خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / پرسێکی ڕوون لە جیهانێکی لێڵ و تاڕۆک؛ ناساندنی کۆمەڵە چیرۆکی «زیگۆراتی گۆرانیەکانی ئەستێرە»

پرسێکی ڕوون لە جیهانێکی لێڵ و تاڕۆک؛ ناساندنی کۆمەڵە چیرۆکی «زیگۆراتی گۆرانیەکانی ئەستێرە»

پرسێکی ڕوون لە جیهانێکی لێڵ و تاڕۆک

ناساندنی کۆمەڵە چیرۆکی «زیگۆراتی گۆرانیەکانی ئەستێرە»؛ نووسینی خەدیجە جاوید

نووسەر: س-و

کۆمەڵە چیرۆکی «زیگۆراتی گۆرانیەکانی ئەستێرە » یەکەم بەرهەمی خاتوو « خدیجە جاوید»ـە کە نۆزدە کورتە چیرۆک لە خۆ دەگرێ و لە حەوتەکانی ڕابردوودا لەلایەن چاپەمەنی «مادیار»ـەوە بڵاوکرایەوە. وێرای ھەبونی خاڵی ھاوبەش لە نێوان چیرۆکەکاندا، لەھێندێک بواردا بابەت و پێکهاتە  و تەنانەت زۆرجار لەشێواز و زمان وتەکنیکی نوسیندا لێک جیاوازن و ھەر کام خاوەنی تام وچێژ و خاڵی سەربەخۆن. شوێن و جوگرافیای ڕووداوەکان کۆمەڵگای کوردستانە.

 ناوەرۆک و بابەتەکان رەنگ دانەوەی پرس و کێشەگەلێکن کە هەمووکات لە دەور و بەری ئێمه ڕوو دەدەن ، بەڵام عادەتمان پێگرتوون و لەگەڵیان ڕا هاتوویین. تەنانەت زۆر کارەساتی گەورە کە ڕەوتی ژیان و ژیاری کۆمەڵگای کوردی لە ڕێڕەوی خۆی لاداوه ، فەرامۆش کراون یا لە مەترسی فەرامۆشی دان، بەشتیکی ئاسایی ئەژماردەکرین و دووپات دەبنەوە. نووسەر بە وێنا کردنی زەمینەی گشتی – مێژوویی ڕووداوەکان و نیشان دانی کاریگەری پڕ رەنگی پیاو لە دروست کردنی کڵتوری چەق بەستۆ، نەزۆک و نەشیاوی کۆمەڵگا، ناراستەوخۆ رەخنە لە ئافرەتانیش دەگرێ و بێ دەرتانی و داماوی بەتاکانە رێگە بوچارەی پرسەکان نابینێ بۆیە لەچەند چیرۆکدا  بە نیشاندانی ھەڵوێست و تواناکانیان بەدوا گەراندنەوەی ئیرادە و بەرپرسیارەتی  ژن دایە. واتە لە زۆربەی چیرۆکەکان سەرھەڵدان و چارە نەکردنی کێشەکان پەیوەستە بە زالبۆنی ئەم کلتورە بەسەر زەینی تاک و کۆمەڵگادا. بویە نووسەریش زیاتر  لەوەی مەبەستی گێڕانەوەی پەتی ڕووداوەکان بێ، سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر نیشاندان و گوازتنەوەی ئەم فەزایە و کاریگەرە نادیارەکانی کە نە تەنیا زەمینەسازی سەر ھەڵدانی بەشێکی زۆر لە کێشەکان بووە، بەڵکو زەمینەی دیالۆگ، بە واتای وتووێژ بە مەبەستی فەھم و چارەی قەیران و پرسەکانی لە بار بردوە.

 راستییەکی حاشا ھەڵنەگرە، گفتوگۆ لە کۆمەڵگای گیرۆدەی پاوان‌لێدراو یان بوونی نییە یان ئەگەریش ھەیە بە ئاراستەی«موجادەلە»(دەمەقاڵە و دەمەقڕە) و خۆسەلماندن و خۆسەپاندن دا رێگە دەگۆرێ، بۆیە نەک کێشەکانی چارە ناکا بەڵکوو رووداوەکانی بە سەری دێن یان  بێ ڕاڤە و لێکدانەوە بە بێدەنگی دا تێپەر دەبن، یان دەبنە ھەواڵێکی ڕۆژانەی سواو کە ئیتر ویژدان و شعوری کەس نازرینگێننەوە. ڕەنگە لە دەرئەنجامدا ببنە سەرچاوەی بەشێکی‌تر لە دیاردە و رەفتاری نامەدەنی دیکە، وەک بێ ھەڵوێستی، توندوتیژی وخەمۆکی  تاک و کۆمەڵگا.

ئاساییە لە نیسبەتێکی مەنتیقی نێوان دەق و واقیعییەت، ئەم دیاردەیە دەگوازرێتەوە بۆ ناو ئەدەبیات بە گشتی  و بە تایبەت  ئەدەبیاتی داستانی و ھەڵبەت جیاواز لەوەی نووسەر چ گۆشە نیگایەک بۆ گێڕانەوەی ڕووداو ھەڵدەبژێرێ ،گوازتنەوەی ئەم تایبەتمەندیە وەک وەفاداری بە زەمینەی ڕئالیستی ڕووداو دەبێتە خاڵی بەھێزی دەق. بە شیوەیەکی بەرچاو کۆمەچیرۆکی (زیگۆراتەکان)  ھەڵگری ئەم واقیعییەتەیە.

نووسەر بە یارمەتی کۆمەڵێک ئیمکان و تەکنیک و لە گۆشەنیگای یەکەم کەس و بەکارگرتنی تەوسیف و زمانی شیاو و دابەشکردنی ڕووداو بەسەر کۆی چیرۆک و، ھەروەھا بە بەکارگرتنی نەماد و نیشانەکان و ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو،روداوەکان دەگوازیتەوە و زەمینەساز دەکا تا بەردەنگ ڕاستەوخۆ پێ بنێتە جیھانی چیرۆک و ئەزموون و ڕەوایەتی خۆی لە ھەستەکانی ھەبێت .سەردێری چیرۆکەکان زۆر پڕواتا و جێی سەرنجن. ھەر وەکی بژاردە کردنی ناوی «زیگۆرات »وەک عینوانی کتێب  دەتوانێ ئاماژە بە ڕیشەداربوونی پرسەکان و مانەوەیان لە ناخودئاگای گشتی و زەینی ناوشیاری تاک دابێ. ئەو ماکانەی لە هەموو سەردەمێکدا، تەنانەت  لە سەردەمی مۆدێرنیش دەتوانن بە شێوازی تازە سەر ھەڵدەن و دووپات ببنەوە.

چیرۆکی «زیگۆرات»باسی دروست کردنی گروپێکی تێلگرامی تایبەت بە خاتوونەکان بە مەبەستی پەیوەندی و ئاڵ و گۆڕی ئەندێشه و نیازەکانی پەیوەست بە خواستی ژنانە دەکا. پێکھاتە و گەڵاڵەی چیرۆك ساکار و ئاشنایە و تا ڕادەیەک تێمێکی فمینیستی هەیە. ئامانج له درووست کردنی گروپ سازدانی فەزایەکی دوور و ڕەها لە سێبەر و دەسەڵاتی کلتوری پیاوانەیە، بەڵام لەم چیرۆکەش  نووسەر چەند هێما و دامەزراوەی کۆن و نوێی وەک «زیگۆرات، ئەستێره و …» بەکار دەگرێ.

زیگۆرات وەک پەرستگە لە سەردەمی ئەساتیری شوێنی نیایش و بەرهەمهێنەری باوەڕ، کلتور و رێنیشاندەری زەین و کرداری کۆمەڵگایە. ئەو شوێن و گوتارەی کە لە سەردەمی ئێستا وەک شتێکی سەرەتایی و بێ بەهەرە لە زانست و عەقلانییەت سەیر دەکرێ، بەڵام بە وردبوونەوە لە بەشە نادیارەکان و ئانالێزی گۆتار و ڕەفتاری کاراکتەرەکان لەوانەیە بەو دەرئەنجامە بگەین کە لە سەردەمی مۆدێرنیش شوێنێکی وەک فەزا مەجازیەکان، گروپی تێلگرامی و… بە چەشنێک هەمان زیگۆرات بە فۆرمی سەر دەمیانەن و بە نێسبەتی کاریگەریان لە سەر باوەڕو ڕەفتاری تاک و پەیوەندیەکانی کۆمەڵگا دەتوانن خاوەنی ھەمان شوێنەھات و کارکەرد بن.

خوێنەر دەتوانێ بە نیگایەکی ورد بینانەی مەعریفەیی بناوانی گوتار و ئەنگیزەی کارگێران و کارکەردەکانی کلتوری زاڵ بەسەر ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە بناسێ و تەنانەت لە ڕادەی ئاگامەندی و ڕەھایی تاک و کۆمەڵگا لە ھەژمونی پارادایمی زاڵ ئاگادار بێ و بزانێ زانست و بڕیارەکانی لە کوێی دونیای مۆدێرن وێستاون. هەروەها خاڵێکی شایانی سەرنج لە ناو چێروک کە دەتوانێ جێی ئاماژە و ڕامان بێت، بوونی تەنزێکی تاڵە سەبارەت بە دۆخ و هەڵسوکەوتی کاراکتەری ژن لە ئاست خواست و چۆنیەتی وەدیھێنانی ئامانجەکانی . کاتێک یەکێک لەو ئافرەتانە پێچەوانە دروشم و یاساکانی گروپ کەسێک بە ناوی  «ئەستێره» دێنێتە  ناو گروپ و «ئەستێرە» لە ئۆستورەدا ئاماژە بە «خواژن»و پێناسەی بوون و جێگەی ئۆستورەیی وئارمانی ئافرەتە، بەڵام ئێمە دەبینین لە چیرۆکدا بە یارمەتی ئافرەت «ئەستێرە» وەک ناو هێما دەبێتە داپۆش و ئامرازی دەستی پیاو بۆ دزە کردن، نیزیکی، حزور و شکڵ دان بە زەینییەت و چوارچیوەی مەعریفەی ئەندامانی گروپ و گەیشتن بەمەبەستەکانی خۆی.

لێرەدا چەند پرسیاری بنەڕەتی لە ئاست ماھییەت، نیاز و پەیوەندی دو لایەن و دەور و کاریگەری ڕەگەزی لە مێژوو و فەرھەنگی باو دێتە ئاراوە کە پێویستی بە ڕاڤە و لێکدانەوەی زیاترە. بەڵام دەکرێ ئەو بەشە لە چیرۆک لانیکەم وەک نیشانەیەکی ڕەخنەئامێز لە ڕەوتی ڕەوشنبیری و تانەیەک لە بزاڤی فێمینیستی ڕادیکاڵ بخرێتە ڕوو. ئەو بزاڤەی پێی وایە بۆ وەدیھێنانی مافەکانیان، دەبێ ژنان سەربەخۆ و لە کۆی نیزام و زمان و کلتوری مێژۆیی کە پیاو سازی کردوە، دەربازبن.

نووسەر لە یەکەم چیرۆکی ئەم کتێبەدا، بەناوی «نیگای ھەشتەم»، روداوێکی گەورە لە نیگای منالێکی بچۆکەوە دەگێڕێتەوە. ڕەوایەتێکی بە ڕواڵەت ساکار بەڵام پڕ لە وێنە، هێما و واتا و، ھەڵبەت پڕ لە ئێش و ئازار. چیرۆک، کارەساتی (کیمابارانی سەردەشت) لە زمانی مناڵێک دەگێڕێتەوە کە تەنیا بە ڕادەی حەوت وەرز چاوی بە ڕووی جیھان دا کردۆتەوە و بەگرێ دانەوەی ئەفسانە و واقیعییەت لە ناو کایەی مناڵانە و حەکایەتەکانی (دایە توبا) جیھانی خۆی و دەور و بەری فەھم و ئەزموون دەکا. لای ئەو وێنەی شەڕ و مەرگیش فانتازیا و خەیاڵاویە، بە چەشنێ کاتی ڕوودانی کارەسات شەڕ بە یاری و فرۆکە و بۆمب، بە «دێو» دەشوبێنێ و بۆ دەربڕینی ترس و نیگەرانییەکانی تەنیا پەنا دەباتەوە ناو چیرۆکی «نەنکە  توبا» و داوێنی «دایە نۆقلێ زەوی» و لە پشت دەستە بچوکەکانی سەیری «باوکە ئاسمان» دەکا. «نیگای ھەشتەم»چیرۆک لەناو چیرۆک دایە. حەکایەتی« دێوەکان» لە زمانی «دایە توبا» و بەسەرھاتی «دایەتوبا» و حەکایەتئ شەڕ وقڕکردنی شاریک لە زمانی مناڵ. لەم چیرۆک داچەندین ڕا ئاماژە بە ژمارەی حەوت دەکرێ کە لە ئەدەبیات و کلتوری رابردوو بیرهێنەرەوەی زۆر واتای پیرۆز و هێماینە و لیرەش ئاماژە بە رۆژی حەوتی پوشپەر واتە ڕۆژی کیمیابارانی سەردەشت دەکا.

