ژیانه‌وه له زماندا / عه‌زیز مه‌حموودپوور
له‌وانه‌یه بارودۆخی ئێستای زمان و به‌تایبه‌ت نه‌سری کوردی له ڕۆژھه‌ڵات، مل نه‌داته به‌ر ھیچ چوارچێوه‌یه‌کی مه‌نتقی و مۆدێلێکی دیاریکراو بۆ نرخاندن و پێناسه‌کردن. ھۆکار زۆرن بۆوه‌ی وه‌ھا ڕوانگه‌یه‌ک شکڵ نه‌گرێ و نه‌کرێ به‌پێی پێوه‌رێکی زانستی ڕه‌وتی گه‌شه‌کردن و به‌خۆدا ھاتنی، به پێی ئه‌و مێژووه‌ی که بوویه‌تی ده‌ست نیشان بکه‌ین. مێژوویه‌ک که دوور و درێژ نییه و پڕه له دابڕان و پچڕپچڕ بوون. ھه‌رچه‌ند ئێستا له سۆنگه‌ی ئۆقره‌ییه‌ک که کۆمه‌ڵگا ھه‌یه‌تی به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو له زاوزێ و په‌ل ھاویشتندایه، به‌ڵام ھه‌ر زمانێک بۆوه‌ی گه‌شه بکات و زیندوو بوونی خۆی بسه‌لمێنێ پێویسته له پانتایی و جوغرافیایه‌کی زمانی‌دا و له‌لایه‌ن به‌کارھێنه‌رانی خۆیه‌وه ھه‌م که‌ڵکی لێوه‌ربگیرێت و ھه‌میش به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی پشتگیری لێبکرێ و ھه‌میش داخوازی بۆ به‌رھه‌مھاتووه زمانییه‌کانی له‌گوڕێدا بێ و له ھه‌موان گرینگتر ئه‌وه‌ی که زنجیره‌ی زمانی له له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه قڵف‌وبه‌ند و گه‌وه‌کانی پێکه‌وه بلکێن و به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی له قوتابخانه و ناوه‌نده ئاکادمیک و زانستییه‌کان که‌ڵکی لێوه‌ربگیرێت ھه‌تا وه‌ک توخمێکی ئۆرگانیک بتوانێ به‌شێوه‌یه‌کی ئاسایی درێژه به ژیانی خۆی بدا و لق‌وپۆ و وه‌چی جۆراورجۆری بۆ دابین کردنی پێداویستییه زمانییه‌کان لێ بکه‌وێته‌وه . سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش پێویسته له‌نێو زاراوه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌و زمانه‌دا یه‌کیان وه‌ک زاراوه‌ی ستاندارد که پشتیوانی سه‌رله‌به‌ر یان زۆرینه‌ی ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانه‌ی له پشته ببێته سه‌رچاوه‌ی به‌رھه‌مھێنانی ده‌قی زمانی و به‌م شێوه‌یه که‌شوھه‌وایه‌کی ئاھۆن و مه‌نتقی بۆ بزاڤی زمان بڕه‌خسێ. به‌پێی ئه‌م پێش‌زه‌مینه‌یه ده‌کرێ بڵێین ته‌واوه‌تی ئه‌و فاکتۆرانه‌ی بۆ مانه‌وه و درێژه‌دار بوونی ھه‌ر زمانێک لایه‌نی بنه‌ڕه‌تی و ئه‌ساسین، ته‌واو یان لانیکه‌م زۆربه‌یان له به‌ستێنی زمانی ئێمه‌دا غایبن. ئه‌وه‌ی که زمانی کوردی له ڕۆژھه‌ڵات به بێ بوونی که‌متاکورت ته‌واوه‌تی ئه‌و لایه‌نانه توانیویه‌تی په‌ره بستێنێ و له ته‌واوه‌تی ئه‌و حه‌وزه زمانیانه‌ی ده‌توانن پایه‌داری و به‌رده‌وامی به زمان ببه‌خشن به‌رھه‌می زمانی ھه‌بێ و پێداویستییه‌کانی خۆی چاره‌سه‌ر بکا به بێ ئه‌وه‌ی دۆژ دامێنێ، پتر له‌وه‌ی ھه‌ڵگری مه‌نتقێک بێ زۆرتر له موعجیزه ده‌چێ. بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م ھه‌لومه‌رجه و ئه‌وه‌ی چ شتێک بۆته ھۆی وه‌دیھاتنی وه‌ھا بارودۆخێک پێویسته چاوێک به‌و مێژووه‌دا بخشێنین که ئه‌م زمانه‌ی پێدا تێپه‌ڕیوه و چاره‌نووسی گه‌یاندۆته ئێره. وه‌ختایه‌ک ئاوڕ له ڕابردوو ده‌ده‌ینه‌وه پتر ھه‌ست به مه‌زنایه‌تی ئه‌و ڕووداوه زمانییه و ئه‌و ده‌سکه‌وته زمانییه ده‌که‌ین که زمانی کوردی توانیویه‌تی ده‌سته‌به‌ری بکا. به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه کردنی زمان له‌م مه‌ودا زهمانییهدا جێی تێڕامان و لێکۆڵینه‌وه‌یه. وه‌ختایه‌ک یه‌که‌م ڕسته‌کان به‌م زمانه ھاتنه سه‌ر کاغه‌ز بڕوا به‌خۆ نه‌بوون و ئه‌وه‌ی که زمان ناتوانێ ده‌بڕ بێت و ناتوانێ پێکھاته و سازمانێکی دینامیک و به بڕشت بۆ واتاکان و مه‌به‌سته‌کان پێک بێنێ به یه‌که به یه‌که‌ی وشه و ڕسته‌کانه‌وه دیار بوون. زمان تێکه‌ڵاوێکه له زاراوه جۆراجۆره‌کانی زمانی سۆرانی و مۆرکی مه‌ڵبه‌د و تایبه‌تمه‌ندی زمانیی ناوچه‌یه‌کی دیاریکراوی پێوه دیار نییه و ته‌نیا که‌ڵه‌که بوونێکه له وشه‌ی کوردی و فارسی و عه‌ڕه‌بی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش ئه‌م منداڵه‌سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه له‌گه‌ڵ پێشوازییه‌کی ھه‌موانی ڕووبه‌ڕوو ده‌بێ. گۆڤار یان نامیلکه‌ی نیشتمان که یه‌که‌م ژماره‌ی له ساڵی۱۳۲۲دا چاپ ده‌بێ له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێده‌کرێ و خه‌ڵک پێیان سه‌یره که زمانه‌که‌یان به ستایل و ڕێنووس و تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌ت به‌خۆی له قه‌واره‌ی ڕسته و فۆڕمی ئه‌ده‌بیدا له چاپ دراوه. ئه‌وه له حاڵێکدا بووه که ڕه‌زا شا به درێژایی ده‌سه‌ڵاتداری خۆی حه‌ولی دابوو ئه‌م زمانه بسڕێته‌وه و ئه‌م بیرۆکه‌یه له ھه‌ناوی به‌کارھێنه‌رانی زمانی کوردی‌دا جێگیر بکا که ئه‌و زمانه و سه‌رله‌به‌ری ده‌رھاویشته کلتوورییه‌کانی ئه‌و جوغرافیا فه‌رھه‌نگییه شتێکی دواکه‌وتووانه‌ن و ده‌بێ له پێناو زمانی باڵاده‌ستدا که زمانی فارسی بوو ببه‌تڵێن و ببنه گاوگه‌ردوونی. ھه‌ر بۆیه کاتێک ئه‌و ته‌وژمه ناسیۆنالیستییه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ کاف له‌گه‌ڵ توخمی زمان ئاوێته ده‌بێ بڕشتی پتر و کاریگه‌ری چه‌ن به‌رامبه‌رتر ده‌بێ. له ڕاستیدا دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و له درێژه‌ی ئه‌ودا دامه‌زرانی کۆمار، پتر له‌وه‌ی سه‌رکێشی و مل‌بادانێکی سیاسی بێت، سه‌رکێشییه‌کی زمانی و فه‌رھه‌نگی بوو. زمان له‌م ئه‌زموونه مێژوویه‌دا ناوه‌ند و بڕبڕه و توخمی سه‌ره‌کییه و ھه‌ر بۆیه‌ش زۆرترین پشک و ده‌سکه‌وت به‌و ده‌بڕێ. زمان وه‌ک گۆمێکی ساله‌ھابێت مه‌ند و بێ بزاڤ له‌جێی خۆی وه‌ستابێ، به‌م حه‌ره‌که‌ته سیاسییه و به مه‌کتووب بوونی له قه‌واره‌ی کاغه‌زدا ده‌شڵه‌ژێت و وه‌ک ئاوری بنکا ھه‌ڵه‌سوون دێنێته‌وه و وه‌ک غوولێکی ساڵه‌ھابێ له چرایه‌کی جادوویدا یه‌خسیر کرابێ پێچ و لوول ده‌خوا و دێته ده‌رێ و کار له کار ده‌ترازێ و به که‌س ناحه‌جمێ و ئۆقره ناگرێ. ھه‌رچه‌ند له دوای نسکۆ و داڕمانی ئه‌زموونی کۆمار له باری سیاسییه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی په‌ھله‌وی زۆر زیاتر له جاران حه‌ولی سڕینه‌وه‌ی زمان ده‌دا و ده‌بێته دیارده‌یه‌کی بڤه و قاچاغ و ناسیونالیسمی فارس به ده‌یان به‌رامبه‌ر ڕوو له ھه‌ڵکشانه، به‌ڵام ھه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه ڕه‌وتی گه‌شه‌کردن و به‌خۆداھاتنی زمانی کوردیش ده‌ست پێده‌کا و زمان ده‌بێته بوونێکی سه‌ییال و نه‌سره‌وتوو له فکروخه‌یاڵی ئه‌و سه‌ربازه‌انه‌ی کۆمار ئه‌رکی پاسه‌وانی و پێشمه‌رگایه‌تی زمانی پێ ئه‌سپاردوون. بێتوو ئه‌و که‌سانه‌ی که کۆمار بۆ وه‌ھا ئه‌رک و وه‌زیفه‌یه‌ک ڕایھێنابوون و په‌روه‌رده‌ی کردبوون و ببوونه ئاڵاھه‌ڵگری زمان، وه‌ک سه‌رکرده سیاسییه‌کانی کۆمار له سێداره درابان و تێداچووبان قه‌تعه‌ن چاره‌نووسی زمانی کوردی ئه‌م چاره‌نووسه‌ی ئێستای نه‌ده‌بوو که ھه‌یه‌تی. ئه‌و ئه‌دیب و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی کۆمار ڕایھێنابوون بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ ده‌بنه کرێکاری بێ مووچه و به‌راتی زمان و له سۆنگه‌ی ئه‌وانه‌وه پێکھاته‌یه‌کی تۆکمه و قایم ڕۆده‌نرێ که زمان بۆ ھه‌تاھه‌تایه له فه‌وتان و نه‌مان ده‌پارێزرێ. له‌نێو ئه‌م نووسه‌رانه‌دا زه‌بیحی و قزلجی و ھه‌ژار و ھێمن ئه‌ساس و بنه‌ڕه‌تن و ئهستوونێکی وه‌ھا مه‌زن و قایمن که ده‌کرێ کۆشکی ھه‌زاران قاتی زمانییان له‌سه‌ر ھه‌ڵچندرێت. به‌ڵام چ شتێک و چ بارودۆخێک بووه ھۆی ئه‌وه که زمان له ڕۆژھه‌ڵات وه‌ھا چاره‌نووسێکی ھه‌بێت؟ ئه‌م گوڕوتین و ته‌کاموله زمانییه به ھۆی کام مه‌نتق شکڵی گرت و چۆن بوو که له‌وپه‌ڕی بێده‌ره‌تانی و به‌رته‌سک بوونه‌وه‌ی فه‌زای سیاسی و زمانی به وه‌ھا بووژانه‌وه‌یه‌ک بگا؟ بێتوو به‌پێی مه‌نتق بایه ده‌بوو ئه‌و داپڵۆسین و ئاسته‌نگانه‌ی ناوه‌ندی سیاسی خستبوویه سه‌ر زمانی کوردی ئه‌م زمانه ئه‌گه‌ریش تێدا نه‌چووبا ده‌بوو ھێنده لاواز بووبا که ته‌نیا بۆ ئاخاوتنی ڕۆژانه که‌ڵکی لێوه‌رگیرابا و ھێزی ئه‌وه‌ی نه‌بوو با ته‌نانه‌ت چ به‌رھه‌مێکی زمانی لێ بکه‌وێته‌وه و چ ده‌سکه‌وتێکی جوانیناسانه‌ی له حه‌وزه‌ی ئه‌ده‌ب و به‌ستێنه زمانییه‌کانی دی‌دا ببێ. به ئێستاشه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بێ، ناوه‌ندی سیاسی و بڕیارده‌ر له ئێران پێی‌خۆش بووه و پێیخۆشه ته‌واوه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئه‌م جوغرافیایه به‌ره‌و ناوه‌ند مل که‌چ که‌ن و به‌ره‌و قیبله‌ی زمانی فارسی کڕنۆش به‌رن. ناوه‌ند پێی خۆشه ته‌واوه‌تی ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانانه‌ی له ئێراندان، کرێکار و باره‌به‌ری زمانی فارسی بن. زۆربه‌ی ھه‌ره زۆری ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ش که بوویه‌تی ئه‌و کرێکاره زمانیانه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دی به ئاکامیان گه‌یاندووه، به‌تایبه‌ت گه‌شه‌کردنی زمان و ئه‌ده‌بیاتی مۆدێڕنی فارس له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و نووسه‌ر و شاعیر و وه‌رگێڕانه به ئاکام گه‌یشتووه که زمانی دایکییان زمانێکه جگه له زمانی فارسی. له‌م بواره‌دا زمانی فارسی ڕێک که‌ڵکی له ئه‌زموونی چه‌ندین سه‌د ساڵه‌ی عه‌ڕه‌به‌کان وه‌رگرت که ده‌رحه‌ق به زمانی فارسی و زمانه‌کانی دی ڕه‌چاویان کردبوو و ته‌واوه‌تی ئه‌و سووکایه‌تی و بێ حورمه‌تییه‌ی سه‌باره‌ت به‌و زمانه کرابوو زمانی فارسیش ده‌رحه‌ق به‌و ئه‌تمۆسفێره فه‌رھه‌نگی و پڕ ڕه‌نگامه زمانییه‌ی جوغرافیای خۆی به‌کاری ھێنا و له سووکایه‌تی کردن و به که‌م زانینی زمانی نه‌ته‌وه‌کانی دی ئه‌وه‌ی له توانایدا بوو کردی و ده‌یکات. قه‌تعه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و ئه‌وانه‌ی ستراتێژی فه‌رھه‌نگی و زمانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته داده‌ڕێژن ھه‌میشه ئه‌و کرێکاره زمانیانه‌یان ھه‌تا ئه‌و جێیه‌ی بار خوار نه‌که‌ن و به ئارامی به‌ره‌و قیبله بڕۆن زۆر قبووڵه و ھه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی باسێک له زمانی دایکی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بێننه گۆڕێ ده‌که‌ونه به‌ر غه‌زه‌ب. ھه‌ر بۆیه‌ش دایم به سووک کردن و نێونیته‌لێنان له زمانی نه‌ته‌وه‌کانی دی حه‌ولیان داوه قه‌داسه‌تێکی ھیچه‌که و بێزارکه‌ر به زمانی فارسی ببه‌خشن. زۆر جار بۆ سووک کردنی زمانێک له‌و که‌سانه که‌ڵکیان وه‌رگرتووه که زمانی زکماکی خۆیان پێ زاره‌وه و بێ شوناس و بێ ڕیشه زانیوه که ڕه‌شیدی یاسه‌می له‌نێو زمانی کوردی‌دا نموونه‌ی باشه. ته‌نانه‌ت تورک زمانێکی وه‌ک که‌سره‌وی پێیوابوو ده‌بێ ته‌واوه‌تی زمان و زاره‌واکانی دی له ئێران‌دا تێدا ببرێن و یه‌ک زمان بمێنێته‌وه که ئه‌ویش زمانی فارسییه. ڕه‌سمییه‌ت به‌خشین به زمانی فارسی له‌نێو ته‌واوه‌تی زمانه‌کانی جوغرافیای ئێران بڕیارێکی سیاسی ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌ھای ناوه‌نده به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و زمانه شایسته‌ی وه‌ھا پێگه‌یه‌ک بێت. ئه‌و پێگه‌یه له‌سه‌ر ده‌ستی چینێکی که‌ڕه‌ناسیۆنالیست به پشتیوانی و تیوریزه کردنی ڕۆشنبیرانی فارس به ئاکام گه‌یشتووه و ھیچ کات په‌یماننامه‌یه‌کی گشتی که ته‌واوه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ڕه‌زایان له‌سه‌ر بووبێ به‌دی نه‌ھاتووه. سه‌یر ئه‌وه‌یه که سه‌ره‌ڕای ته‌واوه‌تی ئه‌و ئیمکاناته ماڵی و ئینسانییه‌ی به ناحه‌ق خراوه‌ته به‌ر ده‌ستی ئه‌م زمانه، له‌نێو زمانه‌کانی دی له دنیای مۆدێڕن‌دا نه‌یتوانیوه چ ده‌سکه‌وتێکی به‌رچاوی ھه‌بێ. ئه‌ده‌بیات که سه‌رچه‌شن‌ترین و پاڵاوته‌ترین لایه‌نی جوانی ناسی ھه‌ر زمانێکه له زمانی فارسی‌دا پێگه‌ی نه‌ک له پێگه‌ی زمانێکی غه‌یره ڕه‌سمی وه‌ک کوردی واڵاتر نییه به‌ڵکوو پێگه‌ی له زمانی دوو که‌مینه‌ی تورک و عه‌ڕه‌بیش له خوارتره. دواتر دێینه‌وه سه‌ر ئه‌م باسه، به‌ڵام ئێستا له‌و ھه‌لومه‌رج و توخمانه ده‌دوێین که زمانی کوردی‌یان له ڕۆژھه‌ڵات گه‌یاندۆته ئاستێک که ده‌رووی زۆر ڕوون و پڕ له ھیوای به‌سه‌ردا کردۆته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پاوانخواز و ناوه‌ندته‌وه‌ر دایم پێیوایه بێتوو کۆتوبه‌ند بخاته سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رھه‌نگی و له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و دیسکۆرسه‌ی که بۆخۆی پێیوایه دیسکۆرسی ڕاسته‌قینه‌یه و ته‌واوه‌تی حه‌قیقه‌ت بۆخۆی قۆرغ بکات و مه‌ودای پشوودان بۆ چ بزاڤ و ھه‌ڵسوکه‌وتێکی فه‌رھه‌نگی دی نه‌ھێڵێته‌وه، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن. له مه‌سه‌له‌ی زمانیشدا(مه‌به‌ست زمانی کوردییه) ھه‌رچه‌ند ناوه‌ند زمانی کوردی خسته په‌راوێز و به شڵه‌ژاندنی به‌ستێنی کۆمه‌ڵایه‌تی ئۆقره‌ی له بووژاندنه‌وه‌ی کاری فه‌رھه‌نگی و زمانی ئه‌ستاند و سه‌رله‌به‌ری کۆمه‌ڵگای له مافی سروشتی خۆی که خوێندن به زمانی زکماکی بوو بێبه‌ش کرد و کردوویه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ته‌واوه‌تی ئه‌و ئاسته‌نگانه دیسانیش زمان وه‌ک کانیاوێکی زوڵاڵ ھه‌ر جاره و له شوێنێکه‌وه ھه‌ڵده‌تۆقێ و ڕێگای خۆی ده‌بینێته‌وه. دیارده‌ی زمان دیارده‌یه‌کی سه‌رسووڕھێنه‌ره و پێشبینی ناپه‌زیره. له‌وانه‌یه ده‌سه‌ڵاتی پاوانخواز پێیوابێ زمانگه‌لی جیاواز که بۆیان ھه‌یه خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و ھێزی جوانیناسی جیاواز بن بوونیان نییه و زمانی زکماک ھه‌مان زمانی ڕه‌سمییه که به‌سه‌ر ته‌واتی ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌یدا سه‌پاندووه که له‌باری زمانییه‌وه جیاوازییان زۆره، به‌ڵام ڕاست ئه‌وه‌یه ھه‌ر ئه‌و ئینکار و به ھێند نه‌گرتنه یه‌کێک له‌و فاکتۆره به‌ھێزانه‌یه که زمانی کوردی بووژاندۆته‌وه و له درێژه‌ی مێژوودا وای کردووه خۆ به ده‌سته‌وه نه‌دا و نه‌چێته به‌ر باری زمانی داسه‌پاوی ده‌سه‌ڵات. زمان له سۆنگه‌ی ئه‌و ڕه‌گ و ته‌وژمه ژێرزه‌مینیانه‌ی که ده‌سه‌ڵات قه‌تی گوێ نه‌داونێ و لێیان بێخهبهر بووه، ته‌شه‌نه‌ی ساندووه و به‌ره‌و ڕووناکایی جمیوه. دیوێکی دیکه‌ی سه‌رکه‌وتنی زمانی کوردی لێره ئه‌و نسکۆ سیاسییه به‌رده‌وام و مێژوویانه بوو که ئه‌زموونی کۆمار و پارته سیاسییه‌کانی ئێمه تووشی ھاتن و نه‌یانتوانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و په‌راوێز بوونیان سه‌رشکێن بکه‌ن، ھه‌ر وه‌ک چۆن ھیچ زمانێکی دی جگه له زمانی فارسی نه‌یتوانیبوو که‌مووسکه‌یه‌ک له بوونی خۆی بسه‌لمێنێ. زمان ھاوته‌ریب له‌گه‌ڵ بزاڤی سیاسی و به‌گوڕتر و له‌سه‌ره‌خۆتر که‌وته گه‌ڕ. زمان بووه ھێما و ڕه‌مزی ژیان له ھه‌مبه‌ر ئه‌وی دییه‌ک که نه بوونی سیاسی و نه بوونی کلتووری و فه‌رھه‌نگی تۆی بۆ قبووڵ نه‌ده‌کرا. لایه‌نێکی دیکه‌ی سه‌رکه‌وتنی زمانی کوردی ئه‌و ھێز و بڕشته زاتی و ناوه‌کییه بوو که له ھه‌ناوی خۆیدا ھه‌یبوو. ھه‌رچه‌ند ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند قه‌تی ئیقرار به سه‌ربه‌خۆیی زمانی کوردی له حاند زمانی فارسی‌دا نه‌ناوه به‌ڵام بۆخۆی ئه‌وه‌نده‌ی ھێزی له‌بڕاننه‌ھاتوو له ناخی خۆیدا ھه‌بوو که به ئینکاری ده‌سه‌ڵات له خشته نه‌چێت و مایه‌پووچ نه‌بێ. ئه‌و ماکانه‌ی بوونه ھۆی وه‌ھا بڕشت و پتانسییه‌لێک که زمانی کوردی له درێژه‌ی زه‌ماندا به‌رده‌وام گوڕی تازه به‌خۆوه ببینێ ئه‌و ماتریاڵه سه‌ره‌کیانه‌ن که به‌رده‌وام له ناخییه‌وه ھه‌ڵده‌قوڵێن و قه‌تیان ویشکایی نایه. یه‌ک له‌و شتانه، ئه‌و فلکلۆره به‌ربڵاو و به‌ھێزه‌یه که له فۆڕمی لاوک و حه‌یران و به‌یت و حه‌قایه‌ت و گۆرانیدا خۆ ده‌نوێنن. کورد له ڕێزه‌ی ئه‌و ده‌گمه‌ن نه‌ته‌وانه‌یه که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زمانه‌که‌ی مه‌کتووب نه‌کراوه به‌ڵام دۆخی سیاسی و قۆناغه کاره‌ساتباره‌کانی خۆی و ساته ئیحساسییه‌کانی خۆی له فۆڕمی به‌یت و حه‌یران و لاوک و گۆرانیدا ڕاگیر و قه‌تیس کردووه و نه‌یھێشتووه له‌بیری بچێته‌وه. ئه‌و ته‌وژمه له‌گوڕ و به‌ھێزه‌ی له به‌یت و حه‌یران و گۆرانی ئێمه‌دایه ته‌نانه‌ت نه‌یارانی زمانی ئێمه‌ی ملکه‌چ کردووه له په‌نای زمانی خۆیاندا ده‌روویه‌کیش بۆ زمانی ئێمه بکه‌نه‌وه. مووسیقی ئێمه نموونه‌ی به‌رچاو و سه‌رچه‌شنه. وه‌ختایه‌ک فارس ھێز و ده‌ستڕۆیشتووی مووسیقای ئێمه ده‌بینن ناچارن له تاران ده‌روویه‌ک بۆ حه‌سه‌ن زیره‌ک بکه‌نه‌وه ھه‌تا به زمانی زکماکی خۆی بچڕێت. له ته‌واوه‌تی ئه‌و ساڵانه‌ی به‌ستێنی سیاسی تاریکه‌سه‌لات و شه‌وه زه‌نگ بووه ئێمه به مۆسیقا و به شێعر و به چیرۆک و به ڕۆمان خۆمان ده‌ربڕیوه. زمان بۆ ئێمه که‌ره‌سته‌یه‌کی سیاسی بووه ھه‌تا له‌م ڕێیه‌وه خۆمان بگێڕینه‌وه و نه‌ھێڵین ببه‌تڵێین. زمان ھاوکات ھه‌م که‌ره‌سته‌یه‌ک بووه بۆ پێوه‌ندی و ھه‌میش مه‌به‌ست بووه، مه‌به‌ستێکی پیرۆز و ھێمایه‌ک له مانه‌وه و به‌رده‌وام بوون. چون ده‌زانین گرینگرین توخم و نموودی فه‌رھه‌نگی ئێمه‌یه و به پاراستنی ئه‌و پارێزراوین. لایه‌نێکی دیکه‌ی سه‌رکه‌وتنی زمانی کوردی، ئه‌و ئه‌رکه نوێیانه بوو که خرانه ئه‌ستۆی و سنووره‌کانی به‌رین و به‌رینتر بوونه‌وه. ھه‌ر وه‌ک پێشتر کوترا زمانی کوردی زمانێکه تژی له سروشتی بوون و وشه‌کانی لیپاولیپن له ئیحساسێکی پاڵاوته و له‌مێژینه که سه‌رچاوه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوازی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه له ڕابردوودا. زمانی ئیحساسی ئێمه له‌وپه‌ڕی جوانیدایه و ئه‌و شێعرانه‌ی شاعیرانی کلاسیک و ھاوچه‌رخمان خوڵقاندوویانه سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ئیدعایه‌ن. ھه‌ر وه‌ھا نه‌سری ھاوچه‌رخی ئێمه‌ش وزه و ئیمکاناتی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری له ناخدایه بۆ خوڵقاندنی ده‌قێکی شاعیرانه. به‌ڵام زمان ته‌نیا به شێعر و ڕۆمان و چیرۆک په‌ره ناستێنێ و پێویسته خۆی گرێ بدا به به‌ستێنه جیاوازه‌کان و خۆی بخاته ئاسته‌نگ و ته‌نگژه و قه‌یرانی زمانییه‌وه ھه‌تا له‌م سۆنگه‌یه‌وه ڕێچار ببینێته‌وه بۆ که‌موکووڕییه‌کانی خۆی و ده‌ربڕی ئه‌و واتا و مه‌فھوومانه بێت که قه‌تی ده‌رنه‌بڕیون. وه‌رگێڕانی ده‌قه تیورێک و واتا قورسه فه‌لسه‌فی و له زماننه‌ھاتووه‌کان ھاوکات که زمانی ئێمه‌یان تووشی قه‌یران کردووه به ھه‌مان ئه‌ندازه‌ش په‌نجه‌ره‌ی تازه‌ی به ڕووی زمانه‌که‌ماندا کردۆته‌وه که خۆی به باڵای زمانه ژێده‌ر و سه‌رچڵه‌کاندا بگرێ و له‌گه‌ڵیان بکه‌وێته وتووێژ و ململانه و زۆران گرتن، له‌وانه‌یه له عه‌رز بکه‌وێ، برینداربێ، به‌ڵام تێکشکان و تێکڕووخان و تێداچوونی مه‌حاڵه، چونکوو زمان دیارده‌یه‌کی پێشبینی ناپه‌زیره، شلکه، نه‌رمه، شکڵ په‌زیره و شه‌قڵی ئه‌و فۆڕمه به‌خۆوه ده‌گرێ که ئێمه بۆی دیاری ده‌که‌ین. وه‌ک ئاخر لایه‌ن که بۆته ھۆی په‌ره‌سه‌ندن و دره‌وشانه‌وه‌ی زمان، ئه‌و به‌رھه‌مھاتووه زمانیانه‌ن که ڕۆژلهگهڵڕۆژ له ھه‌ڵکشاندان. شۆڕشێکی مه‌زنی فه‌رھه‌نگ نووسی ده‌ستی پێکردووه که ھه‌رچی زه‌مان تێده‌په‌ڕێ ئاستیان ھه‌م له‌باری زانستی بوون و ھه‌میش له باری قه‌باره‌وه ڕوو له ھه‌ڵکشانه، زۆربه‌ی ئه‌م فه‌رھه‌نگانه به‌رھه‌می تاکه که‌سین و له‌که‌س مه‌علووم نییه کارێک که ده‌بێ به سه‌دان که‌س و بوودجه‌ی زه‌به‌لاحی ده‌وڵه‌تی بڕێوه بچێ چلۆن له‌سه‌ر ده‌ستی تاکه‌که‌سێک به ئاکام گه‌یشتووه؟ کام ھێز و ده‌ره‌تان و دنه‌ی ڕووحییه که ئه‌م ھه‌لومه‌رجه‌ی ڕه‌خساندووه؟ جگه له‌وه، ڕێژه‌ی به‌رھه‌مھێنانی ئه‌ده‌بی چ له ژانری شێعر و چه له ژانری چیرۆک و ڕۆماندا دیارده‌یه‌کی سه‌رسووڕھێنه‌ره. ده‌سکه‌وتی زمانی له‌م دوو حه‌وزه‌یه‌دا شتێکی بێوێنه‌یه. ڕه‌وتی به‌رھه‌مھێنانی شێعر و چیرۆک و ڕۆمان یه‌گجار له‌گوڕ و دینامیکه. زمانی شێعر و گێڕانه‌وه‌ی کوردی ئاستی جوانیناسانه‌ی زمانیان ھه‌تا دووره ده‌سته‌کان و سنووره نه‌به‌دییه‌کان به‌رزکردۆته‌وه و حدوودی زمانیان یه‌گجار فراوان کردۆته‌وه و کاروان ھه‌روا به‌ڕێوه‌یه. چاره‌نووسی زمانی کوردی لێره به ده‌ره‌نجام و ئاکامێکمان ده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ھه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی زمانێک پێشمه‌رگه و گیانفیدای ڕاسه‌قینه‌ی ھه‌بێ مه‌حاڵه بفه‌وتێت و تێدا بچێت، ھه‌ر چه‌ند ئه‌و زمانه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه ڕه‌سمییه‌تی نه‌بێ و حه‌ولی پاکتاو کردنی بدرێت. زمان مه‌حاڵه بفه‌وتێت ھه‌رچه‌ند له لایه‌ن ڕۆشنبیران و تیوریسیه‌نه‌کانی فه‌رھه‌گی زاڵ و دیسکۆرسی زاڵی ده‌سه‌ڵات حه‌ولی سووک و چرووک کردن و بێقیمه‌ت کردنی بدرێ. چاره‌نووسی زمانی کوردی ئه‌زموونێکی ده‌گمه‌ن و تازه‌یه بۆ داھاتوو و ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێمل بێت بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و حورمه‌ت دانان بۆ جیاوازییه‌کان و ئه‌وه‌ی که ھیچ زمانێک چ گه‌وره‌یی و سه‌روه‌رییه‌کی به سه‌ر زمانێکی دی‌دا نییه،چ زمانێک که تاقمی که‌مینه پێی ده‌ئاخوێن و چ زمانێک که تاقمی زۆرینه پێی ده‌دوێن. ئێمه له‌نێو زمانی خۆماندا ده‌ژین، زمان له‌گه‌ڵمانه و له‌گه‌ڵمان بووه و له‌گه‌ڵمان ده‌بێ. زمان ماڵی بوون و ژیانمانه، شوێنی داسه‌کنان و ئۆقره گرتنمان و سه‌رله‌نوێ ژیانه‌وه‌مانه. زمان ئه‌ستوونی بوون و مانه‌وه‌مانه.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە