ڕۆمانی «هەزارداڵانی جندۆکان» بڵاو کرایەوە
ناسنامەی کتێب: «هەزارداڵانی جندۆکان»، حەسەنێ مەتێ، وەرگێڕ: فاتمە کاکەسووری، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی خانی، چاپی یەکەم ، سەقز ۱۴۰۰، ۲۰۶ لاپەڕە
چاپەمەنی خانی، لە درێژەی چالاکییەکانی، ڕۆمانی هەزارداڵانی جندۆکانی چاپ و بڵاو کردەوە
حەسەنێ مەتێ
هەزارداڵانی جندۆکان بەرهەمی حەسەنێ مەتێیە. حەسەنێ مەتێ یەکێک لە نووسەرە دیار و بەناوبانگەکانی باکووری کوردستانە کە لە سوئێد ئەژی و ساڵی ۱۹۹۴ ئەو ڕۆمانەی بە کورمانجی نووسیوە.
ڕۆمانی هەزارداڵانی جندۆکان بەسەرهاتی مامۆستایەکی قوتابخانە و هاوسەرەکەیەتی کە بۆ وانەگوتنەوە ئەچێتە قوتابخانەی گوندێکی دوورەدەست. لە درێژەی ڕێگە و لە ماوەی ڕۆیشتن بۆ گوند، خوێنەر لەگەڵ مامۆستا کەوانۆت و نێرگزی هاوژینی و چۆنیەتی پێکگەیشتنیان ئاشنا دەبێ.
مامۆستا بە مێشک و زەینییەتێکی شارستانی و ڕووناکبیرانەوە ئەچێتە ئەو گوندە. کاتێک لەگەڵ بارودۆخی خەڵکی گوند ئاشنا ئەبێ و سەرنج ئەداتە باری فەرهەنگی و کومەڵایەتییان، بڕیار ئەدا گۆڕان و تەغییر لە خەڵک و لە مناڵانی گوند بەدی بێنێ… بەڵام لە درێژەی ڕۆمانەکە ئەبینین، نە تەنیا مامۆستای قوتابخانە ناتوانێ هیچ گۆڕانێک لە خەڵکی دێ و بیر و ڕا و ئاکارییان بەدی بێنێ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەوەی گۆڕانی بەسەرا دێ، مامۆستا کەوانۆت و هاوسەرەکەیەتی کە ئەگۆڕێن و وەکوو خەڵکی دێ جندار ئەبن…
پەنجا لاپەڕە لەو ڕۆمانە، ئەو یادداشتە ناتەواوانەن کە گەبرانی باچۆ، یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە، نووسیویەتی. یادداشتەکان شازدە بەشن کە هەر بەشێک باسی ماڵێکی گوندەکەیە…
ئەو یادداشتانە لە لایەکەوە نەجاتدەری ڕۆمانەکەن لە یەکهەوایی و یەکدەنگی و لە لایەکی تریشەوە یارمەتیدەری شکڵگرتنی فۆڕمی ڕۆمانەکەیە.
چەند تایبەتمەندی ئەم ڕۆمانە:
یەکەم: لە باری فۆڕم و تەکنیکەوە، نووسەر و زانای گشت، زۆر جار ئەخرێنە پەڕاوێزەوە و وردە کەسایەتی و وردە ڕەوایەتەکان دەرفەتیان پێ ئەدرێ تاکوو لە شکڵ گرتنی فۆڕمی ڕۆمانەکە بەشدار بن.
دووهەم: لەباری داڕشتنی کەسایەتییەوە زۆر جێگای سرنجە و کەسایەتییەکانی زۆر به باشی داڕێژراون و لە ڕاستییا بەهێزی و زۆری کەسایەتی کارێکی کردووە، ئەو ڕۆمانە وەک هەزارداڵانی کەسایەتییەکانی لێ بێ.
سێهەم: بەسەرهات و چیرۆکێکی زۆر سەرنجڕاکێش و چێژبەخشی هەیە و خوێنەر زۆر بە تامەزرۆییەوە تا کۆتایی لەگەڵی هاوڕێیە.
چوارەم: ناوەرۆکی ڕۆمانەکە جێی باس و لێکۆڵینەوەیە: ئایا بەو بەسەرهاتە نووسەر گەرەکییە نیشان بدا کە بۆ گۆڕانی کۆمەڵگا، ڕووناکبیر پێویستە مەودای خۆی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی بپارێزێ؟ یان نا شکست و ناکامی ڕووناکبیران بۆ گۆڕانی کۆمەڵگایەکی جیهانی سێهەمی، نیشان دەدا؟ یان هەر دەیهەوێ بیروباوەڕە ناوچەییەکان بە خوێنەری بیانی بناسێنێ؟…
خاڵێکی تر وەرگێڕانی بەپێز و ڕەوانی ئەو ڕۆمانەیە کە جێی دڵخۆشییە بۆ زمان کوردی. جێی خۆیەتی دەسخۆشی و ماندوونەبینی بە خاتوو فاتمەکاکەسووری بڵێین بۆ وەرگێڕانی ڕەوان و باشی و بۆ هەڵبژاردنی وریایانە و ناساندنی ڕۆمانێکی بەهێز لە کورمانجییەوە بۆ سۆرانی.
ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.