خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی “پاریس” کۆمەڵە شیعری چاڕڵز بوکوسکی

ناساندنی کتێبی “پاریس” کۆمەڵە شیعری چاڕڵز بوکوسکی

ناسنامە: پاریس( کۆمەڵە شیعر): چاڕڵز بوکوسکی؛ لە ئینگلیزییەوە: عەتا میرەکی؛ چاپەمەنی “گوتار” سه‌قز؛ ۱۸۰ لاپەڕە، ساڵی چاپ: ۱۳۹۵

 

عەتا میرەکی(وەرگێڕ)

چاڕڵز بوکوسکی شاعیر و ڕۆماننووسی ئەمریکایی ساڵی ۱۹۲۰ لە “ئاندرناخ”ی ئاڵمان چاوی بە ژیان هەڵێنا، دوای کۆچبەربوونی بنەماڵەکەی لە ئەمریکا دەگیرسێتەوە. لە ژوورە هەرزانەکاندا دەژیا و بۆ دابین کردنی بژیوی خۆی دەستی دایە چەندین پیشەی سەخت و کەمداهات. ساڵی ۱۹۵۰ وەکوو نامەبەر لە پۆستەخانەی لۆس ئەینجڵێس کاری دەکرد.

ساڵی ۱۹۶۹ لەگەڵ ناوەندی چاپ و پەخشی Press Sparrow Black گرێبەستی ئیمزا کرد کە مانگانە سەد دۆلار وەربگرێ و لە بەرانبەردا تا ئەو دەمەی لە ژیاندا دەمێنێ وەک نووسەرێکی پیشەیی تەنها بە نووسینەوە خەریک بێ. خۆی لە نامەیەکدا ئەڵێ: دوو بژاردەم لە بەردەستا بوو، یان لە پۆستەخانە بمێنمەوە و شێت بم.. یان بێمە دەرێ و بنووسم و برسی بژیم. من برسێتیم هەڵبژارد.

یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی “پۆستەخانە” نووسی کە بیرەوەری و بەسەرهاتەکانی خۆی بوو، لەو ماوەیەدا کە وەک نامەبەر کاری دەکرد، وەکوو وەفایەک بۆ Black Sparrrow Press زۆربەی بەرهەمەکانی هەر لەو ناوەندەدا چاپ کرد.

بوکوسکی لە ساڵی ۱۹۹۴ و لە تەمەنی حەفتا و چوار ساڵیدا لە سەن پێدرۆی ویالیەتی کالیفۆڕنیا کۆچی دوایی کرد. لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسراوە: هەوڵ مەدە (Don’t Try). ئەو شێوازە نووسینەی بوکوسکی بە ڕیاڵیزمی پیس ناسراوە. لە نووسراوەکانیدا ڕەخنەگرانە و بە تووڕەیی باسی هەڵاواردن، هەژاری و پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکا دەکا. بوکوسکی وێڕای ژمارەیەکی زۆر شیعر، چەندین کۆمەڵە چیرۆک و شەش رۆمانی نووسیوە.

“پاریس” کۆمەڵێک لە شیعرەکانی بوکوسکی دەگرێتە خۆ، کە خۆم هەڵمبژاردوون و ئەو ناوەشم لە یەکێک لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبەوە هەڵگرتووە. یەکەمجارە نووسراوەکانی بوکوسکی لە قەبارەی کتێبدا بکەوێتە بەر دیدی خوێنەری کورد و زۆر خۆشحاڵم کە ئەم بەرهەمە دەچێتەوە کتێبخانەی کوردییەوە.

خاڵێکی گرنگ کە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێ؛ ئەوەیە کە لە وەرگێڕانی شیعرەکاندا هەوڵم داوە تێم و کەشوهەوای شیعری بوکوسکی و هەروەها شێوازەکەی بپارێزم، بەڵام لە هەمان کاتدا بەپێی توانای خۆم کارم بۆ ئەوە کردووە شیعرەکان لە زمانی مەبەستدا بێ‌مانا و ئاڵۆز نەیەنە پێش چاو. پێویستە ئاماژە بکرێ کە لە کۆتایی کتێبەکەدا دەقی ئینگلیزی شیعرەکانیشم داناوە.

جێی ئاماژەیە کە ڕەچاو کردنی ماڤی نووسەران و بڵاڤۆکەکان و پاراستنی ماڤی کۆپی ڕایت، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پەێڕەوی کاری ماڵپەڕی “ماڵی کتێبی کوردی”یە و فایلی تەواوی کتێبی “پاریس” لە سەر ئیزنی نووسەری بەرهەمەکە و وەک دیارییەک لە لایەن بەڕێزیانەوە بۆ ئەندامانی کتێب دۆستی ماڵپەڕ پێشکەش دەکرێت. بەم بۆنەوە ماڵپەڕی “ماڵی کتێبی کوردی” بە ناوی بەڕێوەبەران و ئەندامانەوە سپاس و پێزانینی تەواوی خۆی بۆ نووسەری بەڕێز عەتا میرەکی ڕادەگەینێت و دەسخۆشی دیارییە ناوازەکەیان دەکات.

داگرتنی ته‌واوی کتێبەکە

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تاثیر سینمای چارلی چاپلین بر شخصیت های کتاب «از راحیل بانوی یهودی چه خبر؟

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *