کۆمەڵە چیرۆکی «دڵ چییە، لە کوێیە، چۆن کار دەکا» بڵاو کرایەوە
ناسنامەی کتێب: کۆمەڵەچیرۆکی «دڵ چییە، لە کوێیە، چۆن کار دەکا»، جەلیل ڕەحیمی، ۲۲۰لاپەڕە، چاپەمەنی خانی ۱۴۰۰.
جەلیل ڕەحیمی پێشتر کۆمەڵەچیرۆکی شەدەی سووری لێ بڵاو بۆتەوە. کۆمەڵەچیرۆکی شەدەی سوور لەچاو ئەوەی یەکەم بەرهەمی چاپکراوی نووسەر بوو، پێشوازی باشی لێ کرا و چەند وتاری لەسەر نووسرا.
کۆمەڵەچیرۆکی دڵ چییە… لە یازدە چیرۆک و ۲۲۱لاپەڕە پێک هاتووە.
ئەوەی کە زۆری نەخایاند و نووسەر دوای شەدەی سوور، بە نەفەسی تازە و درێژەوە بەرهەمی تازەی نووسیوە، نیشانەی شێلگیربوون و جیددی بوونی نووسەرە و دەیسەلمێنێ نایەوێ تەنیا بە کۆمەڵەچیرۆکێک واز بێنێ. ئەوە خۆی جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشییە.
بە گشتی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵەچیرۆکی دڵ چییە… ئەوەیە کە نووسەر لەو کۆمەڵەچیرۆکەدا چیرۆک و داستانی نووسیوە نەک فەلسەفە و کۆمەڵناسی و وتار! زمان و گێڕانەوەی ئەو کۆمەڵە چیرۆکە زمان و گێڕانەوەی چیرۆک و داستانە. نووسەر فەلسەفەبافی ناکا و چیرۆک ناکاتە بەهانە بۆ وتارنووسین یان دەربڕین و ڕاگەیاندنی ئایدۆلۆژی و بیروباوەڕی خۆی یان گرووپێکی تایبەت.
بە بێ ئەوەی فشار بۆ خۆی و بۆ چیرۆک بێنێ بە ساکاری چیرۆک دەگێڕێتەوە.
کەسایەتییەکانی زۆر ئاسایین و لە ڕەوتی چیرۆکەکاندا گەشە دەکەن. زۆربەی کەسایەتییەکان لە نێو خەڵکی ئاسایی و بازاڕ و دێهات و دەوروبەری خۆمانن و هەموویانمان دیوە و دەیاناسینەوە.
چیرۆکەکان هەر لە یەکەم ڕستەوە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کۆمەڵەچیرۆکی دڵ چییە دەسپێکی بەهێزی چیرۆکەکانن کە دەبنە هۆی ئەوەی خوێنەر کونجکاوانە بە دوای چیرۆک بکەوێ و تا کۆتایی بیخوێنێتەوە.
تەعلیق و ئەوەی کە دواتر چی ڕوودەدا دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشبوونی چیرۆک. داستان و بەسەرهاتەکانی کۆمەڵەچیرۆکەکە زۆر سەرنج ڕاکێشن و چیرۆک بە بێ هۆ درێژ نابێتەوە.
بە گشتی ئەو کۆمەڵە چیرۆکە کۆمەڵەچیرۆکێکی خۆش و لەزەتبەخشن بۆ خوێندنەوە. بێجگە لە چەند دەنگی جیاواز نەبێ، بە جۆرێک لە جۆرەکان چیرۆکی کوردی ئەمڕۆکە کەمتر وایە لەززەتبەخش بێ.
ئەم چیڕۆکانە زۆر خۆش و لەزەتبەخشن.
جەلیلی ڕەحیمی دەتوانین بە درێژەدەری دوو چیرۆکنووس بزانین کە کورتەچیرۆکەکانیان لەزەتبەخش بوون و بە دوای نووسین و گێڕانەوەی چیرۆکەوە بوون نە شتی تر، مەحموودنەجمەدین لە کۆمەڵەچیرۆکی هاوشێوەکانی سەلیمجەودەت و عەزیز مەحموودپوور لە کۆمەڵەچیرۆکی پیاوێکی ڕیشخەنەییدا.
بە قەبارە و بارستی چیرۆکەکاندا و بە پێداگریکردن لەسەر نووسینی تازەدا دەردەکەوێ کە کاک جەلیلی ڕەحیمی وردە وردە دەبێتە یەکێک لە دەنگە جیدییەکانی چیرۆکی کوردی و بێگومان لە داهاتوودا قسەی زۆرتری هەیە لە بواری چیرۆکنووسیدا بیکا.
چاپەمەنی خانی
بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.
من نازانم مەبەستی نووسەری ئەم دەقە لەوەی کە چیرۆک نووس چێرۆکی نەکردۆتە بەهانەی دەڕبڕینی بیر و باوەڕ و ئایدۆلۆژی چیە!! ئەسڵەن مانای ئەم قسە چیە. مەگەر دەکرێ مرۆڤ قسەیەک بکا و بیر و باوەڕی خۆی تێدا نەبێ؟ جەنابی نووسەر ئێوە هەر لەم کورتە نووسراوەدا بیر و باوەڕتان درکاند و زۆر شتتان سەبارەت بە شێوازی ڕوانینی خۆتان ۆ پێوەرتان بۆ ناساندنی چیرۆکی باش و خراپ دەرخست. منیش بەم دەربڕینی ڕای خۆم و چیرۆک نووسیش بە چیرۆکەکەی هەمان کار دەکەن… چیرۆکێک هیچ شتێک سەبارەت بە کۆمەڵگا و شێوە ڕووانینی نووسەر و چۆنێتی شڕۆڤە کردنی دۆخی ئێستا نەکا هیچ بایەخێکی نیە . هەڵبەت ئەگەر چیرۆکی وا بوونی هەبێ