کتێبی خانزاد بەرهەمی ئارێز عەبدوڵڵا، مێژوو یا ڕۆمانی مێژوویی ؟
فەرهاد بابۆڵی
پێشەکی له مەڕ پێکهاتەی چەمکی ڕۆمانی مێژوویی دوو تێبینی گرینگن:
١. زاراوەی “ڕۆمانی مێژوویی” لە دوو وشەی ڕۆمان و مێژوو پێکهاتووە؛ دیاره کە ڕۆمان نێوە و مێژووش ئاواڵناوە. ئەو باسه کورتە زمانییه بۆیە هاتە گۆڕ هەتا بەو دەرەنجامە بگەین کە هەرچی ئاواڵناوە بۆ وەسف و تاریفی نێوی پێش خۆی کار دەکا و دە خزمەتی ناساندنی شوناس و هەوێتی وشە نێوەکەی پێش خۆی دایه. کەواتا مێژوویی لەو ڕێکەوەندەدا ئەرکی ناساندنی ڕۆمان وەک ناوکی ئەو کۆمەڵە ( ڕۆمانی مێژوویی) دەگێڕی.
لە باسی سەرەوەدا، دەمانهەوێ بەو دەرەنجامە بگەین کە دە ئەنجامدا ڕۆمانی مێژوویی هەرچی بێ هەر ڕۆمانە؛ واتا لکێکە لە جۆرەکانی ڕۆمان. هەرچەند ڕۆمان ژانرێکی وێژەیییە له چوارچێوەی وێژەی چیرۆکیدا و مێژووش ژانرێکی دیکەی سەربەخۆیه کە بریتییه لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو، بەڵام هەر دووکیان له خاڵێکی گرینگدا خزمایەتییەکی ڕەسەنیان هەیە ئەویش ماکی گێڕانەوەیه. هەڵبەت لێرەدا نامانهەوێ باس لە وەی بکەین تەنیا ئەو خزمایەتییه وای کردووە جۆری ڕۆمانی مێژوویی بخولقێ؛ تەنانەت ویستوومانە ئەوە بڵێین کە وەدی هاتنی ڕۆمانی مێژوویی لەبنەڕەتڕا جیا لەو هاوبەشییەشدا هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد ڕەچەڵەکەکەی تەنیا بۆ ڕۆمان دەگەڕێتەوە و هیچیتر.
٢. با وردە ئاوڕێک بۆ وێنە لەو زاراوانە بدەینەوە: ڕۆمان، مێژووی ڕۆمان و ڕۆمانی مێژوویی چ له باری بوونناسی و چ لە باری مەعریفەناسییەوە مێژووی ڕۆمان دەگەڵ دوو چەمکەکەیتر جیاوازی هەیە و زۆر ڕاشکاوانە پێکهاتە و مژاری خۆی لە وان جوێ دەکاتەوە و چ کێشەیەک بۆ سەربەخۆیی خۆی ساز ناکا. ڕۆمان ژانرێکی نوێی وێژەی چیرۆکییە کە جیهانێکی خیاڵی لە سەر دەستی هەندێک ماکە وەک کەسایەتی، پلات، گۆشەنیگا، گێڕەڕەوە، کات، شوێن، کەش و … بە دەورگێڕانی زمان پێک دەهێنێ.
بەڵام بۆ وێنە چەمکی مێژووی ڕۆمان ئەرکێکی دیکەی هەیه ئەویش دەکەوێتە خانەی مێژووی وێژەوە و وەک زانستێکی مێژوویی بۆ لێکدانەوەی قۆناغەکانی سەرهەڵدان، بیچم گرتن و گەشەی ڕۆمان کاری پێدەکرێ.
باسی سەرەکی لەو بەشەشدا وەک بەشی پێشووتر هەڵسەنگاندنی باری بوونناسانە و مەعریفەناسانەی دوو چەمکی ڕۆمان و ڕۆمانی مێژووییه؛ هەر وەک کوتمان هەردووکیان لە سەر بنەی ڕۆمان دامەزراون و لهبنەڕەتڕا یەک بنەتۆون. لە باری مەعریفەییەوەش سەر بە یەکن چون ڕۆمانی مێژوویی جۆرێک لە جۆرەکانی ڕۆمانە، بۆ وێنە ڕۆمانی کۆمەڵایەتی، ڕۆمانی دەروونناسانە یا ڕۆمانی پۆلیسی نییه، بەڵام دە ئەنجامدا هەر ڕۆمانە و هیچیتر.
کەواتە به پێی هەر دوو بۆچوونە زمانی و فەلسەفێکە بەو دەرەنجامە گەیشتین کە ڕۆمانی مێژوویی، ڕۆمانە و وەک ژانرێکی وێژەییش چاوی لێدەکرێ. بەڵام بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیە وا گرینگە؟ چون لەبنەڕەتڕا پێویستە خۆمان یەکلا بکەینەوە و ئیدی لەو سەرقاڵییە بێینەدەر کە ئەرێ گەلۆ بڵێی چارەنووسی ڕۆمانی مێژوویی دە ئاخردا ڕۆمان بوونی بێ یا مێژووبوونی!؟
باسێکی دیکەی زۆر گرینگ لێرەدا ئەوەیه کە دەوری مێژوو لەو جۆرە ڕۆمانانەدا چۆنە؟ ئایا مەبەست له مێژوو هەمان زانستی مێژوویه یا مێژوویەکی هەبوو بەڵام نوێژەنکراو؟
دە ژانری مێژوودا، مێژوونووس حەول دەدا بە شێوەیەکی زانستیانە، واقیعبینانە و ئەخلاقیانە ڕووداوەکان بگێڕێتەوە.( هەڵبەت بەدەر لەو مێژوونووسانەی بەکرێگیراوی دەسەڵاتدارانی هاوچەرخی خۆیان بوونە یا هەن) یانی هەموو شت سەر بە واقیع و ڕووداوە ڕاستەقینەکانن؛ بەو مەرجەی مێژوونووس سەربەخۆیی ئەخلاقی و زانستی ڕەچاو گرتبێ.
بەڵام مێژووی نێو ڕۆمانی مێژوویی چۆن دەخزێتە ئەو جۆرە گێڕانەوەیه؟ بڵێی هەرچی ئەو مێژوویه زانستیتر بێ بایەخی ڕۆمانەکە زۆرتر کات یا توخم و ماکی فانتازیا و خیاڵ و دووبارهسازی کە له داهێنانی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێ ئەو جۆره ڕۆمانە ڕاوەستاوتر و ڕاکێشەرتر بکا؟ ڕەنگە باشتر بێ پرسیارەکە ئاوا بهێنینەگۆڕ: دەبێ خوێنەر کام لەو دوو نووسینەی لا شیرینتر بێ؟ واتا لەو ڕۆمانانەدا له مێژوویەکی نێو سەرچاوە باوەڕپێکراوەکاندا بگەڕێین یا مێژوویەکی هەبوو بەڵام دە بەستێنی گێڕانەوەیەکی داهێنەرانە و هونەرمەندانەی نووسەردا؟
بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکانی سەرێ، پێمخۆشه دەستەوداوێنی دوو ڕۆمانی نێو بەدەرەوەی جیهانی بم. کە له هەر دووکیاندا گەڵاڵەی ڕۆمانەکان دە چوارچێوەیەکی مێژووییدا بیچمیان گرتووە. هەر چەند ئەو ڕۆمانانە زۆر تایبەتمەندی دیکەشیان جگە له مێژوویی بوون هەیه کە لێرەدا باسیان لێناکەیەن:
یەکەم ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژ له نووسینی ئیشیگۆرۆیه؛ لەو ڕۆمانەدا بە هەڵکەوت باسی قۆناغێکی مێژوویی وڵاتی بریتانیا له نێوان شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانیدا کراوە کە تێیدا ڕۆڵی لۆردە بریتانییەکان و بێنە و بەرەی نێو کۆشکەکانیان وەک ڕێکخراوەیەک دەوری لۆبیگەری له سیاسەتی دەروەی وڵاتی بریتانیادا دەگێڕێت.
بەڵام ئەو شتەی جێگای گرینگایەتی وڵامی پرسیارەکانی مەیە بە تەنیا ئەو زانیارییە مێژوویانە وەک مێژوویەکی ڕووت نییه؛ ڕۆمانی پاش ماوەی ڕۆژ ڕاستە له سەر ئەو زەمینە مێژووییە دامەزراوە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ ئەوەیه کە تەنیا کاتی ڕۆمان کاتێکی مێژووییە و کەش و فەزای ڕووداوەکانیش دە کەشێکی سەر بەو کاتەدا ڕۆنراوە. کەسایەتییەکان، زۆر ڕووداو و بەسەرهاتی دیکەی سەر بەو ڕۆمانە هەمووی لە دایک بووی نبووغ و داهێنانی نووسەرن و بۆی نییه له هیچ سەرچاوەیەکی مێژووییدا بدۆزرێنەوە.
ڕۆمانی دووەم کە وەک میناک باسی دەکەین ڕۆمانی وتوووێژ دە کاتێدڕاڵی ماریۆ بارگاس یووسایه؛ ئەو ڕۆمانەش له بەستێنکی مێژووییدا خولقاوە. واباشتره بڵێین ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە وەک ڕووداوەکانی مێژووی وڵاتی پێروو له پەنجاکانی سەدەی بیستەمی زایینی دەچن. دەنا ڕێک مێژووی وڵاتی پێروو له چوارچێوەی بەڵگە مێژووییەکاندا نین. لەو ڕۆمانەشدا ئەو شتەی له واقیع وەرگیراوە یەکیان کاتێکی مێژوویی و ئەویتریان شوێنی ڕووداوەکان، واتا لیمای پێتەختی وڵاتی پێروویه. سەرجەم کەسایەتییەکان، دیالۆگەکان، ڕاوێژ و جۆری گێڕانەوەکە دە چوارچێوەی هونەری ڕۆماندا بە داهێنانێکی ئەدەبییەوە دەربڕی ئەو ڕاستییە مێژووییەن ئەویش پێشاندانی سیاسەتی فاشیزم و گەندەڵی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای پێرووی نێوان ساڵەکانی پەنجا و شێستی سەدەی ڕابردوو.
پاش لێکدانەوەی ماکی مێژوو دەو دوو ڕۆمانەی سەرەوەدا ئاوا وڵامی پرسیارەکان دەدرێنەوە کە هێنانە گۆڕی مێژوویەکی ڕووت، به بێ حاملاندنی هونەری و ئەدەبی ڕۆمانێکی مێژوویی نەخولقاوە، بەڵکوو تەنیا گێڕانەوەیەکی ڕاپۆڕتیانە له مێژوو کراوە و ئەوە تەنیا هەمان تایبەتمەندییە هاوبەشەکەی سەرەتای باسەکەمانە، واتا گێڕانەوە، مێژووی گێڕاوەتەوە. تەنیا گێڕانەوەی مێژوو، بە بێ ڕەچاوگرتنی ماکەکان و تایبەتمەندییەکانی ڕۆمان ڕۆمانێکی مێژوویی بەدی ناهێنێ.
پاش ئەو پێشەکییە دەمانهەوێ بزانین، کتێبی خانزاد نووسراوەی بەڕێز ئارێز عەبدوڵا دەکەوێتە خانەی ڕۆمانی مێژوویی؟؟
یا دەتوانین پرسیارەکە ئاوا بورووژێنین کە بەرهەمی “خانزاد” دەکرێ وەک ڕۆمانێکی مێژوویی بخوێندرێتەوە یا وەک ڕاپۆرت و گوزارشێکی مێژوویی چاوی لێبکردرێ؟
دیارە پێش تاوتوێ کردنی وڵامی پرسیارەکان پێویستە ئەوە بڵێم کە کەڵکەڵەی گۆشە و سیلەنیگای ئەو نووسراوەیە تەنیا بانگەشەیەکە لە سەر ڕوانگەیەکی فۆڕمییانە و سازدەرانە و به هیچ شێوەیەک ڕووی قسەیەی ڕواڵەتێکی بایەخدارانە نییه.
ئەوەی ڕاستی بێ له باری مێژووییەوە، میرنشینی سۆران دەسەڵاتێکی کوردی بووە کە وەک هەموو میرنشینە کوردییەکان دەوری دەسەڵاتداری له بەشێکی جوغرافیای کوردستانی چوار سەدەی بەر ئێستای گێڕاوە. زۆر میر و بەگ و جەنگاوەری هەڵکەوتەی هەبووە. میری بەناوبانگی وەک میر محەممەد، میر سلێمان و میر خانزاد و… لێهەڵکەوتووە و زۆر کاری بە وەجی وەک گەشەی دەسەڵات، گەشەی فەرهەنگی، قەڵاداری و گەشەی پەروەردە و فێرکاری لە سەر دەستی میرانی ئەو میرنشینە کراوە.
نێو و نێوبانگی خانزادی سۆرانیش له نێو مێژوو و بەیەت و چیرۆکە زارەکییەکاندا پشت به پشت باسی لێکراوە و وەک شۆڕە ژنێکی شۆڕشگێری کورد هەم وەک ڕاستییەک و هەمژی وەک ئەفسانە تۆمار کراوە.
نووسەری کتێب له پاشکۆی بەسەرهاتی خانزاددا، به ڕوونی و به ئاشکرا باسی کردووە کە لە سەرچاوە زارەکییەکان، له سەرچاوە مێژووییەکانی کوردی، فارسی و تورکیش کەڵکی وەرگرتووە. باسی حەکایەتێک دەکا کە مونشی و کاتیبی خوشک، واتا میرخانزاد به نێوی مەلا عەلی هەریری سەرجەم ڕووداوەکانی ئەو بڕگە مێژووییەی نووسیوەتەوە، بەڵام ترسی فەوتان و لە نێوچوون وای کردووە پێش مەرگی، وەک وەسیەت بۆ حەوت کوڕ و کچەکەی، لەبەر کردنی ئەو بەسەرهاتە وەک ئەرک دیاری بکا و ئەوانیش لە سەریانە بۆ بەرەکانی داهاتوو و داهاتووتر بیگێڕنەوە و بیپارێزن. لە ئاکامدا نووسەر ڕاستەوخۆ دەگەڵ کەسایەتی پیر عەلی یەکێک له نەوادەکانی مەلا عەلی دواوە و ئەو بەسەرهاتەی لە ویش بیستووە. بە پێی ئەو ڕوون کردنانەوە سەرجەم کەسایەتییەکانی ئەو کتێبە وەک خانزاد، مەلا عەلی هەریری، لەشکری، دۆتمەلا و شیرین کە دە گەرمەی گێڕانەوەکەدا نێویان هاتووە و جار و باریش دێنە گۆ واقعی و مێژوویین. واتا لێرەدا مێژووی میرنشینی سۆران دوای شەهیدکرانی میر سلێمانی برای خانزاد به دهۆی والی سوڵتان له بەغدا و لە سەر دەستی جەنگاوەری سوپای میر یانی لەشکری و هاتنە سەر تەختی میرایەتی خانزادی سۆران گێڕدراوەتەوە. ڕەنگە دە دووتوێی مێژووی زارەکیدا زۆر ئەفسانە و ڕووداوی خیاڵیش کە دەکرێ وەک تایبەتمەندی ڕۆمانی مێژوویی چاویان لێبکردرێ هاتبنە نێو دەقی گێڕانەوەکە بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ ئەوەیه کە گێڕانەوەکە بە گشتی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕۆمانێکی مێژوویی ناگرێتە خۆ و زۆرتر دەوری گوزارش کردنی ئازایەتی و ڕەندایەتی میرخانزادی لە سەر شانە.
بە پێی ئەو باسانەی له سەر ڕۆمانی مێژوویی کران، بارستایی کتێبی خانزاد له باری فۆڕمێوە زۆرتر کەوتۆتە سەر شانی فۆڕمێکی مێژوویی بەڵام دە قەڵافەتی گێڕانەوەیەکی تەکووزمەند و یەکانگیر و لە زاران خۆشدا. سازدەرەکانی شوێن، کات، کەسایەتی سەرجەم له مێژووی میرنشینی سۆرانی دەوری دەسەڵاتی خانزاد وەگیراون و نووسەر له زمانی خۆیەوە دەیانگێڕێتەوە و جەختی ئەوەش دەکا کە وەک ئەرک بۆ پاراستنی ئەو بڕگە مێژووییە و زەقکردنەوەی ئازایەتی و شکۆی میرایەتی میرخانزاد وەک ژنە کوردێکی هەڵکەوتە ئەو مێژوویەی تۆمار کردۆتەوە.
تێکهەڵکێشانی خیاڵ و واقیع، داهێنانی پاڵەوان و کەسایەتی ڕۆنراو وێڕای کەسایەتییە مێژووییەکان، گێڕەڕەوەیەک جگە له نووسەر، گرێچنی، هەڵکشان و داکشانی گێڕانەوە، گرێڕایی وەک تایبەتمەندی بەرهەمێکی وەک ڕۆمان دەو پەرتووکەدا نابیندرێ. بۆیەش ناکرێ وەک ڕۆمانی مێژوویی چاوی لێبکەین؛ بەڵام وەک کارێکی مێژوویی و دیرۆکی بەنرخ، هیچ گومانی تێدا نییه نرخ و بایەخێکی لەبڕاوەنەهاتووی هەیه و خزمەتێکی زۆری به تێگەیشتنی زانیاری بەپێویستی خوێنەران و بەردەنگان کردووە.
له کۆتاییدا دەکرێ ئەوە بڵێین کە مژاری کتێبەکە وەک مژارێکی مێژوویی، زۆرتر دەکەوێتە خانەی بەرباسی کوردۆلۆژی یا کوردناسی هەتا وێژەی چیرۆکی یا ئەدەبی داستانی و جۆری ڕۆمانی مێژوویی. چون بە گشتی باسمان کرد کە ڕۆمانی مێژوویی پێش هەمووشتێک پێویستە ڕۆمان بێ و هیچیتر، دیارە ڕۆمانیش نێوی خۆی به خۆ وەیە و تایبەتمەندی و سازدەرەکانی تەواو سەربەخۆ و ڕەسەنن.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.