کتێبی “کۆچ” چاپ و بڵاو کرایەوە
ناسنامەی کتێب: “کۆچ، کۆمەڵەشێعر بۆ سەر کێل و بەردی کۆچکردووان”، سەید نووح عینایەتی (نەبەز)، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “گوتار”، چاپی یەکەم ساڵی ۱۴۰۰.
کتێبی “کۆچ” کۆمەڵەێک شێعر بۆ سەر کێل و بەردی مەزاری خۆشەویستان چاپ و بڵاو کرایەوە. شێعرەکانی ئەم کتێبە کە پێک هاتوو لە پتر لە ۴۰۰ دوو بەیتییە، بۆ دایک و باوکان، جگەرگۆشەکانی لە دەستچوو، شەهیدانی وەتەن و… نووسراون کە هەر کەسێکی ئازیزێکی لە دەست داوە دەتوانێ بۆ مەبەستی خۆی شێعری لێ هەڵبژێرێ و لە سەر کێلی کۆچکردووانی بنووسێ.
دانەر لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیویەتی: «له وەتای فامم کردۆتەوە و بیرم هەتەر دەکا، بە دەیان و سەدان جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دیتوومە و بیستوومە، زۆربەی ئەو کەسانەی دایک و باوک یان ئازیزێکیان لە دەست دەدەن، حەز دەکەن نیشان بدەن لە ڕێز و حورمەتێکی زۆریان بۆ قایلن و لە بە خاک ئەسپاردن و ڕێ و ڕەسمی تازیەداری و سەرەخۆشی و سازکردنی کێل و بەردی شیاو، ئەوەندەی لە دەستیان بێ کۆتایی ناکەن و بە پێی توانا هەوڵ دەدەن بە باشترین و جوانترین شێوە، ئەمەگداری خۆیان دەرببڕن. لە کاتی ساز کردنی کێل و بەردی سەر مەزاری خۆشەویستانیان حەز دەکەن کوڵ و کۆی خۆشەویستی خۆیان لە چوارچیوەی ڕستەیەکی جوان و پڕ مانا یان بە هۆی شێعرێکی پڕ ناوەرۆک دەرببڕن و بیکەنە نەخشی سەر کێل و بەردی ئازیزەکەیان. جا بۆ ئەم مەبەستە دەست و داوێنی شاعیران و ئەدیبان دەبن و داوای جوانترین و پڕ ماناترین شێعر و دەقیان لێ دەکەن و لە ئاکامدا بە نووسراوەیەکی پڕ سۆزی ئەدەبی ئەرکەکانیان دوایی پێ دەهێنن. منیش کەم و زۆر بە پێی توانام لەو کاتانەدا کە داوایان لێ کردووم چم لە دەست هاتبێ بە گیان و دڵەوە هاوکایم کردوون بەڵام هەموو جارێ بیرم لەوە دەکردەوە چەند خۆش دەبوو کتێبێکی شێعریش بۆ ئەو بابەتە هەبا تا تازیەداران هەم بە خوێندنەوەی سوکناییان بێت و هەمیش بۆ نووسینی سەر کێل و بەردی کۆچکردووانیان لێی بەهرەمەند بن. بەو ویست و حەزەوە چەند ساڵان هەوڵم دا و ئەوانەی هەمبوون لە دەفتەراندا کۆم کردنەوە و دەستم پێدا هێنان و لێم زیاد کردن و لە ئاکامدا لە توێی چوارسەد دوو بەیتی لە کێشی جۆراوجۆر و تایبەت بە چەند بۆنەوە ئامادەی چاپم کردن و ئێستا لە بەر دەست ئێوەی خوێنەری خۆشەویستدایە.»
فەریدوون حەکیم زادە لە ژێر سەردێڕی «کتێبێکی تاقانە و هەڵبژاردەیەکی دەگمەن» بەمجۆرە باسی ئەم بەرهەمە دەکات:: زۆرجار کە کەسێک بابەتێکی ناوازە هەڵدەبژێرێ و لە ڕەوتی کاروانی دەسەمۆ لادەدا، دەکەوێتە بەر دڵم. ژانڕەکانی ئەدەبی کوردی زۆربەیان تەنیا لە زاران دا ماونەوە و نەهاتوونە بواری کردوەو نووسین. یەکێک لەو گرینگانە نووسینی شێعر بۆ کێلی ئازیزانی کۆچکردومانە. لە منداڵییەوە کە هاتوچۆی قەبرانم دەکرد ئەو شتە لە زەینم دابوو کە بۆچی نووسراوەی فڵانەکەس وەک هی فڵانەکەس دەچێ؟ وەک یەک وان. لە خەیاڵی خۆمدا پێموابوو ئەوەش وەک فاتیحا دەبێ هەریەک بن. تا کەمێک فامم کردەوە زانیم بنووسی هەموو ئەو کێلانە یەک کەسە کە دوایی ئەوانیش واتە کێل نووسەکانیش زۆر بوون.
ئەوڕۆ کە کتێبی کۆچ نووسراوی کاک سەییدنووح عینایەتی(نەبەز)م چاو پێکەوت، ڕێک ئەو تاسە و ئاواتەم هاتە دی کە ساڵانێکە خەممان لێ نەخواردووە. کاتێک پێشەکییە جوانەکانی مامۆستا سووتاو مامۆستا هەڵۆ و خودی نووسەرم خوێندوەوە، ئەرخەیان بووم کە داهێنان تایبەتە بە ویستەکانی کۆمەڵگا و هەڵوارتەکان ئەرکی جێبەجێ کردنییان لە ئەستۆیە. هیوادارم ڕۆژ بە ڕۆژ شاهیدی سەرکەوتنی ڕێگای پیرۆزی سەروەری بین بەو هەنگاوانە پتەو ژیرانە.
ئەم کتێبە لە پاییزی ساڵی ۱۴۰۰ چاپ و بڵاو کرایەوە، کە پیتچنی و دیزاینەکەی بەرهەمی دەست و پەنجەی ڕەنگینی خودالێخۆشبوو کاک ئاوات حەکیمزادە یەکێک لە هونەرمەندەکانی ئەو بوارەیە کە خۆشەویستی هەموو شاعیران و ئەدیبان بوو و هەر کەسێک ناسیبای هەرگیز فەرامۆشی نەدەکرد کە بەداخەوە گەرچی گەلێک تامەزرۆی دیتنی چاپی ئەو کتێبە بوو، بەڵام ئەجەل مۆڵەتی نەدا و سەد مخابن پەتای کڕۆنا ئەو گوڵە نازەنینەی لێ هەڵوەراندین و بە کۆچی ناوەختی بۆ هەمیشە خەمبار و تازیەداری کردین.
بەشەکانی ئەم کتێبە بریتین لە:
١- پێشەکی مامۆستا ڕەسووڵ کەریمی (سووتاو)
٢- پێشەکی مامۆستا قاسم موئەییەدزادە (هەڵۆ)
٣- پێشەکی شاعیر
٤- سۆزێک لەگەڵ کردگار
٥- شێعر بۆ شەهید
٦- شێعر بۆ دایکی شەهید
٧- شێعر بۆ دایک و بابی کۆچکردوو
٨- شێعر بۆ جگەرگۆشەکانی لەدەستچوو
٩- شێعر بۆ هەر ئازیزێکی کۆچکردوو
۱۰- شێعر بۆ برای کۆچکردوو
دەنگدانەوەی هەواڵەی “ماڵی کتێبی کوردی” لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان
دوهفتهنامه «ئاڵا»،نیمه اول بهمن ماه ۱۴۰۰،شماره ۴۲، صفحه چهار/ سال پنجم. برگرفته از پایگاه خانه کتاب کردی
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.