«نیگای ھەشتەم » لە دوایین نیگای کاراکتەردا درووست دەبێ کاتێک ڕواڵەتی کایە و ژیانی ئاسایی دەخرێتە بەرھێرش  و مناڵ ناباوەڕانە ڕوبەڕوی بێدەنگی و خامۆشی ھەموو شتێک، مەرگی ھەواڵەکانی، دایە توبا، دار ھەنار و ماسیە سوورەکە، ئاسمان و کۆڵان و لە ئەنجامدا سنگی پڕئێشی خۆی دەبێتەوە.

«نیگای ھەشتەم» نیگایەکی پڕ پرسیارە کە ڕوبەڕوی ویژدانی گەورەکان دەکرێتەوە. دەلاقەیەکی تازەیە تا بەردەنگ بۆ دەرک و گوازتنەوەی ئەم کارەساتە، ھەموو شێوە ڕوانینەکانی عادەت گرتووی پێشوو لە کەوانە باوێت و بۆ ساتێک لە جیھان و ھەستی مناڵ نزیک و لە گوشەنیگای ئەوان بەرەو ناخی نادیاری ڕووداوەکان شۆڕ بێتەوە و بتوانێ پەیوەندیەکی ئەکتیو و جیاواز لەگەڵ چیرۆک دا ساز بکات. «نێگای ھەشتەم»دەتوانێ گوزەر لە حەوت نیگای ھونەری ناسراو بێ کە تا ئێستاش تەنیا شاھیدی زوڵم و جەنایەت و بەداخەوە زۆر جار لە خزمەتی سیستێمەکانی دەسەڵات دابووە. نووسەر لەم چیرۆکەش بە یارمەتی زمانی ئیستعاری و هێماین و وەسفی وردبینانە و جارجار سازکردنی وێنە و فەزای سوورڕێئاڵ، ئەم  زەمینەیه بۆ خوێنەر دەستەبەر دەکا. لە کۆتایی دا«نیگای ھە شتە م» بەڵگەی کارەساتێکە کە لە سەر دەمی عەقڵانییەت ومافی مروڤ بە دەستی « دێوی سەردەم» واتە دەوڵەتی  نەتەوە پەرەستی مۆدێڕن بە سەرنەتەوەیەک داھاتووە و تا ئێستاش بەردەوامە

نووسەر لە چیرۆکی «دیوار» دا زیاتر ڕوودەکاتە ڕەوایەتێکی ڕێئاڵ و بە ئاوێتەکردنی لەحنی عاتیفی و زمانی ڕەخنە ھەوڵ ئەدا لەجیھانی کەسانێک نیزیک بێتەوە کە دەستی سروشت بە جۆرێک لە ژیانی ئاسایی بێبەش ولە لایەن کۆمەڵگاش پەراوێزخراون و ھەست و توانا و بەھرەکانیان نابیندرێ. چیرۆکی «دیوار» بەسەر هاتی فیداکاری مناڵێکی کەم ئەندامە کە گیرۆدەی مێهرەبانی و خۆشەویستی کچە پورزایەتی. بەچەشنێ بۆ پاریزگاری ئەو تاکانە سەرمایە و ئیمکانی خۆی واتە «ژیانی» قوربانی دەکا.

ئەو کە توانای قەسە کردنی نییە هەوڵ ئەدا بە زمانی بێ‌زمانی، کچە پورزای لە مەترسی برا گەورەکەی «کاکه» ئاگاداربکاتەوە، ھەڵۆیست و کرداری کۆرە « کەم ئەندام» بە بەراورد لەگەڵ «کاکە» هەروەها دیکەی بنەماڵەکەی، لە ئاست ماف و پارێزگاری لە ئازیزان زۆر ئاگاھانەتر و بەر پرسیارانەترە بەڵام ھیچ کەس گرینگی پێ نادا. ھەر چەند نووسەر لە ناو چیرۆک لە زمانی بگێڕەوە تەنیا باس لە « دیواری چین» دەکا، کە بە ڕوالەت دوو کاراکتەی کچە پورزا و کوڕە کەم ئەندام بۆ پاریزگاری لە خۆیان لە چوار چێوەی یاری مناڵانە سازیان کردوە، ئەو هەرێمەی کە لە ئاست واقیعیەت باڵای زۆر کورتە و بە ئاسانی دەکەوێتە بەر پەلاماری یاسای گەورەکان و ئەروخێ.

 چیرۆک پڕە لە دیواری نادیار. دیوارێک لە نێوان سەلامەتی و هێزی «کاکه» و بێ‌دەسەڵاتی و ناسالمی برا «کەم ئەندام»دا هەیە. کە خۆی دەبێتە مایەی نائومێدی و بێ درەتانی «کوڕە کەم ئەندام» و کاریگەرە لە سەر بریار ‌و ژیانی ئەو. واتە جیاواز لە ئەنگیزە و نرخی بریارەکەی، ئەویش توانای قەبوڵی واقەعیەتی نییە و بەشێکی تراژیکی چیرۆکیش  ئێرەیە. دیوارێکی نادیار کە لە ناو زەینی «کچە پورزا» دایە، ئەو کە ناتوانێ پەی بە حەقیقەتی خەراپەی « کاکە» بەرێ و دوای زەماوەند دەکەوێتە ناو چوار دیواری ویست و توندوتیژی پیاوسالاری « کاکە» و کاتێک وەئاگا دێتەوە کە کار لە کار ترازاوە و تازە دەزانێ کوڕە کەم ئەندام بۆچی لە ڕۆژی زەماوەندی «ئەو »و «کاکە» لە پشت دیواری هیواکانی هاتەدەرێ  و لە پەنجەرە خۆی هاویشتە خوارێ. بێ‌گۆمان ئەوانە ئاما ژەن بە حەقیقەتی شاراوەی ئێمەش کە ھەموو کات لە پشت دیواری خومان سەیری جیھان دەکەین. ئەو دیوارەی رێگرە لە ناسینی ئیستبدادی درونمان و لەبەرچاو گرتنی مافی کەسانی‌تر.

« ژنێک گیرفانی پڕ دەبێ لە بەرد» چێروکی ماندویی ئافرەتێکە کە بێزارە لەفەزای پڕ لە ئازار و ناشادی ژیانی ھاوبەش کە بە دەست ھاوسەرەکەی لێک ترازاوە و بەرەو نائومێدی بردووە. چیرۆک ڕەوایەتی ڕەنجی بێ بڕانەوەی کەسانێکە کە ھەموو خەمەکانیان بە بێدەنگی لە دروونیان دا کۆ دەکەنەوە و بۆ چارەی پرسەکانیان ئاسۆ و دەرئاوێکی ڕوون نادۆزنەوە! کاراکتەری ئافرەت لەحاڵێکدا ئێنتیزاری مەرگی دایکی دەکێشی کە داھاتووش لە وێنەی شەمزاندن و وەراندنی پەلکی گۆڵە ڕیحانەکان بە دەستی پیاوکەی دا دەبینێ. نووسەر رەفتارەکانی پیاو لە نیشانەیەکی هێماین بەو بەردانە تەوسیف دەکا کە ھەمیشە بێ ئەوەی بزانێ وەلایان دەنێ و ھاوسەرەکەی لە شەوی خۆکوشتن دیانخاتە ناو گیرفانی و ئافرەت بە ڕاشکاوی دەلێ کە ھەڵسوکەوتی پیاوەکەی دەبێتە ھوکاری خو کۆشتنی ئەو.

خاڵی زۆر گرینگ لەم چێروکە وا جێی ڕامانە، نەبونی دیاڵۆگ لە نێوان کاراکتەرەکان بەواتای نزیک بونەوە و لێک تێگەیشتن لە ئارەزوو  و ئازارەکانی یەکترە. ھەر چەند گۆشەنێگا و ڕەوایەت لە زمانی یەکەم کەسەوەیە، بەڵام ھێچ وتووێژێک لە نێوان کاراکتەرەکان بە واتای عەقلانی بوونی نییە. ئافرەت تەنیا لەگەڵ خۆی دەدوێ. خوێنەر تەنیا لە رێگەی منۆلۆگی بگێڕەوە و لە فەزایەکی لێڵ و تاڕۆک دەنگی ئافرەت دەبیستێ و تەنانەت زمانی منۆڵۆگیش دەبێتە حەشارگە و میکانیزمی خۆ سانسور کردن. ھەروەھا حزوور و بوونی کەسایەتی پیاو تەنیا لە دوو وێنەی زیندووی پڕ واتا دێتە بەر چاو، یەکیان وەراندنی پەلکی گۆڵە ڕیحانەکان واتای شەمزاندن و جوانی ژیانی ھاوبەشە و کۆکردنەوەی بەردەکان ئاماژەیە بە بێ واتاکردنی پەیوەندی و سازدانی زەمینەی مەرگی ھاوسەرەکەی . لە زمانی کەسایەتی دایکی ئافرەت کە لە سەرە مەرگ دا چاوی بڕیوەتە پەنجەرە تەنیا یەک وشە دووپات دەبێتەوە. « ئاو »کە لە چێروک دا وەک نیشانەیەکی  پارادۆکسی کاڵ دەتوانێ خاوەنی دوو واتا بێت. «ئاو» وەک ئارەزوو ومایەی  ژیان و ھەروەھا وەک ھۆکاری مەرگ. ئەو فەزایە پڕ لە «ئازارە ساردەن» کە دەرفەتێکیان بو ھاودڵی و گفتوگۆ نەھێشتۆتەوە و سەر ئەنجام دەبێتە زەمینەی نائومیدی  ئافرەت تا بۆ رەھایی خۆی  شەو بە گێرفانێک پڕ لە بەرد لە قوڵایی ئاوی رووبار کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنت. شێوەی ڕووبەڕوو بوونەوەی کاراکتەر لە گەڵ مە رگ، جیاواز لە کەسایەتی و ئەنگێزەکانیان وە بیر ھێنەرەوەی بریاری «ویرجینیا ووڵف»نووسەر و ماف خوازی ژنانە، کە بەو شێوەیە خۆی لەڕووباری «ئوز»لە «رادمال» ھاویشت و کۆتایی بەژیانی ھێنا.

«ئەوێنی سارد» ڕەوایەتی بە سەرچوون و لە دەست چوونی تەمەنە. چێروکی کاتەکانی تەنیایی و کاڵ بوونەوەی  وێنەکانی بێرەوەریە لە سەر دیواری رابردوو. شانۆی پیربوونی کیژێکی لاوە کە دەستکەوتی لە ژیان تەنیا بۆتە ژوورێکی چۆڵ و چەند وێنەی سەر دیوار کە لە غەریبی خۆی و کاتی نزا سەیریان دەکا. شاھیدی ئەم لە دەست چووون و دەست بەتاڵیە نەک کەسێک، بەڵکوو «شتێک»ـە، واتە دارتێڵێکە کە ساڵھایە لە ڕووبەڕووی ژورەکەی، بێ ئەوەی ببیندرێت وێستاوە . نووسەر لە زمانی دارتێل ئەم غوربەتە وجودیەی مرۆڤ بۆ فەزایەکی رۆمانتیک دەگوازێتەوە و بە گیان بەخشی بە سازەیەکی بێ ھەست و گیان تێمێکی عاتیفی بە چیرۆک دەبەخشێ و لە ھەمان کات لە زمانی باڵندەی گەرۆک  «قەلە رەشە»دەخرێتە بەر توانج و تانە. لە کۆتایی چیرۆک و بە بنکۆڵ بوونی ژێر پێی دارتێل و ئەگەری گوازتنەوەی ئەو، ھەستێکی بەرامبەریش لە ئافرەتی بەساڵداچوو سەبارەت بە دارتێل و نیشانەیەک لە ئاگایی درووست دەبێ.

لە چیرۆکی «جەغزەی شەرابی»دا پرسی دەمارگرژی پیاو لە ئاست نامووس و کوشتنی کیژێک بە دەستی براکەی دەبێتە بابەتی چیرۆک. خوێنەر لە ناو ڕەوایەتێکی سورڕێئاڵ دەبێتە ھاوڕێی کەسایەتی کیژە کوژراوەکە، کە بە شکڵی مروڤێکی گەچی بۆ کاتەکانی بەر لە کۆشتنی دەگەڕێتەوە. تا بەردەنگ لە نزیکەوە ئاگاداری ھوکاری مەرگ و قسە و باسەکانی سەر شەقام بیت.

چیرۆکی «کەسێک تەشتێک ئاو نخوون دەکاتەوە » بە سەر هاتی کیژێکی کوردە کە دوای هەوڵ بۆ بەرگری لە خۆی و کوشتنی پیاوێک کە ویستویەتی دەست درێژی بکاتە سەر، بە شاردنەوەی ڕەگەزی ژنانەی لە بەرگی پیاوانە بەرەو هەندەران وەڕێی دەکەوێ و سەر ئەنجام لە کەمپێکی پەنابەران دا دەگریسێتەوە. مانەوە لەگەڵ چەند ئافرەتی ئەفغان، ئیزەدی و توونسی و گێڕانەوەی بەسەرهاتیان و نیشان دانی هێندێک لە کێشەکانی مەوجوود و فەزای زاڵ بە سەر کەمپ و باقی ماجەراکان  وێنەیەکی سەرنج ڕاکێش و جێی ڕامان لە چارە نوسی ھاوبەشی ژنان، دۆخی پەنابەران و وەهمی تاراوگە بۆ خوێنەر دەخوڵقێنێ.

 لە چیرۆکی « خۆرهەڵاتی لینگاو لینگ» ،« وەرزی دڕدووک» و هەروەها بەچەشنێک «ئەوسنورەبووادورە» دۆخی رامیاری کوردستان دەکرێتە بابەت.

چیرۆکی «مەریەمی ناو کتێبەکان» ئاماژە و ڕێز لێنانە بۆ ئافرت و بە تایبەت ئافرەتی کورد، ئەو خانمانەی بەرپرسانە بە دوا زانست و مەعرەفەت دان، کاری فەرهەنگی دەکەن، دەنووسن و جێ پەنجە و شوێنیان لە دەست کرد و بەرھەمە کانیان بە یادگار دەمێنێتەوە. ڕەنگە کەسێک وەک « مەریەمی قازی».

«خەڵات» چیرۆکی سێ دەورە و سێ نەسڵە. چیرۆکی دوو قوناخ و تەنانەت پارادایمی سوننەت و نۆێخوازیە. چیروکی پارێزگاری و گوازتنەوەی کڵتور و نرخەکانی رابردوو بۆ داھاتۆیە. نوسەر بە جوانی ئەوانە لە نیشانە و چەمکێک واتە « خەڵات» دا کۆ دەکاتەوە. خەڵات لە کڵتوری کوردەواریدا هەم بە واتای «دیاری» دێت و ھەم واتای «کفن»دەدا. لە چیرۆکدا، سێ کەسایەتی سەرەکی دەور دەگێڕن. «کیژی لاو، دایك و نەنک». دایک دوو ئەرک و دوو نیگەرانی هەیە، یەکیان سەبارەت بە دایکی خوی واتە«دایە گەورە»کە ناسازە و لە سەرە مەرگ دایە و هێمای رابردوویە. دڵبەستەیەتی و نیگەرانی دووھەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەرک و وەزیفەیەک کە لە ئاست کیژەکەی واتە «داھاتۆ » ھەیەتی، کە لە رێگەی فێرکردنی چەندوانە و ئاموزە «حورمەت، رێز وگوێ لەمستی» و دورینی کراسی لە سەر رەنگ و شێوەی قەدیم دیھەوی پارێزگاریان لێ بکات. سەرئەنجام بەشێک لە چیرۆک بەمەرگی دایەگەورە کۆتایی دێت، بەڵام ئێعتراز و نارەزایەتی کیژ لە بەرامبەر خواستی دایکی  بە کراوەیی دێڵێتەوە.

نووسەر چیرۆکەکانی «پەردە لادەدەم» و «بیست و حەوت کیلۆ باب» تاڕادەیەک لە شێوازی گۆتیک نزیک دەبێتەوە و دوو چیرۆکی زۆر بەهێز و پطناوەرۆک دەخوڵقێنێت و لە چیرۆکی «بانگم دەکا خانمی» ئەزموونیکی سەرکەوتوو لە سازدانی فەزایەکی پڕوەهم بۆ بەردەنگ دەگوازێتەوە کە شیاوی ئەوەی سەربەخۆ باسی لێوە بکرێت.

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *