لێکدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی «زایه‌ڵه‌ی شارێکی سوور» له ڕوانگه‌ی نیشانه‌ناسیی بارته‌وه
نووسه‌ر: سارا خهنشا*
تیۆریی نیشانه‌ناسی (semiotics) وه‌ک ئاراسته‌یه‌ک بۆ لیکدانه‌وه‌ی ده‌ق، تیشک ده‌خاته سه‌ر لێکدانه‌وه پێکهاته‌یییه‌کانی ده‌ق و، پاژه‌کانی پێکهێنه‌ری، سیستمێکی نیشانه‌ناسانه ده‌ستنیشان و په‌یوه‌ندییه پێکهاته‌یییه‌کانی نێوانیان ته‌ته‌ڵه ده‌کات. ئه‌م ئاراسته‌یه، یه‌که‌م جار له‌لایه‌ن زمان‌ناسی سویسی فردینان دۆ سۆسۆر هاته ئاراوه. ئه‌و له نموونه (الگو)یه‌کی دووفاقدا پێی وا بوو نیشانه تێکه‌ڵاوێک له “دال”ێک و “مه‌دلوول”ێکه. ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بوو گشت سیستمه زمانییه‌کان، له نیشانه‌گه‌لێکی جیاواز پێک هاتوون که به‌هۆی چه‌مکێک یان وێنایه‌ک پێکه‌وه له په‌یوه‌ندیدان و نیشانه زمانییه‌که، چه‌مکێک (مه‌دلوول) و وێنایه‌کی ده‌نگی (دال) پێکه‌وه گرێ ده‌دات.
هه‌رچه‌ند به ده‌ربڕینی سۆسۆر، ده‌ق به‌ڕواڵه‌ت گۆڕه‌پانێکی داخراو و سنوورداری له‌گه‌ڵ نیشانه ناودهقییهکان هه‌یه؛ به‌ڵام نابێ خاڵێکی گرینگ له‌بیر بکه‌ین، ئه‌و له ڕێگه‌ی پێناسه‌ی چه‌مکی سیستم دوو جۆر په‌یوه‌ندی له‌نێوان ڕه‌گه‌زه‌کان لێک جیا ده‌کاته‌وه: په‌یوه‌ندیی هاونشینی (Syntagmatic) و په‌یوه‌ندیی جێنشینی (Associative). په‌یوه‌ندیی هاونشینی، ئه‌نجامی په‌یوه‌ندییه په‌یتاپه‌یتا و هێڵیی ڕه‌گه‌زه‌کان له ڕستهیهکدایه. ئه‌م ته‌وه‌ره، شوناسی هه‌ر ڕه‌گه‌ز له زنجیره‌یه‌کدا، ئه‌نجامی دژایه‌تیی (تقابل) ئه‌و له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زه‌کانی تر ده‌زانێت؛ به‌ڵام له ڕه‌هه‌ندی جێنشینیدا، په‌یوه‌ندییه‌ک له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌کانی ڕه‌گه‌زه وێکچووه‌کان به‌دی دێت؛ واتا هه‌ر ڕه‌گه‌زێک کۆمایه‌ک له ڕه‌گه‌زه‌کانی تر که ده‌توانن له جێی یه‌ک بێن، له مێشک‌دا ده‌ورووژێنێت. که‌واته ئه‌م په‌یوه‌ندییه، ئه‌نجامی په‌یوه‌ندیی نێوان ڕه‌گه‌زه نادیاره‌کان له زنجیره‌یه‌کی هێزه‌کیی زه‌ینیدایه. هه‌ر ئه‌و جێنشینییهی ڕه‌گه‌زه‌کانه که پێکهاته له په‌یوه‌ندییه ده‌روونییه‌کان و هاونشینی له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زه‌کان به‌رته‌سک ناکاته‌وه و ڕه‌گه‌زه‌کانی پێکهاته به پێکهاته‌یه‌کی تر گرێ ده‌دات. ئه‌م پێواژۆیه، ده‌ق له کهشهکی داخراو که سنوورێکی دیاریکراوی هه‌یه، ده‌باته سه‌رتر و له په‌یوه‌ندییه‌کیی جێنشینیدا، ڕه‌گه‌زه شاراوه و نوێیه‌کان ده‌بن به پاژێک له ده‌ق.
هه‌رکام له ڕه‌گه‌زه‌کانی پێکهێنه‌ری پێکهاته‌ی چیرۆک، له ناوی به‌رهه‌مه‌وه بگره هه‌تا که‌سایه‌تییه‌کان و گشت ڕه‌گه‌زه کاتی و شوێنییه‌کان، ئه‌و دالانهن که له په‌یوه‌ندیی هاونشینی له‌گه‌ڵ یه‌کتر، پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی و چوارچێوه‌ی چیرۆک پێک دێنن و به ده‌لاله‌ته ڕاسته‌وخۆ و پاڵهکییهکان له کۆتاییدا مه‌دلوولی خوازراوی چیرۆک وه‌دی دێنن.
به بڕوای ئێکۆ به‌رهه‌م سیستمێک له نیشانه‌کانه؛ ئه‌و سیستمه‌ی که به وته‌ی ئێکۆ “په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌روونی نێوان نیشانه‌کانی، ئه‌گه‌ری ڕاڤه بێئهژمارهکان ده‌ڕه‌خسێنێت”. ئاراسته‌یه‌کی له‌م شێوه‌یه به بابه‌تێکی گرینگ وه‌ک ڕاڤه، ده‌بێته هۆی ئه‌مه که ئێکۆ له کاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شێوازناسیی کرووچه و که‌سانێکی وه‌ک ئه‌و، ڕووه‌و جۆرێک پێکهاته‌خوازیی هێرمنۆتیک هه‌نگاو هه‌ڵێنێت. چونکه له‌م ئاراسته‌یه‌دا له‌لایه‌که‌وه له‌گه‌ڵ توانایییه‌کانی ده‌ق و لوانه نیشانهناسانهکان ڕووبه‌ڕووین که به‌هۆی ئه‌و، ده‌ق- ته‌نانه‌ت له نه‌بوونی سووژه‌ی ئاگاشدا- ڕۆنراو له کۆمه‌ڵێک له په‌یوه‌ندییه‌کان و په‌یوه‌ندیی پێکهاته‌ییی نێوان سازدهرهکانه که ده‌بێته هۆی پێکهاتنی واتا. له‌لایه‌کی تره‌وه دۆزینه‌وه، دووبارهڕۆنانهوه و ئافراندنی واتا ڕێتێچووه‌کان جگه له بوونی ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییانه، پێویستی به بوونی سووژه‌یه‌ک هه‌یه که هه‌ڵبژاردنێکی کارا و وشیارانه‌ی له ڕه‌گه‌زه‌کاندا ده‌بێت و به‌رده‌وام ڕاڤه‌گه‌لێکی نوێ ده‌ئافرێنێت.
له نیشانه‌ناسیی وێژه‌ییدا، واتا به‌هۆی پێکهاته‌ی نیشانه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌یه‌که‌وه، سیستمی کۆد و گرێبه‌سته‌کان به‌دی دێت. دۆزینه‌وه و داڕشتنی ڕێسا و نۆڕمێک که بتوانێت په‌یوه‌ندیی نێوان ڕه‌گه‌زه‌کان ته‌ته‌ڵه کات، واتای سیستمی کۆدی (رمزگان) ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. سیستمی کۆد بابه‌تێکی بنهمایییه له نیشانه‌ناسیدا؛ واتای نیشانه به‌و کۆده‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که تێیدایه. سیستمی کۆد چوارچێوه‌یه‌ک پێک دێنێت که تێیدا نیشانه‌کان واتادار ده‌بن. که‌واته ناتوانین به‌وه‌ی وا له مه‌ڵبه‌ندی سیستمی کۆدا نییه، نیشانه بڵێین.
به دهربڕنینی بارت گه‌یشتن به‌م سیستمی کۆدییه هه‌وڵیکه بۆ تێگه‌یشتن له‌م خاڵه که واتا چۆن له ده‌قدا دهئافرێندرێت و بڵاو ده‌بێته‌وه. ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه، سیستمی کۆدیی به‌شداربوو له میکانیزمی واتاییی ده‌قدا به‌م شێوه‌یه پۆلێن ده‌کات: سیستمی کۆدی هێرمنۆتیکی، سیستی کۆدی کرده‌یی، سیستمی کۆدی دالی (ماناناسانه)، سیستمی کۆدی هێمایی، سیستمی کۆدی که‌لتووری.
شوێنپێی سیستمی کۆدی بارت له کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی “زایه‌ڵه‌ی شارێکی سوور”دا
١. سیستمی کۆدی هێرمنۆتیکی:
هێرمنۆتیک به‌گشتی به واتای هونه‌ری لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌ی ده‌قه، به‌ڵام سیستمی کۆدی هێرمنۆتیک، به‌و یه‌که واتایییانه ده‌کوترێت که له سه‌رانسه‌ری ده‌قدا بڵاو بووه‌ته‌وه و ده‌بێته هۆی پرسیار و مه‌ته‌ڵ له مێشکی به‌رده‌نگدا و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی وردهوردهیان. ئه‌رکی ئه‌م یه‌کانه بریتییه له: په‌روه‌ده‌کردنی تێم، جێگیرکردنی دۆخ، داهێنانی مه‌ته‌ڵ، به‌ڵێنی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مه‌ته‌ڵ، خه‌ڵه‌تاندنی به‌رده‌نگ له دۆزینه‌وه وه‌ڵامی مهتهڵدا، تهمومژاویکردن، له‌مپه‌رسازکردن، داهێڵان، وه‌ڵامی نیوه‌چڵ و ئاشکراکردنی ڕاستی. ئه‌مه هه‌ر سیستمی کۆدی چیرۆکبێژییه که له ڕێگه‌یه‌وه له گێڕانه‌وه‌دا پرسیارگه‌لێک دێنه ئاراوه و داهێڵان به‌دی دێت و له ئه‌نجامدا وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه.
له چیرۆکی “تاقانه”دا یه‌که‌م مه‌ته‌ڵ که ڕووبه‌ڕووی به‌رده‌نگ ده‌بێته‌وه، گرینگیی کاتژمێر و بانگکردنی سه‌رحه‌ده: “زه‌نگی کاتژمێره قورمیشکراوهکهی ژووره‌که وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سێک بانگی بکات وایه: “سه‌رحه‌د! سه‌رحه‌د!” (ل ٤٧).
ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌شه وه‌ک په‌روه‌ده‌کردنی تێمی مه‌ته‌ڵه‌که دانێین، نووڕونزاکردنی پیره‌پیاو له ژماره چوار و نه‌گۆڕبوونی دۆخه‌که ده‌توانین وه‌ک جێگیریی دۆخی مه‌ته‌ڵه‌که دانێین؛ هه‌ر وه‌ک له لاپه‌ڕه‌ی ٤٧دا ده‌ڵێت: “له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌که‌وێته بۆڵه‌بۆڵ: “چوار، چواری نه‌هامه‌تیم. چواری ژه‌هری مار، چواری داماویم.””
له درێژه‌ی چیرۆکه‌که‌دا و دوای له زهنگلێدانکهوتنی کاتژمێره‌که، گێڕه‌ڕه‌وه خێرا ئاماژه به چۆنیه‌تیی دۆخه گوماناوییه‌که‌ی پیره‌پیاو ده‌کات که به‌پێی ئۆلگووی بارت ده‌بێته قۆناخی “به‌ڵینی وه‌ڵامدانه‌وه به مه‌ته‌ڵ” : “ده‌یهه‌وێ هه‌ستێته‌وه، ته‌زوویه‌کی سارد به جه‌سته کزهکهیدا مێرووله ده‌کات، خێرا خۆی ده‌خزێنێته ژێر لێفه‌که‌ی و له‌وێوه سه‌یری لای سۆپا نه‌وتییه‌که ده‌کات” و له دوا دێڕی ئه‌م به‌شه‌دا به گه‌ڕان به‌دوای حهبهکاندا قۆناخی “خه‌ڵه‌تاندنی به‌رده‌نگ له دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی مه‌ته‌ڵ”ه‌که‌مان بۆ وێنا ده‌کات: “کوا … کوا حه‌په‌کانم، له کوێم داناون؟” (ل ٤٧)
هاتنی ده‌ستبه‌جێی ئه‌م دێڕه که‌شه‌که ته‌مومژاوی ده‌کات: “دوو بریسکه‌ی سه‌وز له‌لای سۆپاکه‌وه لێی ده‌ڕوانن.” (ل ٤٨ )
بابه‌تێک که له دێڕه‌کانی دواییدا به‌هێزتر ده‌بێت: “پیاوه‌که شڵه‌ژا و له‌ناکاو هه‌ڵده‌ستێته‌وه. چاوه سه‌وزه‌کان له پشت سۆپاکه‌وه ون ده‌بن. پیاوه‌که کشومات ده‌بێت، لێفه‌که له خۆی ده‌کاته‌وه: کوا؟ چیی لێ هات؟” (ل ٤٨)
به هێنانی ئه‌م دێڕه هه‌ر له لاپه‌ڕه‌ی ٤٨دا “به‌ڵام بریسکه‌ی چاوه سه‌وزه‌کان ماتی ده‌که‌ن. سووکێ بای ده‌داته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه لای نوێنه‌که‌ی: “گوو به‌م ڕۆژ و نێوچاوه”” ده‌توانین قۆناخی “له‌مپه‌ر چێ‌کردنی” تێدا بدۆزینه‌وه.
کاتێک گێڕه‌ڕه‌وه و خوێنه‌ر تووشی سه‌رلێشێواوی و پرسیارگه‌لێکی بێوه‌ڵام و ناڕوون ده‌بن و به‌دوای چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م دۆخه‌ن داهێڵان ڕووی ده‌دات؛ له چیرۆکی “تاقانه”دا به‌م شێوه‌یه داهێڵان له لاپه‌ڕه‌ی ٤٩دا به‌وپه‌ڕی خۆی ده‌گه‌یێنێت: “ژنه‌که پرچی لاده‌دا و بۆ ساتێ چاوی به ڕوخساره ماته‌که‌ی و چاوه سه‌وزه‌کانی ده‌که‌وێ. بیر ده‌کاته‌وه: “ئه‌م چاوانه‌م له کوێ بینیوه؟”
له درێژه‌ی چیرۆکدا و له لاپه‌ڕه‌ی (٥٠)دا به‌م وێنایه خوێنه‌ر به وه‌ڵامێکی نیوه‌چڵ ده‌گات: “زه‌نگی کاتژمێره قورمیشکراوهکه و جیڕه‌ی په‌نجه‌ره کراوه‌که‌ی ژووره‌که‌ی یه‌کبه‌خۆی دای ده‌چڵه‌کێنن: “ها … کێ…یه.
به دوایین ڕسته‌ی چیرۆک له لاپه‌ڕه‌ی (٥١)دا ڕاستییه‌که بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌که‌وێت: “پیره‌پیاوه‌که ده‌ستی دهترازێنێته ژێر سه‌رینه‌که‌ی و به‌تاسه‌وه سه‌یری لای کووره‌که ده‌کاته‌وه: “ئای دایه گیان، خۆشم ده‌وێی!!””
خاڵێکی گرینگ له‌مه‌ڕ سیستمی کۆدی هێرمنۆتیکی له چیرۆکی “تاقانه”دا ئه‌وه‌یه که ده‌ق خه‌ریکه به هێنانی هێندێک کۆد و هێما وه‌ک: “کاتژمێر، چوار، چاو، بریسکه، ژن، دایک و …” جه‌خت له‌سه‌ر مشتومڕه ده‌روونییه‌کان: نێوان نه‌ست و به‌ئاگا، خۆت و بووکه‌ڵه‌ی ده‌روونت و ئه‌و حه‌ز و ویستانه ده‌کات که له مناڵییه‌وه له‌گه‌ڵتن و هه‌ر جارێ به شێوه‌یه‌ک خۆی ده‌نوێنێت و له کۆتاییدا ده‌بینین چه‌نێ سه‌خت و نه‌گۆڕ بوو.
که‌واته په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م سیستمی کۆدییه و ده‌سته‌واژه سه‌ره‌کییه‌که‌ی، واتا ڕاڤه و لێکدانه‌وه‌ی ده‌ق ده‌ربڕی ئه‌م بابه‌ته‌یه که ئامانجی ئه‌م سیستمی کۆدییه ڕاکێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ره به هێنانه‌ئارای پرسیاره‌کان و وه‌ڵامدانه‌وه‌یان له ئاراسته‌ی لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه‌دا، کارێک که ده‌بێته هۆی به‌شداریی زۆرتری خوێنه‌ر له تێگه‌یشتنی ده‌لاله‌ته‌کانی ده‌قدا.
٢. سیستمی کۆدی کرده‌یی:
پێرۆئایرۆتیک یان سیستمی کۆدی کرده‌یی، یه‌که گێڕانه‌وه‌یییه ورده‌کان له‌خۆ ده‌گرن که بهلهپاڵیهکهاتنیان گشتێتیی ده‌ق ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن و ده‌بنه هۆی به‌ره‌وپێشچوونی گێڕانه‌وه، بارت ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ ده‌ربڕینی پاژه جیاوازه‌کانی زنجیره‌یه‌ک له ڕووداوه‌کانی چیرۆکێک به‌کار دێنێت. له‌م جۆره سیستمی کۆدییه ده‌کرێ بۆ هه‌ر یه‌که‌یه‌کی کرده‌یی یان سێکانسی ناو یان سه‌ردێڕێکی گشتی ڕه‌چاو بکرێت. وه‌ک ژوان، ئاشقبوون و …
له چیرۆکی “تاقانه”دا ١٣ کرده‌ی جیاواز ده‌ستنیشان ده‌کرێن که به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه زنجیره‌ی گێڕانه‌وه پێک هێناوه:
١) زه‌نگلێدانی کاتژمێر و له خهوههستاندنی پیره‌پیاو؛ ٢) هه‌ستانه‌وه‌ی پیره‌پیاو و له‌خۆکردنه‌وه‌ی لێفه‌که‌ی؛ ٣) خۆگه‌یاندنه لای بێشکه‌که؛ ٣) گه‌ڕانه‌وه پیره‌پیاو به‌ره‌و نوێنوبانه‌که‌ی؛ ٤) کردنه‌وه‌ی ده‌رگا و هاتنه‌ژووری ژنێکی که‌ڵه‌گه‌تی پرچدرێژ؛ ٤) شیردانی ژنه‌که به منداڵه ساواکه؛ ٥) ڕۆیشتنی پیره‌پیاوه‌که به زگهخشێ به‌ره‌و لای کووره‌که و خۆماتدانی؛ ٦) شیرخواردن و پێکه‌نینی ساواکه؛ ٧) ئاوڕدانه‌وه‌ی ژنه‌که؛ ٨) سهرشۆرکردنهوهی ژنه‌که و مه‌مک ده‌رهێنانی له زاری مناڵه‌که و دادانه‌وه‌ی تۆڕی سه‌ر بێشکه‌که و چوونه‌ده‌ری له ژووره‌که؛ ٩) گه‌ڕانه‌وه‌ی پیره‌پیاو بۆ سه‌ر نوێنه‌که‌ی؛ ١٠) زه‌نگلێدانی کاتژمێره‌که و داچڵه‌کینی پیره‌پیاو؛ ١١) ده‌رپه‌ڕینی برسیکه سه‌وزه‌کان و هه‌ڵهاتن و میاواندنی؛ ١٢) کوتانی ده‌ستی پیره‌پیاو له‌ژێر دۆشه‌که‌ی و گه‌ڕان به‌دوای گۆچانه‌که‌یدا؛ ١٣) دهستترازاندنی پیره‌پیاو بۆ ژێر سه‌رینه‌که‌ی و به‌تاسه‌وه چاو له‌لای کوورهکردن.
له ڕاستیدا خاڵی سه‌ره‌کی جیاوازیی دوو سیستمی کۆدی هێرمنۆتیک و کرده‌یی له‌وانه‌ی تر له‌مه‌دایه که “سیستمی کۆدی هێرمنۆتیکی و کرده‌یی هه‌ردوو هۆکاری جووڵه‌ی ده‌ق بۆ پێش و دانانی کاتی ده‌قن و ده‌ق له خاڵێک بۆ خاڵیکی تر و به‌ره‌و ئه‌نجامێکی له‌چارنه‌هاتوو ده‌به‌نه پێش.
٣. سیستمی کۆدی هێمایی:
سیستمی کۆدی هێمایی، ئه‌نجامی ئه‌و دوانه دژبه‌یه‌کانه‌یه که داهێنه‌ری ده‌ق به شێوه‌یه‌ک خوازراو یان نه‌خوازراو له پێواژۆی گواستنه‌وه‌ی واتادا که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون”بۆ داڕشتنی دوانه دژبه‌یه‌که‌کان، هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له به‌رانبه‌ر لێکدژهکهی داده‌نرێت؛ ده‌سته‌واژه‌ی یه‌که‌م سه‌ره‌کی و ده‌سته‌واژه‌ی دووه‌م لاوه‌کییه” (بی نظیر، ١٦٠:١٣٩٣). که‌واته له خوێندنه‌وه‌دا به‌پێی ئه‌م سیستمی کۆدییه ده‌بێ دوانه دژبهیهکهکهن له ده‌قدا بناسینه‌وه و ده‌ریان بێنین. وردبوونه‌وه له‌م دوانه دژبه‌یه‌کان، خوێنه‌ر ده‌گه‌یێنێته بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌ندێشه و هزری داهێنه‌ری ده‌ق. پێویسته ئاگادار بین که ئه‌م سیستمی کۆدییه ته‌نیا له قاڵبی مه‌جازدا ئه‌گه‌ری نواندنه‌وه (بازنمایی)ی له ده‌قدا هه‌یه.
له چیرۆکی “حه‌وا به‌ده‌م سنووره‌کانه‌وه” هه‌ر له ناوی چیرۆکه‌وه بگره هه‌تا ناوی که‌سایه‌تییه‌کانی نێو چیرۆک و کرده و ڕووداوه‌کانی نێویه‌وه، خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ناته‌بایییه‌کی سه‌یر له‌نێوان وشه‌کان و واتا شاراوه‌کانی و نیشانه‌کان ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. بۆ نموونه ناوی قاره‌مانی چیرۆک که “حه‌وا”یه ئه‌و حه‌وایه‌ی که له پاکی و بێگه‌ردییه سنووربهزێنهکهیهوه سزایه‌کی سنووربه‌زێن وه‌رده‌گرێت؛ ڕهشیدێک که له هه‌رچی جوامێرییه به‌دووره و چاوه سووره‌کانی پڕی ناپاکییه، قادرێک که له هه‌رچی تواناییی بیستن و دیتنی ڕاستییه بێبههرهیه و میرانێک که له میرایه‌تی ته‌نیا زۆری و چه‌وسانه‌وه‌ی خوشکه‌که‌ی پێ بڕاوه و ئه‌و مهدانهی له پیاوه‌تی شتێکی وای لهباراندا نه‌بوو. له‌نێو ده‌قدا ئه‌م ناته‌بایییه به وشه ناتهناکان و کرده‌کان به‌وپه‌ڕی خۆیان ده‌گه‌ن؛ بۆ نموونه له لاپه‌ڕه‌ی (٣٤)دا ده‌ڵێت: “مه‌ردان وه‌ک ئاگری نه‌وتیان پێدا کردبێ، هه‌ڵده‌چوو و ئه‌وانیش قاقا پێی پێ ده‌که‌نین.” یان کاتێ له لاپه‌ڕه‌ی (٣٥)دا ده‌ڵێت: “ڕه‌شید به قۆشمه‌ییه‌وه چاوێکی له حه‌وا داگرت، گوتی: “حه‌وا نییه، گورگه گورگ.”” ده‌بیین له‌نێو وشه‌ی حه‌وا و گورگ هیچ تهبایییهکه له ناخ و ناوه‌رۆکیاندا نییه و ئه‌زقه‌زا به‌پێچه‌وانه‌وه حه‌وا ده‌بێت به مه‌ڕه‌که. یان هێنانی وشه‌گه‌لێک وه‌ک “شایی و شیوه‌ن” “کۆگای سارد و تاریک، هاوینی گه‌رم” یان گۆڕانی دڵه دلۆڤانهکهی باوکی به دڵێک که جگه له قین و تووڕه‌یی چی تری تێدا به‌دی نه‌ده‌کرا. ته‌نانه‌ت شێوه‌ی جلپۆشینی حه‌واش تووشی ناته‌بایی بوو، هه‌ر وه‌ک له لاپه‌ڕه‌ی (٢٨)دا ده‌ڵێت: “جلوبه‌رگه پیاوانه‌که‌ی ڕۆژانی پێشووی له‌به‌ردا نه‌بوو، قهسرییهکی سووری پوولهکهداری له‌به‌ر کردبوو، پرچه کاڵه درێژه‌که‌ی له‌ژێر کڵاوه قامیشهکهیهوه په‌رێشان کردبوو، له‌چکێکی سه‌وزیشی کردبووه ملی.” هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی(٤١) و (٤٣)دا ئاوا ئه‌م ناته‌باییه زه‌ق ده‌کاته‌وه: “کێڵگه نهدووراوهکان به بایه‌که ده‌شنانه‌وه و خشپهخشپهکهیان که‌شێکی تایبه‌ت و دڵڕفێنی به ئێواره‌که دابوو.” “خشپه‌خشپی با ئیتر خۆش و دڵڕفێن نه‌بوو. لاسکه ڕه‌ق و تیژه‌کانی گوڵه‌گه‌نمه‌کان به سمت و قاچیدا ده‌چه‌قین.” و له لاپه‌ڕه‌ی (٣٢)دا ده‌ڵێت: “حه‌وا دوگمه‌ی کراسه پیاوانه‌که‌ی داخست.” نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م ناته‌بایییه به‌وپه‌ڕی خۆی بگهیێنت له به‌رانبه‌ر ئه‌م ڕسته‌یه‌دا له لاپه‌ڕه‌ی (٤٣)دا ده‌ڵێت: “ڕه‌شید یه‌خه‌ی کراسه پووله‌که سووره‌که‌ی دادڕیبووه خوارێ و خه‌ریک بوو وه‌ک چۆن قه‌پاڵی له سێ‌و و هه‌رمێ کاڵه‌کان ده‌گرت، ئاواش گازی له ئه‌و ده‌گرت و ده‌یناڵاند.” یان کاتێک له لاپه‌ڕه‌ی (٣٢)دا ده‌ڵێت: “حه‌وا کڵاوه قامیشه‌که‌ی کرده سه‌ری.” و له لاپه‌ڕه‌ی (٤١)دا ده‌ڵێت: “ڕه‌شید به‌ئه‌نقه‌ست کڵاوه قامیشه‌که‌ی له‌سه‌ر حه‌وا کرده‌وه، فڕێی دایه نێو گه‌نمه‌کان و مه‌ستانه پێ که‌نی.” کڵاو دوو کارکردی دژبه‌یه‌کی پێ دراوه؛ ئه‌و کڵاوه‌ی بهلهسهرنانی نیشان له گه‌وه‌ریی و سه‌ربه‌رزی و سه‌روه‌رییه، ڕه‌شید به فڕێدان له سه‌ری حه‌وا له حهواڕا فڕێی ده‌داته خوار و نزم و سووکی ده‌کات و تێکی ده‌شکێنێت. هه‌ر وه‌ک له چیرۆکه‌که‌دا ده‌بینین وشه‌گه‌لێک وه‌ک سێ‌و و دزین و خواردن و سنوور، نیشانه‌گه‌لێکن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک هه‌میشه بکه‌ره‌که‌ی که‌سێکی تره و تاوانبار حه‌وا! نووسه‌ر چیرۆکه‌که له لاپه‌ڕه‌ی (٤٦)دا به‌م وشه ناته‌بایانه کۆتایی پێ دێنت: “هه‌ر ده‌که‌وت و هه‌ڵده‌ستاوه و ڕۆیشت … پێم وایه به‌رده‌نگ پێویسته به خوێندنه‌وه له هه‌ناوی ئه‌م شته به‌ڕواڵه‌ت نه‌گۆڕ و ڕاوهستاوانهدا گۆڕانکاری و ناته‌بایی و په‌ڕینه‌وه له قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر له ڕوانینیدا به‌دی بێنێت.
٤. سیستمی کۆدی واتایی:
سیستمی کۆدی واتایی به‌دوای ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و ده‌لاله‌ته پاڵه‌کی (ضمنی)یانه‌ن که له ده‌قدا هه‌ن و تایبه‌تمه‌ندی و کرده‌کانی که‌سایه‌تییه‌کان، شوێنه‌کان و شته‌کان ده‌رده‌خه‌ن؛ به وته‌یه‌کی تر ئه‌و ئاماژه پاڵهکییانه که له جێی ده‌لاله‌ته ئاشکراکان داده‌نیشن و نیشانه‌کان له‌جێی وته‌کان و وه‌سفه‌کان داده‌نێن. تێگه‌یشتن له‌م سیستمی کۆدییه له‌به‌ر تێپه‌ڕین له توێژی سه‌ره‌وه و ڕۆچوون له قووڵایییه‌کان، پێویستی به وردبوونه و قووڵبوونه‌وه‌ی خوێنه‌ره.
ئێسته‌ش با له‌ژێر تیشکی سیستمی کۆدی واتایی خوێندنه‌وه‌یه‌کمان له‌سه‌ر چیرۆکی “زایه‌ڵه‌ی شارێکی سوور” هه‌بێت. یه‌که‌م شت که سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌کێشت ناوی چیرۆکه‌که‌یه؛ ده‌کرێ بڵێن له‌پشت وشه‌ی شار، شارستانییه‌تێک خۆی حه‌شار داوه که به ڕه‌نگه سووره خوێناوییه‌که‌ی گشت کون و کاژێر و کووچه و کۆڵان و ئه‌و شه‌قامانه‌ی خۆی نیشانه‌ی شارستانییه‌ته، ته‌نیوه. چیرۆک له‌م کاته‌وه”له دوانیوه‌ڕۆیه‌کی گه‌رمی هاوین” واتا له هه‌ڕه‌تی لاوه‌تی و پێگه‌یشتوویی کچه‌که؛ له‌لایه‌ن باوکێکه‌وه که خۆی نیشان له ده‌سته‌ڵات و هێزێکی له‌بننه‌هاتووه ڕوو ده‌دات، کچه‌که‌ی له‌به‌ر ده‌رگای زانکۆ که زانکۆ خۆی ڕێک واتای بێشکه‌ی زانست و شارستانییه‌ت ده‌کوژرێ. له درێژه‌دا ده‌ڵێت “به‌ڵام باوکه‌که وه‌ک شێرێکی زامدار نه‌ڕاندی و گوتی: “کچی خۆمه! کچی خۆم!” (ل ١٠٩) ده‌زانین شێر خۆی واتای هێز و ده‌سه‌ڵاتی له خۆدا حه‌شار داوه و زامداربوونی واتای ئه‌وپه‌ڕی دهڕهندهبوون ده‌دات.
له درێژه‌دا ده‌ڵێت: “کچه‌که به‌بێ ئه‌وه‌ی وسته‌ی لێوه بێت،” ئه‌م کپوماتی واتای ترس و تۆقاوییهکی سامداری له خۆدا حه‌شار داوه. دواتر ده‌ڵێت: “خوێنێکی گه‌رم و گه‌ش له مه‌قنه‌عه ڕه‌شه‌که‌یه‌وه چۆڕایه ده‌رێ” خوێنێکی گه‌رم و گه‌ش، واتا ئه‌و خوێنه‌ی وا ژیانبه‌خش و پاک و بێگه‌رده؛ به‌ڵام له مهقنهعهیهک که ڕه‌شه و واتای تاریکی و توندوتیژی و مردن ده‌دات.
یه‌کێکی تر له‌م ڕستانه‌ی که خوێنه‌ر تووشی وه‌ستان ده‌کات ئه‌و کاته‌یه که له لاپه‌ڕه‌ی (١١٠)دا ده‌ڵێت: “به‌ر ده‌رگای فڵانه زانکۆ هه‌ر خوێنه.” وشه‌ی فڵانه واتای نهناسیاوبوون و زۆربوونی ئه‌م شوێنانه ده‌گه‌یێنێت که ئه‌م شێوه کاره‌ساتانه‌یان لێ ده‌که‌وێته‌وه و کاتێ ده‌ڵێت هه‌ر خوێنه مرۆڤ وه‌بیر ئه‌م باوڕه کۆنه دێنێته‌وه که خوێنی شه‌هید هه‌میشه زیندووه و قه‌ت ویشک نابێته‌وه.
به نووسینی ئه‌م ڕسته‌یه له لاپه‌ڕه‌ی (١١٠)دا”جه‌نابی شاره‌وان هێشتا له نوێنه‌که‌یدا بوو،” ڕێک واتای خه‌مساردی و نابه‌رپرسبوونی به‌رپرسان له مێشک‌دا ده‌چه‌سپێنێت.
کاتێکیش هه‌ر له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا ده‌ڵێت: “شه‌ڕی خوێنه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه نارنجییانه وا هه‌ر ئه‌وان ده‌هاتن دهیانشۆردهوه، ئه‌ویش بۆ سبه‌ی به‌یانییه‌که‌ی گه‌رم و گه‌ش به ڕێڕه‌وه‌که‌وه په‌نگی دهخوارهدهوه.” به‌م واتایه‌یه که ئه‌م خوێنه که هه‌ر کچانی کوژراوی کۆمه‌ڵگان، خه‌ریکن خۆیان ده‌نگی خۆیان هه‌ڵده‌برن و به‌دوای مافی خۆیانه‌وه‌ن.
له لاپه‌ره‌ی (١١١)دا ده‌ڵێت: “خه‌ڵکه سهرسووڕماوهکه که‌وتنه سێڵفیگرتن له‌گه‌ڵ خوێنه‌که و له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاویان کردوه” ئه‌مه ڕێک واتای که‌مته‌رخه‌می و نه‌بوونی مرۆڤایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا ده‌سته‌به‌ر ده‌کات و ئه‌وه‌ی که هه‌رکه‌س ته‌نیا به‌دوای خۆشییه کاتییه‌کانی خۆیه‌وه‌یه و وه‌ک مه‌ڕ سه‌ریان داخستووه و هیچ شتێک نایانپرینگێنێتهوه. پیاوانی کۆمه‌ڵگه به‌مه‌ش ئاسووده نه‌بوون و “به ئاسندڕک ده‌وری خوێنه‌که‌یان گرت و کۆشکێکی بلیفرۆشیشیان له ته‌نیشتیه‌وه دانا، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی وا ده‌یانویست له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ خوینهکهدا وێنه بگرن.” (ل ١١١) هێنانی ئاسندڕک به واتای سنوودارکردنی هاتوچۆی کچان و له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پیاودا ڕاگرتنیان و پهلنهبزاوتنیانه؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیاوان بیانهه‌وێت ده‌یانفرۆشن و ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان بیانهه‌وێت ده‌توانن ببینرێن.
نووسه‌ر له زمانی پیره‌پیاوه‌وه و له ڕاستیدا دابونه‌ریتی کۆنی کۆمه‌ڵگه‌وه له لاپه‌ڕه‌ی (١١٤)دا به‌م شێوه‌یه واتای سه‌ربه‌ستی و خۆڕزگارکردن و بوێری کچانی کۆمه‌ڵگه له‌پشت “هه‌ڕاجکردن”دا حه‌شار ده‌دات و ده‌ڵێت: “ئه‌و قه‌حبه‌یه خۆی هه‌ڕاج کردووه، هه‌تا من له‌مسه‌ره‌وه به‌ری ده‌گرم، ئه‌و له‌وسه‌ری تره‌وه ده‌ڕوات.” چه‌ند دێڕ خوارتر به‌م شێوه‌یه وێنای ده‌کات: “ئه‌و قه‌حبه‌یه دهرپێکههی داوه به شانیا، خه‌ریکی خۆنواندنه.”
کۆتاییی چیرۆکه‌که‌ش ئاوا واتای شکستهێنانی دابونه‌ریتی کۆن و سه‌رهه‌ڵدانی ژنانی ئازادیخواز و سه‌رکه‌وتنیان به‌سه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگه و شارستانییه‌ته بۆگه‌نه‌دا له‌نێو وشه‌کانی “قوڵینگێکی ژه‌نگاویی ژێرخانه‌ی ماڵه‌که‌وه و زایه‌ڵه‌یه‌کی سووری فیشقهکردوودا وێنا ده‌کات: “له‌نێو که‌لوپه‌لی ژێرخانی ماڵه‌که‌یدا قوڵینگێکی ژه‌نگاویی دۆزییه‌وه و هه‌تا لای خوێنه‌که گیر نه‌بوو، نه‌ڕاندی و ئاسندڕکهکهی ده‌وری جێی خوێنه‌که‌ی لابرد و به هه‌موو هێزه‌وه به نووکی قوڵینگهکه تێی به‌ربوو: “قه‌حبه قه‌حبه” و له کۆتاییدا ئاوا کچان به‌سه‌ر ئه‌م شارستانییه‌ته بۆگه‌ن و دابونه‌ریته پاوانخوازه‌دا سه‌ر ده‌که‌ون: “له‌پڕ له‌گه‌ڵ نووکی قوڵینگهکه زایه‌ڵه‌یه‌کی سوور فیشقه‌ی کرده ده‌رێ و پیره‌پیاوه‌که و ته‌واوی شاره‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد.”
٥. سیستمی کۆدی که‌لتووری:
ده‌لاله‌تی ئه‌م سیستمی کۆدییه ڕووه‌و واتایه‌که که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدایه و به زانستی گشتی (هونه‌ر، پزیشکی، وێژه و …) په‌یوه‌ندی هه‌یه. سیستمی کۆدی که‌لتووری مه‌ڵبه‌ندی ئوستووره‌ناسی و ئیدئۆلۆژییه. تێکچێنراویی ئه‌م سیستمی کۆدییه، هه‌ستی ڕاسته‌قینه‌بوون له ده‌قدا وه‌دی دێنێت، چونکه خودی ئه‌م بیر و هزرانه بڕوا “سروشتی” و پاساوههڵگرهکانی که‌لتوورین. مه‌به‌ست له سیستمی کۆدی که‌لتووری، ئه‌و سیستمی کۆدییهن که “بنه‌مای گوتارێک له ناوهندێتییهکانی زانستی یان ئه‌خلاقی قایم و پته‌و ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ فامی واتای سیستمی کۆدییهکانی تر، پێویسته ئه‌وان له قاڵبی ئه‌م سیستمی کۆده گشتییانه که بریتین له ته‌نراوی تایبه‌تی که‌لتووری- کۆمه‌ڵایه‌تی ڕێک بخرێن و ماناپشکنی بکرێن. کارکردی ئه‌م سیستمی کۆدییه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌سڵی نێواندهقێتی پێک هاتووه، به‌دیهێنانی لێهاتوویی فامی ده‌ق له چوارچێوه‌ی ئه‌و چه‌مکانه‌یه که پێشدا له جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا هه‌بوونه.
له کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی “زایه‌ڵه‌ی شارێکی سوور”دا چیرۆکی “سندووقه‌که” نموونه‌یه‌کی به‌رچاوه بۆ ئه‌وه‌یکه به پێوه‌ری سیستمی کۆدی که‌لتووری بخوێندرێته‌وه و تیشکی بخرێته سه‌ر. هه‌ر له ناوی چیرۆکه‌که‌وه هه‌تا ئه‌و که‌شه‌ی بۆ ئه‌م چیرۆکه په‌روه‌ده کراوه خوێنه‌ر هه‌ست به کهشهکی ناسیاو و به‌رهه‌ست ده‌کات؛ له ماڵی داپیره‌وه بگره که چیرۆکه‌که له‌وێدا ده‌خوڵقێت هه‌تا حه‌وز و دارودره‌ختی نێو حه‌وشه‌که و ئه‌و کۆگایه‌ی له‌پشت دارهه‌ناره‌که هه‌ڵکه‌وتبوو. به‌ڵام چه‌ند ڕه‌گه‌زی زۆر گرینگ له‌م چیرۆکه‌دا هه‌ن که سه‌رنجی خوینه‌ری کورد ڕاده‌کێشێت و به‌روه ئوستووره و که‌لتوور و ئه‌فسانه‌کانی کۆنی کورده‌واریت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ناچارت ده‌کات له‌سه‌ریان وه‌ستان و تێڕامانێکت هه‌بێت؛ یه‌کێک له‌م ڕه‌گه‌زانه هه‌ر ئه‌و دارهههنارهیه که کۆگاکه له‌پشت ئه‌وه‌وه هه‌ڵکه‌وتبوو، له ڕاستیدا هێنانی ئه‌م دارهه‌نار به‌هه‌ڵکه‌وت نه‌بوو، هه‌ر خوێنه‌رێکی کورد ده‌زانێت که دارهه‌نار له ڕه‌گه‌زه هه‌ره چالاکه‌کانه له وێژه‌ی کوردی‌دا، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی که له کورده‌واریدا هه‌یه و وه‌ک ڕه‌گه‌زێکی پیرۆز به‌تایبه‌ت له هه‌وراماندا چاوی لێ ده‌کرێت که خۆی بۆ ئه‌و که‌لتووره ده‌گه‌ڕێیه‌وه که له باوانمانه‌وه بۆمان به میرات ماوه‌ته‌وه و پێیان وا بووه به هۆی ده‌نکه زۆره‌کانیه‌وه زۆرتر له هه‌ر شتێک تر هێمای زاوزێ و زۆربوونی به‌ره و ژیان و ژیانه‌وه و به‌پیتییه؛ له هه‌ورامان و کوردستان ئوستووره‌ی باویادگار پیوه‌ندی به هه‌ناره‌وه هه‌یه که دایکێک به ناوی داده سارا و به خواردنی ده‌نکێک هه‌نار له‌دایک ده‌بێت. هه‌روه‌ها له فۆلکلۆری کوردیش‌دا هه‌ر ئه‌م هه‌ناره‌یه ده‌بێته هۆی مردنی به‌ڕواڵه‌تی مهم و گه‌یشتن به ژین و ژیانێکی هه‌تاهه‌تایی.
نووسه‌ر له‌م چیرۆکه‌دا به هێنانی هێندێک له که‌ره‌سته کۆنه‌کانی کورده‌واری سه‌رنجی خوێنه‌ر به‌روه‌ر چاخێکی تایبه‌تی له ژیان و که‌لتووری کورده‌واری ڕاده‌کێشێت و هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی ناساندن و مانه‌وه‌ی ناوی ئه‌م که‌ره‌سته کۆن و له ڕاستیدا ئه‌و که‌لتووره‌ی باوانمان تێیدا ده‌ژیان؛ هه‌ر وه‌ک له لاپه‌ڕه‌ی (٨٧ و ٨٨)دا ئاوامان بۆ وێنا ده‌کات: “کۆگاکه پڕ بوو له‌و شته کۆنه قهدیمییانهی وا ئیتر که‌س له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا به‌کاری نه‌ده‌هێنان و وێنه‌شیان له ڕاستیدا هه‌ر نه‌مابوو. له مه‌شکه‌ی پێست و سێپای دار و قاپوقاچاخی فافۆن و گڵ و مه‌نجه‌ڵ و ئهفتاوهی مسه‌وه بیگره هه‌تا زیلۆ و به‌ڕه و لباد، به‌ڵام له ماڵی داپیره‌مدا هێشتا بوون.”
یه‌کێکی تر له‌م کۆدانه که سه‌رنجی خوێنه‌ر به‌ره‌و ئه‌مه ڕاده‌کێشت که به پێوه‌ری کۆدی سیستمی که‌لتووری بخوێنرێته‌وه کارکردی پشیله و هێنانی له‌م چیرۆکه‌دایه، هه‌ر وه‌ک ده‌زانین له که‌لتووری کورده‌واریدا پشیله به بوونه‌وه‌رێکی سپڵه و پێنه‌زان داده‌نرێت که نووسه‌ر به هێنانی ئه‌م ڕه‌گه‌زه و ئاماژه پێی، ئه‌م شێوه ڕوانینه زه‌ق ده‌کاته‌وه و وه‌ک ئه‌وه‌ی که بیهه‌وێت به‌ئه‌نقه‌ست که‌ڵکی لێ وه‌رگرێت و وه‌ک که‌لتوورێک بیپارێزێت یانیش به‌ره‌نگاری بێته‌وه؛ به‌م شێوه‌یه له لاپه‌ڕه‌ی (٨٨)دا به‌رجه‌سته کراوه: “ئه‌وه‌نده‌م نه‌زانی گوربهیهکی زل له‌سه‌ر بهڕهکانهوه بازی دایه خوارێ و … گوتم: “سپڵه‌ی پێنه‌زان، داپیره‌م که‌م ده‌خاته به‌رتان وا هاتوونه‌ته سه‌ر شته‌کانی؟ …” هه‌روه‌ها یه‌ک شتی تر که له کۆنه‌وه له‌لایه‌ن داپیره‌کانمانه‌وه بۆمان ده‌گێڕدرێته‌وه ئه‌وه‌یه که جنۆکه‌کان له ڕواڵه‌تی پشیله‌دا وه‌ده‌ر ده‌که‌ون که له لاپه‌ڕه‌ی (٩١)دا ئاماژه‌ی پێ کراوه: “داپیره باسی جنۆکه و ئه‌و شتانه‌ی زۆر بۆ کردبووم که گوایه پشیله‌کان جنۆکه‌یان له‌گه‌ڵدایه و هه‌ر که‌سێ له ناوه‌ختدا بیانکوتێ، ئه‌وانیش له تۆڵه‌دا جنۆکه‌کانی خۆیانی تێ به‌رده‌ده‌ن.”
یه‌کێکی تر له ڕه‌گه‌زه که‌لتووری و ئوستووره‌ییه‌کانی ئه‌م چیرۆکه جه‌ختکردن له‌سه‌ر ژماره‌ی چله. که خۆی ده‌توانێت کۆد و نیشانه‌یه‌ک بێت بۆ به‌ره‌یه‌ک یان کاتێکی مامناوه‌ندی بۆ گه‌شه و باڵاکردنی ته‌واوی مرۆڤ و هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌کی باو و ئاسایی بۆ ژماردنی مێژووییی دوو به‌ره‌یه. نووسه‌ر له لاپه‌ڕه‌ی (٨٩)دا ئاوا ئه‌م ڕه‌گه‌زه زه‌ق ده‌کاته‌وه: “ئه‌مجار قۆڵم هه‌ڵکرد و دانه‌دانه شووشهڕبهکانم هێنانه خوارێ، چل شووشه ڕبی پڕ بوون.” هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی (٩١) ئاوای وێنا ده‌کات: “گوتی: “چل شه‌وی ڕه‌به‌قه له‌نێو ئه‌م سندووقه شکاوهدام. باش بوو تۆ هاتی، ده‌نا نه‌مده‌زانی چی بکه‌م. چل ڕۆژ به‌بێ نان و ئاو له‌م نێوه‌دا که‌وتبووم، نه تریفه‌ی مانگم ده‌بینی، نه ڕووناکاییی ڕۆژم لێوه دیار بوو.””
له کۆتاییشدا به هێنانی ڕه‌گه‌زه‌کانی مار و شای ماران و سه‌وزه‌وار وه‌ک کوڕی شای ماران، که وه‌ک ئوستووره‌یه‌کی کۆن و که‌لتوورێکی ڕه‌سه‌نی کوردی دێته ئه‌ژمار و هێمای خواوه‌ندی زانایی و ئاگاداربوون له ته‌واوی نهێنییه‌کانی جیهان و هه‌روه‌ها هێمای تیمارکه‌ری و خێروبێر و ژیانه‌وه‌یه، که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م سیستمی کۆدییه به‌وپه‌ڕی خۆی ده‌گات. نووسه‌ر له‌م چیرۆکه‌دا به‌م شێوه‌یه به‌ره به‌ره ئه‌م ئوستووره جارێکی تر به زمانێکی تر ده‌گێڕێته‌وه و خوێنه‌ر ناچار ده‌کات جارێکی تر بۆ سه‌رچاوه‌کانی ئه‌م ئوستووره کۆنه و هێماکانی بگه‌ڕێته‌وه؛ له لاپه‌ڕه‌ی (٩٠)دا ده‌ڵێت: “مار بوو، مارێکی ڕه‌شی قه‌ترانی!! ڕهشمارێ وا له سندووقه‌که‌ی داپیره بازی دابووه ده‌رێ و ئێسته‌ش ملی به‌ره‌و لای من هه‌ڵده‌هێنا.” هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی (٩٢)دا له زمانی کاکه سهوزهوارهوه به‌م شێوه‌یه ئه‌م ئوستووره‌یه تۆختر ده‌کاته‌وه: “گوتی: من کاکه سه‌وزه‌وار، کوڕی شای مارانم!” هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی (٩٣)دا گرینگایه‌تیی ئه‌م ئوستووره و که‌لتووره له‌نێو باوانماندا به‌م شێوه‌یه زه‌ق ده‌کاته‌وه: “نێو سندووقه‌که پڕ بوو له پارچه‌ی سپیی قه‌دکراو که به به‌نی ڕه‌نگاڵه نه‌خشی ماریان له‌سه‌ر کێشرابووه‌وه. ماره‌کان سه‌ریان ئافره‌ت و له که‌مه‌ر بۆ خواره‌وه پیاو بوون. هێندێکیشیان به‌ته‌نیا ڕه‌شمار بوون. ڕهشمارهکان له‌سه‌ر پارچه‌کان به به‌نی ڕه‌ش گوڵ‌دۆزی کرابوون…”
خاڵێکی تر که له‌م چیرۆکه‌دا جێی سه‌رنج و ئاماژه‌یه، ئه‌مه‌یه که ئه‌م که‌لتووره ڕسهنه ڕێک له ماڵی دایکی دایکه و له‌لایه‌ن داپیره‌کانه‌وه پاراستراوه و پشت به پشت هاتووه، ئه‌مه خۆی ئاماژه‌یه‌که بۆ ئه‌م ڕه‌گه‌زه به‌رچاوه‌ی که له ژن‌دا هه‌یه و وه‌ک خواوه‌ندی ژین به‌رده‌وام خه‌ریکی ژیانبهخشینه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نرخه‌که‌ی به‌خشینی ژیانی خۆی بێت.
له کۆتاییدا ده‌توانین به‌م ئه‌نجامه بگه‌ین که له‌نێوان ئه‌م پێنج سیستمی کۆدییهوه، سیستمی کۆدی هێرمنۆتیک و سیستمی کۆدی کرده‌یی، په‌یوه‌ندییان به شیوه‌گه‌لێک هه‌یه که خۆدی گێڕانه‌وه له‌و ڕێگه‌وه ده‌ئافرێندرێن و، سێ دانه‌که‌ی تریش له کۆمه‌ڵه ڕووداو و لۆژیکی گێڕانه‌وه تێ ده‌په‌ڕن و ئاماژه به زنجیره واتایییه‌کان ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر هێندێک له چیرۆکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی “زایه‌ڵه‌ی شارێکی سوور”مان کرد ده‌توانین بڵێین به‌پێی بۆچوونی ئێکۆ ڕاڤه ئه‌نجام و ئاکامی ئاڵۆزی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ره و هه‌ر چه‌شنه ڕاڤه‌یه‌ک که خوێنه‌ر له نه‌بوونی شوێندانه‌ری ده‌قدا ده‌یکات، جۆرێک “ڕاڤه‌ی ناباو”ه و خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه یان خوێنه‌ری نموونه ته‌نیا له‌ژێر تیشکی ده‌ق به‌م لێهاتوویییه ده‌گات که له ڕێگه‌ی “هێرمنۆتیکی لێکدانه‌وه‌دا که خۆی ستراتژییه‌کی نیشانه‌ناسانه‌یه” ڕاڤه بکات که شیاوی تێڕامان و تاوتوێکردن بێت. به‌م چه‌شنه، دیالێکتیکی خوێنه‌ر و ده‌ق ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێک ڕاڤه‌ی نیشانه‌ناسانه که به‌پێی ئه‌و خوێنه‌ری نموونه – که له حوکمی سرشتی نووسه‌ری نموونهدایه – به که‌ڵکوه‌رگرتن له توانستی زمانی و هه‌بوونی زانستی پێویست له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا و به‌بێ ده‌ست تێوه‌ردانی نووسه‌ر، ڕووه‌و گه‌یشتن به مه‌به‌ستی ده‌ق ده‌ڕوات، جووڵه‌یه‌ک که به کراوه‌ییی به‌رهه‌م له سنووره‌کانی ڕاڤه‌ی نیشانه‌ناسانه ده‌گات. ئێکۆ له‌م باره‌یدا جه‌خت ده‌کات که له دیالێتیکی ده‌ق و خوێنه‌ردا “مه‌به‌ستی ده‌ق هه‌روه‌ها له‌ژێر سێبه‌ری مه‌به‌ستی خوێنه‌ر” ده‌بێت؛ واتا چاوه‌ڕوانییه‌کانی خوێنه‌ر خۆی به‌سه‌ر ده‌قدا ده‌سه‌پێنێت. به‌ڵام ڕوون و ئاشکرایه که ڕه‌سه‌نایه‌تیی ئه‌م چه‌شنه چاوه‌ڕوانییانه له خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکدا کاتێک وه‌دی دێت که “هه‌ر ڕاڤه‌یه‌کی گریمانه‌کراو، له‌لایه‌ن به‌شێک یان به‌شه‌کانی تری ده‌ق بسه‌لمێندرێن یان ده‌ستکاری بکرێت یان حاشای لێ بکرێت.”
سه‌رچاوه‌کان
١. کتێبی ئافاقی شێعری نالی، د. ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
٢. کتێبی (دانشنامهی نظریههای ادبی معاصر، ایرنا ریما مکاریک، ترجمهی مهران مهاجر، محمد نبوی)
٣. کتێبی زایه‌ڵه‌ی شارێکی سوور (کۆمه‌ڵه‌چیرۆک)، شاناز جه‌وانشیر
٤. کتێبی (بیان (با تجدید نظر و اضافات)، دکتر سیروس شمیسا)
٥. وتاری (انار نماد تولد و جاودانگی، د. اسماعیل شمس)
٦. وتاری (بررسی تکثر معنایی در حکایت “شاه و کنیزک” مولوی بر اساس نظام روایی رولان بارت)
٧. وتاری (تحلیل داستان “الغریب” نجیب کیلانی بر مبنای رمزگان پنجگانه بارت، علی قهرمانی، آرزو شیدایی، صدیقه حسینی)
٨. وتاری (بازیابی رمزگان در منطق الطیر عطار نیشابوری “خوانش داستان مرغان سالک و برادران یوسف”، محمدهادی فلاحی، معصومه گلستانه)
٩. وتاری (تحلیل داستان سارای از دیدگاه نشانهشناسی بارت، علی کریمی فیروزجایی/ الهام اکبری)
١٠. وتاری (بررسی نشانهمعناشناختی داستان لیلی و مجنون جامی بر پایه‌ی تحلیل گفتمان، سید احمد پارسا و منصور رحیمی)
١١. وتاری (کارکرد روایی نشانه‌ها در حکایت رابعه از الهینامه عطار، محسن بتلاب اکبرآبادی- احمد رضی)
١٢. وتاری (رمزگانشناسی “حیوان” در داستانهای کوتاه شهریار مندنیپور، نسرین فقیه ملک مرزبان، طاهره کریمی)
١٣. وتاری (نشانهشناسی اجتماعی رمان بیوتن، سهیلا فرهنگی/ معصومه باستانی خشک بیجاری)
١٤. وتاری (نشانهشناسی اولین رمان اجتماعی ایران، عفت نقابی/ کلثوم قربانی جویباری)
١٥. وتاری (اومبرتو اکو و بنیانشناختی تأویل، دکتر مسعود آلگونه جونقانی)
١٦. وتاری (تحلیل نشانهشناختی ساخت روایی رمان “دم لفطیر صهیون” اثر نجیب کیلانی، د. کبری روشنفکر/ فاطمه اکبری زاده)
١٧. وتاری (بررسی سمبولیسم در داستان گیلهمرد، مصطفی گرجی/ سولماز مظفری)
١٨. وتاری (بررسی و تحلیل اسطوره در منطقه مکریان مهاباد، شیلان مه‌سرور، ایلناز رهبر)
*. ماسته‌ری زمان و ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌ب
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە