خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وەرگێڕانی قورئان، ئەزموونیکی دیار بۆ بەهیز کردنی شوناسی ئایینی و زمانی

وەرگێڕانی قورئان، ئەزموونیکی دیار بۆ بەهیز کردنی شوناسی ئایینی و زمانی

وەرگێڕانی قورئان، ئەزموونیکی دیار بۆ بەهیز کردنی شوناسی ئایینی و زمانی

جەعفەر قارەمانی[۱]

وەرگێڕانی قورئان وەک یەکێک لە پێداویستییەکانی سەدەی هاوچەرخ و بابەتێکی مشتومڕاوی دونیای ئیسلامی ناسراوە. قورئانی پیرۆز دوا کتێبی ئاسمانییە کە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و ناوازەی هەیە و بۆ ڕێنمایی مرۆڤ لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، بەتایبەتی لە بواری ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی، تاکەکەسی و ئایینیدا ڕۆڵی بەنرخی بووە. ئەم کتێبە پیرۆزە، هەمیشە وەک خاڵی یەکڕیزی موسڵمانان لە سەرانسەری دونیا پێناسە کراوە؛ بەڵام تێگەیشتنی بۆ زۆرێک لە موسڵمانان, ئێستاتشی لەگەڵدا بێت، ئاستەم بووە، بەتایبەتی لە نێو ئەو نەتەوانەی زمانی زگماکییان جیاواز لە زمانی عەرەبی بووە. یەکێک لەو زمانانە، زمانی کوردییە کە وەک زمانی سەرەکیی ئاخاڤتن و پەیوەندیی فەرمی و نافەرمی نەتەوەیەک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەکار دێت. وەرگێڕانی قورئانی بۆ زمانی کوردی نەک هەر دەرفەتێک بۆ ئاسانکاریی تێگەیشتن لە واتا و پەیامەکانی قورئان دەڕەخسێنێت، بەڵکوو وەک بەرهەمێکی گرنگ بۆ پاراستنی شوناسی زمانی و ئایینیی نەتەوەی کورد دەناسرێت، بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە گەلی کورد بەهۆی فرەچەشنیی جوگرافی و سیاسی ڕووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر بووەتەوە.

مامۆستا هەژار یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی کورد لە سەدەی بیستەمە کە هەوڵێکی زۆری لە بواری لێکدانەوە و وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز داوە. مامۆستا وەرگێڕانی قورئانی وەک یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی گەیاندنی پەیامی ئیسلام بە نەتەوە جیاوازەکان ناساندووە. پێی وابوو وەرگێڕانی قورئان تەنیا لە بەرژەوەندی موسڵمانانی کورد نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ ناساندنی لایەنەکانی فێرکاریی ئایینی ئیسلام، بەو کەسانەی شارەزای زمانی عەرەبی نین، چونکە تێگەیشتن لە قورئان بۆ زۆر کەسی ئاسایی بەبێ وەرگێڕانی دروست ئاستەمە، بۆیە وەرگێڕانی قورئانی بە دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیری و ئایینیی نەتەوەی کورد زانیوە.

 یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی سەر زمانەکانی بێ‌پاڵپشت لە سەردەمی ئێستادا، مەترسی لەبیرچوونەوە و توانەوەیە. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە زمانی کوردی، بەتایبەتی لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی بەکار نەهێنانەوە مەترسی لەبیر کردنی لەسەرە. وەرگێڕانی قورئان بۆ زمانی کوردی، جگە لە پاراستنی زمانی کوردی، مەترسییەکانی لەبیر چوونەوە و سنووردار کردنی زمانی لە نێوان نەوەی نوێ کەم دەکاتەوە. قورئانی پیرۆز وەک دەقێکی ڕەسەن و بەنرخ، دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی زمانی مامەڵە بکات و لە بردنەسەرێی ئاستی توانایی زمانی کوردی پاڵپشتێکی بەهێز بێت. بوونی قورئان بە زمانی کوردی هانی تامەزرۆیانی ئایینی دەدات کە زمانی زگماکی خۆیان زیاتر لە بوارەکانی ئایینی، پەروەردەیی و کولتووریدا بەکار بهێنن. ئەو تایبەتمەندییە نەک هەر شوناسی زمانی دەوڵەمەندتر دەکات، بەڵکوو هەستێکی زیاتری سەربەخۆیی بۆ زمان و کولتووری کوردی لە نێو نەوە نوێیەکاندا پێک‌دەهێنێت. لە ڕاستیدا هەر جارێک کەسێک قورئان بە کوردی دەخوێنێتەوە، بۆ بەرگریی کردن و پاراستن زمانی کوردی دەوری دیاری دەبێت. سەرەڕای گرنگیی زۆری وەرگێڕانی قورئان، دەبێت ئاماژە بە بەشێک لەو ئاستەنگانەش کە وەرگێڕ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەتایبەتی لە وەرگێڕانی زاراوەکانی پسپۆڕانە و دانانی هاوتای کوردی بۆ هەرکام لە زمانی کوردیدا بکەین. بەو پێیەی قورئان کتێبێکە لێوڕێژ لە ڕازەکانی ڕەوانبێژی وەک خواستن، خوازە، هێما و چەمکە ئاڵۆزەکان، وەرگێڕانی بۆ زمانەکانی تر بەبێ ئەوەی مانا و ڕۆحی ئایەتەکان بگۆڕدرێت، زۆر ئاستەمە؛ بەڵام مامۆستا هەژار وەک وەرگێڕێکی بەئەزموون، لێهاتوو و پسپۆڕ لە زمانی عەرەبی و کوردی، زۆر وریا بووە هیچ گۆڕانکارییەک لە مانا، یان چەمکەکانی قورئاندا ڕوو نەدات. پێی وابوو وەرگێڕانی قورئان نابێت بە شێوەیەک بێت پەیامە و واتا پیرۆزەکانی بشێوێت، بەو مەبەستە بە وردی هەموو توێژەکانی مانایی لە قورئاندا لەبەرچاو گرتووە، بۆ ئەوەی هەڵە لە وەرگێڕانی قورئاندا ڕوونەدات. مامۆستا بەپێی کارامەیی و ئەزموونی بەهێزی لەسەر زمان و کولتووری کوردی، وەرگێڕانی قورئانی بە شێوەیەک ئەنجام داوە، نەک هەر چەمک و زاراوەکانی ئایینی، بەڵکوو ڕەهەندەکانی فەلسەفی و عەقڵانیی قورئانیشی خستووەتە ڕوو. بە خوێندنەوەی ئەو وەرگێڕانە دەردەکەوێت مامۆستا جەختی لەسەر گرنگیی پێشخستنی بنەما ئەخلاقییەکانی قورئان کردووە، بۆ ئەوەی پەیامەکانی ئەخلاقیی قورئان بە دروستی بە خوێنەر بگەیەنێت. قورئان بەها بەرزەکانی وەک دادپەروەری، ڕاستگۆیی و میهرەبانی و هتد، لەخۆ گرتووە. لە ڕوانگەی مامۆستادا قورئان تەنیا کتێبێکی ئایینی نەبووە، بەڵکوو پێویستە وەک سەرچاوەیەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیش هەژمار بکرێت کە کارتێکەری لەسەر ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی موسڵمانان بووە. لەنێو نەتەوەی کورددا، زمانی عەرەبی بۆ زۆر کەس زمانێکی دژوار و نامۆیە، بۆیە مامۆستا هەژار، جەختی لەوە کردووە کە وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر زمانی کوردی دەتوانێت یارمەتی گەلی کورد بدات تێگەیشتنێکی دروست و  باشتریان لە چەمکەکانی ئایینی هەبێت، بۆیە پێی وابوو وەرگێڕانی قورئان بۆ زمانی کوردی، یارمەتی زمانی کوردی دەدات کە قورئان وەک کتێبێکی ئایینی و ئەخلاقی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکار بهێنن.

بابەتێکی تر لە سوودە گرنگەکانی وەرگێڕانی قورئان بۆ زمانی کوردی، کارتێکەرییە دیارەکانی لەسەر بەشی پەروەردە و ڕاهێنانی نەوەی نوێیە. بە سەرنجدان بەوەی لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی ئایینی لە ناوچە کوردنشینەکان وانە بە زمانی کوردی دەڵێنەوە، هەبوونی قورئان بە زمانی کوردی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پەروەردەی ئایینیی منداڵانی کورد بگێڕێت. ئەوان دەتوانن بە ئاسانی قورئان بخوێننەوە و لێی تێبگەن و لە ئاکامدا پەیوەندییان لەگەڵ قورئانی پیرۆز زیاتر دەبێت. ئەم تایبەتمەندییە نەک هەر ئاستی وشیاریی ئایینیی نەوەی نوێ بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو دەتوانێت بۆشاییەکانی کولتووری و زمانی بۆ نەوەی نوێ کورد کەم بکاتەوە. بەگشتی مامۆستا هەژار وەرگێڕانی قورئانی وەک ئەرکێکی ئایینی و کولتووری زانیوە و جەختی لە گرنگی وەرگێڕانێک کردووە کە بتوانێت واتا و ڕۆحی قورئان بە وردی بگەیەنێت و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ کولتوور و زمانی کوردی دابمەزرێنێت. مامۆستا هەژار وەرگێڕانی قورئانی بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە گەشەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی زانیوە، کەوایە، وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر زمانی کوردی تەنیا ئامرازێک بۆ باشتر تێگەیشتن لە چەمکەکانی قورئان نییە، بەڵکوو فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ بەهێز کردنی شوناسی ئایینی، کولتووری و زمانی. ئەم کردارە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە زمان و کولتووری کوردی لە ژێر هەڕەشەی جۆراوجۆردایە. وەرگێڕانی قورئان بە زمانی کوردی دەتوانێت لە پاراستنی زمانی کوردی و بەهێز کردنی ناسنامەی ئایینی و زمانیی نەتەوەی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان یارمەتیدەر بێت. ئەم وەرگێڕانە وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی دەتوانێت دەوری بەرچاوی بۆ یەکگرتنی زیاتری نەتەوەی کورد لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا، هەبێت.

ئەو وتارە بەشێکی کورتە لە وتارێکی زانستی – توێژینەوەیی، بەو هیوایە ئەو دەرفەتە بڕەخسێت  لە داهاتوودا وتارەکە بە تەواوی بڵاوی بکەینەوە.

[۱] ghahjefer@gmail.com

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خوێندنەوەیەکی پسپۆڕانە بۆ ڕۆمانی مۆبی دیکی هێرمان میلۆیل

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *