سێ واتای “سروشت”، “غەیان بوون” و ” plot twist” لە دەقی مەقامی «نیوەشەوە»دا بە دەنگی مامۆستا«خلە دەرزی»
ئاڵا ڕەزایی
لە کولتوور و فەرهەنگی کوردەواری دا سرووشت هەمیشە پڕبایەخە و مرۆڤی کورد ناوی گوڵ و گیا و دار ودەوەن و شاخ و شاری لە ئەدەبی خۆی دا هەڵگرتووە . تەنانەت ناوی زۆربەی بەشەکانی نیشتمان لەسەر منداڵانی کورد دادەنرێ و وەک ناوگەلی زۆر شاز بۆ سەدان کەس سەدپاتە دەوێتەوە. رەنگە ئەوەش هۆکاری خۆی هەبێ کە کورد نەخشەی نیشتمانێکی خەیاڵاوی تەریب لە گەڵ نیشتمانەکەی خۆی لە ئەدەبیات دا کێشاوەتەوە. هەر بەو جۆرە لە دەقی مەقامی «نیوەشەوە»ش دا ماکەکانی سروشتی زۆر بەرچاون و بە واتایەکی تر دەکرێ بڵێین ئاراستەیەکی سیمبۆلیک- ناتۆرالیک لەو دەقە دا بەرچاوە .. ناتۆرالیزم کە نووسەرە سەرەکیەکانی کەسایەتی گەلێکی وەکوو «جەک لەندەن» و «ئێمیل زۆلا» بوون، زیاتر گرینگیان بە بوونی راستەقینەیی و ماکە سروشتیەکان له نێو بابەتە هونەریەکان دا دەدا و داکۆکیان لەوە دەکرد کە «سروشت » بە قەبارەی بۆژۆ نەکراوی خۆی و بە شێوەی راستەوخۆ، دەبێ لە دەق دا خۆ دەربخا. بەڵام سەمبۆلیستەکان بە پێچەوانە، لە جیات راستەقینەیی و سرووشت، زیاتر بە شوێن ئەوەوە بوون کە بە جێی ماکە سرووشتیەکان، شتێک جێگر بێ بۆ شاندانی ئەو واتایانە و ببێتە، نوێنەری ماکی سروشتیی لە هونەر دا. لە دەقی مقامی « نیوەشەوە»دا هەردووک چەمکی سێمبۆلیسم و ناتۆرالیسم بەرچاوە. بۆ وێنە لە سەرەتای دەق دا:
جا ئەمن چی بکەم
تەقە تەقە لە هەوران
گوڕە گوڕە لە بایە ..
(anamatopia) و لە سەرەتا دا ئەو دوو رووداوە سرووشتیە یانی دەنگی هەور و با بە سەمبۆلی نائارامی و پشێوی بەیان دەکا..
بەڵام کتووپڕ هەر بە دووای ئەو رستەیە دا ، باسی «پیرەغەزەڵ» دەکا کە خوازەیە بۆ پاییز و “سيمبۆل” لە شوێن واتای سەرەکی سروشت دادەنیشێ.
هێندێک دوواتر :
ماک گەلی وەک هەڵاڵە و سوێسن و بەیبوون دێنێتە ئاراوە کە راستەوخۆ سروشتە.
کەواتە لێرەدا با و سوێسنە و هەلاڵە، ئایتێم و سەمبۆل گەلێکی ناتۆرالیستین کە نوێنەری پشێوی یان جووانین.
لە درێژەدا ئەوجار ئاوا نزادەکا کە
یارەببی ئەوانەی دەبنه هۆکار بۆ دوور خستنەوەی من و کچە حەیران:
«مانگاکەیان دۆ نەدەر بێ،»
پێویستە ئەوە بوترێ لێرە دا کە لە بەردەنووسەکەی قەڵایچیش دا کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەسەدی بەر لە زایین و ئەفڕێنراوی ئەو دەسەڵاتە بووە کە ئەوکات لە کوردوستان نیشتەجێ بوون، رێک ئەو نزایە لەو کەسانە دەکەن کە هێرش دەکەنە سەر نیشتمانەکەیان و ئەوەش شاندەری دێرینەیی ئەو جۆرە نزاکردنەیە لە ئەدەبی عاتفی کوردی دا. کەواتە لێرە دا بۆ کارێکی وەکوو دۆعا کردنیش ئێمە ماکێکی تەواو ناتۆرالیستیمان هەیە کە ڕێک دەبێتە نیشان و سیمبۆلی ڕۆژەڕەشی واتە مانگایەکی بێ شیر وەک سەمبۆلێکی سرووشتی کوردەواری، نیمادی رەنج و بەدبەختی و بێ بەرەکەتیە لە دەقی ئەو مقامە دا و وا نیشان دەدا کە مانگا وەک ئایتێمێکی سرووشتی زۆر پڕبایەخە بۆ خەڵکی کورد و ئەوەیکە کوردەواری چەندە نیاز و پێوەندە لەگەڵ سرووشت بەهێزە.تەنانەت لە کۆتاییش دا کە کچەحەیران دۆعا لە کەڵەبابێک دەکا کە ناوەخت دەخوێنێ و دەبێتە هۆکاری تێک چوونی ژووانەکە. دەتووانین بێ گومان دەنگی «کەڵەباب» وەک بەشێک لە سروشت، نوێنەری کاتە و کۆتایی شەو ڕادەگەیێنێ .هەروەها ئێمە زۆر ماکگەلی سروشتی دیکەش دەبینین لە ئەدەبی کوردی دا وەک «دەرکەوتنی کاروانکوژە»، یان «چێشتەنگاو» یان «ئەستێرەکەی رۆژێ» کە دەبێتە سیمبۆلی کات.
واتای غەیان بوونی ژن و پیاو لە دەقی مقامی «نیوەشەوە» دا:
بەرباسێکی سەرنج ڕاکێشی تر لەو دەقەدا، غەیان بوونە. ژنی ناو دەق مێردی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەویندارەکەشی دا پێوەندی هەیە و ئەوە کوڕەحەیرانە کە دڵی ئەوی داگیر کردووە .بێگومان بە پێی راستەقینە و رەسەنایەتی ئەخلاقی و ئایینی، پێوەندی ژنی مێرد دار لە گەڵ پیاوێک جگە لە مێردەکەی ، لە پێناسەی ئەخلاق و ئایین دا، کارێکی خراپ و ناشیاوە ، بەڵام بە ڕای فۆلکلۆرەوە وا نیە. چ لە دەقی ئەو مقامە دا و چ لە دەقی تری فۆلکلۆریک دا، زۆر جار دەبیسرێ کە مێردی خۆش نەویستوو لە لایەن ژنەوە بە « مێردەگولە» یان «گولەی مێردان»لە قەڵەم دەدرێ و ئەخلاق و ئایین ناتووانێ وەسەر ئەوین کەوێ. لە زۆر دەقی فۆلکلۆری کوردی دا کاتێک باسی ئەوین دێتە پێشێ، فۆلکلۆری کوردی لە نێوان ئەوین و ئایین دا، ئەوین هەڵدەبژێرێ .هەروەها لە فەر ئارکی تایپ(archetype )مان بۆ خەیانەتیش هەیە بە درێژایی مێژوو و لە کولتوورەکانی کە دا. بۆ نموونە ، لە ئۆستوورەکانی یوونانی کەونارا دا،لێرەدا وێچوونێکی سەیر لە نێوان هزری شاراوەی ئەو دەقە فۆلکلۆریکە هەیە لە گەڵ ئۆستوورەیەکی یۆنانی دا. «ئافرۆدیت» خاتووخووای عەشقە لە باوەڕی یۆنانیانی کەونارا دا ، بەڵام بە مێرد دەدرێ بە « هێفائیستۆس» کە خووای ئاسنگەری و روخسار و قەڵافەتێکی دزێوی هەیە. تەنانەت هێندە ناحەز بووە کە « هێرا»ی دایکی، کاتێک دەبینێ منداڵێکی ئاوا ناحەزی بووە، لە ئاسمانەوە فڕێی دەداتە خووارێ و «هێفا ئیستۆس» لەوەندەی دیکەش دەبێ و دەست و لاقی لە گرێژەنە دەچن و شەل و کوت دەبێ، بۆیە «ئافرۆدیت» بەو زەماوەندە رازی نیە و ئاشقي «ئارێس» خوواوەندی شەڕ دەبێ و چەند جار لە کۆشکی «هیفائیستۆس» دا ، ئەو جووتە دڵدارە، ژووانیان دەبێ. تا ئەوەی کە« هێفائیستۆس» پێ دەزانێ و تۆڕێکی سەیر بە ئاسن چێ دەکا و لە کاتی ژووان دا دەیانخاتە داوەوە و پاشان بە هەموو خوداکان رادەگەیێنێ تا ئەو بێشەرمیە ببینن.«پۆسایدۆن» خودای دەریاکان، «ئاپۆلۆ» خوواوەندی مووسیقی و رووناکی، «هێرمێس» خوداوەندی هەناردەکردنی پەیام، بانگ دەکرێن بۆ دیتنی ئەو شانۆ بێشەرمانەیە، «ئاپۆلۆ» لە «هێرمێس» دەپرسێ پێت خۆش بوو لەو حاڵەتە دا لە جێی «ئارێس» بای؟ «هێرمێس» وڵام دەداتەوە تەنانەت ئەگە لە جیات ئەو تۆڕە بە هەزار زنجیر بەسترابایەمەوە و هەموو خوداکانیش بەسەرمان دا هاتبایەن، هەرگیز ئەو دەرفەتەم لە دەست نەدەدا کە بۆ ساتێک لە گەڵ«ئافرۆدیت» بم!!!! «پۆسایدۆن» دیتنی ئەو دۆخەی بە دڵ نەبوو و پێشنیاری کرد «هێفائیستۆس» ئازادیان کا، و پاشان دووای ئەوەی «ئارێس» جەریمە کرا، «هیفائیستۆس» تۆڕە ئاسنینەکەی لابرد. «ئارێس» و « ئافرۆدیت» گەڕانەوە بۆ شوێنی سەرەکی خۆیان و خوشکەکانی «ئافرۆدیت» لەش و لاری رەنجاوی ئافرۆدیتیان دەرمان کرد و شێلایان و جلی جووانیان لە بەر کرد و لە جاران جووانتریان کردەوە!
بە پێی ئەو ئۆستوورەیە، سەرەڕای ناپەسندی واتای غەیان بوون، هیچ یەک لە خوداکان مەنعی ئافرۆدیت ناکەن و تەنانەت یەکیان کارەکەی «ئارێس» دەسەلمێنێ و ئەوی تریشیان داوای ئازادیان بۆ دەکا و هیچ کام لە «ئارێس» و «ئافرۆدیت» ئەشکەنجە ناکرێن . یانی هزری حاکم بە سەر ئۆستوورەکە دا چاوی لە غەیان بوونەکە دەپۆشێ و تەنانەت تا ڕادەیەک پێی وایە بە سرنج دان بە جووانی «ئافرۆدیت» و ناحەزی«هیفائیستۆس» روودانی شانۆیەکی وا، شتێکی ئاساییە.کەوابوو لێرەدا خاڵێکی زۆر گرینگ کە هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە چ لە ئوستوورەکانی یوونانی کەونارا دا و چ لە فۆلکلۆری کوردی دا ، دیدێکی هێدۆنیستی(hedonism)هەیە. لە بیر و باوەڕی ئێپیکۆر کە دەبێتە یەکێک لە گرینگ ترین فیلسووفەکانی یوونانی پێش سوقرات، بیر و باوەڕی هێدۆنیستی شکڵ دەگرێ کە دەڵێ لە ئامانج و رێگای مرۆڤ لە ژیانی دا، تەنیا چێژ بردن لە ژیانە و هەر شتێک دژ بەوە بێ ،دژ بە مرۆڤە.
کەوابوو، ئێمە لێرەدا دەبینین کە چ لە ئوستوورەکانی یوونانی دا و چ لە فۆلکلۆری کوردی دا، ئەگەرچی غەیان بوون هەیە کە بە پێی ئایین کارێکی هەڵەیە، بەڵام لە هەردووکیان دا گرینگ خۆشەویستی و ئەو چێژەیە کە لێی وەردەگرن و ئەوین پیرۆزە و دەوامەی هەیە نەک ئایین . بۆیە لە هەردووک لا دا رووانگەی هێدۆئیستی زەفەری بردووە بەسەر رووانگەی ئایینی و خۆشەویستی وچێژ بردن لە هەستی ئاشقانە زیاتر سەلمێنراوە تا ژیانی هاوسەرگیری .
هەروەها ئەگەر بگەرێینەوە سەر پێوەندی نێوان ژن و پیاو لەو دەقە دا، دەبینین کە لێرەدا پیاو خۆی وەک رزگاریکەر و یاریدە دەری کچەحەیران دەبینێ و دەڵێ کە ئەگەر وەک حەزرەتی سولەیمان بووبایە، وەهای ماڵ بۆ ساز دەکرد و وەها هەوڵی دەدا بۆ بەختەوەری و چی لە دەس هاتبا بۆی دەکرد.
دیسان ئەگەر چاو له archetype بکەین، دەبینین کە ئارکی تایپی پیاوی رزگاریکەرمان هەیە لە ئوستووروکانی یوونانی کەونارا دا، لەوێش دا پاڵەوانێک بە نێوی پێرسیووس دەچێ ژنێکی جووان و بەزەنجیر بەستراو بە نێوی «ئاندرۆمدا» لەسەر کێوێک رزگار دەکا و دوواییش «ئاندرۆمدا» دەبێتە خۆشەویستی.
لەو دەقەش دا، کوڕەحەیران بەئاواتەوەیە وەک سولەیمانی پێغەمبەر دەسەڵاتی بێ بۆ رزگار کردنی ژنی دڵدار و رزگاری بکا لەو ژیانە نا بەدڵە،، کە وابوو ،دەکرێ بوترێ کە لە فۆلکلۆری کوردیەش دا ئارکی تایپی «پێرسیووس »و پیاوی رزگاریکەر دەدیترێ، هەر چەند کە هەر لە حەددی حەسرەت دایە و پیاوی کورد لەو دەقەفۆلکلۆریکەش دا ( تەنانەت!) بۆی ناگونجێ کچەحەیران رزگار کا لەو دۆزەخە و بە حەسرەت خوواردن بە هێزی فانتێزی سولەیمانی نەبی، داخ بەدڵ دەمێنێ و ژووانێکی پڕ لە دڵەراوکێ و ترسی لە گەڵ دڵدار هەیە و زۆر دەستەوستانە بۆ رزگاری عەشق. کەوابوو لە فۆلکلۆرێکی کوردی دا «پێرسیووس»ێکی ناسەرکەوتوو و دۆڕاو دەبینین کە دەستی ناڕووا بۆ دەربازکردنی دڵدار لە ژیانی نابەدڵ و هەر دووک لا حەسرەت بەدڵ ئەوینەکەیان لە چووارچێوەی ژووانگەیەکی تاریک و پڕ دڵەراوکێ درێژە پێ دەدەن و ئەوەش ئاکامی عەشقەکەیانە.
پلات تویست لە هزری زاڵ بە سەر دەقی مقامی «نیوەشەوە» دا:
گۆڕانی گەڵاڵە یان «Plot twist» بە واتای ئاڵ و گۆڕێکی چاوەڕووان نەکراوە کە زۆربەی جاران ئاکامی سەقامگرتوو لە زەینی بەردەنگ و خوێنەر دا تێک دەدا. بۆی هەیە ئەو ڕێکەوەتە، رووداوێکی لە پڕ دا بێ و جاری واشە رەنگە دەرکەوتنی کەسایەتیەکی چاوەڕووان نەکراو یان بیرۆکە و ئەندێشەیەکی بەدینەکراو بێ و ببێتە هۆی گۆڕانی رووانگەی خوێنەر بە نیسبەت چیرۆک. بە پێی ئەو پێناسەیە لە «plot twist»، لە کۆپلەی ئاخری دەقەکە دا ئاڵ و گۆڕێکی زۆر سەیر و بەرین و بنەڕەتی لە هزری مرۆڤی کوردی ئایین دار دەبینین کە لە بەر “شێخ عەبدولقادری گەیلانی” دەپاڕێتەوە و پەنای بۆ دەبا و “سولەیمانی نەبی” بە مەزن دەناسێ ، بەڵام پێوەندی لە گەڵ ژنی مێردداری زۆر بەلاوە سەلمێندراوە و ئەوینی ئاوەها ژنێکی زۆر پێ مەزنترە لە ئەوینی گەورەکچ و بێوەژن ، و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ژنی مێرددار، بوێرانە و دلێرانە ئاشق دەبێ و بۆ دڵداری و خۆشەویستی، نەوەک کیژۆڵەی شوونەکردوو لەباب و برایان دەترسێ وعەشق بەکەم دەزانێ لە ترسی ئەوان، نە وەک بێوەژنانیش کە ئەزموونی مێرد و ژیانی هاوسەرگیری پێشوویان هەیە، ئەوینەکەیان بە فڕ و فێڵ ئالوودەیە و ڕەنگە لە پێوەندی ئاشقانەیان دا، عەشق یەکەم شت نەبێ و گەیشتن بە ژیانی خۆش و سامان و.. ئەوانە، بێجگە لە عەشق، لە جەغزی دڵخووازیان دابێ. بەڵام ئەشقی ژنی مێرد دار بێ ترس و بێ فێڵ، تەنیا عەشقە و زۆر بوێرانەیە و لەسەرووی ترس لە باب و برا و ئایین و فڕ و فێڵ و سامان و تەنانەت منداڵی سەربێشکەوەیە، کەوابوو بە لای ئەو دەقەوە، بە پێچەوانەی لۆژیکی ئایین و فەرهەنگ و ئەخلاق ئەو جۆرە عەشقە شیاوترین عەشقە!
کۆپلەی ئاخری ئەو دەقە دەخەینە بەر دەست:
ئەتوو بەقایە بۆ بەوان گەورەکیژان مەکەن ئەگەر لەماری دەبابانن
یەکێکیان لەبەر باب و برایان ناوێرن
بەقایان بۆ بەوان بێوەژنان مەکەن چەندی دەبە فەندن، چەندی دەبە فێڵن
خۆ من رۆژی بیست و چووار جاران دایکی خۆم دەکەمەوە بە خوڵام و خزمەتکاری وانە
ئەگە دەحەدەحەدی دەنیوەشەوێ دا
لانکە و بێشکەی بەسەر گولێکی دەمێردان دا بەجێ دێڵن
داد لە من نیوەشەوە…
خاڵێکی تر کە لێرە دا دەتووانێ جێ بگرێ ئەوەیە کە لە چیرۆکە ناسراو و زاڵە ئاشقانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کە دەقی ئایینیشن، دەکرێ ئاماژە بە چیرۆکی یۆسف و زڵێخا بکەین کە زڵێخای ئاشق لە لایان یۆسفەوە نەهی لێ دەکرێ و ئەشقەکەی تەواو لە لای خەڵکەوە بە سۆغرە دەگیرێ و ناسەلمێندرێ و خۆشەویستی وا، تابۆ بووە، بەڵام وەک دیتمان لە باسەکەی پێشوو دا«هێرمێس»یش ئەوینی نێوان «ئافرۆدیت» و «ئارێس» بە هەڵە دانانێ و تەنانەت دەیسەلمێنێ، لە چیرۆکەئاشقانەکانی زاڵ لە هزری مرۆڤەکانی زاگرۆس دا، وێچوون هەیە بە هزری یۆنان و بە پێی دەقی «نیزامی» لە دەقی « خوسرەو و شیرین» دا، کاتێک خوسرەو ، فەرهادی ئاشق دەبینێ، روو گرژ ناکا و سەودای ئاشقی ئەو دەسەلمێنێ و کوشتنی فەرهادی لە سەر ئەو دڵدارییە پێ ناشیاو دەبێ پاشان بۆ سڕینەوەی ئەشقەکە و ماندوو کردنی فەرهاد، داتاشینی بێستوونی پێ دەسپێرێ. دیارە دەبێ ئەو خاڵەمان لە بیر بێ کە شیرین دڵی بە فەرهادەوە نەبووە بەڵام دەچێ بۆ دیتنی فەرهاد و ڕێزی لێ دەگرێ ، دیارە فەرهاد دوواتر بە پیلان دەکوژرێ ، بەڵام بە پێی دەقی ئەو چیرۆکە، کوشتنی فەرهاد لە لایەن خوسرەوەوە لە بەر ئەوە نیە کە عەشقی فەرهادی بەلاوە ناشیاو و غەیانە، بەڵکوو لە ترسی لە دەس دانی «شیرین» بووە و «فەرهاد» و عەشقەکەی بە شیرینی ژنی خوسرەوشا، تا ئێستاش هەر بە ڕێزەوە باسی کراوە و ئەوینەکەی ستایش کراوە. سەیر نیە کە رووانگەی فۆلکلۆری کوردی بە نیسبەت پێوەندی ئاشقانە لە نێوان ژنی مێرد دار و پیاوێکی تر دا، درێژەی ئەو جۆرە هزرە ئاشقانە و دێرینانەی زاگرۆس بێ و هۆکار گەلێکی رەوانی و کۆمەڵەیەتیش کە لە دەقی مقامی « نیوەشەوە» دا بۆ ستایشی ئەوینی ژني مێرددار بەیان دەکرێ، وا لە بەردەنگ دەکا بە جۆرێکی دیکە بیر لە بابەتەکە بکاتەوە و چاویلکەی ئایین و ئەخلاق بچڕژێنێ و بگاتە ئەشق و فەقەت ئەشق، و بەو جۆرە « پلات تویست»ێکی زۆر بەرین دەخۆڵقێ..
دەقی مەقامی «نیوەشەوە»
وەره داد وەرە داد وەره،
ئەمن سەدایەکم دەگەیشتێ براینه، برادەرینه، گەلێ گەلێک له من سەدایێکه له وی ده ئەوەڵێ/
جا ئەمن چ بکەم تەقەتەقه له هەوران،
گوڕەگوڕه له بای _ و _ غژەغژه لەوێ پیرەغەزەڵێ/
خۆ من نەمدەزانی گەر لەبۆ تۆ هەڵبڵێم به هەڵاڵه و سۆسنه و بەیبوونێ،
دەگەڵ ئەوێ گوڵووکە جووتێر ئەگە خۆ هەڵدەگرێتەوه بۆ خزمەت بارانەکەی هەقەپەڵێ،
داد له من نیوەشەوه و..
وەره داد وەرە داد وەره،
ئەمن سەدایەکم دەگەیشتێ براینه، گەلێکگەلێک له من سەدایەکی بەئێشه
/کور دەڵێ کیژۆڵێ، دەک ڕەبی بێنێ تۆ ( بۆنی تۆ)به من بمێنێ بە بێنێ هەڵاڵێ،
سۆسنێ،
سوورەگوڵێ،
ڕەشەڕیحانێکی له وانی ده بێنخۆشه/
ئەوه کیژ گاز دەکا( بانگ دەکا، هەرا دەکا)هەتیو، هەتیوه لاوکه، ئەگەر بێتە ئەمن ڕووی مەرحەمەتێ له تۆ وەربگێڕم شەرت بێ ڕۆژی ده ڕووناک له تۆ بکەمەوه به شەوی ده ڕەشه، داد له من نیوه شەوه و…
وەره داد وەرە داد وەره،
ئەمن سەدایەکم دەگەیشتێ براینه،، گەلێکگەلێک له من سەدایەکی له سەره/
شەرت بێ ئەمن خانوێکی لەبۆ تۆ دروست دەکەمەوە
سەری بەتاقه و بنی بەدیوەودەره/
خۆ من حوکمێ حەزرەتی سولەیمانم پێ نێ،
ئەگه حوکمێت بۆ پکەمەوه سەر ئەوان تەیران، تووران، باڵندان بێنه سەر سەری بڵقیسایه؛ بگرنەوه سووکەڵەسووکەڵەی ده لەنگەره/
هەتا تاوێ هاوێنی گەلێکگەلێکه بەتینه
ئەی له کوڵمەی ده بڵقیسا نەکاتەوه هەتەره،
داد له من نیوەشەوه و..
وەره داد..،
ئەمن سەدایەکم دەگەیشتێ براینه، برادەرینه، گەلێکگەلێکم درەنگ بەوێ سەدایێ دەزانی/
ئەتۆ نەتدەزانی هەڵاڵه و سۆسنه و بەیبوونێ دەگەڵ ئەوێ گوڵووکەجووتێرێ لە منی دەگرتن سەراو دەگەڵ کانی/ دەک ڕەبی مەخسوودێ هەموو مەخسوودداران لە خزمەت خوداوەندی تەعالا حاسڵ بێ،
بەشکم مەخسوودێ من و بەژنێکی باریکیش حاسل ببێ
له شەڕافەتێ شێ عەبدولقادرەکەی گەیلانی،
داد له من نیوەشەوه و…
وەره داد وەرە داد وەره،
ئە من سەداێکم دەگەیشتێ گەلێکگەلێک له من سەدایەکی له سەر بێ/
دەک ڕەبی بەدکاری مه هەر تەفرەقه بێت و دەربەدەر بێ/کۆڵەکێ نێو ماڵێی به حەزێک [=حەزیایەک، هەژدیهایەک]ی حەوتسەر بێ/
مانگایەکیان بێ دۆنەدەر بێ/
به حەوتانیان چاوێک بێ ئەویش بەقەد گۆچەرخێکی تەم لەسەر بێ/
گەورەیان له قەبران بن، چووکانیان هەمووان له ماڵێ ئاسینیان [=یاسینیان] لەسەر بێ،
داد له من نیوه شەوه و…
وەره داد وەرە داد وەره
، ئەوه کیژ دەڵێ کەڵەبابێک دەخوێنی له سەری ده گەڕەکێ، کەڵەبابێک دەخوێنی له پێینی( پایین، لای خووارێ) ده گەڕەکێ،
کیژ دەڵێ دەک ڕەبی کەڵەبابه، ئەگه سووری ئەگه شینی قەت کەست له ماڵه ساحەبیدا نەمێنی/
ده ئەتوو ده حەدەحەدی ده نیوەشەوێدا،
به بێوەختی نەخوێنی/
نەوەک گولێکی ده مێردانی به ڕیشێکی قرژۆکه و به سمێڵێکی چڵماویلێ وەخەبەر بهینی/ نەوەک هەتیوەلاوکی لەسەر سینگ و مەمکی ده وێ قەلەندەر و بابانوێرانێ ڕابپەڕینی،
داد له من نیوەشەوه و..
وەره داد وەرە داد وەره،
ئەمن دەڵێم بابه، شەوه له من نیوەشەوه/
کیژ دەڵێ یاڕەبی خودایه هەڵیکاته بایەکی و بادەوه/
دا گولێکی ده مێردان سەرەدەر له ماڵه وردو وێرانێ خۆی نەکاتەوه/
نەوەکه هەتیوه لاوکی به شەوی ده نیوەشەوه لەسەر سینگ و مەمکی ده وێ قەلەندەر و بابانوێرانێ ڕاست بکاتەوه،
داد له من نیوەشەوه و..
ئەوەشەوە لە من نیوەشەوە
شەوێ دەشەواران لە من دەبەشەڵێڵن
دەرکی دەوان گەورەماڵان،میرەماڵان، لە من دە بەکڵی، من دەبەکڵاڵن
ئەتوو بەقایە بۆ بەوان گەورەکیژان مەکەن ئەگەر لەماری دەبابانن
یەکێکیان لەبەر باب و برایان ناوێرن
بەقایان بۆ بەوان بێوەژنان مەکەن چەندی دەبە فەندن، چەندی دەبە فێڵن
خۆ من رۆژی بیست و چووار جاران دایکی خۆم دەکەمەوە بە خوڵام و خزمەتکاری وانە
ئەگە دەحەدەحەدی دەنیوەشەوێ دا
لانکە و بێشکەی بەسەر گولێکی دەمێردان دا بەجێ دێڵن
داد لە من نیوەشەوە…
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.