیڕا تا وەرگێڕان، ڕاڤە و قسەی لە سەر بکرێت. مامۆستا هێمن زادەی تافی ناسکی وەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلەکەی بوو. ئەگەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی، هێمنی لاوی فێرە تاڵیچێشتن و هەڵوەدایی کرد، ئەوەتا لە کورەی کوێرەوەری و تەنیاییدا پێگەیی و هەنگوینی بە دیاری دەناردەوە بۆ یار و دیار و هاوزمانانی ئەودیوی سنوور. هەر ئەو نیشتماندۆستی و مرۆڤویستییە وای کردووە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ، هەر زیندوو بێ و شێعرەکانی سنوور تێپەڕێنن و بکرێن بە سروود و گۆرانی، هەتاهەتایە مرۆڤایەتی شانازی بە بوونی ئەو بلیمەتە ناوازەیە بکا. ئەگەر بمانهەوێ لە ژێرخانی فکری و هزری مامۆستا بکۆڵینەوە، وەک بۆ خۆی دەنووسێ، دەبێ لە شوێنپەنجەی مەلا ئەحمەدی فەوزی بگەڕێین. فەوزی لە تافێکدا فکر و بۆچوونەکانی هێمنی لاو، نۆژەن دەکاتەوە و هێمن سوێندخۆری خۆی دەکا تا شوێن چڕینی شێعر بە زمانەکانی تر نەکەوێ، کە بەرەبەری پێکهاتنی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە ناوچە و بەتایبەت لە مەهاباد بوو. ئۆردووگای کۆمۆنیسم بە ناچار پێشوازی لە چینێک دەکا کە لە حەوزەی شار بەدەر نین و خوازیاری پەرەپێدانی ئەو سەرهەڵدانە لە شارەوە بۆ گووند بوون. هێشتا کۆمەڵەی ژێکاف نەپەڕیبۆوە گووندەکان، بەڵام ئەو بۆشایییە مێژوویییە بە شێعرەکانی محەممەدئەمین شێخۆلئیسلامی بە نازناوی هێمن لە گۆڤارەکانی نیشتمان و ڕۆژنامەی کوردستان پڕ دەبۆوە. لە ساڵەکانی شەڕی دووهەمی گیتی، هێمنی ۲۰ ساڵە سەری پڕ لە هەڵوێست و هەست و نەستی کوردانەی بۆ ڕاناگیرێ و جار جار بە ئەمری باوکی سەید حەسەن شێخولئیسلامی ڕوو دەکاتە شاری مەهاباد و لەگەڵ کەسانێکی دەروەست و بەکار پەیوەندی پێک دێنێ. بەداخەوە بە هۆی ئەمنییەتی تەنانەت ساڵانی ١٣٥٢ی هەتاویش لە ئاشکراکردنی ناوی ئەو کەسانە خۆ دەبوێرێ. هێمنی لاو تا ئاخر و ئۆخری ژیانی هونەری و ئەدەبیی خۆی، سیاسەت بەشێکی سەرەکی و بەرچاوی چالاکییەکانی بوو. پێشڕەوی قەڵەم و قەڵەمی پێشڕەو بوو.»
لە بەشێکی کتێبەکەدا هاتووە: لەو سەربەندەیدا، منیش خۆم بە شاعیر دەزانی و شێعرم دەکووت، بەڵام لە دوایی تێگەیشتم کە بابە! شێعر بۆ پیاوی نابێتە نان و ئاو، وە پیاویش بێ نان و ئاو بەڕێ ناچێ. ناچار قەڵەمم فڕێ دا و دەستم دا پاشبارە و نەقیزە و لە دێیەکەی خۆمان خزام و سەرگەرمی جووتوگا و کشتوکاڵ بووم. ئەوە ٨ ـ ٩ ساڵە کە ئیتر خۆم بە شاعیر نازانم و شێعر ناڵێم و وەک کابرا کووتی: بەتەواوی لە پەڕوپۆ بوومەوە و لە شێعر چوومەوە.
ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.