لێکدانەوەی شیعری «هەڵۆ» ی سوارە ئیلخانیزادە لە ڕوانگەی پێکهاتەخوازییەوە
جەعفەر قارەمانی
پوختە
کارایی گێڕانەوە لە زمانی شیعردا لە کۆنەوە باوبووە و گێڕانەوە، تەنیا تایبەت بە ئەدەبیی چیرۆکی نییە و لە زۆربەی کتێبە کۆنەکانی وەک ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمێرۆس و بەردنووسەکانی گیلگەمێش، گێڕانەوە ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە. لە تاوتوێی شیعری «هەڵۆ» ی سوارە بەو ئەنجامە دەگەین، شیعری هەڵۆ لەگەڵ پێکهاتەی گێڕانەوەیی و ڕوانگەی پێکهاتەخوازەکانی وەک گرێماس گونجاوە و لەم وتارەدا بە کەڵکوەرگرتن لە ڕوانگە و نموونەکانی گرێماس پێکهاتەی ئەو شیعرە شرۆڤە دەکرێت. لەم سەردەمەدا کەمتر ڕەخنەیەک هەیە، کاریگەری و کاردانەوەی بیروڕای پێکهاتەخوازی تێدا بەدینەکرێت. لە لێکدانەوەی ئەو شیعرەدا بەهۆی ئەوەی بنەمای چیرۆکی هەیە، هەر دوو توخمی دەقی گێرانەوەیی و چیرۆکبێژ بوونیان هەیە و ئەم دوو بابەتە لێکدانەوەیان بۆکراوە. لەم شیعرەدا بوونی بنەماکانی گێڕانەوەیی ئەم دەرفەتە بە شاعیر دەبەخشێت تا بیروباوەڕی لە فۆرمی دەقی گێرانەوەیی بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە. شیعری هەڵۆ بریتییە لە دیمەن و ڕوانگەی جیاواز و دژواز، یان ئامۆژگاری کە لە ڕاستیدا تیشک دەخاتە سەر پانتاییەکی بەرز و ئاڕمانی لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ و ئەو بابەتە وەک بایەخ بەرز دەنرخێنێت. وێکەوتنی هەڵۆ و قەڵەڕەشە و ئاکار و ڕەوشی جیاواز و دژواز، بابەتی ئەو شیعرە لەخۆدەگرێت. جۆری گێڕانەوەکە ناراستەوخۆ خوێنەر دەخاتە بیرکردنەوە. ڕەوتی چیرۆک لەم شیعرەدا جووڵەکردن لە ئارامی سەرەتایی بەرەو هەڵچوون و پاشان گەڕانەوە بۆ ئارامییە. ئەو چیرۆکە خاوەنی کەسایەتییەکە بە شێوەی کارا کارتێکەری لەسەر ڕۆح و هزری خوێنەر هەبێت. وتووێژ بە شێوازێکی ئەدەبی بەڕێوەچووە و ڕۆل، شوێن و پێگەی کەسایەتی هەڵۆ و قەڵەڕەشەی نواندووە و خوێنەر لە دژایەتی هزر و تێرامانی هەر دوو کەسایەتی چیرۆک ئاگادار دەکاتەوە. ژانری ئەدەبی شیعری هەڵۆ، ئەدەبیاتی فێرکاری لە جۆری هێماخوازییە.
وشە سەرەکییەکان: شیعری هەڵۆ؛ پێکهاتەخوازی؛ شیعری گێڕانەوەیی.
ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.